کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چواره‌مین ڕۆژی مانگرتنی كرێكارانی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی

photo 2020 08 04 10 31 43 1

مانگرتنی هاوئاهه‌نگی كرێكارانی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمیی جنووبی ئێران بۆ چواره‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌. مانگرتنه‌كه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ده‌ستێنێت و له‌ ئێستادا ئۆستانه‌كانی فارس، هۆرمۆزگان، بووشێهر و خووزستانی گرتووه‌ته‌وه‌. شه‌پۆلی ئه‌م مانگرتنه‌ له‌ جنووبی ئێران، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ١١ی گه‌لاوێژه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد. ئه‌م مانگرتنه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی ئابادان، پاڵاوگه‌ی پارسیان و پێترۆشیمیی لامێرد، پاڵاوگه‌ی نه‌وتی قشم، پاڵاوگه‌ی كه‌نگان و پاڵاوگه‌كانی فازی ٢٢ و ٢٤ی پارسی جنووبیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٢ی گه‌لاوێژ، كرێكارانی فازی ١٤ی شیركه‌تی “ئێی جی” و “جه‌م ٢“ش پێیان په‌یوه‌ست بوون. نوێترین هه‌واڵه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كرێكارانی چه‌ندین وزه‌خانه‌ی دیكه‌ له‌وانه‌، وزه‌خانه‌ی “بیدخون“، پاڵاوگه‌ی “جه‌فیر شیركه‌ت ئاترۆپارت” و شیركه‌تی “جه‌هانپارس ئیلام مێهران“، به‌م مانگرتنه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوون. كرێكارانی مانگرتوو هه‌موو ڕۆژێ له‌ شوێنی كاره‌كه‌یان كۆده‌بنه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ڕێگاكانی په‌ره‌پێدانی مانگرتن و په‌یگیر كردنی خواسته‌كانیان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ته‌گبیر و ڕاوێژ. ئه‌م مانگرتنه‌ كه‌ تێیدا پتر له‌ ١٠ هه‌زار كرێكار به‌شدارن، وه‌ك گه‌وره‌ترین مانگرتنی چڵ ساڵی ڕابردوو، باسی لێده‌كرێ. كرێكارانی مانگرتوو خوازیاری : دابین كردنی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی له‌ ڕێگه‌ی كۆتایی هێنان به‌ كاری شیركه‌ته‌ په‌یمانكار و ده‌ڵاڵه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌رارداده‌ سپی ئیمزاكان، پێدانی حه‌قده‌ستی‌ دواخراو و زیادكردنی حه‌قده‌سته‌كانیانن.  زۆربه‌ی كرێكارانی مانگرتوو له‌ ڕێگه‌ی شیركه‌ته‌ په‌یمانكار و ده‌ڵاڵه‌كانه‌وه‌، به‌ قه‌راردادی تاكه‌كه‌سی  و ته‌نانه‌ت به‌ بێ قه‌رارداد، دامه‌زراون. هیچ یاسایه‌ك، ته‌نانه‌ت له‌ ئاست ئه‌و یاسا كاره‌ نیوه‌چڵه‌ی كه‌ له‌ قانوونی كاری كۆماری ئیسلامی و ئایین نامه‌كانی دایه‌، به‌سه‌ر ئه‌و شیركه‌تانه‌دا چاوه‌درێر نییه‌. ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ر هیچ ناوه‌ندێكدا وڵامده‌ره‌وه‌ نین و ده‌ستیان بۆ چه‌وسانده‌نه‌وه‌ی كرێكاران‌ له‌ گه‌رمای سه‌رووی ٥٠ پله به‌سه‌عات كاری زۆر‌ و داسه‌پاندنی باروودۆخی كۆیله‌ئاسا، ئاواڵه‌یه‌.

ئه‌م مانگرتنه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی مانگرتنی كرێكارانی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ بوار ئابووریه‌وه‌ نابووت بوون و ده‌وڵه‌ت خواست و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان وه‌پشت گوێ ده‌دا، له‌ چاره‌نووس سازترین به‌شی ئابووری كه‌ كۆماری ئیسلامیی به‌سه‌ر پێوه‌ ڕاگرتووه‌، ڕووی داوه‌. ئه‌م مانگرتنه‌ ده‌توانێ به‌ ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت و گاز و به‌رهه‌مه‌كانی پێترۆشیمی، ڕژیم له‌بوار وه‌ده‌ست هێنانی داهاته‌ دراویه‌كان، له‌ باروودۆخی گه‌مارۆی ئابووری و هه‌روه‌ها له‌بوار دابین كردنی پێداویستیه‌كانی ناوخۆ، به‌ شێوه‌ی جیدی بخاته‌ ژێر گوشاره‌وه‌.

داخوازیه‌كانی ئه‌م مانگرتنه‌ له‌ هه‌مان حاڵدا، خواستی گشت چینی كرێكاری ئێرانه‌. حه‌قده‌ستی چه‌ند قات ژێر هێڵی هه‌ژاری كه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ری وه‌خت دا نادرێت و وه‌دوا ده‌كه‌وێ، زه‌وت كردنی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی له‌ ڕێگه‌ی قه‌راردادی په‌یمانی له‌گه‌ڵ شیركه‌ته‌ ده‌ڵاڵه‌كان، ته‌وه‌ری هاوبه‌شی گشت چینی كرێكاری ئێرانه‌. له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت خۆی بنیاتنه‌ری ئه‌و قه‌رارداده‌ زاڵمانه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی شیركه‌ته‌ په‌یمانیه‌كانه‌وه‌‌ به‌سه‌ر كرێكاران داده‌سه‌پێندرێ، كرێكارانی مانگرتوو، نه‌ك هه‌ر شیركه‌ته‌ په‌یمانكار و ده‌ڵاڵه‌كان، به‌ڵكوو ده‌وڵه‌ت و وه‌زاره‌تی نه‌وتیش له‌ به‌رامبه‌ر خۆیاندا ده‌بینین. به‌ڵام له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی كرێكاران له‌گه‌ڵ ئه‌و شیركه‌تانه‌ ته‌نیا تایبه‌ت به‌ سه‌نعه‌تی نه‌وت و پێترۆشیمی نییه‌، گوشاری ئه‌م جۆره‌ قه‌راردادانه‌، نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی، نه‌درانی سه‌ری وه‌ختی حه‌قده‌سته‌كان، له‌سه‌ر شانی ملیۆنان كرێكاری‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان، قورسایی ده‌كات. هه‌ربۆیه‌ ئه‌مجۆره‌ مانگرتنانه‌ پۆتانسیه‌لی په‌ره‌گرتن و سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌یان تێدایه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وت و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م مانگرتنه‌دا هه‌تا ئێستا كاردانه‌وه‌كیان له‌خۆیان نیشان نه‌داوه‌. به‌ڵام به‌ ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، ڕژیم سه‌ره‌تا خانه‌ی كاریگه‌ر و شۆرا گوێ له‌مسته‌كانی خۆی ده‌نێرێته‌ مه‌یدان و هاوكات له‌گه‌ڵ واده‌ و به‌ڵێنی دابین كردنی خواستی كرێكاران، هه‌وڵ ده‌دا، ڕیزی یه‌كگرتووی كرێكاران لێك بڵاو كات. كاتێك كه‌ ئه‌مجۆره‌ هه‌وڵانه‌ به‌ره‌نجامێكیان نه‌بوو، ته‌وه‌ره‌كه‌ ده‌كاته‌ ئه‌منییه‌تی و ده‌ست ده‌كا به‌ بانگ كردن و هه‌ڕه‌شه‌ كردن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ، ڕژیم ئه‌م تاكتیكانه‌ی زۆر به‌خاوی ده‌توانێ به‌ره‌وپێش به‌رێ.  ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی ڕژیم كه‌ به‌ناوی ناوه‌ندی كرێكارییه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ڕه‌خنه‌ بكه‌نه‌ ناو ڕیزی كرێكارانه‌وه‌، ڕسوا كراون و كارایی خۆیان له‌ خامۆش كردنی ئاگری تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران له‌ده‌ست داوه‌. هه‌ژاریی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و باروودۆخی دژواری كاریش، ده‌رفه‌تێكی بۆ سازش و دڵخۆش كردن به‌ واده‌ و به‌ڵێنیه بێ بنه‌ماكانی ڕژیم، نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. ڕژیم باش ده‌زانێ، هه‌رچی كات زیاتر تێپه‌ڕ بێت، ئه‌م باروودۆخه‌ بۆ كرێكاران تاقه‌ت پڕووكێنتر ده‌بێت.

نیگه‌رانیی كۆماری ئیسلامی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی مانگرتنه‌ كرێكاریه‌كان، به‌ ئاشكرا ده‌بیندرێ. بۆ تێگه‌یشتن له‌ ڕاده‌ی نیگه‌رانیی ڕژیم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ چاوێك به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌كانی ڕۆژی ڕابردووی چاپی تاران بخشێنین. ئه‌م ڕۆژنامانه‌، بێ بایه‌خترین ته‌وه‌ر و ڕووداوه‌كانیان كردووه‌ته‌ سه‌ردێڕ، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه‌ گرینگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران، بێده‌نگیان گرتووه‌ته‌ به‌ر. ئیلنا، هه‌واڵنێریی كاری ئێران، كه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژدا هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ ڕۆژانی دواتردا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی پانتایی به‌رینی ئه‌و مانگرتنه‌، ته‌نانه‌ت ڕاپۆرته‌كانی پێشووی خۆشی په‌یگیری نه‌كرد. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌وه،‌ بۆ كپ كردنی هاوئاهه‌نگی گشت میدیاكانی ناو ئێران ده‌ركراوه‌.

له‌ ڕاستیدا، ڕژیمێك كه‌ په‌یوندیی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زۆربه‌ی ‌خه‌ڵكی ئێران، له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركوتی وه‌حشیانه‌، زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام و داسه‌پاندنی دواكه‌وتووترین یاساكانه‌‌، نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری  و به‌تایبه‌ت مانگرتنی كرێكاری، ئه‌مجۆره‌ تاكتیكانه‌ی ناكاریگه‌ر كات. ئه‌مڕۆكه‌ كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و پێترۆشیمی ته‌نیا سه‌چاوه‌یه‌كیان له‌ هێزی جه‌ماوه‌ری خۆیان به‌ ڕژیم نیشان داوه‌. بێ گومان ئه‌گه‌ر مانگرتنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت، مانگرتنی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، مانگرتنی كرێكارانی شاره‌دارییه‌كان، مانگرتنی موعه‌لیمان، مانگرتنی په‌رستاران، مانگرتنی شۆفیره‌كانی هاتووچۆ و هیتر،  به‌شێوه‌ی هاوئاهه‌نگ و هاوكات به‌ڕێوه‌چن، پشتی ڕژیم ده‌شكێنن. مانگرتنی هاوئاهه‌نگی كرێكاران له‌ چوار ئۆستان، به‌شێوه‌ی هاوكات، له‌ یه‌كێك له‌ مه‌یدانه‌ حه‌یاتیه‌كانی ڕژیم، ئه‌زموونێكی گرینگه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران. ئه‌م مانگرتنه‌ هاوئاهه‌نگه‌، هه‌ر به‌ره‌نجامێكی بێت، تا ئێستاشی، له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی درێژماوه‌ی چینی كرێكاری ئێرانه‌وه‌، پێشڕه‌ویه‌كی به‌رچاو به‌ئه‌ژمار دێت.