حه‌فته‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی گه‌لاوێژ، ٣٢مین ساڵی به‌ڕێوه‌چوونی فه‌رمانی خومه‌ینی بۆ كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی به‌ندكراوانی سیاسی، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یه‌كێك له جه‌نایه‌تكارانه‌ترین لاپه‌ڕه‌كانی ته‌مه‌نی ڕژیمی كۆماری ئیسلامییه. كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی به‌ندكراوانی سیاسی له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٧هوه ده‌ستیپێكرد و له ماوه‌ی مانگه‌كانی گه‌لاوێژ و خه‌رماناندا درێژه‌ی بوو. زۆرێك له‌و قوربانیانه ده‌ورانی مهحكوومیهتهكهیان تێپه‌ڕاندبوو و چاوه‌ڕوانی ئازاد كرانیان بوون. هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی زۆرێك له‌و كه‌سانه ناڕوون بوو و له چاوه‌ڕوانی به‌ناو “پێڕاگه‌یاندنی تاوان“دا بوون. له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان ڕووداوێكی گه‌وره ڕووی دابوو. شه‌ڕی ماڵ وێڕانكهری ئێران و عێراق به‌و پانتاییه له زیانی گیانی و مادی، كه له هه‌ر دووك لاوه بوو به هۆی وێڕان بوونی شار و شوێنه‌كانی ژیان، به شكستی كۆماری ئیسلامی كۆتایی پێهاتبوو. خۆمه‌ینی، هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كه له سه‌ره‌تادا ده‌یگوت كه شه‌ڕ به‌ره‌كه‌تی ئیلاهیه، به سه‌رشۆڕیه‌وه، ئه‌م شكسته‌ی به نۆشینی جامی ژه‌هر ته‌شبی كرد و قه‌بووڵی كرد. كۆتایی شه‌ڕ بۆ خه‌ڵكی ئازار چێشتووی ئێران، كرانه‌وه‌ی ده‌رگای هیوایه‌ك بوو كه له لایه‌كه‌وه ده‌یانتوانی ژیانێكی ئاسایی به‌دوور له كوشت و كوشتار و بۆمباران ده‌ست پێبكه‌نه‌وه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌یانتوانی خواست و داخوازیه ئینسانیه‌كانی خۆیان كه ڕۆژانه به بیانووی شه‌ڕه‌وه سه‌ركوت ده‌كرا، بێننه گۆڕێ. شادی و خۆشی له دڵی خه‌ڵكی دابوو و شكست و زه‌بوونیی ڕژیمی ئیسلامیان به خاڵێكی هیوابه‌خش بۆ پێشڕه‌وه‌ی خه‌بات و وه‌دی هاتنی خواسته‌كانی خۆیان له داهاتوودا ده‌زانی. سه‌رانی كۆماری ئیسلامی و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه خومه‌ینی و ڕاوێژكارانی سه‌ره‌كیی واته ڕه‌فسه‌نجانی و خامنه‌یی و باقیی هاوفكرانی، له‌و ڕاستییه ئاگادار بوون. ئه‌وان به پێی پیلان و داڕێژراو، بڕیاریان دا كه شادی و خۆشحاڵیی خه‌ڵك به بۆنه‌ی كۆتایی شه‌ڕ بكه‌نه شیوه‌ن وگریان، به‌ڵام هۆكارێكیان بۆ پاساوی كوشتنی خه‌ڵكی كووچه و بازاڕ، پێشك نه‌ده‌هات. سه‌رانی كۆماری ئیسلامی كه به‌قه‌ولی خۆیان، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتنی خوێن به‌سه‌ر شمشیردا بوو، سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه تۆڵه‌ی شكستی ئه‌م شه‌ڕه، له خه‌ڵكی ئێران بكه‌نه‌وه. ئه‌وان بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان به‌رده‌وام پێویستیان به ڕشتنی خوێنی زیاتر بوو و ئه‌م جاره‌شیان هه‌ر وه‌ك ٣٠ی جۆزه‌ردانی ساڵی ٦٠، شمشیری ژه‌هراویی خۆیان لهزیندانهكاندا دژبه به‌ندكراوانی سیاسی وهكار خست. له ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه، گونجاوترین و بێ ههراوهوریاترین شوێن، ته‌نیا زیندانه‌كان بوون كه تێیدا هه‌زاران مرۆڤی ناڕازی و له هه‌مان حاڵ‌دا بێ‌دیفاع، له‌پشت ژووری پۆڵاوه به‌ندكرابوون. خومه‌ینی سه‌ره‌تا فتوای كۆشتنی به‌ندكراوانی سیاسیی ده‌ركرد و پاشان كۆمیته‌یه‌ك پێكهاتوو له: حه‌سه‌نعه‌لی نیری(حاكمی شه‌رع)، مۆرته‌زا ئێشراقی (دادستان)، ئیبراهیم ڕه‌ئیسی(جێگری دادستان) و مۆسته‌فا پوور محه‌ممه‌دی(نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ئیتلاعات)ی كرد به مه‌ئمووری به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م فه‌رمانه.
له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی فتوا و مهئمووركردنی ئه‌و كه‌سانه، خوێنڕێژانی پیشه‌یی، له‌وانه “لاجوه‌ردی” و “داوه‌ری” و ده‌یان جه‌نایه‌تكاری دیكه، زیندانه‌كانیان بۆ ڕێبه‌ری ئیسلامی كرد به به‌ره‌ی شه‌ڕێكی یه‌ك لایه‌نه و شكستیان له به‌ره‌ی شه‌ڕدا، كرد به “سه‌ركه‌وتن” له‌ناو زیندانه‌كاندا. كه‌ره‌سته‌ی كوشتن‌یان ئاماده كرد و به‌ندكراوه مافخوازهكان به وتنی “نا” به جه‌لاده‌كان، به په‌تی سێداره‌وه كران و به‌مجۆره شه‌رمه‌زاری مێژوویی له نێوچاوانی ئه‌م خوێنڕێژانه درا. هه‌زاران به‌ندكراوی خه‌باتكار و خۆڕاگر سێداره و مه‌رگیان قه‌بووڵ كرد، به‌ڵام حازر نه‌بوون له به‌رامبه‌ر خوێنڕێژانی ئیسلامی‌دا سه‌ردانه‌وێنن. هه‌واڵی ئه‌م جه‌نایه‌ته له ڕادیۆ و تێلویزیۆن و چاپهمهنیهكانهوه بڵاو نه‌كرایه‌وه. خومه‌ینی و شاگردهكانی لایان وابوو كه قفڵێكی هه‌میشه‌ییان له زاری كۆمه‌ڵگا داوه. ته‌رمی قوربانیانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌یان، به‌دزیه‌وه له خاوه‌رانی تاران، دارولرهحمهی شیراز، باخی ڕێزوانی ئیسفه‌هان، حه‌ساری دادگای سنه و له ده‌یان شوێنی دیكه ناشت. گۆڕستانی ئه‌م ئازیزانه‌یان “له‌عنه‌ت ئاوا” ناو لێنا تا به‌خه‌یاڵی خۆیان، خه‌ڵك لێی دوور كه‌ونه‌وه. به‌ڵام ئه‌و گۆڕستانانه، ده‌ستبه‌جێ بوون به گلكۆی ئازیزانی لهبیرنهچۆوه و بێ گومان له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا، ده‌بنه ژوانگه‌ی عاشقانی ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی.
زۆری نه‌خایاند كه هه‌واڵی ئه‌م جه‌نایه‌ته دژه‌مرۆییه له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌نگی داوه. خه‌ڵكی ئێران كه تازه خه‌ریك بوون جه‌سته‌ی ماندوو و هیلاكیان له‌ژێر وێرانه‌كانی شه‌ڕی ماڵوێڕانكهری ئێران و عێراق دێناوه ده‌رێ، زانییان كه چ كاره‌ساتێك دژبه ئازیزانیان ئه‌نجام دراوه. ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له هاوڕهزمانی قوربانیانی جه‌نایه‌تی هاوینی ساڵی ٦٧ كه له‌و قهتڵۆعامهدا گیانیان بهسڵامهت به‌ده‌ر بردبوو، له بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیاندا، چه‌ند گۆشه‌یه‌كیان له دڕنده‌یی پاسه‌وانانی خوێنڕێژی زیندان و مه‌زلووم و بێ‌دیفاع بوونی به‌ندكراوانیان، بۆ بیروڕای گشتی ئاشكرا كردووه. به‌ڵام بێ گومان، ئه‌وه هێشتا هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كه نییه و به‌شێكی زۆر له ڕاستیه‌كانی ئه‌م جه‌نایه‌ته، تابه ئه‌مڕۆش، له خه‌ڵك شاردراونه‌وه.
زۆرێك له هۆكار و بڕیارده‌رانی ئه‌م جه‌نایه‌ته، له دادستانی گشتیی پێشووه‌وه تا سه‌رۆكی دادگاكان و باقیی جهنایهتكارانێك كه له كاره‌ساتی كوشتاری به‌ندكراوانی سیاسیی ساڵی ٦٧دا، بازووی به‌هێزی خومه‌ینی له نه‌به‌رد دژبه به‌ندكراوانی بێدفاع بوون، چه‌ند ساڵ دواتر جلی ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تییان له‌به‌ر كرد و بۆ ڕزگار كردنی كه‌شتیی لافاو لێدراوی كۆماری ئیسلامی، وه‌جموجۆڵ كه‌وتن، به‌ڵام كه‌شتیه‌كه‌ی خۆیان نوقم بوو و له ده‌سه‌ڵاتدا په‌راوێز خران.
له ڕاستیدا، داسی مه‌رگی ئه‌م ڕژیمه له زیندانه‌كاندا، له‌ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا، هیچكات لهحهرهكهت نه‌كه‌وتووه. سه‌رانی ڕژیم، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌په‌نا سه‌ركوت و زیندان و ئه‌شكه‌نجه و خه‌ڵتانی خوێن كردنی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگێكی ئازادیخوازانه، سزای ئێعدام‌یان وه‌ك توندوتیژیه‌كی به‌ئانقه‌ست و ڕێكخراو، بۆ له‌ناوبردنی نه‌یارانی سیاسی، ناڕازیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و قوربانیانی نیزامی زاڵمانه‌ی سه‌رمایه‌داری، له خزمه‌ت خوڵقاندنی كه‌ش وهه‌وای ترس و نیگه‌رانی و بێده‌نگی و ملك كه‌چ كردن، له كۆمه‌ڵگادا به‌كار هێناوه. سزای ئێعدام وه‌ك جهنایهتێكی ڕێكخراو هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی كۆماری ئیسلامیه‌وه هه‌تا ئێستا، یه‌كێك له پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بووه به ئامانجی چاوترسێن كردنی خه‌ڵك. كۆماری ئیسلامی مانه‌وه‌ی خۆی به سه‌ركوته‌وه گرێ داوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ركوت له قۆناغێكدا، یه‌ك هه‌نگاو پاشه‌كشه‌ی خه‌ڵكی به‌دوا دابێت، به‌ستێنه بابه‌تیه‌كانی هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ر توندتر كردۆته‌وه. دیمه‌نه شكۆدارهكانی ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی بێ وه‌ستان ، نیشانی ده‌دات كه كوشتنی به‌ندكراوانی سیاسی و سه‌ركوتی ناڕازیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نه‌یتوانیوه ببێته زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی ڕژیم و كۆمه‌ڵگای ئێران پڕ گڕوتینتر له هه‌میشه، عه‌زمی خۆی بۆ وه‌دی هێنانی مافه پێشێلكراوه‌كانی جه‌زم كردووه و له زه‌بروزه‌نگی دوژمن ناترسێ.
ئه‌مڕۆ كه ٣٢ ساڵ له كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی نه‌یارانی ڕژیم له زیندانه‌كاندا، تێپه‌ڕ بووه، ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئیسلامی، ئه‌گه‌رچی هه‌روا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام له داوی قه‌یرانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا ده‌ست و پێی لێده‌دا. قه‌یرانێك كه ڕێگایه‌كی بۆ هاتنه‌ده‌ر لێی، پێشك نایه و هه‌رچی زیاتر هه‌وڵ ده‌دات، زیاتر تێیدا نوقم ده‌بێت. ئه‌گه‌ر قه‌تڵوعامی هاوینی ساڵی ٦٧ تا ڕاده‌یه‌ك توانیی ترس وه‌به‌ر كۆمه‌ڵگا نێ و ڕژیم بۆ ماوه‌یه‌ك له زه‌بری خه‌باتی جه‌ماوری ڕزگار كات، به‌ڵام له ئێستادا سه‌رانی ڕژیم به باشی له ناكارامه‌بوونی سیاسه‌تی سه‌ركوت بۆ خامۆش كردنی مه‌شخه‌ڵی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ئاگادارن. بێ گومان، سه‌ره‌نجام ئه‌و ڕۆژه دێ كه سه‌رانی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی له دادگای عه‌داڵه‌تی جه‌ماوه‌ری ئازار چێشتووی ئێران‌دا موحاكمه بكرێن و نهێنیی جه‌نایه‌ته بێ ئهژمارهكانیان زیاتر ئاشكرا بن و به سزای شیاوی خۆیان بگه‌ن.