ڕۆژی چوارشه‌ممه ٥ی خه‌رمانان، به‌دوای ده‌ركرانی حوكمێكی قه‌زایی به قازانجی بۆنیادی مۆستهزعهفان، مه‌ئموورانی شاره‌داری وێڕای ده‌زگای بۆڵدزێر و هێزه ئه‌منییه‌كان، به مه‌به‌ستی ڕووخاندنی ماڵه‌كانی خه‌ڵك له گوندنی “ئه‌بولفه‌زل” له ده‌ورووبه‌ری ئه‌هواز، چوونه ئه‌و گونده و خوازیاری چۆڵ كردنی بوون. خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژاری ئه‌م گونده ٣٠٠ بنه‌ماڵه‌ییه، كه چوار ساڵه ماڵه‌كانی خۆیان، سه‌ره‌ڕای كێشه و گرفتی زۆر، توانیوه له‌و شوێنه بینا بكه‌ن، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ندین ساڵه‌دا، له لایه‌ن بۆنیادی مۆستهزعهفان و باقیی ناوه‌نده حكوومه‌تیه‌كان به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه و له نیگه‌رانیدا به‌سه‌ریان بردووه. خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئه‌م گونده له به‌رامبه‌ر هێرشی وه‌حشیانه‌ی مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌تی و ئه‌منییه‌تی و سه‌ركوتگه‌ری ڕژیم كه بۆ وێران كردنی ماڵه‌كانیان هاتبوون، به به‌رد و دار له خۆیان دیفاعیان كرد. هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان به گازی فرمێسك ڕێژ و گولله‌ی ساچمه‌یی ژماره‌یه‌كیان لێ بریندار كردن. به‌ڵام خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر زۆره‌ملیی و ده‌ستدرێژی دژه ئینسانیی ڕژیمی ئیسلامی بۆسه‌ر ژیان و ماڵ و حاڵیان، له خۆیان دیفاعیان كرد.
به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌تا به درۆنانه‌وه، هه‌وڵیان دا حاشا له‌و ڕووداوه بكه‌ن. به‌ڵام دواتر وێڕای ته‌ئید كردنی ڕووداوه‌كه، ده‌ستیان كرد به درۆ و ده‌له‌سه و وه‌ك هه‌میشه، برینداربوونی خهڵكییان به گولله، په‌یوه‌ند داوه به ته‌قه‌ی هه‌وایی. موقاومه‌تی شێلگیرانه‌ی خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر ئه‌م زۆرهملیهدا، بوو به هۆی پاشه‌كشه‌ی كاتیی ڕژیم. بۆنیادی مۆستهزعهفان ڕۆژی پێنجشه‌ممه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا خوازیاری ڕاگرتنی حوكمی ڕووخاندنی ماڵه‌كانی ئه‌م گونده بووه و ڕاشیگه‌یاندووه كه: “ڕووخاندنی ماڵه‌كانی ئه‌م گونده به حوكمی قه‌زایی و هاوئاهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئۆستاندار، دادستان، شاره‌داری و باقیی به‌رپرسان ئه‌نجام دراوه”. جێگری دادستانی ئه‌هوازیش له هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆنیادهدا وتی كه زه‌ویه‌كان هی بۆنیادی مۆستهزعهفانه و له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به شێوه‌ی نایاسایی ئه‌و زه‌ویانه‌یان داگیر كردووه، به توندی هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كرێ. بۆنیادی مۆستهزعهفان به ته‌رفه‌ندی شناسایی بنه‌ماڵه‌كان و دابین كردنی به‌ناو هه‌زینه‌ی پێش په‌رداختی مه‌سكه‌ن به ژماره‌یه‌كیان، به‌نیازه خۆی بكاته خاوه‌نی زه‌وییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه. ئه‌م بۆنیاده ئیدیعا ده‌كات كه ئه‌م گونده مڵكی ئه‌وانه و به‌ته‌مان بیفرۆشن.
بۆنیادی مۆستهزعهفان، یه‌كێك له ناوه‌نده به‌هێزه ئابووریهكانه كه پاش هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی بۆ زه‌وت كردن و داگیر كردنی مڵك و ماڵی ده‌وڵتی و كه‌سیی به‌رپرسانی حكوومه‌تی پێشوو دامه‌زرا. ئه‌م بۆنیاده له ئێستادا یه‌كێك له ناوه‌نده سه‌ره‌كیه‌كانی حكوومه‌تی ئیسلامییه بۆ دزی و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م ڕژیمه. ئه‌م بۆنیاده نه ته‌نیا له ئێران به‌ڵكوو له چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ش ناوه‌نده‌كانی سه‌ربه‌خۆی دامه‌زراندووه و بووه‌ته یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوه‌نده ئابووریه‌كان له ئاست ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. هه‌ڵبه‌ت بۆنیادی مۆستهزعهفان بۆ درێژه‌ی گه‌نده‌ڵیی و دزیهكانی، به‌رده‌وام به‌شی به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیداریشی داوه. په‌رویز فه‌تاح، سه‌رۆكی نوێی ئه‌م بۆنیاده كه له سات و سه‌ودا و ڕه‌واڵی ڕووتینی گه‌نده‌ڵی و باج دانی ئه‌م بۆنیاده زانیاریی ته‌واوی نه‌بوو، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، وێڕای ڕه‌خنه‌گرتن له به‌رپرسانی باڵای ڕژیم ڕایگه‌یاند كه ئه‌وان له سه‌رچاوه‌ی گشتی و “به‌یتول ماڵ” كه‌ڵكی نابه‌جێیان وه‌رگرتووه و به بێ ڕه‌زامه‌ندی و دانی هیچ هه‌زینه‌یه‌ك، ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مڵك و ماڵ داگرتووه. ئه‌و له ڕووی ساده‌ییه‌وه باسی له حه‌دادی عادڵ، یه‌كێك له نزیكانی خامنه‌یی كرد كه مڵكێكی به قیمه‌تی ٢٠٠ ملیارد تمه‌ن له یه‌كێك له گرانترین شه‌قامه‌كانی تاران داگیر كردووه و وتی: “ئه‌و كارانه له لایه‌ن بهرپرسانێكهوه ده‌كرێ كه كه‌س ناتوانێ به‌ره‌نگاریان بێته‌وه و بۆنیادی مۆستهزعهفانیش توانی سكاڵای یاسایی لێیان نییه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سكاڵاش بكرێ، كار به جێیه‌ك ناگه‌یه‌نێ“.
له‌و جێگایه‌وه كه ئه‌م وتانه له زمانی سه‌رۆكی بۆنیادی مافیای ئابووریی ڕژیمه‌وه، گۆشه‌یه‌ك له گه‌نده‌ڵی و دزیی به‌رپرسانی باڵا له به‌یتی ڕێبه‌ری، ته‌شخیسی مه‌سه‌ڵه‌حه‌تی نیزام، هێزه چه‌كداره‌كان، سه‌رۆك كۆماری و باقیی ناوه‌نده‌كان ئاشكرا ده‌كات، به‌رپرسانی ئه‌منییه‌تی، ناوبراوانیان به‌جۆرێك خسته ژێر گوشاره‌وه، كه ده‌ستبه‌جێ ناچار بوو به دهڵهڕاوكێ و ترسێكی زۆره‌وه، له تێلوێزیۆن ده‌ركه‌وێت و وته‌كانی خۆی وه‌رگرێته‌وه و داوای لێبوردن بكات.
زه‌وت كردنی زه‌وی، بوارێكی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزیی به‌رپرسانی باڵایه له نیزامی كۆماری ئیسلامی‌دا كه هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیانه‌وه بووه و قازانجه‌كه‌شی به زۆرێك له به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ده‌گات و به‌شیان تێیدا هه‌یه. له‌م نیزامه گه‌نده‌ڵه‌دا، ٤٠ ساڵه سه‌دان حه‌دادی عادڵ و لاریجانی و مۆره سه‌ره‌كیه‌كانی دیكه‌ی نیزام، له پانتایی سه‌دان هێكتاریدا، باشترین زه‌ویه‌كانی تاران و باقیی شاره گه‌وره‌كانیان، به هاوده‌ستیی یه‌كتر، له‌ناویه‌كدا دابه‌ش كردووه و كه‌سیش نه‌یوێراوه هیچیان پێبڵێت. به‌ڵام له‌و نێوه‌دا ٣٠٠ بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژاری ئه‌م گونده كه پتر له سێ ده‌یه‌یه به زه‌حمه‌ت و ئازاری فراوانه‌وه، ماڵه‌كانیان درووست كردووه و تێیدا ده‌ژین، ڕژیم نه ته‌نیا ئه‌وانی له هه‌موو جۆر ئیمكاناتێكی ڕێفاهیی بێبه‌ری كردووه، به‌ڵكوو هێرشیشیان ده‌كاته سه‌ر و به‌نیازه دار و نه‌داریان لێ وێران كات.
له ڕاستیدا، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی ئێران، كۆماری ئیسلامی به ڕژیمی پارێزه‌ری دزانی گه‌نده‌ڵ و سه‌رمایه‌داران و به دوژمنی خۆیان ده‌زانن. سه‌رانی كۆماری ئیسلامیش ئه‌وان وه‌ك دوژمن و مه‌ترسییه‌ك ده‌بینن كه ده‌توانن بارگه و بنه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزیهكانیان تێكهوهپێچن. جێگری فه‌رهه‌نگیی سپای پاسداران دان به‌و ڕاستیه داده‌نێ و ده‌ڵێ: “مۆدێلی ڕووخاندنی ڕۆژئاوا بۆ گۆڕینی كۆماری ئیسلامی گۆڕدراوه. ئه‌و مۆدێله له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ژاران و كه‌سانێك كه به‌رهه‌می په‌راوێزنشینی و نه‌خوێنده‌وارین، داڕێژراوه”. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشانی بێبه‌شی كۆمه‌ڵگا و په‌راوێز نشینان هێزی سه‌ره‌كیی ڕووخاندنی ڕژیمی په‌هله‌وی بوون و هه‌ر ئه‌وانیش هێزی واقعی و مادیی ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی ده‌بن. به‌ڵام ئه‌وه نه‌ك مۆدێلی ڕۆژئاوا، به‌ڵكوو مۆدێلی هه‌موو شۆڕشه ڕه‌سه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه، دژبه گشت نیزامی زاڵمانه‌ی سه‌رمایه‌داری، له سه‌رتاسه‌ری جیهان.
