کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێرۆز بێت یازده‌ی خه‌رمانان، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

558

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ١١ی مانگی خه‌رمانان، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانه‌، ٣٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ وه‌ها ڕۆژێكدا، له‌‌ كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ردا، حێزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ كوردستانی شۆڕشگێڕ دامه‌زرا. له‌م ڕۆژه‌دا ، یاد و بیره‌وه‌ری خه‌باتكارانێك كه‌ له‌ ڕێزه‌كانی ئه‌م حیزبه‌، له‌ زیندان و له‌ ژێر دڕندانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌كاندا، ئێعدام و تیرباران كران، یان له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كوردستان، له‌ ڕێزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا‌، گیانی ئازیزیان له‌ پێناوی ڕزگاری ئینسانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراو فیدا كرد، ڕێز لێده‌گرین و دروود و سڵاو ده‌نێرین بۆ بنه‌ماڵه‌ خۆڕاگر و سه‌ربه‌رزه‌كانیان. هه‌روه‌ها له‌م ڕۆژه‌دا ڕێز له‌ خه‌بات و خۆڕاگری كرێكاران و كۆمۆنیسته‌ به‌ندكراوه‌كان و هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی ده‌گرین كه‌ بۆ دیفاع له‌ باوه‌ڕ و به‌رنامه‌ و ئامانجه‌كانیان، به‌ره‌نگاری ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ری ئیسلامی بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ نامرۆڤانه‌ترین باروودۆخدا له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به‌ هیوای ئه‌وه‌یكه‌ خرۆشی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و سته‌ملێكراو، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ته‌ختی ده‌سه‌ڵات بێنێته‌ خوار و  هه‌موو به‌ندكراوانی ئازادی خواز به‌سه‌ركه‌وتن و به‌ بزه‌ی خۆشی له‌سه‌رلێو، بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو باوه‌شی ئازیزانیان.

دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ ڕۆژی ١١ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی، هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ ڕێگایه‌كدا بوو‌ كه‌ چینی كرێكار پێویسته‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ لێی تێپه‌ڕبێت، تا له‌ چینی چه‌وساوه‌ و بێ به‌شی كۆمه‌ڵگاوه‌ ببێته‌ چینی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌، تا كۆمه‌ڵگای ئێران له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌یران و نه‌هامه‌تیانه‌ ڕزگاری بێت كه‌ له‌ ئێستادا به‌رۆكی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه‌‌، تا له‌ ئاكامی نیهایی ئه‌م ڕه‌وته‌دا، سۆسیالیزم، كۆمه‌ڵگایه‌ی ئینسانیی ئازاد و به‌رابه‌ر و به‌خته‌وه‌ر بێنێته‌ دی. به‌ وه‌ها ئاسۆیه‌كه‌وه‌ بوو كه‌ حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ هه‌وڵی دامه‌زرێنه‌رانی، پێكهات و چالاكیی خۆی ده‌ستپێكرد.

ئه‌م حیزبه‌ له‌ بارودۆخێكدا دامه‌زرا كه‌ شۆڕشی ئێران له‌ ژێر زه‌ربه‌ی دژه‌ شۆڕشی ئیسلامی، دوایین هه‌ناسه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌كێشا. سه‌ركوتی خوێناوی و ده‌ستبه‌سه‌ركردن و ئێعدامی به‌ربڵاو، به‌شێك له‌ ڕێكخراوه‌ چه‌په‌كانی، به‌كرده‌وه‌، له‌ناو بردبوو. هێزه‌ چه‌په‌كانی ئێران یه‌كجار تووشی ئاڵۆزی و سه‌رلێشێواوی ببوون. له‌م باروودۆخه‌دا پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ چه‌په‌كانی ئێران، دژه‌كرده‌وه‌ و وڵامێكی شۆڕشگێڕانه‌ به‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ بوو. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه‌ ڕژیمی ئیسلامی له‌ هه‌موو شوێنێك له‌ناوچوونی ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی ته‌بلیغ ده‌كرد، حیزبێكی سیاسیی نوێ و پڕ جۆش و خرۆش، خه‌ریكی سه‌رهه‌ڵدان بوو. ئه‌گه‌رچی دوو ڕێكخراوی سه‌ره‌كی كه‌ به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م حیزبه‌یان دانا، “ئیتحادی موبارزانی كۆمۆنست” و “كۆمه‌ڵه‌” بوون، به‌ڵام به‌ دوای ڕاگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و دوو جه‌ریانه‌ و ڕوون بوونه‌وه‌ی خه‌ت و ستراتێژی چالاكیی ئه‌م حیزبه‌، فراكسیۆن گه‌لێك له‌ چه‌ندین ڕێكخراوی چپی ڕادیكاڵی ئێران به‌و حیزبه‌ په‌یوه‌ست بوون و نوێنه‌رانییان له‌ كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ردا به‌شداریان كرد.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی، له‌ تاران و شاره‌ گه‌وره‌كانی ئێران و له‌ ناوه‌نده‌ كرێكارییه‌كان، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی كرێكاری و چالاكانی كۆمۆنیستی له‌خۆگرتبوو. ئه‌و به‌شه‌ له‌ ته‌شكیلاتی حیزب له‌ ساڵه‌ دژواره‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری دوژمن و ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌ تاران و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران كه‌وتنه‌ زیندانه‌كانی ڕژیم و دواتر به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌شیان ئێعدام كران. ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش به‌ ناچار ڕوویان له‌ كوردستان كرد یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕۆیشتن. ئه‌م باروودۆخه‌ به‌ربه‌ستی ڕاسته‌قینه‌ بوو بۆ چالاكی ته‌شكیلاتی حیزب له‌ ئاستی سه‌راسه‌ریدا. به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌م حیزبه‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی به‌ بوونی كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌روا پاراستووه‌.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ ماوه‌ی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا تووشی هه‌وراز و نشێوی زۆر هاتووه‌ و له‌ لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر و چه‌ند گرووپێكی لێ جیا بووه‌ته‌وه‌ و ڕێگایه‌كی دیكه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر، به‌ڵام ئێستاش خۆشترین بیره‌وه‌ری ژیانی هه‌موو ئه‌م كه‌سانه‌، ده‌ورانێكه‌ كه‌ له‌ ناو ڕێزه‌كانی ئه‌م حێزبه‌دا چالاكیان كردووه‌. له‌ ماوه‌ی سالانی چالاكی ئه‌م حیزبه‌، له‌ بوار خه‌باتی سیاسی و چینایه‌تیدا، به‌رده‌وام له‌ ڕێگای خزمه‌ت به‌ ئامانجی كرێكاری و خه‌بات له‌ دژی نابه‌رابه‌ری و سته‌می سه‌رمایه‌داری هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه‌. مێژووی ٣٧ ساڵی ڕابردوو ئه‌و ڕاستییه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌یدا، كاته‌ هه‌ستیاره‌ سیاسی و خاڵه‌ وه‌رچه‌رخانه‌ مێژوویه‌كانی، سه‌ركه‌وتووانه‌ تێپه‌ڕاندووه‌.

 نفووزی به‌رینی كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی سیاسی ئه‌م حیزبه‌، ڕێگه‌ی نه‌داوه‌  خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، به‌رپرس بوون، ڕادیكاڵ بوون و هیتر، به‌هۆی ئه‌و به‌ربه‌رستانه‌ی كه‌ دوژمن له‌ ئاست سه‌رتاسه‌ریدا بۆی خوڵقاندووه‌، له‌ ده‌ست بدات. كۆمه‌ڵایه‌تی بوون به‌و مانایه‌‌ كه‌ ئازار و خه‌باتی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌ و بێبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندی ئێستا و داهاتوویان، به‌رده‌وام له‌ ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌ و كرده‌وه‌ی حیزبدا بووه‌، واته‌ هه‌وڵدان بۆ ڕاكێشانی سۆز و لایه‌نگری له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییدا بۆ ئه‌م هه‌ڵوێست و سیاسه‌تانه‌. به‌رپرس بوون به‌ مانای كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوون له‌ ئاست دژواریه‌كانی ڕۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵك و هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ هێنانه‌خواری ئاستی ئه‌م دژواریانه‌، واته‌ به‌ نیگه‌رانیه‌كانی خه‌ڵك له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، وڵامی به‌رپرسیارانه‌ دانه‌وه‌. ڕادیكاڵ بوون به‌ مانای ده‌ست بردن بۆ ڕیشه‌ی نابه‌رابه‌ریه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ كه‌ بنه‌مای ستراتێژی حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانیان پێكدێنن.

ئه‌مرۆ حیزبی كۆمۆنیستی ئێران هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌دات تا له‌ هه‌موو ساته‌كانی خه‌باتی ئازادی خوازانه‌ و چینایه‌تیی ئێستای ئێران ڕۆڵی شایسته‌ی خۆی بنوێنێ و ئه‌ركه‌كانی به‌جێبێنێت. به‌ پێی به‌رنامه‌ و ستراتێژی ئه‌م حیزبه‌، هه‌ر كرێكارێكی پێشڕه‌و و ماف خواز، هه‌ر ئینسانێكی ئازادی خواز، هه‌ر ئینسانێكی ژێر سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر ژنێكی ڕزگاری خواز، هه‌ر لاوێك كه ئاسۆی ژیانی دواڕۆژی لێڵ كراوه‌، هه‌ر خه‌باتكارێكی پارێزه‌ری ژینگه‌، هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی به‌ڵێندار، ده‌توانێ جێگه و پێگه‌‌ی ئینسانی و خه‌باتكارانه‌ی خۆی له‌ ستراتێژ و به‌رنامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران دا ببینێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوویه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا كه‌ ده‌تووانێ بێته‌ ئۆلگووی چالاكییه‌كانمان له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌و به‌رنامه‌ و ڕێبازه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، له‌پێناو ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تیه‌ گرینگانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانیه‌تی، به‌ عه‌زمی پته‌وه‌وه‌، هه‌موو تواناكانی خۆی بۆ یارمه‌تی دان به‌ ڕێكخستن  و هێنانه‌مه‌یدانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی كۆمه‌ڵگا به‌كار دێنێ. حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ پێی پێشینه‌ی نزیك به‌ ٤ ده‌یه‌ حزووری له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێران و پێبه‌ندبوونی به‌ دیفاع له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كرێكاران، به‌ پێی په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌و كه‌ له‌گه‌ڵ كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و سته‌ملێكراوی كوردستان هه‌یه‌تی، به‌ ێپی ئێعتبارێك كه‌ له‌ناو هێزه‌ چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانی ئێراندا په‌یدای كردووه‌ و به‌هۆی وڵامی ڕوون دانه‌وه‌ به‌و “ده‌بێ چ بكرێ“یانه‌ی كه‌ هه‌یتی، ده‌توانێ ببێته‌ هه‌وێنی ڕێكخستن و چالاكیی ڕێبه‌ران و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران. حیزبی كۆمۆنیستی ئێران عه‌زمی خۆی جه‌زم كردووه‌ كه‌ له‌ پێناو خێرایی به‌خشین به‌م پڕۆسه‌یه‌، پۆتانسیه‌ل و تواناكانی خۆی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌هێزتر كات  له‌ پێناوی یه‌كگرتوویی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كۆمۆنیستیی ئێران.