به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، هەر یەک لە “زەینەب جەلالیان” خەڵکی ماکۆ و “سەکینە پەروانە” خەڵکی خوراسان لە بەندی ژنانی زیندانی قەرچەکی وەرامین مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاندووە.
شایانی باسه، “زەینەب جەلالیان” کە حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، ماوەی دوو مانگە لە بەندی قەرەنتینەی زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە و خوازیاری گەڕاندنەوەیەتی بۆ زیندانی شاری خۆی. هاوکات،” سەکینە پەروانە”، بەندکراوی سیاسی کە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندی ٣ی زیندانی قەرچەک ڕاگیراوە، بە نێشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە ڕاگیرانی لەو بەندە و ڕەچاو نەکردنی یاسای جیاکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکان، مانی لە خواردن گرتووە. لە لایەکی دیکەوە،” سوهەیلا حیجاب”، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژی سێشممە ٢٧ی جۆزەردانهوه له ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە و داوای کردووە کە بیگوازنەوە بۆ زیندانی ئێوین.