کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمێك كه‌ خۆی نوقمی گه‌نده‌ڵیه‌، چۆن ده‌توانێ به‌ربه‌ گه‌نده‌ڵی بگرێت

download 1

download 1

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان پۆلیسی ئینتێرپۆل له‌ وڵاتی ڕۆمانی غۆڵامره‌زا مه‌نسووری، قازیی هه‌ڵاتووی له‌ سه‌ر داوای كۆماری ئیسلامی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ و پاشان به‌ شێوه‌ی كاتی ئازادی كردووه‌. وه‌زاره‌تی دادی ڕۆمانی هه‌تا ٢٠ی پووشپه‌ڕ مۆڵه‌تی به‌ كۆماری ئیسلامی ئێران داوه‌ تا به‌ڵگه‌كانی خۆی بداته‌ ناوه‌نده‌ قه‌زاییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئیدعای كردووه‌  كه‌ به‌نیازه‌ قازییه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئێران و له‌وێ به‌ تاوانی به‌رتیل خۆری موحاكمه‌ی بكات. ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامی له‌ حاڵێكدا موده‌عیی موحاكمه‌ی غۆڵامره‌زا مه‌نسووریه‌ كه‌ ئه‌م قازییه‌ گه‌نده‌ڵه‌ له‌ ده‌ورانی خزمه‌تی له‌ ده‌زگای قه‌زایی دا، ژماره‌یه‌كی به‌رینی له‌ چالاكانی میدیایی خسته‌ زیندان و حوكمی قورسی له‌دژیان ده‌ركرد و وه‌كوو باقیی سه‌رانی ئه‌و ده‌زگا گه‌نده‌ڵه‌، كارنامه‌یه‌كی پڕ له‌ جه‌نایه‌تی هه‌یه‌. هێندێك له‌ چالاكانی بواری میدیایی، ده‌ورانی قازیه‌تیی ئه‌و، به‌ دژوارترین ڕۆژه‌كانی ده‌یه‌ی ٩٠، باس لێده‌كه‌ن. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێسنوور، به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی، دژبه‌ قازی مه‌نسووری له‌ دادگای ڕۆمانی سكاڵایان تۆمار كردووه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌واڵنێرانی بێسنوور له‌ تویتێره‌كه‌ی خۆیدا قازی مه‌نسووریی به‌ “ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ر” ناو لێبردووه‌ و ڕێگری له‌ ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و، بۆ وڵاتی ڕۆمانی به‌ “شانازی” ده‌زانێت. ئیبراهیم ڕه‌ئیسی، سه‌رۆكی ئێستای ده‌زگای قه‌زایی، له‌ حاڵێكدا موده‌عیی موحاكمه‌ كردنی غۆڵامره‌زا مه‌نسوورییه‌ كه‌ خۆی به‌ ئه‌ندامبوون له‌ “هه‌یئه‌تی مه‌رگ” تۆمه‌تبار كراوه‌ و به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆی كوشتنی هه‌زاران كه‌س له‌ به‌ندكراوانی سیاسییه‌. كه‌وابوو چۆن ده‌كرێ كه‌ خه‌ڵكی ئێران له‌ وه‌ها سه‌رۆكێكی ده‌زگای قه‌زایی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌م قازییه‌ گه‌نده‌ڵه‌ و قافڵه‌ی گه‌نده‌ڵانی ناو ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، سزا بدات.

هه‌موو ڕۆژێ سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌نده‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كانی ناو ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌واڵی تازه‌تر ده‌بیستین. له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریی ڕه‌فسه‌نجانیه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی توندبوونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی ناو باڵه‌كانی ڕژیم، به‌ره‌ به‌ره‌ هه‌واڵه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ گه‌نده‌ڵی ماڵی له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌، سریاڵی له‌قاودانی گه‌نده‌ڵیه ماڵیه‌كان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌. له‌ ده‌وره‌ی ڕه‌فسه‌نجانیدا به‌ڵگه‌ی دزیی ١٢٣ ملیارد تمه‌نیه‌كه‌ ئاشكرا بوو‌ و سه‌ره‌نجی میدیاكانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی به‌ره‌و خۆی ڕاكێشا. له‌ ده‌وره‌ی خاته‌میدا “دیوانی موحاسبات” پاش لێكدانه‌ویه‌ی كاروباری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سه‌نعه‌تی نه‌وتی ده‌وڵه‌تی هه‌شتوم له‌ ڕاپۆرتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بوودجه‌ی ساڵی ٨٣ دا، به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی ڕایگه‌یاند كه‌ پتر له‌ ٦ ملیارد دۆلاری داهاته‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ فرۆشی نه‌وت نه‌خراوه‌ته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و خاته‌میش هیچكات وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی نه‌دایه‌وه‌. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه‌رباسچی، شاره‌داری ئه‌وكاتی تاران كه‌ له‌ لایه‌ن خاته‌می و هاشمیه‌وه‌ پشتیوانیی لێده‌كرا، به‌هۆی به‌فیڕۆدانی سێ و نیو ملیارد تمه‌ن به‌ چوار ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. له‌ ده‌وره‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دا كه‌ به‌ درووشمی خه‌بات له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و له‌ جه‌ره‌یانی كوودتایه‌كی هه‌ڵبژاردندا به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبوو، ڕه‌قه‌می دزی و گه‌نده‌ڵیه‌ ماڵیه‌كان، سه‌ره‌تا به‌ ٣ هه‌زار ملیارد تمه‌ن گه‌یشت و له‌ درێژه‌یدا ڕێكۆردی ٦٥٠ هه‌زار ملیارد تمه‌نیی لێدا. له‌ ده‌وره‌ی ڕووحانیشدا له‌ جه‌ره‌یانی پێڕاگه‌یشتن به‌ په‌روه‌نده‌ی دزیی ملیارد دۆلاریی بابه‌ك زه‌نجانی، بازرگانی به‌ناوبانگی ئێرانی و په‌روه‌نده‌ی دزییه‌ گه‌وره‌كانی ده‌زگای قه‌زایی، بۆ هه‌مووان ئاشكرا بوو  كه‌ ئه‌م گه‌نده‌ڵی و دزیانه‌ به‌ هاوكاری و هاوده‌ستیی به‌رپرسانی باڵای ڕژیم ئه‌نجام دراون.

ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی كه‌ گه‌نده‌ڵیی سه‌رتاپێی داگرتووه‌، شیاوی موحاكمه‌ كردنی غۆڵامره‌زا مه‌نسووریی نییه‌. ئیدعای موحاكمه‌ و ته‌نانه‌ت موحاكمه‌ی غۆڵامره‌زا مه‌نسووری له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامی، ته‌نیا نومایشێكه‌ بۆ فریوی خه‌ڵك و پاراستنی ئابڕوویه‌. بێ گومان، كۆماری ئیسلامی نایهه‌وێ په‌رده‌ له‌سه‌ر هه‌موو جه‌نایه‌ته‌كانی ئه‌م قازییه‌ لابدرێ. ئاشكرا بوونی ڕاستیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌روه‌نده‌ی قازی مه‌نسووری به‌مانای وه‌ده‌ر كه‌وتنی گۆشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ له‌ جه‌نایه‌ته‌كانی ده‌زگای قه‌زایی و به‌ مانای موحاكمه‌ كردنی ئه‌م سیستمه‌ قه‌زاییه‌یه‌. پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی كه‌مپه‌ینی سیاسی و ته‌بلیغی، ڕێگه‌ نه‌درێ موحاكمه‌ كردنی ئه‌م قازییه‌ بسپێردرێته‌ كۆماری ئیسلامی.

ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا هه‌وڵی داوه‌ تا به‌ پێڕاگه‌یشتن به‌ هێندێك په‌روه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ گه‌نده‌ڵی ماڵی و سزادانی هێندێك له‌ هۆكار و بڕیارده‌رانی، نه‌فه‌رت و تووڕه‌یی گشتی دژبه‌ ڕژیمی سه‌رتاپێ گه‌نده‌ڵی كۆماری ئیسلامی دامركێنێ و ئێعتباری له‌ده‌ست ڕۆیشتووی ڕژیم، لانیكه‌م له‌ناو مۆره‌كانی نیزامدا تا ڕاده‌یه‌ك به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا نه‌ ئێعدامی مێه ئافه‌رید خۆسره‌وه‌ی، نه‌ موحاكمه‌ و زنیدانی كردنی كه‌رباسچی، نه‌ موحامه‌ و سزادانی محه‌ممه‌د ڕه‌زا ڕه‌حیمی جێگری سه‌رۆك كۆمار له‌ ده‌وره‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، نه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بابه‌كی زه‌نجانی و مه‌حكووم كردنی ئه‌و به‌ ئێعدام، هیچكامیان نه‌ ته‌نیا نه‌یتوانیوه‌ ئیعتبارێك بۆ ڕژیم ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵكوو له‌ ئێستادا، بۆنی گه‌نیوی گه‌نده‌ڵیی ده‌زگای قه‌زایی، واته‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ی كه‌ قه‌راره‌ به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی بێته‌وه‌، سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگای داگرتووه‌. گه‌نده‌ڵی به‌جۆرێك سه‌رتاپێی نیزامی كۆماری ئیسلامیدا  ته‌نیوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویستی به‌ ژێر و ژوور كردنێكی ئه‌ساسی هه‌یه‌، ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ نه‌ته‌نیا ناتوانێ گۆڕاكارییه‌ك له‌ باروودۆخه‌كه‌دا بخوڵقێنێ به‌ڵكوو ڕۆڵی داپۆشین و فریودانه‌كه‌شی له‌ده‌ست داوه‌.

حه‌سه‌ن ڕووحانی له‌ یه‌كێك وته‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ ڕیشه‌كانی گه‌نده‌ڵیی حكوومه‌تی ئیسلامی وتی: “ئه‌گه‌ر تفه‌نگ، پووڵ، ڕۆژنامه‌، سایت، هه‌واڵێنری، هه‌مووی له‌ یه‌ك جێگادا كۆبكه‌ینه‌وه‌، حه‌تمه‌ن گه‌نده‌ڵی درووست ده‌بێت. ئه‌بووزه‌ر و سه‌لمانیش بوایه‌ن، گه‌نده‌ڵ ده‌بوون. كه‌وابوو دونیا عاقڵی به‌وه‌ شكاوه‌ كه‌ ئه‌م دسه‌ڵاتانه‌ی لێك جیا كردووه‌ته‌وه‌”. هه‌ڵبه‌ت ڕووحانی له‌ جه‌رگه‌ی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدا و به‌خاتری به‌شخوازیی خۆی، باس له كۆبوونه‌وه‌ی‌ تفه‌نگ و پووڵ و ڕۆژنامه‌ و هه‌واڵنێری ده‌كات كه‌ زۆربه‌یان له‌ژێر ناوی خسووسی سازیدا له‌ده‌ست سپای پاسداران و لق و پۆپه‌كانی دان. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، له‌ پێكهاته‌ی چینایه‌تی و سیاسیی كۆماری ئیسلامیدا، ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌وانه‌ پووڵ و چه‌ك و میدیا له‌ نێوان سێ ده‌زگای قه‌زایی و موقه‌نه‌نه‌ و مۆجریه‌دا،‌ به‌ شێوه‌ی یه‌كسان دابه‌ش بكرێن، یان وه‌ك دێمۆكراسیی بۆرژوازی هه‌ر كام له‌م ده‌زگایانه جێگه‌ و پێگه‌ی خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ببیننه‌وه‌، دیسانیش ناكرێ گه‌نده‌ڵی له‌ناو كۆماری ئیسلامیدا ڕیشه‌ كێش بكرێ. ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ ماڵی و ئیداریه‌ له‌ پێكهاته‌ی چینایه‌تی و سیاسیی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی دا ڕیشه‌ی داكوتاوه‌ و تا كاتێك كه‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ تێكنه‌شكێت و ئه‌م‌ ڕژیمه‌ به‌ده‌ست كرێكاران و جه‌ماوه‌ری وه‌گیان هاتوو له‌م باروودۆخه‌ نه‌ڕووخێت، ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ سیستماتیكه‌ ڕیشه‌كێش ناكرێت.