کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنا له‌ ژێر سێبه‌ری نیزامی سه‌رمایه‌داریدا

corona w720 h405

به‌ پێی دوایین ڕاپۆرتی زانكۆی لێكۆڵینه‌وه‌ی جانز هاپكینز له‌ ئه‌مریكا، كه‌ ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٧ی ڕه‌زبه‌ر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٨ی سێپتامبر بڵاوبۆوه‌، ژماره‌ی قوربانیانی ویرووسی كۆرۆنا له‌ جیهان سنووری یه‌ك میلیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاند. به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ژماره‌ی تووش بووانی ئه‌م ویرووسه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ٣٣ میلیۆن و ٣٠٠ هه‌زار كه‌س. سێ وڵاتی ئه‌مریكا، هێند و برێزیل نزیك به‌ نیوه‌ی گیان به‌خت كردووانی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌خۆده‌گرن. له‌ ئه‌مریكا له‌ حاڵێكدا كه‌ له‌ ٢١ ئه‌یاله‌تی ئه‌م وڵاته‌، ئاماری تووش بووانی كۆرۆنا، له‌ ماوه‌ی یه‌ك حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند، ١٠ له‌سه‌د زیادی كردووه‌، نیگه‌رانیی خه‌ڵك له‌ وه‌ڕێكه‌وتنی شه‌پۆلی نوێی كۆرۆنا هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی وه‌رزی پاییز، زیاتر بووه‌. له‌ هێند، ژماره‌ی تووش بووانی نه‌خۆشیی كۆرۆنا سنووری ٦ ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌ و نیگه‌رانیی ئه‌وه‌یكه‌ له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ بۆنه‌ ئایینیه‌كان، ئاماری كۆرۆنا بڕواته‌ سه‌رتر، زیاتر بووه‌. وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین به‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌ربه‌سته‌كان، له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی په‌ره‌گرتنی زیاتری ئه‌م ویرووسه‌ به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه‌. له‌ ئێران به‌ پێی ئاماره‌كانی ده‌وڵه‌ت، ٤٥٣ هه‌زار و ٦٣٧ كه‌س تووشی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بوون و ٢٥ هه‌زار و ٩٨٦ كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م په‌تایه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ربه‌خۆكان، ژماره‌ی تووش بووان و قوربانیانی ویرووسی كۆرۆنا له‌ ئێران، لانیكه‌م ٥ به‌رابه‌ری ئاماری ڕه‌سمی، ده‌خه‌مڵێنن.

له‌ هه‌مان حاڵدا له‌ ئۆرووپا، هه‌ر وه‌ك پێش بینی ده‌كرا، پاش ئه‌وه‌یكه‌ ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ ئامانجی كرانه‌وه‌ی ئابووری، به‌ربه‌سته‌كانیان كه‌م كرده‌وه‌، شه‌پۆلی دووهه‌می كۆرۆنا كه‌وته‌ ڕێ. له‌ شه‌پۆلی دووهه‌مدا، له‌ به‌رئاورد له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی یه‌كه‌م، كه‌سانی لاوتر، كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و كار كردن و به‌كارهێنانی زیاتر هان ده‌دران، به‌هۆی نابه‌رپرس بوونی هه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌وه‌‌، ژماره‌یه‌كی زیاتریان تووشی كۆرۆنا هاتن. له‌ هه‌ركام له‌ وڵاتانی فه‌ڕانسه‌ و سپانیا، ڕۆژانه‌ پتر له‌ ١٠ هه‌زار كه‌س تووشی كۆویدی ١٩ ده‌بن و ئاماری قوربانیان ڕۆیشتووه‌ته‌ سه‌رێ. له‌ ئینگلیس، ڕۆژانه‌ به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند، پتر له‌ ٥ هه‌زار كه‌س به‌م ویرووسه‌‌ گرفتار ده‌بن. ئه‌م سێ وڵاته‌ له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ن، به‌ڵام له‌ باقی وڵاتانی ئۆرووپاییش، ده‌سپێكی شه‌پۆلی دووهه‌م، نیگه‌رانی زیاتری خه‌ڵكی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی له‌م وڵاتانه‌دا، له‌ژێر گوشاری بیروڕای گشتیدا، هێندێك به‌ربه‌ست داسه‌پێندراون، به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌كان خۆیان هیچ مه‌یلێكیان بۆ دانانی به‌ربه‌ستی جیدی و گرتنه‌ به‌ری سیاسه‌تی په‌لامارده‌رانه‌ی تێست وه‌رگرتن، به‌ ئامانجی پساندنی زنجیری گوازرانه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه،‌ نییه‌. بۆ ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داریه‌كان، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌نجام دانی ئه‌م هه‌وڵانه‌ چ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌رێنی ده‌توانێ له‌سه‌ر ته‌ندرووستی و سڵامه‌تی مرۆڤه‌كان داده‌نێت، به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ی ئاسانی ئه‌وان، قیمه‌تی ئابووریی ئه‌م كارانه‌ یه‌كجار له‌سه‌رێیه‌. بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ نه‌ك دیفاع له‌ گیانی مرۆڤه‌كان، به‌ڵكوو بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی قازانج و كه‌ڵه‌كه كردنی سه‌رمایه‌، له‌ ئه‌وله‌وییه‌ت دایه‌.

ئه‌م بابه‌ته،‌ به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانێك كه‌ تێیدا ده‌وڵه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی، ستراتێژی ئێمه‌ن كردن له‌ ڕێگه‌ی گیرۆده‌ كردنی زۆربه‌ی جه‌معیه‌تی ناو كۆمه‌ڵگا به‌ ویرووسی كۆرۆنایان گرتووه‌ته‌ به‌ر، به‌شێوه‌ی یه‌كجار به‌رچاوتر و ئاشكراتر خۆی نیشان ده‌دات. ده‌وڵه‌ته‌كان به‌م ستراتێژییه‌، نه‌ تێست وه‌رگرتنی چالاك، به‌ ئامانجی شوێن گرتن و قه‌ره‌نتینه‌ی كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كان و پساندنی زنجیزی گواستنه‌وه‌ی ویرووسه‌كه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر و نه‌ قه‌ره‌نتینه‌ی شار و شوێنه‌ گشتیه‌كانیان به‌جیدی ئه‌نجام داوه‌ و به‌كرده‌وه،‌ ڕێگایان بۆ ئه‌م په‌تایه‌ ئاواڵه‌ هێشتووه‌ته‌وه‌ تا به‌ گیرۆده‌بوونی زیاتری خه‌ڵك، كۆمه‌ڵگا خۆی، به‌ به‌رگریی گشتی بگات. بۆ نموونه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا، هێند، برێزیل و مێكزیك به‌ربه‌ستی كه‌متر داسه‌پێندرا و له‌ وڵاتانی فه‌ڕانسه‌، سپانیا و ئینگلیسیش، ده‌وڵه‌ته‌كان، به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ شوێنه‌كانی كار و به‌ كردنه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌ و ڕێستووران و مه‌یخانه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌كان، به‌ستێنی وه‌ڕێكه‌وتنی شه‌پۆلی نوێی كۆرۆنایان ئاماده‌ كردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئێران، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته‌ ناكارامه‌یه‌‌، به‌هۆی ئه‌و پێكهاته‌ سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی و هه‌روه‌ها به‌هۆی لاوازبوونی ژێرخانی ته‌ندرووستی و ده‌رمانی، ناتوانێ قه‌یرانی كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ كات. كۆماری ئیسلامی به‌ فڕوفێڵ و درۆنانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دا پانتایی ترسناكی ئه‌م كاره‌ساته،‌ زۆر له‌وه‌یكه‌ هه‌یه‌ چكۆله‌تر نیشان دات.

یه‌كێك له‌ دواهاته‌كانی گشتگیر بوونی قه‌یرانی كۆرۆنا، بێكاریی به‌رین و هه‌ژاریی بێ وێنه‌یه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی جیهانی كار، له‌ ده‌ست دانی كاتژمێری كار له‌ جیهاندا، به‌رابه‌ری ده‌كات له‌گه‌ڵ ٣٠٥ ملیۆن پیشه‌ی ته‌واو وه‌خت. له‌ ئه‌مریكا ژماره‌ی بێكاران گه‌یشتووه‌ته‌ ٣٩ ملیۆن كه‌س. پتر له‌ ٤٠٠ ملیۆن شیركه‌ت، له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ورده‌فرۆشی، ڕێستووران و هۆتێل، خه‌ریكه‌ نابووت ده‌بن. له‌گه‌ڵ نابووت بوونی ئه‌م شیركه‌تانه‌ پێش بیینی ده‌كرێ كه‌ ئاستی بێكاری یه‌كجار به‌رزتر بێته‌وه‌.  توندبوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌، ده‌ركردنی به‌رینی كرێكاران، هاتنه‌خواره‌وه‌ی به‌رچاوی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی سه‌عاتی كار و چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتری كرێكارانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ پێی پێش بینییه‌كانی ڕێكخراوی جیهانیی كار، زیانه‌ ئابوورییه‌كان سه‌رچاوه‌گرتوو له‌م قه‌یرانه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ٢٠ تا ٣٠ ملیۆن كرێكار داده‌نێت كه‌ له‌ هه‌ژاری دا ده‌ژین و گوشاری توندبوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌توانێ له‌ درێژه‌دا ژیانی ئه‌م كرێكارانه‌ وێران كات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش خۆی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ پێگه‌ی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤه‌كان، چه‌نده‌ ده‌توانێ ڕۆڵێكی چاره‌نووس سازی‌ بێت له‌سه‌ر مان و نه‌مانیان.

ئه‌م ڕاستیانه‌ نیشانی ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ڕواڵه‌ت وای ده‌نوێنن كه‌ له‌ سه‌رووی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ن و وای ده‌نوێنن كه‌ به‌چاوی یه‌كسان ده‌ڕواننه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و به‌ یه‌كسان بیر له‌ ئه‌منییه‌ت و ئاسایش و ته‌ندرووستی و ده‌رمانی هه‌مووان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌كان، ئامرازی زاڵ بوون و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی چینێكن كه‌ هێزی ئابووریی له‌ده‌ست دایه‌. هه‌ربۆیه هانده‌ری سه‌ره‌كیی ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، زه‌مانه‌ت كردنی سووڕانی چه‌رخه‌ی ئابووری و پاراستنی قازانج په‌ره‌ستیی سه‌رمایه‌یه‌، نه‌ك دیفاع له‌ ئه‌منییه‌ت و گیانی مرۆڤه‌كان.