کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام (٢٠٢٠)

download

لە سەرووبەندی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام داین. ئەوەیکە لە کۆتایی دەیەی دووهەمی سەدەی ٢١، لە پتر لە ٥٠ وڵاتی جیهان هەروا حوکمی ئێعدام دەردەکرێ، نە تەنیا نیشانەی کارەساتێکی گەورەی مرۆییە بەڵکوو  هاوکات گیان سەخت بوون و پانتایی مێژوویی و جیهانیی ئەم دیارەدەیەمان پێ نیشان دەدات. ئەگەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ژنانیان لەژێرناوی جادووگەر دەسووتاند، ئەگەر بیرمەندانی ناو کۆمەڵگایان بەتاوانی ئەوەیکە ڕوانگەی کلیسای مەسیحییان لە جیهانی ماددی بردووهتهژێر پرسیارەوە، بە نۆشینی جامی ژەهر دەکوشت، ئەگەر لە شەڕی ناوچەیی و نیابەتی دا خەڵک دەنێرنە قەتڵگاکان، ئەگەر بەهێزترین ئیمپریالیستەکانی جیهان، مرۆڤ، بە کەڵک وەرگرتن لە سەنعەتی مۆدێرن، دەخەنە سەر کورسیە ئێلێکتریکیەکان و یان بە وەشاندنی دەرزی لەناویان دەبەن و یان ڕەنگین پێستێک، لە ژێر گوشاری ئەژنۆی پۆلیسی سپی پێستدا دوایین هەناسەکانی هەڵدەکێشێ، و ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لەژێرناوی پاراستنی ئەمنییەت، کرێکاران دهدرێنهبهر دهستڕێژی گوللهو ناڕازیان بە پەتی سێدارەوە دەکرێن، نیشانەی گیان سهخت بوونی ئهم دیاردهیهیه‌. هەڵبەت هەمووی ئەم جەنایەتانە لەژێرناوی ئەمنییەتی ئیمپراتووری، پاراستنی ئەمنییەتی وڵات، لەژێرناوی ئایین، ئیدێئۆلۆژی، نەتەوە، بەناوی دەرکردنی دیمۆکراسی و خەبات لەگەڵ بناژۆیی، ئەنجام دەدرێ. هیچ گرینگ نییە چ ناوێک لەسەر ئەم جەنایەتە دادەنێن، ئەوەیکە بایەخی هەیە، بەربەریەتێکە کە بەڕێوەدەچێ. هەمووی ئەم جەنایەتانە نیشانەی بێ بایەخ بوونی پێگەی مرۆڤە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی زاڵدا. گرینگ نییە کە داکۆکیکاران و بەڕێوەبەرانی ئەم کردەوە وەحشیانەیە، چۆن جەنایاتی خۆیان پاساو دەکەن، گرینگ ئەوەیە کە کۆمەڵگا بزانێ، سزای ئێعدام هیچ شتێک نییە بێجگەلە کوشتنی لەئەنقەستی دەوڵەتی. پاساوکەرانی ئەم کوشتارە، لێرەولەوێ باسی دیفاع لە ئەمنییەتی گشتی، بەرگری لە جەنایەت و دابین کردنی مافی هاووڵاتییان دەکەن.

دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیمی ئیسلامی، فریوکارانە، دەرکردن و بەڕێوەبردنی سزای ئێعدام لەژێرناوی ئامرازی هێنانە خوارەوەی ڕێژەی تاوان و جەنایەت، بردنەسەرەوەی ئاستی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و دابین کردنی عەداڵەتی ناو کۆمەڵگا، پاساو دەکەن. بەڵام ئەزموونی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەزموونی خودی ئێران و ئامار و داتاکان پێمان دەڵێن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا سزای ئێعدام  و قەتڵی سیستماتیکی دەوڵەتی، ناتوانێ ڕێژەی تاوان و جەنایەت کەم بکاتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئێعدام، هەستی تۆڵەکردنەوە و توندوتیژیی بەهێزتر دەکات. کاتێک قەتڵ لە بەرامبەر قەتڵ، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە، ڕێگەپێدراو بێت، ئاساییە ئەگەر کەسانێکیش هان بدرێن کە بەدەستی خۆیان ئەم بەناو عەداڵەتە بەڕێوەبەرن.  هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە مانای ئەوەیە کە گیانی مرۆڤ، خۆی لەخۆیدا، جێگای ڕێزە و حوکمی هەڵوەشاندنەوهی ئێعدام لە یەکەم هەنگاودا گیان ژمارەیەکی زۆر دەپارێزێ. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام نە تەنیا نابێتە هۆی هاتنەخوارەوەی ڕێژەی جەنایەت، بەڵکوو کاتێک دەوڵەتەکان بەشێوەی یاسایی، لەژێرناوی سزای ئێعدام، دەست دەدەنە کوشتنی مرۆڤەکان، لە ڕاستیدا بە هێنانەخوارەوەی ئەرزشی گیانی مرۆڤ، ڕێگا بۆ دووپات بوونەوەی لە ئاستی کۆمەڵگادا خۆش دەکەن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوهی چوار دەیەی دەسەڵاتیدا سهلماندوویهتی کە یەکێک لە هارترین  ڕژیمەکانی بەڕێوەبەری سزای ئێعدامە و ئەوەیکە بە نیسبەت جەمعیەتەکەی، پلەی یەکەمی لەم وەحشیگەریەدا پێدراوە، خۆی نیشانەی کارنامەی خوێناویی ئەم ڕژیمەیە. بیری مێژوویی خەڵکی ئێران لەبیری نەچووەتەوە کە چلۆن ئێعدامی نەیاران، بوو بە یەکێک لە چەکە سەرەکیەکان بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە. ڕەوایەتی ئێعدامی هەزاران کەس لە دەیەی ٦٠، لە بێدادگا چهند دهقیقهییهكاندا، حەقیقەتی جەنایاتی وەحشیانەی دەوڵەتێکە، کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی لەگەڵ دەسەڵاتی ئایین تێکهەڵکێشاوە. ماشێنی کوشتار و ئێعدامی نەیارانی ڕژیم، لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، بۆ ساتێکیش نەوێستاوە. هیچ دەورەیەک لە تەمەنی نەنگینی ئەم ڕژیمەدا نییە کە مەترسیی ئێعدام بەسەر سەری بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتیەوە نەبووبێت. هێشتا کۆمەڵگا لە برینەکانی جینۆسایدی دەیەی ٦٠ نەهاتبۆوە سەرخۆ، کە قەتڵە زنجیرەییەکان دەستیپێکرد و درێژەکەشی لە سەرکوتی خوێناویی خوێندکاران، لە وەبەر گوللەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد، لە ئێعدامی ناڕازیانی ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا دەبینین.

ئەگەر لە مانگی ڕابردوودا، بزووتنەوەیەکی گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە بەڕێوەچوونی ئێعدامی ئەمیر حسێن مۆرادی، سەعید تەمجیدی و محەممەد ڕەجەبی ڕێگریی کرد و توانیی پاشەکشە بە ڕژیم بکات، ئێعدامی شەوانەی نەوید ئەفکاری نیشانی دا کە ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە، لهههر دهرفهتێك كهبۆی ههڵكهوێ، نەیارانی خۆی بە پەتی سێدارەوە دەکات. ههر دووی ئهم ئهزموونانهپێمان دهڵێن کە تەنیا ناڕەزایەتیی جهماوهری دەتوانێ ڕژیمی ئێعدام و زیندان، ناچار بە پاشەکشە بکات. کۆماری ئیسلامی بەردەوام بهشهپۆلی ئێعدامهكان نیشانی داوە کە بۆ پاراستنی نیزامە چینایەتیەکەی، لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک دهست ناپارێزێ. ئەم ڕژیمە حازرە بۆ ڕێگری لە پێشڕەویی شۆڕش، گۆمی خوێن وەڕێ بخات. بەڵام لە باروودۆخی سیاسیی ئێستادا، تاکتیکی ئێعدام، نە تەنیا ناتوانێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات، بەڵکوو بڵێسەکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک زیاتر دەگەشێنێتەوە. ئاخێزی مانگی بەفرانبار و خەزەڵوەر و مانگرتنە بەرینە کرێکارییەکان، ناڕەزایەتیی ژنان، موعەلیمان، خوێندکاران و خانەنشینان، نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراوی ئێران، عەزمیان جەزم کردووە کە بە درێژەدانی خەباتی خۆیان، پێداویستیەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دابین بکەن.

ئەگەر خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام وەک قەتڵی لەئەنقەستی دەوڵەتی، بابەتێکە کە پێویستە پەیگیرانە و لە هەموو باروودۆخێکدا بەڕێوپێش بچێت، گرینگیی ئەم خەباتە لە باروودۆخی ئێستادا،  کە  ڕژیم بە پەرەپێدانی ئێعدامەکان، بە شوێن ئامانج گەلێکی سیاسیی دیاریکراوەوەیە، چەند هێندەیە. ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات لهدژی سزای ئێعدام دەتوانێ دەرفەتێکی دیکە بێ بۆ پەرەپێدانی وشیاری لە ئاست پانتایی جەنایاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەتوانێ قۆناغێکی دیکە بێت لە پێناو گەشەسەندنی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە ئێران و سەرتاسەری جیهان. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بێ هیچ شەرت و مەرجێک و لە هەموو باروودۆخێکدا دژی سزای ئێعدامە.  لە حکوومەتی شۆرایی کرێکاراندا، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام وەک یاسایەک ڕادەگەیەندرێت و زۆرترین ماوەی حوکمی زیندان، بۆ کەسانێک کە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم دەکرێن، دیاری دەکرێ.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

بژی سۆسیالیسم

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی

ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی