کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كاتێك كه‌ گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپێی ڕژیمێك داده‌گرێ

u59qPkفساد

پانتایی گه‌نده‌ڵیی ناو كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌نده‌ به‌رین و شكڵه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ جۆراوجۆرن كه‌ هاوشێوه‌كه‌ی، له‌ كه‌متر شوێنێكی جیهاندا ده‌بیندرێ. دزیه‌ ملیارد دۆلاریه‌كان له‌ لایه‌ن باڵاترین كه‌سانی نزیك به‌ بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات، كه‌ جار جار له‌ ئاكامی كێبه‌ركێی ناوخۆیی داروده‌سته‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات ئاشكرا ده‌بێت، شكڵی باو و ناسراوی گه‌نده‌ڵیی ماڵییه‌ له‌ناو كۆماری ئیسلامیدا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕۆژ نییه‌ كه‌ شكڵه‌ نوێیه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌م سیستمه‌ گه‌نده‌ڵ په‌روه‌ره‌دا، ئاشكرا نه‌بێت.

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار به‌ گه‌نده‌ڵی و دزیه‌ كه‌ڵانه‌كانی ناو ده‌زگا ئیداریه‌كانی ڕژیم، ئه‌وه‌نده‌ زۆر و به‌رده‌وامه‌ كه‌ ئیتر هه‌مووان به‌ بیستنی عاده‌تیان گرتووه‌. به‌ڵام ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ ته‌نیا به‌رپرسانی باڵا نا‌گرێته‌وه‌، به‌ڵكوو گشت ئه‌م ڕژیمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌نده‌ڵیی به‌رینی ماڵی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. پانتایی گه‌نده‌ڵی به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر، له‌ ئاست ئیداره‌ و ناوه‌نده‌ ده‌وڵه‌تیه‌كاندا، ئه‌وه‌نده‌ به‌رین و به‌ربڵاوه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ساده‌ترین كاره‌ ئاساییه‌كانی خه‌ڵكیش، ناتوانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌نده‌ گه‌نده‌ڵانه‌ جێبه‌جێ بكرێت. گه‌نده‌ڵی ئیداری و ماڵی له‌م وڵاته‌دا نه‌ ته‌نیا به‌شه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كانی ئابووری و به‌ڕێوه‌به‌ریی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ره‌و هه‌موو بۆنگا و شیركه‌ته‌ خسووسی و غه‌یره‌ ده‌وڵه‌تیه‌كانیش ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دوور له‌ چاوه‌ڕوانی نییه‌. كاتێك ده‌زگایه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ گه‌نده‌ڵه‌، ژێرده‌ستانی خۆی و گشت سیستمی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ خواره‌وه‌، به‌ پێی مۆدێلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆی، شكڵ ده‌دات. گه‌نده‌ڵی ئیداری، ماڵی، ئه‌خلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامیش، له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌ره‌و ڕووه‌كانی خواره‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌.

ئێمه‌ پێشتر سه‌باره‌ت به‌ بڕوانامه‌ی دكتۆڕای ساخته‌، سه‌باره‌ت به‌ فرۆشتنی پرسیاره‌كانی ئه‌زموونه‌كانی تاقیكاری‌، سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی بێ مه‌رجی به‌سیجیه‌كان له‌ ڕشته‌ جۆراوجۆره‌كانی خوێندنی زانكۆ، زۆرمان بیستبوو، به‌ڵام ڕۆژنامه‌ی “شه‌هروه‌ند“ی چاپی تاران، له‌ ژماره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی خۆیدا، چه‌ند گۆشه‌یه‌كی له‌ شكڵه‌ نوێیه‌كانی گه‌نده‌ڵی، له‌ په‌یوه‌ند‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵا، كه‌ ئه‌مجاره‌یان له‌ ئاستێكی یه‌كجار به‌ریندا ئه‌نجام ده‌درێت، ئاشكرا كرد. هه‌واڵنێری ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌‌ ٣٠ هه‌زار بڕوانه‌مه‌ی ساخته‌، به‌ ناو و پله‌ی ناسراوه‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تی علوومدا، ئارشیڤ كراون‌.

خاوه‌نانی ئه‌م بڕوانامانه‌، كۆمه‌ڵێكی به‌رین له‌خۆده‌گرێت. مه‌رجی وه‌رگرتنی ئه‌م بڕوانامانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ پاره‌ و هه‌ڵبه‌ت سه‌وادی خوندن و نووسینیشیان هه‌بێت. نرخه‌كانیش به‌ره‌ به‌ره‌ ستاندارد كراون. نرخی بڕوانامه‌ی خوێندن، (هه‌ڵبه‌ت به‌رله‌ دابه‌زینی نرخی پاره‌ی ئێران له‌ ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوودا)، بۆ ڕشته‌ی موهه‌ندسی ٦٥ ملیۆن تمه‌ن و بۆ ڕشته‌كانی علوومی ئینسانی ٢٤ ملیۆن تمه‌ن بوو‌. ڕۆژنامه‌ی شه‌هروه‌ند نووسیویه‌تی كه،‌ گشت موعامه‌له‌كان له‌ ڕێگه‌ی “كورته‌ په‌یام” و به‌خێرایی ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌واڵنێره‌كه‌ی شه‌هروه‌ند ده‌نووسێ: “ناوه‌ندێك كه‌ ئه‌م بڕوانامانه‌ ده‌رده‌كات، ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سه‌كان كارتی خوێندكاری، كارتی ئه‌زموونه‌كانی تاقیكاری و كارتی سندووقی ڕه‌فاهی خوێنكارانیش ده‌رده‌كات و به‌مجۆره‌ ناوی كه‌سه‌كه‌ له‌ په‌نا ناوی باقیی خوێندكارانی دیكه‌وه‌ ده‌نووسرێ. ئه‌م كه‌سه‌ به‌ بێ حزووری له‌ كلاسه‌كان و ته‌نیا به‌ به‌شداری كردن له‌ ئه‌زموونه‌كانی تاقیكاریی تێرمی كۆتایی، كه‌ ئه‌ویش پرسیار و وڵامه‌كانی بۆ ئاماده ‌كراوه‌ و له‌به‌رده‌ستی دایه‌، ده‌توانێ بڕوانامه‌كه‌ی به‌ مۆر و واژۆ و ته‌ئیدی زانكۆ، وه‌ربگرێ. هێندێك جار، ئه‌گه‌ر پارووه‌كه‌ چه‌ورتر بوو، پێویست ناكات كه‌سه‌كه‌ له‌و تاقیكاریه‌ فۆڕماڵه‌شدا به‌شداری بكات. له‌ یه‌كێك له‌و كورته‌ په‌یامانه‌دا كه‌ بۆ مشته‌ریه‌ك هاتووه‌، نووسراوه‌: “پرسیار و وڵامه‌كانی تێرمی كۆتاییان پێ ده‌ده‌ین، هه‌موو واحیده‌كان جێگری زانكۆ جێبه‌جێیان ده‌كات و به‌مجۆره‌ بڕوانامه‌كه‌تان سه‌د له ‌سه‌د زه‌مانه‌تیه‌”.

به‌ڵام له‌ نێو مشته‌ریی ئه‌م بڕوانامه‌ ساختانه‌دا‌، كه‌م نین كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی به‌ پله‌ی جۆراوجۆره‌وه‌، له‌ سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بگره‌ تا وه‌زیری كابینه‌كان، تا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ناو باڵا، كه‌ به‌شوێن وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دۆكتۆڕان، تا به‌شوێن خۆیاندا بیكێشن. ئه‌وان‌ كه‌ به‌شێوه‌ی سرووشتی وه‌ها تواناییه‌كان نییه‌، ڕوو ده‌كه‌نه‌ ئه‌م جۆره‌ ساخته‌كاریانه‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، په‌ته‌ی “دۆكتۆڕای” كه‌سانێك وه‌ك ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، حه‌سه‌ن ڕووحانی، عه‌لی كۆردان، وه‌زیری ناوخۆی پێشوو، كه‌وته‌ سه‌ر ئاو. له‌و كاته‌دا ڕژیم توانیی ئه‌و نموونه‌ درشتانه‌، به‌ر له‌وه‌یكه‌ ڕسواییه‌كه‌یان عاله‌مگیر بێت، تا ڕاده‌یه‌ك كۆبكاته‌وه‌.  به‌ڵام له‌مڕۆدا، ئه‌م نموونانه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوون كه‌ ئیتر ته‌گبیره‌كانی ڕابردوو، چاره‌ساز نین.

ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی شه‌هروه‌ند ئاماژه‌ به‌ بڕوانامه‌ی ساخته‌ی سێ كه‌سایه‌تیی ناسراوی “ئۆسوولگه‌راكان“، واته‌ “مێهرداد به‌زرپاش“، “غۆڵامڕه‌زا تاجگه‌ردوون” و “كه‌ماڵ خانی“، ده‌كات كه‌ له‌ناو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتدا، به‌هۆی كێبه‌ركێی ناوخۆیی داروده‌سته‌كانی ڕژیم، هه‌راوهوریایه‌كی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. ” مێهرداد به‌زرپاش” و “غۆڵامڕه‌زا تاجگه‌ردوون“، هه‌ر دووكیان ناوی “دوكتۆر“یان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌. به‌ڵام “كه‌ماڵ خانی“، به‌ كارناسی باڵا ڕازیه‌. مێهرداد به‌زرپاش له‌ دانیشتنی ئه‌م دوایانه‌ی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی به سه‌رۆكایه‌تیی “دیوانی مۆحاسبات” واته‌ یه‌كێك له‌ ئۆرگانه‌ هه‌ستیاره‌ ماڵیه‌كانی ڕژیم، به‌ ده‌نگی ١٥٨ كه‌س له‌ نوێنه‌رانی مه‌جلیس، هه‌ڵبژێردرا. ئه‌و پێشتر هه‌ر به‌م بڕوانامه‌ ساخته‌یه‌وه‌، خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی “وه‌ته‌نی ئێمرووز“، جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی سازمانیی میلیی جه‌وانان“، به‌ڕێوه‌به‌ڕی گشتیی پارس خۆدرۆ“، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ساپیا” و “ڕاوێژكاری كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رۆك كۆمار” بوو. نموونه‌یه‌كی دیكه‌ له‌و گاڵته‌جاڕیه‌، بڕوانامه‌ی كارناسیی باڵای “كه‌ماڵ خانی” نوێنه‌ری به‌ناو هه‌ڵبژێردراوی ناوچه‌كانی ته‌فرێش، فه‌راهان و ئاشتیانه‌. ئه‌و بڕوانامه‌كه‌ی خۆی، له‌ ناوه‌ندی فێركاریی باڵای ته‌فتان وه‌گرتووه‌ و ئه‌وه‌ش له‌حاڵێكدایه‌ كه‌ ئه‌و زانكۆیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌م ڕشته‌یه‌ و قۆناغی كارناسی باڵاشی نییه‌.

ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی “ڕێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی” باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێران له‌بوار گه‌نده‌ڵیی ماڵییه‌وه‌‌، له‌ نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، پله‌ ١٤٦ی پێدراوه‌. ئێران له‌م بواره‌دا هاوپله‌ی وڵاتانێك وه‌ك مۆمزامبیك، به‌نگلادێش و ئانگۆلایه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فاكته‌ره‌كانی په‌یوه‌دیدار به‌ گه‌نده‌ڵیی ئیداری له‌وانه‌ ئه‌و نموونه‌یه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕوانامه‌ی ساخته‌ی خوێندنی باڵا، له‌ ڕاپۆرتی شه‌هروه‌ند دا هاتووه‌ و هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵیی ئه‌خلاقیی ئه‌م ڕژیمه‌، له‌ دیاری كردنی پله‌ی گه‌نده‌ڵیی كۆماری ئیسلامیدا له‌به‌رچاو بگیرێت، بێ گومان ئه‌م ڕژیمه‌، به‌ جیاوازیه‌كی زۆره‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ خوار خواره‌وه‌ی لیسته‌ جیهانیه‌كه‌وه‌‌.