کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كۆماری ئیسلامی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا شكستی هێناوه‌

hqdefault 1

hqdefault 1

بۆ نیشان دانی ڕاده‌ی ئاڵۆزی و سه‌رلێشێواویی سیاسیی ده‌زگای ڕێبه‌ریی كۆماری ئیسلامی، ڕه‌نگبێ ته‌نیا باس كردنی ئه‌وه‌یكه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ مه‌جلیسی ئیسلامیدا ڕوویدا، به‌س بێت. له‌م ڕۆژه‌دا محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕژیم له‌ دانیشتنی عه‌له‌نیی مه‌جلیسی ئیسلامیدا، بۆ خستنه‌ ڕووی ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ره‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه به‌شداری كرد و له‌ دیفاع له‌ دیپلۆماسی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی، سو‌خه‌نرانیی كرد. ئه‌و له‌ وته‌كانیدا، ئه‌وپه‌ڕی فه‌لاكه‌تێك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان كۆماری ئیسلامی و جیهان دایه‌، به‌ ده‌ستكه‌وتی دیپلۆماسیی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی، له‌ قه‌ڵه‌م دا. هاوكات هه‌وڵی دا به‌ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی دۆزی “دژه‌ ڕۆژئاوا“بوونه‌كه‌ی، زمان لووسانه‌، دڵی نوێنه‌رانی “ئۆسوولگه‌را“ی مه‌جلیس به‌ده‌ست بێنێت. ئه‌و وتی: “مه‌گه‌ر حه‌فته‌ی ڕابردوو نه‌تانبینی كه‌ من چۆن له‌ شۆرای ئه‌منییه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا ڕاوه‌ستام. ئێمه‌ له‌ یه‌ك كه‌شتی داین و هه‌موومان ده‌بێ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا دا ڕاوه‌ستیتن“. ئه‌و به‌ شانازیه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ دیاری كردنی سیاسه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وام په‌یڕه‌وی “قاسم سوله‌یمانی” بووه‌ و بۆ سه‌لماندنی وته‌كانیشی، سه‌رانی حیزبوڵڵا و حه‌ماس و حه‌شدی شه‌عبیی به‌ شایه‌د گرت و وتی: “هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌ك دیدارمان هه‌بوو و پێكه‌وه‌ هاوئاهه‌نگیمان ئه‌نجام ده‌دا. سیاسه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ هاوئاهه‌نگیی یه‌كتره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، ئه‌وانه‌ی وا، ئه‌و و سه‌ید حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و موقاومه‌تی عێراق و لۆبنان و فه‌له‌ستین ده‌ناسن و له‌گه‌ڵیان ئاشنان، ده‌زانن كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێمه‌ چۆن بوو‌”. به‌ڵام كاتێك كه‌ جه‌واد زه‌ریف له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی باڵی نه‌یاره‌وه‌ به‌ درۆزن تۆمه‌تبار كرا، ده‌ستی برد بۆ ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌ خامنه‌یی وه‌ریگرتووه‌ و وه‌بیر نه‌یارانی خۆی هێناوه‌ كه‌ له‌ لای ڕێبه‌ر، به‌ كه‌سێكی “ڕاستگۆ و بوێر” ده‌ناسرێ. ئه‌و وتی: “قسه‌ و سووكایه‌تیه‌كان به‌گیانم وه‌رده‌گرم، ئێوه‌ به‌ منتان وت داماو، به‌ڵام ڕێبه‌ر پێی وتم بوێر، به‌منتان وت  درۆزن به‌ڵام ڕێبه‌ر به‌منی وت ڕاستگۆ. من ئامراز و ملكه‌چی به‌ته‌واو مانای فه‌رمایشاتی كه‌سایه‌تیی یه‌كه‌می نیزامم و هه‌رچی كردوومه‌ له‌ژێر چاوه‌دێری ئه‌و دابووه‌ و شانازیش به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ تاریفم لێكراوه‌”.

بێگومان، جه‌واد زه‌ریف و ڕووحانی و باقیی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم، له‌ به‌رامبه‌ر نیزامیه‌كان و سپای پاسداراندا، مۆره‌گه‌لێكی زه‌بوون و بێ ئیختیارن كه‌ ئه‌مڕۆ ناتوانن ته‌نانه‌ت “ته‌دارۆكچی“یش بن، واته‌ ناسناوێك كه‌ ٢٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تی خاته‌می ده‌كاڵاوه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ دیپلۆماسیی كۆماری ئیسلامی هه‌روه‌ك ئابووری و سیاسه‌ت و ئیدێئۆلۆژییه‌كه‌یان داڕماوه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی هێنێدێك له‌ نوێنه‌رانی مه‌جلیسی ئیسلامی له‌ دانیشتنی عه‌له‌نیی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا‌، ئه‌م داڕمانه‌ به‌ته‌نیا به‌رهه‌می كرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی و ده‌وڵه‌ته‌كانی پێشوو نییه‌ ،به‌ڵكوو به‌رهه‌می كاری هاوبه‌شی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردووی گشت تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێرانه‌، به‌ نیزامی و غه‌یره‌ نیزامیه‌وه‌. قسه‌كانی جه‌وادی زه‌ریف ڕوو به‌ نوێنه‌رانی مه‌جلیس هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گرینگی بوو كه پێ وتن له‌‌ له‌بیریان نه‌چیه‌ته‌وه‌، هه‌موویان له‌ یه‌ك كه‌شتی دان، واته‌ ئه‌گه‌ر ئاگایان له‌خۆیان نه‌بێت، هه‌مووان پێكه‌وه‌ نوقم ده‌بن.

له‌ ناو كاربه‌ده‌ستانی باڵای ڕژیمدا، كه‌م نین كه‌سانێك كه‌ پتر له‌ هه‌مووان له‌ داڕماویی كامڵی ڕژیمه‌كه‌یان ئاگادارن و چاوه‌ڕوانی نوقم بوونی كه‌شتیی ڕژیمی ئیسلامین. هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان له‌ ڕاستیدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، كاتی نوقم بوونه‌كه‌ وه‌دوا بخه‌ن. ته‌نیا چاوخشاندنێكی كورت پێمان نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م داڕمانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌ شێوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر ڕووی داوه‌:

  • كۆماری ئیسلامی نه‌یتوانیوه‌ وڵامی پێداویستیه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌داریی ئێران بداته‌وه‌ و نه‌یتوانیوه‌ سه‌رمایه‌داریی ئێران ئه‌وجۆره‌ی كه‌ ئه‌و نیزامه‌ پێویستیه‌تی، له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ی جیهان تێكه‌ڵ بكات. ئابووریی سه‌رمایه‌داریی ئێران هه‌موو ٤٠ ساڵی ڕابردووی به‌ قه‌یرانه‌وه‌ تێپه‌ڕ كردووه و كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام له‌ ناو ئابووریه‌كی ئاڵۆز و داڕماودا بووه‌. له‌ خۆڕا نییه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی، كۆمه‌ڵێكی به‌رین له‌ ئۆپۆزیسیۆنی بوژوازیی، له‌دژی خۆی به‌ڕیز كردووه‌.
  • له‌ بواری دیپلۆماتیكه‌وه‌ كۆماری ئیسلامی نه‌یتوانیوه‌ له‌ بلۆك به‌ندیه‌كانی جیهانی سه‌رمایه‌داریدا پێگه‌یه‌كی سه‌قامگیر بۆ خۆی دابین بكات و مانۆڕه‌كانی له‌ نێوان كه‌لێن و كه‌له‌به‌ره‌ جیهانیه‌كاندا بێ ئاكام ماوه‌ته‌وه‌. سیاسه‌ته‌ ناوچه‌ییه‌كانی ڕژیم كه‌ ساڵانه‌ ده‌یان ملیارد دۆلاری بۆ هه‌زینه‌ ده‌كات، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌ سووریه‌ و عێراق و باقیی شوێنه‌كانی دیكه‌ پاشه‌كشه‌ی پێكراوه‌ و شكستی هێناوه‌.
  • ڕژیمی ئیسلامی به‌ناوی “موسته‌زعه‌فان” ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت، به‌ڵام پتر له‌ ٧٠ له‌سه‌دی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی‌ خسته‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری. ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی زیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، له‌ نابوود كردنی ژینگه‌، له‌ ڕێژه‌ی مه‌رگ و وێرانی له‌ جه‌ره‌یانی ڕووداوه‌ جۆراوجۆره‌كاندا، ناوبانگی جیهانیی هه‌یه‌.
  • له‌ ماوه‌ی چڵ ساڵی ڕابردوودا هه‌موو تواناكانیان خسته‌ گه‌ڕ تا باوه‌ڕ، ئه‌خلاق، هه‌ڵسووكه‌وت و كرداری خه‌ڵك له‌ ڕێگه‌ی ئۆرگانه‌كانی په‌ره‌پێده‌ری كۆنه‌په‌رستی‌ و به‌زه‌بری ده‌زگا ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی سه‌ركوت و زه‌بر و زه‌نگ، به‌ پێی مۆدێلی دڵخوازی خۆیان ڕێكبخه‌ن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ شكستی خۆیان له‌ هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا ده‌بینن. پتر له‌ ٤٠ ساڵ، له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هه‌موو ئامرازه‌كانی سه‌ركوت هه‌وڵیان دا پۆششی زۆره‌ملی به‌سه‌ر ژنان و لاواندا بسه‌پێنن، وه‌رزش و مۆسیقا و مه‌هواره‌ و هه‌ر شتێك كه‌ ڕه‌نگ  و بۆی پێشكه‌وتنی پێوه‌یه‌ به‌ری پێبگرن، به‌ڵام هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو پاشه‌كشه‌یان كرد و ئه‌مڕۆ دان به‌ شكستی سیاسه‌ته‌كانی خۆیان له‌م بوارانه‌دا داده‌نێن.
  • شه‌ریفترین و شیاوترین مرۆڤه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یان، خسته‌ ناو‌ زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كانیان و ئێعدامیان كردن و یه‌ك له‌ دوای یه‌ك نه‌یارانی خۆیان له‌ناوبرد، به‌ڵام نه‌یانتوانی ده‌نگی پێشڕه‌وان و خه‌باتكارانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ كپ بكه‌ن و ناچار بوون كه‌ به‌رده‌وام زیندانی زیاتر درووست بكه‌ن. كه‌وتنه‌ به‌ر نه‌فره‌تی بێبه‌شانی كۆمه‌ڵگا و له‌گه‌ڵ چه‌ندین ڕاپه‌ڕینی‌ به‌رینی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رتاسه‌ری به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌.

ڕژیمێك كه‌ به‌مجۆره‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا نامۆیه‌ و به‌مجۆره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا شكستی هێناوه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ڕق و نه‌فه‌ره‌تی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌، له‌ كۆتایی ته‌مه‌نی پڕ له‌ تاوان و جه‌نایه‌تی خۆی نزیك بووه‌ته‌وه‌.