ساڵی ٢٠٢٠، هه‌م بۆ خه‌ڵكی ئێران و هه‌م بۆ كۆماری ئسلامی، ساڵێكی پڕ له ڕووداو بوو. پاش ٢٠ ڕۆژ نهێنكاری و درۆنانه‌وه و حاشاكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له ئێران، سه‌ره‌نجام كۆماری ئیسلامی ناچار بوو كه دان به‌وه دابنێت كه ئه‌م ویرووسه له ئێران سه‌ری هه‌ڵداوه. نابه‌رپرس بوونی ڕژیم، درۆنانه‌وه و نهێنكاری به‌نیسبه‌ت بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا، ئه‌نجام نه‌دانی هه‌وڵی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه و بایه‌خ نه‌دان به هۆشداره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، بوو به هۆی ئه‌وه‌یكه ڕێژه و خێرایی گیرۆده‌بوونی ئه‌م ویرووسه له ئێران، به‌جۆرێك بڕواته سه‌رێ كه ئه‌م ڕێكخراوه، ئێران وه‌ك ناوه‌ندێكی سه‌ره‌كیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێناسه بكات. له‌م ساڵه‌دا په‌تای كۆرۆنا له ئێران، هه‌زاران كه‌سی كردبه قوربانی. سه‌ره‌ڕای مه‌ترسیی تووش بوون به نه‌خۆشیی كۆرۆنا، كرێكاران و زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگا، كه‌وتنه سه‌ر دووڕێیانیی مه‌رگ به‌هۆی برسییه‌تی و یان مه‌رگ به‌هۆی كۆرۆنا و ده‌یان هه‌زار كه‌س، ته‌نیا له‌پێناو دابین كردنی بژێویان، تووشی كۆرۆنا بوون.
- هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، چه‌ندین سێڵاوی ماڵوێرانكه‌ر، ١٣ ئۆستانی ئێرانی داگرت. ماڵ و مه‌رزای زۆر كه‌س وێران بوو و ژماره‌یه‌كیش گیانیان له‌ده‌ست دا. پاشان كاره‌ساتی ورووژمی كولله بۆسه‌ر زه‌وییه كشت و كاڵییه‌كانی جنووب ڕوویدا، كه ئه‌ویش خه‌ساره‌تی زۆر قورسی له زه‌حمه‌تكێشانی ئه‌م ناوچانه دا.
- به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك ساڵه‌دا كه تێپه‌ڕی، سه‌ره‌ڕای ویرووسی كۆرۆنا و كه‌ڵك وه‌رگرتنی كۆماری ئیسلامی له‌و په‌تایه وه‌ك ده‌رفه‌تێك، خه‌باتی كرێكاران و باقیی به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێران، هه‌روا درێژه‌ی بوو. له‌و نێوه‌دا مانگرتنی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په، ئه‌م ناوه‌نده‌ی به‌رهه‌مهێنانی كردبه ناوه‌ندی خه‌باتی كرێكاری. هه‌ر له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا، شایه‌دی مانگرتنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی كرێكارانی ناوه‌نده سه‌نعه‌تییه‌كانی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی كرێكارانی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی ڕێگه‌ی ئاسن بووین. به شێوه‌ی گشتی، له ساڵی ٢٠٢٠دا، پتر له هه‌زار و ٥٠٠ مانگرتن، كۆبوونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری ڕوویدا.
- به‌هۆی هاویشتی دوو مووشه‌ك له لایه‌ن په‌دافه‌ندی هه‌وایی سپای پاسدارانه‌وه به‌ره‌و فڕۆكه‌یه‌كی ئۆكراینی، ١٧٦ سه‌رنشینه‌كه‌ی ده‌ستبه‌جێ گیانیان له‌ده‌ست دا. دوو حه‌فته پاش ئه‌م جه‌نایه‌ته، ڕژیم هه‌وڵی دا تا به درۆ و ناتهباوێژی و فریوكاری، ئه‌م كاره‌ساته مرۆییه داپۆشێت و وه‌به‌ر تێپه‌ڕینی زه‌مانی دات. به‌ڵام له‌ژێر گوشاری نێونه‌ته‌وه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك له ئێران، سه‌ره‌نجام ناچاربوو به‌رپرسایه‌تیی ئه‌م جه‌نایه‌ته بگرێته ئه‌ستۆ. خامنه‌یی له وته‌كانی نوێژی جومعهیدا، له‌جیات ئه‌وه‌یكه به‌خاتری ئه‌نجامدانی وه‌ها جه‌نایه‌تێك داوای لێبوردن بكات، ده‌ستخۆشیی له فه‌رمانده‌كانی سپا كرد كه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی به‌ردانه‌وه‌ی ئه‌م فڕۆكه‌یه، درۆیان ته‌حویلی خه‌ڵك داوه.
- ڕێكه‌وتی ٣ی ژانویه‌ی ساڵی ٢٠٢٠، قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی هێزه تایبه‌ته‌كانی قۆدس، له حاڵی چوونه‌ده‌ره‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، له لایه‌ن په‌هبادێكی ئه‌مریكاییه‌وه كرایه ئامانج و له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندێس و ٧ كه‌سی ئێرانی و عێراقیی دیكه كوژران. له كاردانه‌وه به‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مریكا، كۆماری ئیسلامی چه‌ند مووشه‌كی بالێستیكی به‌ره‌و پێگه‌یه‌كی چۆڵ له عێراق، له‌ژێر ناوی “تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی سه‌خت” له ئه‌مریكا، هاویشت. هه‌روه‌ها له‌م په‌یوه‌نده‌دا بێتوانایی له به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمی قاسم سوله‌یمانی له كرمان، كوژرانی پتر له ٦٠ كه‌سی لێكهوتهوه و ئه‌وه‌ش خۆی بوو به ڕسواییه‌كی دیكه بۆ كۆماری ئیسلامی.
- ته‌قینه‌وه‌ی خۆجیر له ناوه‌نده هه‌سته‌یی و مووشه‌كییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له هاوینی ساڵی ڕابردوودا، ده‌ستپێكی زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه له دامه‌زراوه نیزامی و ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بوو كه تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، به كوژرانی مۆحسێن فه‌خری زاده، به‌رپرسی پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كانی كۆماری ئیسلامی، درێژه‌ی بوو.
- گاڵته‌جاڕیی هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی یازده‌می مه‌جلیسی ئیسلامی، هه‌ر له‌م ساڵه‌دا، له‌گه‌ڵ بایكۆتی به‌رینی ده‌نگده‌ران به‌ره‌وڕوو بۆوه و بوو به یه‌كێك له بێڕهونهقترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی گشت ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی.
- هه‌ر له‌م ساڵه‌دا، ئاسیه په‌ناهی، ژنی ٥٥ ساڵ ته‌مه‌نی په‌راوێزنشینی شاری كرماشان، كه بۆ ڕێگری له ڕووخاندنی ماڵه‌كه‌ی، له به‌رامبه‌ر بۆڵدزێری شارهداریدا خۆی كردبووه قه‌ڵغان، له‌ژێر زه‌ربه‌ی مشت و پێ و سپرێی بیباری مه‌ئموورانی شارهداریدا گیانی له‌ده‌ست دا. مه‌رگی مه‌زلوومانه‌ی ئه‌م ژنه زه‌حمه‌تكێشه، شه‌پۆلێكی له تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی له سه‌رتاسه‌ری ئێران وه‌ڕێخست.
- ڕۆمینا ئه‌شره‌فی، كچی ١٣ ساڵ ته‌مه‌نی خه‌ڵكی گوندێكی سه‌ربه ئاستارا، له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی جۆزه‌رداندا، به پاساوی نامووسپه‌رستی، بوو به قوربانیی داسی مه‌رگی باوكی و گیان له‌ده‌ست دا. ئه‌م ڕووداوه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رینی له ئاست بیروڕای گشتیی‌دا لێكهوتهوه و داغێكی نه‌نگی دیكه‌ی له‌ناوچاوانی كلتووری پیاومه‌زنی و یاسا و ڕژیمی پشتیوانی دا.
- له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا، كوشتاری كۆڵبه‌ران هه‌روا درێژه‌ی بوو. له ساڵی ٢٠٢٠دا، ٦٧ كۆڵبه‌ر گیانیان به‌خت كرد و ١٦٠ كۆڵبه‌ری دیكه‌ش بریندار بوون.
له ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا، كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام پله‌ی یه‌كه‌می بووه له ئێعدام كردنی به‌ندكراوانی سیاسی و مهحكوومانی دادگا ئاساییه‌كان. له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٠ی زایینییه‌وه هه‌تا كۆتایی ئه‌م ساڵه، لانیكه‌م ٢٣٦ كه‌س له‌وانه ٧ به‌ندكراوی سیاسی و دوو منداڵ، له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی ئێران، ئێعدام كراون. له‌و نێوه‌دا به‌تایبه‌ت ئێعدامی نه‌وید ئه‌فكاری سه‌نگه‌ری، كوشتیگیری ئێرانی و له به‌شداربووانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌لاوێژی ١٣٩٧ی ئێران، بیروڕای گشتیی ئێران و جیهانی، خسته ناو شۆكێكی گه‌وره‌وه.