کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سه‌رانی ڕژیم خۆف دایگرتوون!

corona5

corona5

شه‌پۆلی دووهه‌می كۆرۆنا بێداد ده‌كا. ته‌نانه‌ت ئاماره‌ ڕه‌سمیه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ ئه‌م شه‌پۆله‌یان یه‌كجار به‌رینتر له‌ شه‌پۆلی یه‌كه‌م، كۆمه‌ڵگای ته‌نیوه‌ته‌وه‌. هه‌ر به‌ پێی ئه‌م ئامارانه،‌ له‌ ڕۆژه‌كانی پێنجشه‌ممه‌، هه‌ینی و شه‌ممه‌دا‌، به‌ڕیز، ٢٢١، ١٤٢، ١٨٨ كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی. كه‌وابوو  به‌ پێی ئاماره‌ ڕه‌سمیه‌كان تا ڕۆژی شه‌ممه‌ ژماره‌ی گشت قوربانیان گه‌یشتووه‌ته‌ ١٢ هه‌زار و ٦٣٥ كه‌س. سه‌رۆكی سازمانی بێهزیستی وتوویه‌تی كه‌ له‌ دوو هه‌زار و٥٣١ ناوه‌ند، ١٠٤ ناوه‌ند گیرۆده‌ن و هه‌تا ئێستا ١٣٣ كه‌س له‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندرووستیه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئۆستانه‌كانی تاران، ئه‌لبۆرز، لۆرستان، خۆراسانی جنووبی، كۆهگیلویه‌ و بۆیه‌رئه‌حمه‌د، زه‌نجان، ئیسفه‌هان، مازه‌نده‌ران، گولستان و ئیلام له‌ باروودۆخی “هۆشدار” دان و هه‌روه‌ها ئۆستانه‌كانی خووزستان، ئازه‌ربایجانی شه‌رقی، خوراسانی ره‌زه‌وی، هۆرمۆزگان و خۆراسانی شوماڵی له‌ باروودۆخی “نائاسایی” دان.

له‌ شه‌پۆلی یه‌كه‌مدا، كاره‌به‌ده‌ستانی ڕژیم به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه‌ هاتنه‌ به‌ر كامێراكان و به‌ئاشكرا درۆیان ته‌حویلی خه‌ڵك دا. خامنه‌یی به‌ هێنانه‌گۆڕی “شه‌ڕی بیۆلۆژیكی“ی دوژمن، په‌نای بۆ فریوكاری برد و ئادره‌سی هه‌ڵه‌ی دا. دواكه‌وتووترین به‌ناو ماموه‌ستایانی بواره‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆنه‌په‌رستی، خه‌ڵكیان یانگه‌شه‌ی دوعا خوێندن له‌سه‌ر گۆڕه‌ پیرۆزه‌كانی ئیسلام كرد تا له‌ زه‌بری ویرووسی كۆرۆنا له‌ ئه‌مان دابن، به‌ڵام كاتێك كه‌ هه‌مووی ئه‌مانه‌ كارساز نه‌بوو، ده‌ستیان دایه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماری درۆیین، ئه‌ویش له‌ باروودۆخێكدا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌، وێنه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و وتووێژی كادری ده‌رمانی، كه‌ باسییان له‌ باروودۆخی مه‌ترسیدار ده‌كرد، بڵاو ده‌بۆوه‌. له‌ حاڵێكدا كه‌ هه‌ر له‌ حه‌فته‌كانی ئه‌وه‌ڵدا، ئاماره‌ ناڕه‌سمیه‌كان باسیان له‌ تووش بوونی پتر له‌ نیو ملیۆن كه‌س ده‌كرد، وته‌بێژی ده‌وڵه‌ت زۆر بێشه‌رمانه‌ ئیدعای كرد كه‌ ده‌وڵه‌تی ڕووحانی هاوكات به‌شوێن “پاراستنی گیان و دابین كردنی نان“ه‌وه‌یه‌ و گۆیا ئه‌مه‌ “سه‌ركه‌وتووترین ئه‌زموونی وڵاتانی جیهان بووه‌ له‌ سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنادا” و هه‌ڵبه‌ت دیتیشمان كه‌ هه‌مووی ئه‌م هه‌راوهوریا و ته‌بلیغاته،‌ چلۆن له‌ به‌رامبه‌ر حه‌قیقه‌تی تاڵی كه‌وتنه‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریی ملیۆنان كه‌سی دیكه‌دا، هه‌ڵپڕووسقا. هه‌ر له‌ هه‌مان نیوه‌ی مانگی گوڵاندا، ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیس به‌رئاوردی كرد كه‌ ئه‌مساڵ ١٢ تا ٢٠ له‌سه‌دی دامه‌زراوه‌كان، واته‌ جه‌معیه‌تێكی ٢ ملیۆن و ٨٧٦ هه‌زار كه‌سی تا ٦ ملیۆن و ٤٣١ هه‌زار كه‌سی، به‌ شێوه‌ی كاتی یان دایمی، كاره‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. له‌ ئێستادا پاش تێپه‌ڕینی نزیك به‌ دوو مانگ، باروودۆخه‌كه‌ یه‌كجار مه‌ترسیدارتره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ شه‌پۆلی دووهه‌می كۆرۆنا له‌ باروودۆخێكدا ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ كۆنتڕۆڵ كردنی شه‌پۆلی یه‌كه‌مدا بێ توانایی خۆی به‌ ئاشكرا نیشان دابوو. تا ئه‌و جێگایه‌ كه‌ هات و هاواری مۆره‌كانی خۆشیان به‌رز بۆوه‌. سه‌عید نه‌مه‌كی له‌ئاست بایه‌خ نه‌دان به‌ كێشه‌ و گرفتی بژێویی خه‌ڵك ڕه‌خنه‌ی گرت و وتی: “ته‌نیا سی له‌سه‌دی ئه‌و بوودجه‌ ملیاردییه‌ی كه‌ قه‌رار بووه‌ بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی ده‌ورانی كۆرۆنا بكه‌وێته‌ گه‌ڕ، به‌ده‌ستی گه‌یشتووه‌”.

ڕووحانی هاوار ده‌كات كه‌ چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان نابێ بخه‌وێ. لێره‌دا به‌وه‌ ده‌گه‌ین كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی ترامپ له‌ ئه‌مریكا و بۆلسۆنارۆ له‌ برێزیل، له‌ پیوه‌ند له‌گه‌ڵ كۆرنادا، چه‌نده‌ وه‌ك یه‌ك ده‌چن. هه‌ر سێكیان درۆیان ته‌حویلی خه‌ڵك دا و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنایان به‌ پیلانگێڕیی ئه‌م یان ئه‌و له‌قه‌ڵه‌مدا و بۆ هه‌ر سیانیان، گیانی مرۆڤه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ڕێكه‌وتنی چه‌رخی به‌رهه‌مهێناندا، بایه‌خێكی نه‌بوو. به‌تایبه‌ت هه‌ر سیانیان، ملیۆنان مرۆڤی هه‌ژار و كه‌م داهاتی كۆمه‌ڵگایان به‌ بێ هه‌موو جۆر پشتیوانه‌یه‌ك، فڕێ دا سه‌ر شه‌قامه‌كان، تا یان به‌ كۆرۆنا و یان به ‌برسیه‌تی بمرن. له‌ خۆڕا نییه‌ كه‌ هه‌ر سێی ئه‌م وڵاتانه‌، له‌و جۆگرافیایه‌ی كه‌ تێیدان، زۆرترین قوربانییان داوه‌ و له‌و نێوه‌دا ئه‌مریكا و برێزیل له‌ سایه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی دوو ڕاسیست، زۆر سه‌رتر له‌ وڵاتانی دیكه‌ی‌ جیهان، پله‌ی یه‌كه‌م و دووهه‌میان پێدراوه‌.

به‌ڵام ڕووحانی، له‌ ئێستادا، له‌ باروودۆخێكی یه‌كجار دژوارتر كه‌وتووه‌ و ڕێگاچاره‌كه‌ی ئه‌و، واته‌ “پاراستنی گیان و دابین كردنی نان“ه‌كه‌ی  به‌ ته‌واوی شكستی هێناوه‌. وه‌زیری ته‌ندرووستی ده‌ڵێ كه‌ “یه‌كجار له‌ژێر گوشاردا بووه‌. گوشار بۆ لابردنی به‌ربه‌سته‌كان، كرانه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ ئابووریه‌كان و ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و و باقیی به‌رپرسان و خزمه‌تگوزارانی به‌شی ته‌ندرووستی“. ڕووحانی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ دانیشتنی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا وتی: “ئاسانترین كار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شوێنێك دابخرێت، به‌ڵام دوای ئه‌م هه‌وڵه‌ش، خه‌ڵك له‌ برسان و به‌خاتری هه‌ژاری و بێكاری ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان“. ئه‌و وشیارانه‌ له‌بیر خۆی ده‌باته‌وه‌، كه‌ له‌ به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، خه‌ڵك به‌ بێ داخرانی هه‌موو شوێنێك، هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ڕێك به‌خاتری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ خۆف سه‌رتاپێی ڕژیمی داگرتووه‌. سه‌عید نه‌مه‌كی ته‌نانه‌ت به‌رله‌ ڕووحانیش ئاماژه‌ی به‌و مه‌ترسیه‌ كردبوو و له‌ دانیشتنی به‌په‌له‌ی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، وتبووی: “ڕاپۆرته‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وام به‌ده‌ستمان ده‌گات، ئه‌وه‌یكه‌ خه‌ڵك له‌ ڕووی هه‌ژاری و ته‌نگ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ڕاپه‌ڕین، ته‌وه‌رێكی جیدیه‌. سه‌رۆك كۆمار و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێویسته‌ بیر له‌ بژێوی خه‌ڵك و وه‌ڕێنه‌كه‌وتنی ڕاپه‌ڕین بكه‌نه‌وه‌”. ئاشكرایه‌، ئێستا كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ وڵامده‌ره‌وه‌ی بژێوی خه‌ڵك بن، كه‌وابوو ده‌بێ سۆراغی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگرن و هه‌ربۆیه‌ش به‌رپرسایه‌تیی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، سپاردرایه‌ سپا. 

له‌ ڕاستیدا، ڕژیم له‌مێژه‌ له‌ بوار ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌. ڕژیم باش ده‌یبینێ كه‌ هه‌موو ڕۆژێ به‌ ژماره‌ی ناڕازیان زیاد ده‌بێ، ده‌بینێ كه‌ كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ وه‌ك پێشڕه‌وترین و خۆڕاگرترین به‌شی چینی كرێكاری ئێران، سه‌ره‌ڕای تووش بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ هاوكارانیان به‌ كۆرۆنا و سه‌ره‌ڕای بێ وڵام مانه‌وه‌ی خواسته‌كانیان و سه‌ره‌ڕای تاكتیكه‌كانی خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت، به‌رده‌وام، هه‌موو ڕۆژێ، دێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. سه‌رانی ڕژیم باش ده‌زانن كه‌ شوێنی پێی ئاخێزه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی به‌فرانبار و خه‌زه‌ڵوه‌ر له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌بیندرێ و ئه‌م شوێنی پێیانه‌، ناتوانن به‌ هیچ تاكتیكێك له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا بسڕنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بوونی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ بیانووی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا و شه‌پۆلی دووهه‌می ئه‌م ویرووسه‌، له‌ ئێستادا ڕێگه‌ نادات خه‌ڵك له‌ پانتاییه‌كی جه‌ماوه‌ریدا بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینه‌كانی قۆناغی پاش كۆرۆنا، خۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن. بێگومان، له‌و‌ باروودۆخه‌دا، هیچ هۆكارێك بوونی نییه‌ كه‌ پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بۆ هێرش كردنه‌سه‌ر قه‌ڵای ڕژیم، پێداویستیه‌كانی هاوئاهه‌نگی و هاوئاراسته‌یی و ڕێكخستنی سه‌رتاسه‌ری، ئاماده‌ نه‌كه‌ن.