کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كوژرانی جۆرج فلۆید، برووسكه‌یه‌ك بۆ ده‌سپێكی شۆڕش دژبه‌ نه‌زمی زاڵ

unnamed

unnamed

١٠ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌ ساته‌كانی مه‌رگی جۆرج فلۆید، واته‌ پیاوه‌ ڕه‌شپێسته‌ ٤٦ ساڵه‌كه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسی شاری مینیاپۆلیسه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ركرابوو، كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكای هه‌ژاند. له‌م وێنانه‌دا، “دێرێك شووین” مه‌ئموورێكی پۆلیس ده‌بیندرێ كه‌ چۆكی خستووه‌ته‌ سه‌ر گه‌ردنی جۆرج فلۆید. ئه‌و چه‌ندین جار به‌ مه‌ئمووره‌كه‌ی وتبوو كه‌ ناتوانێ هه‌ناسه‌ هه‌ڵبكێشێ به‌ڵام بێره‌حمیی مه‌ئمووره‌كه‌ی پۆلیس، بوو به‌هۆی مه‌رگی فلۆید. كوژرانی جۆرج فلۆید له‌ لایه‌ن پۆلیسێكی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌وه‌ له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو، ته‌نیا برووسكه‌یه‌ك بوو بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشێك كه‌ گشت دام و ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكای تۆقاندووه‌. ئه‌م شۆڕشه‌ كه‌ پتر له‌ ١٤٠ شاری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای گرتووه‌ته‌وه‌ و هاوپشتیی له‌ بزووتنه‌وه‌ی دژه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیی له‌ ده‌یان شاری گه‌وره‌ی جیهان وه‌ڕێخستووه‌، ته‌نیا تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ده‌زگای پۆلیس نییه‌، به‌ڵكوو شۆڕشێكه‌ دژبه‌ هه‌ژاری و نایه‌كسانیی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕاسیسمی جێكه‌وتووی نیزامی سه‌رمایه‌داری. ناڕازیان له‌ شه‌قامه‌كانی سه‌رتاسه‌ری ئه‌م وڵاته‌ ئه‌م درووشمانه‌یان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌: “ناوی بڵێ، جۆرج فلۆید” و “ژیانی ڕه‌شپێسته‌كان بایه‌خی هه‌یه‌”. له‌سه‌ر زۆرێك له‌ پلاكارد و ماسكی ناڕازیان، دوایین كه‌لامی جۆرج فلۆیدی له‌سه‌ر نووسراوه:‌ “ناتوانم هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشم“.

له‌ حاڵێكدا كه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ پتر له‌ ٢٠ ئه‌یاله‌تی ئه‌مریكا دژبه‌ هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی ناو سیستمی ده‌سه‌ڵات هاتوونه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان، له‌ هه‌موو شوێنێك پۆلیس و گاردی تایبه‌تی دژه‌ شۆڕش به‌ هاویشتنی گازی فرمێسك ڕێژ و پژاندنی سپرێ و ته‌قاندنی گولله‌ی پلاستیكی به‌ره‌وڕووی ناڕازیان، هۆكاری سه‌ره‌كیی وه‌ڕێكه‌وتنی شه‌پۆله‌كانی توندوتیژی بوون. به‌هۆی هێرشی هێزه‌كانی پۆلیس و گاردی تایبه‌تی دژه‌ شۆڕش، زۆرێك له‌ شاره‌كان بوونه‌ته‌ دیمه‌نی موقاومه‌تی شكۆداری خۆپیشانده‌ران. هه‌تاكوو ئێستا لانیكه‌م ٨ كه‌س له‌ ناڕازیان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و پتر له‌ ٩ هه‌زار كه‌سیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. له‌ هێندێك له‌ شاره‌كان، ناڕازیان له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ هێرشه‌كانی پۆلیس، ماشێنه‌كانیان و بانكیان ئاگر تێبه‌ردا‌. له‌ نۆهه‌مین ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا، یاساكانی ڕێگری له‌ هاتووچۆ، له‌ هێندێك له‌ شاره‌كان هه‌روا به‌رده‌وامه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، سه‌رپێچی كردنی ناڕازایان و درێژه‌دانی خۆپیشاندانه‌كانیان تا چه‌ندین كاتژمێر له‌ شه‌و، پۆلیس و هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی یه‌كجار ترساندووه‌. جه‌ماوه‌ری تووڕه‌ و ناڕازی چه‌ندین شه‌وی به‌رده‌وام له‌ به‌رامبه‌ر كۆشكی سپیدا، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان به‌ڕێوه‌برد تا ڕایگه‌یه‌نن كه‌ دۆناڵد ترامپ و پێكهاته‌ی سیاسیی زاڵ، به‌ تاوانبار و هۆكاری ڕه‌گه‌زپه‌رستیی و جه‌نایه‌تی ڕاستستیی پۆلیس ده‌زانن.

له‌و نێوه‌شدا هێندێك له‌ میدیا به‌كرێگیراوه‌كانی بورژوازیی ئه‌مریكا، وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌زگای پۆلیس كار ده‌كه‌ن. له‌ حاڵێكدا كه‌ مه‌رگی جۆرج فلۆید له‌ ده‌یان شاری ئه‌مریكا بووه‌ته‌ هۆی ڕاپه‌ڕین و شۆڕش دژبه‌ نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌، میدیاكانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار، واته‌ ئوستووره‌كانی ساخته‌كاری و درۆنانه‌وه‌، ئیدیعا ده‌كه‌ن كه‌ “ڕه‌شپێسته‌كان گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆیان ئاگر تێبه‌رده‌ده‌ن“. له‌ ناو هه‌راوهوریای ئه‌م به‌شه‌ له‌ میدیاكاندا، ترامپ سه‌رۆك كۆماری ڕاسیست، توندوتیژی له‌ پێته‌خت به‌ “نه‌نگێكی به‌ته‌واو مانا” وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێ: “من بۆ ڕێگری له‌ ئاژاوه‌، دزی، خراپكاری، هێرش و له‌ناوبردنی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی، هه‌زاران سه‌ربازی پڕچه‌ك، كادری نیزامی و مه‌ئمووری یاسا ده‌نێرم“. هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: “ئه‌گه‌ر شار یان ئه‌یاله‌تێك نه‌توانێ هه‌وڵه‌ پێویسته‌كانی ئه‌نجام بدات، من ئه‌ڕته‌شی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌م و زۆر به‌خێرایی كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م“.

به‌ڵام به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌، ناڕه‌زایه‌تیه‌كان هه‌روا درێژه‌یان هه‌یه‌. ناڕازیان خوازیاری ئه‌وه‌ن كه‌ نه‌ ته‌نیا “دێرێك شووین” قاتڵه‌كه‌ی جۆرج فلۆید، به‌ڵكوو سێ پۆلیسه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ ته‌ماشاچیی ئه‌م قه‌تڵه‌ بوون به‌ تۆمه‌تی هاوده‌ست بوونیان، مه‌حكووم بكرێن و سزایان به‌سه‌ردا بسه‌پێت. به‌ڵام هه‌مووان ده‌شزانن كه‌ نابه‌رابه‌ریه‌كان له‌وانه‌ قووڵترن و عه‌داڵه‌ت به‌ سزادانی ئه‌م چوار پۆلیسه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رنایه‌. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار نییه‌ كه‌ وه‌ها جه‌نایه‌تێك ڕوو ده‌دا. ئه‌وه‌ پێكهاته‌ی چینایه‌تی و سیاسیی زاڵه‌ كه‌ ئه‌مجۆره‌ پۆلیسانه‌ی هێناوه‌ته‌ مه‌یدان. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژین به‌باشی ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ سه‌رۆك كۆمار خۆی كه‌سێكی فاشیسته‌. كوژرانی جۆرج فلۆید ئه‌گه‌رچی زۆر دڵته‌زێنه‌، به‌ڵام سه‌مبۆلێكه‌ له‌ بێ مافی و هه‌ڵاواردن دژبه‌ ڕه‌شپێسته‌كان له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داریدا.

هه‌ڵاواردنی سیستماتیك دژبه‌ ڕه‌شپێسته‌كان له‌و پیشانه‌ی كه‌ پێیان ده‌سپێردرێ و له‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێیان ده‌درێ و له‌ سیسته‌می فێركردن و ڕاهێنان و له‌ ئازار و ئه‌زیه‌ت كردنی ڕۆژانه‌یان‌دا، ده‌بیندرێ و ئه‌وه‌ش ڕێك ڕوانگه‌ی پێكهاته‌ی سیاسی و چینایه‌تیی زاڵه‌ كه‌ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا جێكه‌وتووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی هێنێدێك له‌ ئیدێئۆلۆگه‌كانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار، ڕه‌گه‌زپه‌رستی ته‌نیا وه‌ك ئیده‌یه‌ك له‌ مێشكی كه‌سانی سپی پێست دانییه كه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ فێركردن و كاری فه‌رهه‌نگیه‌وه‌ بڕه‌وێ، به‌ڵكوو ڕه‌گه‌زپه‌رستی ڕیشه‌ی له‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی چه‌وسێنه‌رانه‌ی زاڵ دایه‌. قوربانیانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌رده‌وام له‌ژێر زه‌ختی نایه‌كسانیی سیستماتیكی ده‌سه‌ڵاتدا، ئازار ده‌چێژن. كه‌وابوو ئازادی و ڕزگاریی ڕه‌شپێسته‌كان له‌ هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی سیستماتیك، ته‌نیا به‌ خه‌باتی ڕه‌شپێسته‌كان دژبه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستانی سپی پێست نایه‌ته‌ دی. ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌رهه‌می نیزامی سه‌رمایه‌داریه‌، ئه‌م نیزامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی چینی كرێكار و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی، ڕه‌گه‌زپه‌رستیش به‌رهه‌مدێنێته‌وه‌. چینی كرێكاری یه‌كگرتوو، به‌ خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ی كرێكارانی ڕه‌شپێست و سپیپێست، ده‌توانێ بڕبڕه‌ی پشتی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕزگاری به‌خش دژبه‌ سه‌رمایه‌داری پێكبێنێت و ڕه‌گه‌زپه‌رستی بۆ هه‌میشه‌ ڕیشه‌كێش كات.

به‌ڵام له‌ناو كاردانه‌وه‌كان به‌ كوژرانی جۆرج فلۆید، هه‌ڵوێستی كۆماری ئیسلامی و خامنه‌یی سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌، له‌ هه‌مووان گاڵته‌جاڕانه‌تر و بێشه‌رمانه‌تره‌. ڕژیمێك كه‌ به‌ هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسی كوشتووه‌ و له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ بێناو و نشانه‌كانی هاویشتوون و پتر له‌ چوار ده‌یه‌ی سه‌ركوتی خوێناوی له‌ كارنامه‌كه‌ی دایه‌، ڕژیمێك كه‌ ئاپارتایدی جنسیه‌تیی دژبه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا، یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌تی، ڕژیمێك كه‌ ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری خه‌ڵتانی خوێن كرد، ڕژیمێك كه‌ چه‌ند حه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر كرێكارانی په‌ناخوازی ئه‌فغانستانیی پاش ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ ڕووبار هاویشت تا نه‌مێنن، ئه‌م ڕژیمه‌ ڕسواتر له‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانێ له‌ شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی ئه‌مریكا دژبه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی، به‌ قازانجی خۆی كه‌ڵك وه‌رگرێ.