ڕووداوەکانی دوو حەفتەی ڕابردوو، دەستپێکی دووبارەی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دێرینی ڕژیمەکانی ئێران و تورکییە و عێراقمان دژبە خەڵکی کوردستان پێ نیشان دەدات. ئەم جارەیان دەوڵەتی تورکییە لە ناوەندی ئەم پیلانگێڕیە دایە و هیدایەتی ئەم هاوئاهەنگیەی وەئەستۆیە. لە حاڵێکدا کە پێشڕەویی ئەرتەشی تورکییە لە کوردستانی عێراق هەروا درێژەی هەیە، کۆماری ئیسلامی هێزەکانی لە سەر سنوور جێگیر کردووە و هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنی ئەرتەشی تورکییە، ناوچە سنووریەکان، بەبیانووی بوونی هێزەکانی پێشمەرگە تۆپباران دەکات. دەوڵەتی عێراق بە گرتنەبەری بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەی ئەرتەشی تورکییە و ئۆپراسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەکردەوە، ڕێگای بۆ بەریەوه چوونی ئەم سیاسەتە خۆش کردووە.
فڕۆکەکانی ئەرتەشی تورکییە، بەردەوام چەندین ناوچەی بەرین لە کوردستانی عێراق بۆمباران دەکەن. بەهۆی ئەم هێرشانە، هەتا ئێستا لانیکەم ٥ کەسی دانیشتووی ناوچەکە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. دارستانەکانی ناوچەکە لە ئاگردا دەسوتین و ماڵ و حاڵی خەڵکێکی زۆر وێران بوون. هێزەکانی ئەرتەشی تورکییە، دەیان کیلۆمیتری دیکە لە قووڵایی کوردستانی عێراق پێشڕەویان کردووە و شوێنی جێگیربوونی پێشووی خۆیان پەرە پێداوە. هێرشەکانی ئەم قۆناغەی ئەرتەشی تورکییە، چەندین ناوچه لە دەوروبەری شارەکانی زاخۆ و دهۆک، تا کەمپی پەنابەرانی مەخموور لە باشووری هەولێر و کوێستانی شەنگال لە ڕۆژئاوای موسڵ لەخۆدەگرێت. ئەرتەشی تورکییە لە مەسیری پێشڕەوی خۆیدا، بە ئامانجی ماندگار بوون، دەستی داوەتە سازکردنی دەیان پێگەی نوێ و بە هەزاران سەربازی خۆی، تییاندا جێگیر کردووە. ئەگەرچی ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی تورکییە، پێشڕەوی بەرەو زنجیرە چیای قندیل، واتە شوێنی جیگیربونی هێزەکانی پەکەکەیە، بەڵام لەڕاستیدا، بەو بیانوویەوە بەشوێن ئامانجگەلیکی زێدەخوازانە له ناوچەکه دایه. داگیرکردنی چەندین بەش لە کوردستانی سووریە، ناردنی هێز بۆ لیبی و داگیرکردنی چەند بەشێک لە کوردستانی عێراق، ئاژاوەگێڕی و هەڕەشە لە قیبرس، هەر هەموویان، بەکردەوە دەرهێنانی سیاسەتێکی زێدەخوازانەیه کە ئەردۆغان بەشوێن جێبەجێ کردنیەوەیەتی. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کە هێچ دەرفەتێک بۆ سنووردارکردنی ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدەست نادات، لە بەرامبەر داگیرکردنی چەندین ناوچەی بەرین لە کوردستانی عێراق، بە گرتنەبەری بێدەنگی، بەکردەوە، دەستی دەوڵەتی تورکییەی لە دەستدرێژی بۆسەر ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان ئاواڵە هێشتووەتەوە. دەوڵەتی ئەمریکا کە هێستاش یەکێکە لە هێزە چارەنووس سازەکان لە ساحەی سیاسی عێراقدا، چاوی لەسەر دەستدریژیەکانی کۆماری ئیسلامی و داگیرکاری دەوڵەتی تورکییە لە کوردستانی عێراق، بەستووە. بێدەنگیی ئەمریکا لەئاست تۆپباران و مۆشەک هاویشتنی کۆماری ئیسلامی و پێشڕەویەکانی ئەرتەشی تورکییە لە کوردستانی عێراق، هەموویان ئەو ڕاستیەمان پی دەلین کە دەوڵەتی ئەمریکا، درێژەی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتانی ناوچەکە لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لێکدەداتەوە. لەو نێوەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکی فۆڕماڵ، بەکردەوە، کەوتووەتە پەراوێزی ئەم ڕووداوانەوە.
بەڵام پووچەڵ کردنەوەی پیلانگێڕی لە وەها پانتاییەکدا،تەنیا لە توانای جەماوەرێک دایە کە عەزمیان جەزم کردبێ کە بۆ دابین کردنی ئازادی و وەدەستهێنانی مافی چارەنووسی خۆیان ڕاپەڕن، دەست لەناو دەستی هاوپەیمانانی ڕاستەقینەیان، واتە ستەملێکراوان و چەوساوەکانی هاوچارەنووسیان، لە وڵاتانی ئێران و عێراق و تورکییە، بە شۆڕشی خۆیان، ڕژیمە دیکتاتۆرە گەندەڵە دەسەڵاتدارەکان لە ڕیشە دەربێنن و بە دەستی خۆیان، دونیای مرۆڤی ئازاد و یەکسان بنیات بنێن.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی
٢۵ی ژۆئەنی ٢٠٢٠ی زایینی