له ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا، شه‌پۆلێك له ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هاووڵاتییان، لاوان و چالاكانی مه‌ده‌نی له شاره‌كانی كوردستان، له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه وهڕێكهوتووه. ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ر كردنانه كه له ڕۆژی ٢٠ی مانگی به‌فرانباره‌وه ده‌ستی پێكردووه، هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. ژماره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان به‌رده‌وام ڕوو له زیاد بوونه و ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه تا كۆتایی ڕۆژی دوینێ، ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته ١٠٠ كه‌س. ده‌ستبه‌سه‌ركراوان له زیندانه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعات و سپای پاسداران له شاره‌كانی مه‌ریوان، سنه و ورمێ به‌دیل گیراون. ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌كان تێكه‌ڵ به توندوتیژی و بێ ڕێزییه‌وه ئه‌نجام دراون و كه‌ره‌سته‌ی شه‌خسیی كه‌سه‌كان له‌وانه له‌پتاپ و مۆبایل و هیتر به تاڵان بردراون. به‌رپرسانی ڕژیم هه‌تا ئێستا باسیان له هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و شوێنی ڕاگرتنی كه‌سانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو، نه‌كردووه. بنه‌ماڵه‌كان له چاره‌نووس و شوێنی ڕاگرتنی ئازێزانیان ئاگادار نین. ده‌ستبه‌سه‌ركراوان، دانیشتووی شاره‌كانی مه‌هاباد، بۆكان، مه‌ریوان، سنه، ڕه‌به‌ت، سه‌رده‌شت، سه‌وڵاوا، پیرانشار و نه‌غه‌ده بوون. ناوی هێندێك له‌و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه بریتین له:
ده‌ریا تاڵه‌بانی، شه‌پۆل خزری، سۆران حسێنزاده، سالا رههوی، ئه‌فشین مام ئه‌حمه‌دی، سیروان نووری، ئیمان عه‌بدی، فه‌رزاد سامانی، سۆران محه‌ممه‌دی، ئه‌میر بایزیدئازهر، ئه‌سرین محه‌ممه‌دی، زانیار مۆعتهمێدی، كاروان مینوویی، دانا سه‌مه‌دی، سیروان كهریمزاده، جه‌بار پیرووزی، سۆهه‌یب بادروج، عادڵ په‌روازه، فه‌رامه‌رز، عه‌بدوڵڵا حاجی ئه‌حمه‌دی، په‌یمان حاجی ئه‌حمه‌دی، گه‌لاوێژ عه‌بدوڵڵاهی، ڕه‌حمان ده‌ریازی ئیبڕاهیمی، سیامه‌ك ئه‌دوایی، ئه‌كره‌م ئه‌دوایی، عه‌زیمه ناسری، حسێن گه‌ردشی، محه‌ممه‌د حاجی ڕه‌سووڵپوور، قادر ڕه‌سووڵپوور، كه‌ریم خه‌لیفانی، حسامه‌دین خزری، ڕه‌سووڵ لاوازه، ئۆمید سه‌لیمی، ڕه‌حیم سه‌لیمی، ئاسۆ محه‌ممه‌دی، به‌همه‌ن یوسفزاده، فه‌ره‌یدوون مووساپوور، فه‌رهاد مووساپوور، ئارام یووسفی، تالب ڕه‌یحانی و ڕه‌شید ڕه‌یحانی.
ئه‌م هه‌واڵانه‌ی ڕژیم هاوكاته له‌گه‌ڵ توند كردنه‌وه‌ی گوشار له زیندانه‌كان بۆسه‌ر چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی، ده‌ركردنی حوكمی درێژماوه بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی سیاسی له بێدادگاكانی ڕژیم. هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی مانگی به‌فرانباری ڕابردوودا، ٣٣ كه‌س له به‌ندكراوانی سیاسی و مهحكوومكراوانی دادگا ئاساییه‌كان، ئێعدام كراون. ئه‌م ئامارانه له حاڵێكدا بڵاو ده‌بێته‌وه كه ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌ندكراوان، له زیندانه دووركه‌وتوو و نه‌ناسراوه‌كاندا به‌شێوه‌ی شاراوه ئێعدام ده‌كرێن و كه‌سیش لێیان ئاگادار نییه.
سه‌باره‌ت به شه‌پۆلی ده‌سبه‌سه‌ر كردنه‌كانی كوردستان، ڕژیم و چاپه‌مه‌نی و سایته‌كانی سه‌ر به‌و، بێده‌نگییان گرتووه‌ته به‌ر و له دانی هه‌رجۆره زانییاریهك خۆده‌بوێرن. به‌ڵام له ڕاستیدا، هۆكاری ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ركردنانه له كوردستان، به‌ده‌ر له هه‌ر سێناریۆیهك كه ڕژیم خه‌ریكی ههڵبهستنێتی، هه‌وڵێكی پێشگرانه‌یه له به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی وهڕێكهوتنی شه‌پۆلی ئێعتڕاز و ناڕهازایهتیی خه‌ڵك، واته مه‌ترسییه‌ك بۆ ڕژیم كه به‌ڕێوه‌یه. كۆماری ئیسلامی باش ده‌زانێ كه كوردستان به‌هۆكاری جۆراوجۆر، یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی هه‌ڵچوونی ڕه‌ق و نه‌فره‌تی جه‌ماوه‌ری ناڕازی ده‌بێت و ئه‌م ڕق و نه‌فره‌ته، ڕێكده‌خرێت. هه‌ربۆیه، به‌خه‌یاڵی خۆی به‌ته‌مایه، ده‌ستی وه‌پێش بخات. ڕژیم ده‌ڕواته سۆراغی لاوانی پڕگروتین، چالاكانی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت هاووڵاتییانی ئاسایی و به بیانووی بێبنه‌ما، ده‌ستبه‌سه‌ریان ده‌كات. تا له‌م ڕێگه‌وه كه‌ش و هه‌وای ترس و بێده‌نگی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵ بكات. كۆماری ئیسلامی پڕۆژه‌یه‌كی شكستخواردوویه. ئه‌م ڕژیمه به‌خاتری جهنایاتی ٤٢ ساڵه‌ی، به‌هۆی به‌ره‌و دواوه بردنی كۆمه‌ڵگای ئێران و به‌هۆی توند كردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری، بێكاری، هه‌ژاری، ئێعتیاد و ده‌یان ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه، كه‌وتووه‌ته به‌ر نه‌فره‌تی سووتێنه‌ری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. وه‌ها ڕژیمێك، به‌و ڕاده‌یه له قه‌یرانی ئابووری و سیاسی، به‌زه‌بری سه‌ركوت و كوشتار نه‌بێ، ئیمكانی مانه‌وه‌ی نییه.
خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی له كوردستان، له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه و ڕهشبگیرییهكان، ڕه‌وتێكی ڕوو له گه‌شه‌ی بووه و هه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ش، ڕژیمی، هه‌ر له ئێستاوه نیگه‌ران كردووه. كۆماری ئیسلامی كه له سێبه‌ری خۆشی ده‌ترسێ، خۆی باش ده‌زانێ كه له چ ئهنگهمهیهك له قه‌یرانی سیاسی، ئابووری، و كۆمه‌ڵایه‌تی و گوشاری ده‌ره‌كیدا، گرفتار بووه. ئه‌م ڕژیمه له تووڕه‌یی پنگخواردووی خه‌ڵك ئاگاداره و ده‌زانێ كه چلۆن كاردی گه‌یاندووه‌ته سه‌ر ئێسقانی خه‌ڵك. له‌گه‌ڵ دامركانی قه‌یرانی كۆرۆنا، ڕژیم چاوه‌ڕوانی هه‌ڵچوونی ئه‌م تووڕه‌ییه ده‌كات، هه‌ربۆیه له‌ڕێگه‌ی توندكردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای ئه‌منییه‌تیه‌وه هه‌وڵ ده‌دات، ئه‌م ڕووداوه وه‌دوا بخات. به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه ئیتر بێ فایدهن. ئه‌مڕۆ له په‌نا مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری بۆ خواستی ڕۆژانه، له سه‌رتاسه‌ری ئێران، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، خوێندكاران و ژنانی خه‌باتكار، ڕووناكبیران و هونه‌رمه‌ندانی پێشڕه‌و، پارێزه‌رانی دادگوسته‌ری و چالاكانی ژینگه‌پارێز، بوێرانه و به‌ئاشكرا، له به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕژیمه دڕنده‌یه‌دا، سینگی خۆیان ده‌كه‌نه قه‌ڵغان و ئازاری ده‌ستبه‌سه‌ری، زیندان و ئه‌شكه‌نجه به‌گیان ده‌كڕن، به‌ڵام له‌پێ ناكه‌ون. كۆماری ئیسلامی به بێهۆ هه‌وڵ ده‌دات به‌م هه‌وڵانه‌ی، كۆمه‌ڵگای وهخهبهرهاتووی ئێران خامۆش بكات.
به‌ڵام ئه‌وه‌یكه له‌م ده‌وره‌یه‌دا گرینگه، ئه‌وه‌یه كه به شێوه‌ی دیاریكراو، پێویسته به‌ر له په‌ره‌گرتنی ئه‌م شه‌پۆله بگیرێت و هاوكات یارمه‌تیده‌ری لاوانی به‌ندكراو له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی بین. نابێ ڕێگه بدرێ، ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه به‌خاتری چالاكیی مه‌ده‌نی، به‌خاتری دیفاع له بیروباوه‌ڕه‌كانیان، به‌خاتری ناڕه‌زایه‌تی دژبه نایه‌كسانی و هه‌ڵاواردن، یان ته‌نانه‌ت به بێهۆ و ته‌نیا به‌خاتری چاوترسێن كردنی كه‌سانی دیكه، كه‌وتوونه‌ته زیندان، هه‌ست به ته‌نیایی بكه‌ن. ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان، توانای موقاومه‌ت و ئیراده‌ی به‌ندكراوانی سیاسی له پشت میله‌كانی زیندان، سه‌د هێنده ده‌كات. پێویسته خواستی ئازادیی ده‌ستبه‌جێی هه‌موو ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ڕۆژانی ڕابردوو و ئازادیی گشت به‌ندكراوانی سیاسی، ببێته خواستێكی جه‌ماوه‌ری. له‌م ڕۆژانه‌دا، به‌تایبه‌ت، پێویسته بنه‌ماڵه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوان به‌ته‌نیا نه‌هێڵینه‌وه. له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان به‌نیسبه‌ت ده‌سبه‌سه‌ر كردن و له هه‌وڵه‌كانیاندا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری له چاره‌نووسی ئازیزانیان، شه‌ریك بین. له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش پێویسته به ئه‌نجام دانی ئه‌و چالاكییانه‌ی كه له باروودۆخی كۆرۆنادا ده‌گونجێ، كۆماری ئیسلامی بۆ ئازادكردنی ده‌ستبه‌جێی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان، بخه‌ینه ژێر گوشاره‌وه. ڕه‌وته سیاسیه پێشكه‌وتووخوازه‌كان، یه‌كیه‌تییه كرێكارییه‌كان، كه‌سایه‌تییه خۆشناوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، چالاكانی مافی مرۆڤ، ده‌توانن له ڕێگه‌ی كه‌مپه‌ینێكی ڕێكخراوه‌وه، له ده‌روه‌ی وڵات، هاوڕێمان بن.