کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كوشتاری كۆڵبه‌ران، داغی نه‌نگه‌ به‌ ناوچاوانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌

qatelkolbaran 1 700x340 1

سایتی هه‌واڵنێریی شه‌فه‌قنا، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٣١ی خه‌رمانان، له‌سه‌ر زاری جه‌لال مه‌حموودزاده‌، نوێنه‌ری مه‌جلیسی ئیسلامیی ڕژیم له‌ شاری مه‌هاباد، نووسیی: “له‌ ده‌وڵه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ بۆ هاتووچۆی كاڵا له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كان، تێپه‌ڕگه‌ی ڕه‌سمی دیاری بكات تا كۆڵبه‌ران بۆ گواستنه‌وه‌ی باره‌كانیان له‌ ده‌زگای مۆتۆر و ماشێن كه‌ڵك وه‌رگرن، به‌ڵام نه‌ ته‌نیا ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام نه‌درا‌ به‌ڵكوو ئه‌و تێپه‌ڕگانه‌ش كه‌ ساڵه‌كانی ٩٦ و ٩٧ به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی دیاری كرابوون، به‌ستران“. ئه‌و هه‌روه‌ها وێڕای ئاماژه‌ به‌وه‌یكه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا ١٦٦ كۆڵبه‌ر به‌هۆی ته‌قه‌ی مه‌ئمووره‌كانه‌وه‌ كوژراون و یان بریندار بوون، وتی “ئه‌م بابه‌ته‌ دواهاتی هه‌یه‌ و له‌ بواری ئه‌منییه‌تیه‌وه‌ به‌ قازانجی نیزام نییه‌”. به‌ پێی ئاماری ئه‌م نوێنه‌ره‌ی مه‌جلیسی ڕژیم، به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند، له‌مانگدا ١٤ كۆڵبه‌ر ده‌كوژرێن و بریندار ده‌بن. به‌ڵام به‌ پێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی “هه‌نگاو“، ته‌نیا له‌ ١١ی مانگی گه‌لاوێژه‌وه‌ تا ١٠ی مانگی خه‌رمانان، ٣١ كۆڵبه‌ر له‌ سنووره‌كانی كوردستان كوژراون و یان بریندار بوون. به‌كرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی بێشه‌رمانه‌ له‌ كوشتاری كۆڵبه‌ران دیفاع ده‌كه‌ن. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٠ی خه‌رمانان، كاروانێك له‌ كۆڵبه‌ران، له‌ چه‌ند كیلۆمیتریی سنووری ئێران و هه‌رێمی كوردستان، له‌ ناوچه‌ی “باژار“، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی حیفازه‌تی پازگا سنووریه‌كان، له‌ مه‌ودای چه‌ند میتریه‌وه‌ ده‌درێنه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سێ كۆڵبه‌ری لاو به‌ ناوه‌كانی زانست حه‌سه‌ن نژاد، زانكۆ ئه‌حمه‌دی و سرووش مه‌كاری، گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. فه‌رمانده‌ی مه‌رزبانیی ئۆستانی ئازه‌ربایجانی غه‌ربی، دوو ڕۆژ دواتر له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ میدیا ده‌وڵه‌تیه‌كانی ئێران، كۆڵبه‌ره‌ كوژراوه‌كان به‌ “ده‌ستدرێژانی سنووری” پێناسه‌ ده‌كات و كوشتنی ئه‌وان، له‌پێناو “پاراستنی خاكی پیرۆز” وه‌سف ده‌كات. ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ ئاشكرایه‌ له‌ حاڵێكدا ئه‌نجام درا كه‌ یه‌ك مانگ پێشتر، هه‌شته‌گی “كۆڵه‌به‌ر مه‌كوژن“،‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویتێردا، بوو به‌ ترێندی یه‌كه‌می ئێران.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ قه‌یرانی كۆرۆنا له‌ ئێران ڕۆژانه‌ سه‌دان كه‌س ده‌كاته‌ قوربانی، كرێكاری كۆڵبه‌ر بۆ وه‌ده‌ست هێنانی بژێوی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسیی تووش بوون به‌ كۆرۆنا، ده‌بێ مه‌ترسیی به‌ربوونه‌وه‌ له‌ به‌رزایی، كه‌وتنه‌ ژێر ئاوی ڕووبار، سه‌رمابردوویی به‌هۆی به‌فر و به‌سته‌ڵه‌ك، پێ دانان له‌سه‌ر مینه‌ به‌جێماوه‌كانی شه‌ڕی ئێران و عێراق و سه‌رئه‌نجام مه‌رگ به‌هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی سه‌رمایه‌، به‌گیان قه‌بووڵ بكات.

ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ی وا بۆ په‌یدا كردنی تیكه‌یه‌ك نان ڕێگای مه‌رگ ده‌گرنه‌ به‌ر و ڕوو ده‌كه‌نه‌ كاری گواستنه‌وه‌ی كاڵا له‌سه‌ر سنووره‌كان، له‌ ڕاستیدا، هێزی كاری بازرگانان و ده‌ڵاڵانێكن كه‌ له‌ شار و ئاواییه‌ سنووریه‌كاندا جێگیرن. ئه‌وان له‌ خاڵێكی سنووریه‌وه‌ كاڵاكان ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ن و له‌ خاڵێكی تره‌ كاڵاكانیان به‌ده‌ست ده‌گات، به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ هیچ مه‌ترسیه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یان لێبكات، گیرفانیان پڕ ده‌كه‌ن و حه‌قده‌ستێكی زۆر كه‌میش ده‌ده‌نه‌ كۆڵبه‌ره‌كان. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا ڕكوودی به‌رچاوی ئابووریی ئێران و به‌ربه‌سته‌ ماڵییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوونه‌‌ته‌ هۆی گه‌شه‌ی بازرگانیی كاڵای “قاچاخ” له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی كوردستان. له‌ ماوه‌ی هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا، پێ به‌ پێی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بێكاری له‌ شاره‌كانی كوردستان، ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ كرێكارانی بێكار ڕوویان كردووه‌ته‌ كۆڵبه‌ری و به‌ هه‌ر ڕاده‌یه‌كیش ژماره‌ی كۆڵبه‌ران زیادیان كردووه‌، ئاستی حه‌قده‌سته‌كانیان هاتووه‌ته‌ خوارتر. كۆڵبه‌ران ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌ر كیلۆیه‌ك بار، بڕی ١٧ تا ١٨ هه‌زار تمه‌نیان وه‌رده‌گرت، له‌ ئێستادا ناچارن ته‌نانه‌ت به‌ ١٠ هه‌زار تمه‌نیش بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك، كۆڵه‌كه‌یان له‌ تێپه‌ڕگه‌ی مه‌رگ، تێپه‌ڕێنن. ئه‌وان بۆ ده‌رهێنانی نان ناچارن كۆڵبه‌ری بكه‌ن و هه‌ر ئه‌و جه‌بری نانه‌شه‌ وایان لێده‌كا كه‌ مه‌ترسیی و دژواریه‌كان، به‌گیان قه‌بووڵ بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی كۆڵبه‌ران ده‌بێته‌ هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری حه‌قده‌سته‌كانیان، له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌سب و كاری به‌شێك له‌ بورژوا ـــ بازرگانه‌كانی كورد، پڕ ڕه‌ونه‌قتر ده‌كات. ئه‌وان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی قازانجی زیاتر، كایه‌ به‌ گیان و ژیانی كۆڵبه‌ران ده‌كه‌ن.

له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا، كۆڵبه‌ری و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ جاده‌كانی مه‌رگ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی نان، “پیشه‌” به‌ ئه‌ژمار دێت. ئه‌م باروودۆخه‌ سه‌خت و دژواره‌ی كه‌ ڕژیم به‌سه‌ر كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشی سه‌ر سنووره‌كانی دا سه‌پاندووه‌ ته‌نیا گۆشه‌یه‌كه‌ له‌ دواهاتی ئه‌و سیاسه‌ته‌ شووێنیستییه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامی دژبه‌ خه‌ڵكی كوردستان، له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، له‌ ڕێگه‌ی میلیتاریزه‌ كردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ و داسه‌پاندنی سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه‌ و ئه‌منییه‌تی كردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای شاره‌كان، به‌كرده‌وه‌ی ده‌رهێناوه‌. هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ت و پێداگرییه‌ی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ درێژه‌ دانی ئه‌م باروودۆخه‌، به‌ستێنه‌كانی درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی خوڵقاندووه‌. ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌ی كه‌ تێیدا كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و كۆڵبه‌رانی كوردستان، هێزی بزوێنه‌ری سه‌ره‌كین، بزووتنه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ بێبه‌شی و بێ مافی به‌ چاره‌نووسی حه‌تمیی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستان نازانێت و عه‌زمی جه‌زم كردووه‌ كه‌ كۆتایی به‌ هه‌موو به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تیه‌كان بێنێت. بێگومان، كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی كوردستان له‌و خه‌باته‌ شۆڕشگێڕانه‌ و مافخوازانه‌یه‌‌دا به‌ ته‌نیا نین و كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت، كرێكارانی ئازه‌رئاب و جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی باقیی شوێنه‌كانی ئێران، كه‌ ئه‌وانیش له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی وه‌گیان هاتوون و له‌ خه‌بات بۆ دابین كردنی ژیان و بژێوی خۆیان، هیچ شتێكیان بۆ له‌ده‌ست دان نییه‌، له‌ ڕیزی چینایه‌تیی كۆڵبه‌ران دان. هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران پێویسته‌، ئاشنا كردنی هرچی زیاتری كرێكاران و بیروڕای گشتی له‌گه‌ڵ باروودۆخی مه‌ترسیداری كۆڵبه‌ران و ژان و ئازاره‌كانیان و خه‌باتی مافخوازانه‌ی كۆڵبه‌ران، به‌ ئه‌ركی خۆیان بزانن و پێویسته‌ دژبه كوشتاری كۆڵبه‌ران و له‌ پێناو دیفاغ له‌ مافی‌ ئینسانیی هاوچینه‌كانیان، له‌ هیچ هه‌ڵ و تێكۆشانێك ده‌ریغ نه‌كه‌ن.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه، هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و مرۆڤه‌ خه‌باتكاره‌كانی كوردستان كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ جه‌رگه‌ی خه‌بات دژبه‌ سه‌ركوت و زۆرداریی ڕژیم، پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ند دراون، پێویسته‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌ینی سیاسی و ته‌بلیغی و وه‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌ كوشتاری كۆڵبه‌ران، ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ك خه‌ن.