پارێزەرێکی خەڵکی کرماشان کە پێشتر حوکمی ١٨ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری تاران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین کرا.
به پێی ڕاپۆرته بڵاوكراوهكان، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان دوای ئەوەیكه بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ زیندانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران لەکاتی دەستبەسەر کردنی سوهەیلا حیجاب ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و سووكایهتیان پێكردووه. شایانی باسه، ناوبراو پێشتر به چەندین تۆمەتی وەک “پڕووپاگەندە دژی نیزام”، “كۆبوونهوهی نایاسایی”، “تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە”، “دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان” و “داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران” سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندراوە.