کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كرێكاران له‌ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیدا ده‌ژین

photo 2020 07 09 10 24 39

photo 2020 07 09 10 24 39

ڕه‌وتی ڕوو له‌ گه‌شه‌ی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری له‌ ئێران هه‌روه‌ها به‌رده‌وامه‌. ڕۆژ نییه‌ كه‌ هه‌واڵێك سه‌باره‌ت به‌ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاری نه‌بیستین. مانگرتنی ٢٤ ڕۆژه‌ی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ كه‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی كۆنتۆڕسازیی قه‌زوین، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی شاره‌داریی كه‌لاله‌، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی شاره‌داریی سه‌راوان له‌ ئۆستانی سیستان و به‌لوچستان، كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی قه‌ندی فه‌سا، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی ئێران چوكا، ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی ئیجرائیاتی شاره‌داریی مه‌نته‌قه‌ ٧ی ئه‌هواز، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی خزمه‌تگوزاری شاره‌داریی ته‌ورێز و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی شاره‌داریی لووشان، ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیانه‌. خواستی سه‌ره‌كیی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌، پێدانی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كان، زه‌مانه‌ت كردنی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی و دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ده‌فته‌رچه‌ی بیمه‌ی ده‌رمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌.

له‌ ڕاستیدا، ئاڵوگۆڕێك كه‌ سه‌رمایه‌داریی ئێران له‌ ماوه‌ی دوو سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا وه‌پشت سه‌ری ناوه‌، شه‌پۆلی دووهه‌می كۆچ كردنی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشی گونده‌كان به‌ره‌و شاره‌كان، درێژه‌ی ڕه‌وتی سه‌نعه‌تی بوون و چه‌ند به‌رابه‌ر بوونی جه‌معیه‌تی كرێكارانێك كه‌ له‌ به‌شی سه‌نعه‌تی دا كار ده‌كه‌ن، له‌ ئێستادا هه‌ر هه‌مووی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری له‌ كارخانه‌ و ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تیه‌ گه‌وره‌كاندا نیشان داوه‌. به‌شێك له‌ ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تیه‌كان بوونه‌ته‌ مه‌كۆی مانگرتنی كرێكاران. ئه‌گه‌ر دواهاته‌كانی ئیسلاحاتی ئه‌رزیی ده‌یه‌ی چل و شه‌پۆلی سه‌نعه‌تی بوونی ئێران،  سه‌ره‌نجام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی كرێكاران له‌ ده‌یه‌ی ٥٠ و ده‌ركه‌وتی به‌هێزی چینی كرێكار له‌ شۆڕشی ڕێبه‌ندانی ٥٧دا نیشان دا، له‌ ئێستادا، له‌ژێر كاریگه‌ریی گۆرانكاریه‌كانی سێ ده‌یه‌ی ڕابردوو، ئه‌م مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌ كرێكاریانه‌ له‌ ناوه‌نده‌ گه‌وره‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ئارادان و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسیی ئێران داناوه‌ و هاوسه‌نگیی هێزیان به‌ قازانجی بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان گۆڕیوه‌. ئێرانی ئێستا له‌چاو ئێرانی ده‌یه‌ی ٥٠، بووه‌ته وڵاتی مانگرتنی كرێكاری. درێژه‌ی خه‌باتی ئه‌م ناوه‌نده‌ گه‌ورانه‌، به‌ده‌ر له‌و كاریگه‌ریانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسیی كۆمه‌ڵگای داده‌نێ و ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزتر بوونی چینی كرێكار، ده‌توانێ به‌شه‌كانی دیكه‌ی چنیی كرێكاریش وه‌حه‌ره‌كه‌ت بخات. ملیۆنان كرێكاری بێكار و كرێكارانێك كه‌ له‌ كارگه‌ چكۆله‌كاندا خه‌ریكی كارن و به‌هۆی نه‌بوونی ڕێكخراو، ئیمكانی خۆده‌رخستنیان نییه‌، له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕه‌وتی خه‌باتی ئێستا، ده‌توانن به‌م بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیانه‌ په‌یوه‌ست بن.

به‌ڵام مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری له‌ ناوه‌نده‌ گه‌وره‌كانی به‌رهه‌مهێنان سه‌ره‌ڕای به‌رین بوونیان، به‌هۆی نه‌بوونی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تیی سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌وڵه‌ت، زۆربه‌ی جار به‌ بێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتر ئه‌نجام ده‌درێت و هاوكات و یه‌كپارچه‌ و سه‌رتاسه‌ری نین. له‌ ئێستادا، تێه‌په‌ڕ بوون له‌م باروودۆخه‌ و زاڵ بوون به‌سه‌ر پڕژ و بڵاوی خه‌باتی كرێكاران، بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ هه‌ستیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری. له‌ باروودۆخی نه‌بوونی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ریی كرێكاری و له‌ حاڵێكدا كه‌ سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئامراز و تاكتیكی جۆراوجۆر بۆ ناكۆكینانه‌وه‌ و چه‌ند پارچه‌ كردنی خه‌باتی كرێكاران كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، به‌ ئامانجی یه‌كگرتن و سه‌رتاسه‌ری كردنه‌وه‌ی خه‌باتی كرێكاران، پێویسته‌ به‌ره‌و دوو ئاراسته‌ی سه‌ره‌كی هه‌نگاو هه‌ڵبگیرێت. یه‌كه‌م، پێویسته‌ هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری له‌ ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تی و خزمه‌تگوزاریه‌ گه‌وره‌كان كه‌ له‌ جه‌ره‌یانی خه‌باتی ئێستادا بوونه‌ته‌ كه‌سایه‌تیی جێگای متمانه‌ی كرێكاران، په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بێت. دووهه‌م، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ن تا كرێكارانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان، به‌ خواست و درووشمی یه‌كده‌ست و خه‌باتكارانه‌، لێك نزیك بكه‌نه‌وه‌. هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له‌ كارخانه‌ و ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری، ده‌توانێ به‌شێك له‌ بۆشایی نه‌بوونی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ریی كرێكاری پڕكاته‌وه‌. به‌ ڕێكه‌وتن گه‌یشتنی كرێكارانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تیه‌كان له‌سه‌ر خواست و درووشمی یه‌كده‌ست، هه‌نگاوێكی گرینگه‌ له‌ پێناو پێكهێنانی یه‌كگرتوویی خه‌باتكارانه‌. هه‌ر ئه‌م ساده‌ترین شێوه‌یه‌ له‌ یه‌كگرتوویی له‌ ڕێگه‌ی خواستی هاوبه‌ش و درووشمی واحیده‌وه‌، ئه‌و ئیمكانه‌ به‌ هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری ده‌دات كه‌ وره‌ی هاوپشتی و وشیاریی چینایه‌تی، ڕێكخراوبوون و متمانه‌به‌خۆیی و باوه‌ڕ به‌ هێزی چینی كرێكار، له‌ناو كرێكاراندا به‌رز كه‌نه‌وه‌.

بۆ نموونه‌، له‌ ئێستادا كه‌ هه‌موو كرێكاران له‌گه‌ڵ كێشه‌ی حه‌قده‌ستی خوارتر له‌ هێڵی هه‌ژاری، نه‌درانی سه‌ری وه‌ختی حه‌قده‌سته‌كان و ده‌ركردن و بێكار كردنی به‌رین و به‌هره‌مه‌ند نه‌بوون له‌ بیمه‌ی ده‌رمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕوون، ئه‌گه‌ر بتوانین له‌م بواره‌دا درووشمی واحید جێ بخه‌ین، ئه‌گه‌ر بكرێ خواستی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان به‌ پێی ته‌وه‌رۆمی واقعی و دابین كردنی ژیانێكی ئینسانی و خواستی بیمه‌ی بێكاری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركردن، ببه‌ینه‌ ناو كرێكارانه‌وه‌، ئه‌وكات ناڕه‌زایه‌تیی له‌ هه‌ر كارخانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م خواستانه‌ ده‌توانێ به‌ شێوه‌ی خواستێكی گشتی و چینایه‌تی بێته‌ گۆڕێ و گشت كرێكاران بانگه‌شه‌ی ده‌خاڵه‌ت له‌ دیاری كردنی چاره‌نووسی ئه‌م خه‌باته‌ بكات و بیانهێنێته‌ مه‌یدان. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كی‌ له‌ پێناو یه‌كگرتوویی خه‌باتی كرێكاران دێته‌ ئه‌ژمار و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌م درووشمه‌ یه‌كده‌ستانه‌،‌ هێزی پڕژوبڵاوی كرێكاران كه‌ هه‌ركامیان له‌ چوارچێوه‌ی كارخانه‌یه‌كدا بۆ خه‌باتی تایبه‌ت به‌م ناوه‌ندانه‌ و بۆ خواستی جۆراوجۆر خراونه‌ته‌ گه‌ڕ ، له‌ پێناو خواستی گشتیی چینی كرێكار، وه‌حه‌ره‌كه‌ت بخه‌ین. یان له‌ باروودۆخی ئێستادا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی بێكاریی ملیۆنی، به‌ستێنی وه‌ڕێخستنی حه‌ره‌كه‌تێكی ڕێكخراوی كرێكاری، دژبه‌ بێكاری و بۆ دابین كردنی بیمه‌ی بێكاری، بوونی هه‌یه‌ و له‌ناو كۆمه‌ڵگادا جێكه‌وتووه‌. بێ گومان، هه‌مووی ئه‌وانه‌ ده‌توانن ته‌وه‌ری هاوكاریی هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری بن.

كرێكارانی كۆمۆنیست به‌ به‌شداریی چالاكانه‌یان له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ی موتالباتیی ئێستای كرێكاران و له‌و كێشمه‌كێشه‌ چینایه‌تیانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام له‌ ئارادان، ده‌توانن جه‌ماوه‌ری كرێكار به‌و بۆچوونه‌وه ‌‌ڕابێنن كه‌ ته‌نیا ڕێگای ڕزگاربوون له‌و هه‌مووه‌ هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی و مه‌ترسییه‌ گیانیه‌، نه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی زاڵدا، به‌ڵكوو له‌ مه‌سیری ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌دا ببینن. له‌ جه‌ره‌یانی ئاخێزی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، به‌شێك له‌ چینی كرێكار كه‌ له‌ په‌راوێزی شاره‌كاندا ده‌ژیان، به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ درووشم و كرده‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان، به‌ڕوونی نیشانیان دا كه‌ له‌ پێویستیی تێپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی و په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌داریی زاڵ، ئاگادارن. ئه‌م وشیاری و گڕوتینه شۆڕشگێڕانه‌یه‌، پێویسته‌ بڕواته‌ ناو كرێكارانی هه‌موو ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خه‌زمه‌تگوزاری. پێویسته‌ به‌رده‌وام بۆ پێكهێنانی كۆمیته‌ی نهێنیه‌كانی مانگرتن، كۆمیته‌كانی كارخانه‌ و خوڵقاندنی به‌ستێنه‌كانی ڕێكخستنی مانگرتنه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كان، هه‌وڵ بده‌ین.