کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌ ئێعدامی نه‌وید ئه‌فكاری، كۆمه‌ڵگا چاوترسێن نابێت

download 10

ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئیسلامی، كرێكاری لاوی خه‌باتكار، نه‌وید ئه‌فكاریی ئێعدام كرد تا هه‌م تۆڵه‌ی كوژرانی یه‌كێك له‌ مه‌ئمووره ئه‌منییه‌كانی خۆی له‌ جه‌ره‌یانی ئاخێزی شاری شیرازدا بكاته‌وه‌ و هه‌م لاوانی شۆڕشگێڕ و كرێكاران و خه‌ڵك، كه‌ به‌ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان، خۆفی مه‌رگیان خستووه‌ته‌ ناو دڵی ڕژیمه‌وه‌، چاوترسێن بكات. خوێنڕێژانی كۆماری ئیسلامی به‌ پێی سێناریۆیه‌كی له‌پێشدا ئاماده‌كراو، سه‌ره‌تا له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا، ئێعترافی قه‌تڵیان له‌ نه‌وید وه‌رگرت تا به‌ڵكوو بتوانن به‌ ئێعدام كردنی له‌ژێرناوی قاتڵ، له‌ هه‌ڵگیرسانی ئاگری تووڕه‌یی پنگ خواردووی خه‌ڵك ڕێگری بكه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵێكی سه‌رشۆڕانه‌، ئێعدامی نه‌وید داغی نه‌نگێكی دیكه‌ی له‌ ناوچاوانی ڕژیمی ئیسلامی دا و نه‌وید ئه‌فكاری بوو به‌ یه‌كێك له‌ سه‌مبۆله‌كانی ئازادیخوازی له‌ ئێران. ئێعدامی نه‌وید ئه‌فكاری شه‌پۆلێكی بێ وێنه‌ی له‌ تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و ناوه‌نده‌كانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و ناوه‌نده‌ وه‌رزشیه‌كانی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. ده‌وڵه‌ته‌ ئۆرووپاییه‌كان، كه‌ دیفاع كردنیان له‌ مافی مرۆڤ، به‌رده‌وام به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماتیك بووه‌، ئه‌مجاره‌یان له‌ژێر گوشاری بیروڕای گشتی، له‌ ئاست ئێعدامی نه‌وید ئه‌فكاری ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه‌. ده‌وڵه‌تی ئاڵمان له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌م قه‌تڵه‌، به‌رنامه‌ی سه‌فه‌ری زه‌ریف بۆ ئاڵمان و له‌وێوه‌ بۆ باقی وڵاتانی ئۆرووپایی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه‌ و وته‌بێژی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپاش ئێعدامی نه‌وید ئه‌فكارییان مه‌حكووم كردووه‌. ئه‌گه‌رچی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌موو ساڵێ ڕێكۆردداری ڕێژه‌ی ئێعدام بووه‌‌ له‌ ئاست جیهاندا، به‌ڵام به‌ ده‌گمه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌ها شه‌پۆلێكی به‌ته‌وه‌ژم له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه‌. نه‌وید ئه‌فكاری، كرێكاری گه‌چكار، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ژارانی شار، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و په‌رستاران، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خوێندكاران، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی به‌ندكراوانی سیاسیی ئه‌شكه‌نجه‌دراو له‌ زیندانه‌كاندا بوو. به‌ په‌ره‌پێدانی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، نابێ ڕێگه‌ بدرێت ئه‌م ده‌نگانه‌ كپ بكرێن.

به‌ وته‌ی حه‌سه‌ن یونسی، پارێزه‌ری نه‌وید ئه‌فكاری، له‌ ئێستادا پتر له‌ ٣٠ به‌ندكراوی سیاسی حوكمی ئێعدامیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌. له‌م دوایانه‌دا، ناوی ١٠ كه‌س كه‌ به‌هۆی به‌شداری كردنیان له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ به‌ ئێعدام مه‌حكووم كراون، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ٥ كه‌س له‌ به‌شداربووانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ٩٦ له‌ ئۆستانی ئیسفه‌هان به‌ ئێعدام مه‌حكووم كراون. دادگوسته‌ریی ئیسفه‌هان ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌نده‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، بۆ ٨ كه‌س حوكمی ئێعدام ده‌ركراوه‌. مانگی ڕابردوو، یه‌كێك له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی به‌فرانباری ٩٦ به‌ناوی مسته‌فا ساڵحی له‌ زیندانی ده‌ستگردی ئیسفه‌هان ئێعدام كرا. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌میر حسێن مۆرادی و سه‌عید ته‌مجیدی و محه‌ممه‌د ڕه‌جه‌بیش كه‌ له‌ به‌شداربووانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ بوون به‌ ئێعدام مه‌حكووم كراون. سه‌رچاوه‌ هه‌واڵنێریه‌ سه‌ربه‌خۆكان، ناوی لانیكه‌م ٣٣ به‌ندكراوی سیاسیی دیكه‌یان له‌ زیندانه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا حوكمی ئێعدامیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ و له‌ژێر تیغی مه‌رگ دان.

ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئیسلامی له‌ جه‌رگه‌ی گشتگیربوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رینی په‌تای كۆرۆنا كه‌ بۆ خه‌ڵك بووه‌ته‌ ژه‌هرێكی ترسناك و كوشنده‌ و شه‌و و ڕۆژ سه‌دان كه‌سیان لێ ده‌كاته‌ قوربانی، خۆی بۆ قۆناغی پاش كۆرۆنا ئاماده‌ ده‌كات. كۆماری ئیسلامی له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی كردنی ڕێبه‌ران و ڕێكخه‌رانی مانگرتنی كرێكاری و به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكمی شه‌للاق له‌دژیان و كرده‌وه‌ی توند له‌ به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی سه‌ر‌شه‌قام و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ ده‌ركردنی حوكمی ئێعدام دژبه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦  و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و ده‌ركردنی حوكمی قورسی زیندان بۆ ژنانی ئازاده‌ و خوێندكارانێك كه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی سه‌رشه‌قامدا به‌شداریان كردووه‌ و هه‌روه‌ها به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر به‌ندكراوانی سیاسی، به‌نیازه‌ خه‌ڵكی ناڕازی و وه‌گیان هاتووی كۆمه‌ڵگای ئێران چاوترسێن بكات. ڕژیم به‌م هه‌وڵانه‌ی به‌ته‌مایه‌ به‌ر له‌ په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مووجۆر جموجۆڵێكی خه‌باتكارانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران بگرێت.

ڕژیمی كۆماری ئسیلامی له‌ حاڵێكدا كه‌ له‌ قه‌یرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا ده‌ست و پێ لێده‌دا و له‌ ئاست جیهاندا پتر له‌ ڕابردوو كه‌وتووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌ و له‌ ژێر گوشاری مانگرتنی به‌رده‌وامی كرێكاری و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیدا، هێزنواندنه‌كانی له‌به‌رچاوی بیروڕای گشتی كه‌وتووه‌، شمشیری له‌ ڕۆوه‌ به‌ستووه‌. ئه‌م ڕژیمه‌ به‌نیازه‌ له‌وپه‌ڕی داماوی خۆیدا، به‌ توندكردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای ئه‌منییه‌تی و ئێعدامی به‌ندكراوانی سیاسی، توانای ماشێنی سه‌ركوته‌كه‌ی به‌ڕووی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌دا دادا كه‌ له‌ مه‌نگه‌نه‌ی گشتگیر بوونی ویرووسی كۆرۆنا و بێكاری و هه‌ژاری و گرانی و بێ مافیه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دان. ئێعدامی له‌ناكاوی نه‌وید ئه‌فكاری و ناشتنی ته‌رمی ناوبراو به‌شه‌و و له‌ژێر چاوه‌دێری توندی ئه‌منییه‌تیدا، نه‌ك‌ نیشانه‌ی هێز و توانای ڕژیمی ئیسلامی، به‌ڵكوو هه‌وڵێك بوو له‌ ڕووی لاوازی و داماوییه‌وه‌ له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ گشتگیره‌ی كه‌ تێیدا گرفتاره‌. بێگومان، كۆماری ئیسلامی به‌ ئێعدامی نه‌وید ئه‌فكاری، پترله‌ جاران تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی ئێران به‌نه‌سیبی خۆی ده‌كات.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی داسی مه‌رگ به‌سه‌ر سه‌ری به‌ندكراوانی سیاسی و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئاخێزه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كانی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا هه‌ڵده‌سووڕێنێ و به‌ته‌مایه‌ كه‌ش و هه‌وای ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام بۆ ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان بگوازێته‌وه‌، له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا پێویسته‌ به‌ په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، به‌م ڕژیمه‌ی نیشان ده‌ین كه‌ سه‌رده‌می قه‌تڵی له‌ئه‌نقه‌ستی ده‌وڵه‌تی كۆتایی پێهاتووه‌.  تا كاتێك كه‌ به‌ندكراوی سیاسی بوونی هه‌یه‌ و سزای ئێعدام به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێ، خواستی ڕێگری له‌ حوكمی ئێعدام و دیفاع له‌ ئازادیی به‌ندكراوانی سیاسی، به‌ واتای دیفاع له‌ مافی گشت بێبه‌شانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه،‌‌ تا بتوانن ئازادانه‌ كۆببنه‌وه‌، ئازادانه‌ ده‌ست بده‌نه‌ مانگرتن و ئازادانه‌ ڕیزه‌كانی خۆیان یه‌كگرتوو و ڕێكخراو بكه‌ن، به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و كوشتار له‌ زیندانه‌كاندا، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ بكات.