کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتنی گشتیی سیاسی، ئه‌زموونێكی به‌نرخ له‌ كوردستان

Etesab

Etesab

بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ په‌نا شكڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی خه‌بات و موقاومه‌ت، خاوه‌نی گه‌لێك ئه‌زموونی به‌نرخه‌ له‌ بوار مانگرتنی سیاسیی گشتییه‌وه‌. ١٥ی جۆزه‌ردانی ١٣٦١، ١٦ی گه‌لاوێژی ١٣٨٤، ٢٣ی گوڵانی ١٣٨٩، ٢٢ی خه‌رمانانی ١٣٩٦، ئه‌مانه‌ له‌ زومره‌ی ڕۆژه‌ گرینگه‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دێنه‌ ئه‌ژمار. له‌م ڕۆژانه‌دا شایه‌دی نموونه‌ گه‌لێكی به‌رچاو له‌ ئه‌زموونی مانگرتنی سیاسیی گشتی له‌ كوردستان بووین. ئه‌مڕۆ له‌ سه‌روبه‌ندی ١٠مین ساڵڕۆژی یه‌كێك له‌م ئه‌زموونانه‌ داین.

ڕۆژی ١٩ی مانگی گوڵان، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ١٠مین ساڵوه‌گه‌ڕی ئێعدامی جه‌نایه‌تكارانه‌ی  فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی: “شیرین عه‌له‌م هولی، فه‌رهاد وه‌كیلی، عه‌لی حه‌یده‌ریان و مه‌هدی ئیسلامیان“. ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٣ی گوڵان، ١٠مین ساڵڕۆژی، مانگرتنی گشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ وڵام به‌م جه‌نایه‌ته‌دا.  ئێعدامی ٥ لاوی خه‌باتكار كه‌ تا دوایین ساته‌كانی ژیانیان له‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات دژبه‌ كۆماری ئیسلامی دا ڕاوه‌ستان، كاردانه‌وه‌ و هه‌وڵی هاوئاهه‌نگی ملیۆنان ئینسانی له‌ مانگرتنێكی گشتی دا له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان لێكه‌وته‌وه‌.

ئێعدامی ئه‌م خه‌باتكارانه‌ له‌ باروودۆخێكدا به‌كرده‌وه‌ ده‌رهات كه‌ شه‌پۆلێك له‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌ ئاستی ئێران و جیهان دژبه‌ ده‌ركردنی حوكمی ئێعدامه‌كه‌یان كه‌وتبووه‌ ڕێ. ئه‌گه‌رچی كۆماری ئیسلامی ده‌مه‌لاسكه‌ی به‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ كرد، به‌ڵام هه‌ر له‌ ڕۆژی ئێعدامی ئه‌وانه‌وه‌، هه‌ستی به‌ تووڕه‌یی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرد و  له‌ كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك تۆقابوو. هه‌ربۆیه‌ ته‌رمی گیان به‌خت كردووانی هه‌رگیز نه‌داوه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كانیان. چوار ڕۆژ پاش ئه‌م ئێعدامانه‌ بوو كه‌ مانگرتنی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌م جه‌نایه‌ته‌دا شكڵی گرت. ڕژیم به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆی لای وابوو كه‌ به‌ ئێعدامی ٥ خه‌باتكاری سیاسی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن زیاتر په‌ره‌ پێده‌دات و خه‌ڵكی كوردستان ترساو و خامۆش ده‌بن. به‌ڵام مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٢٣ی گوڵان وڵامی خه‌ڵكی كوردستان به‌و خه‌یاڵه‌ خاوه‌ی سه‌رانی ڕژیم بوو. بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه‌ بۆ مانگرتنی گشتی له‌م ڕۆژه‌دا، له‌گه‌ڵ پشتیوانیی و هاوڕێیه‌تیی حیزب و هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و له‌گه‌ڵ پێشوازیی به‌رینی هێزه‌ چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان له‌ ئێران ڕووبه‌ڕوو بۆ‌وه‌. له‌م ڕۆژه‌دا كوردستان، یه‌كپارچه‌ ته‌عتیل كرا. كرێكارانی كارگه‌كان و ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری مانیان گرت، كه‌سه‌به‌ و بازاڕیه‌كان دووكانه‌كانیان داخست، كارمه‌ندانی ئیداره‌ ده‌وڵه‌تی و خسووسیه‌كان نه‌ڕۆشتنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، خوێندكاران، موعه‌لیمان و ماموه‌ستایانی زانكۆ، كلاسه‌كانی ده‌رسیان ته‌عتیل كرد. به‌مجۆره‌ هاوپشتیه‌كی گشتی له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ كوشتنی به‌ندكراوانی سیاسی شكڵی گرت. ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ گشتییه‌ نیشانی دا كه‌ ئێعدامی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و هاوڕێیانی، نه‌ ته‌نیا خه‌ڵكی كوردستانی نه‌ترساندووه‌ به‌ڵكوو ئیراده‌ی گشتیی ئه‌وانی بۆ خه‌بات له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژیمه‌ و موقاومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی، پته‌وتر كردووه‌.

مانگرتنی سیاسیی گشتیی ٢٣ی گوڵان، هه‌موو لێكدانه‌وه‌كانی ڕژیمی شێواند. كوشتنی ٥ لاوی به‌ندكراوی سیاسی نه‌ ته‌نیا نه‌یتوانی خه‌ڵكی كوردستان بترسێنێ، به‌ڵكوو ئاگری تووڕه‌یی ئه‌وانی زیاتر گه‌شانده‌وه‌. خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانزانی كه‌ ئه‌گه‌ر ڕێگایه‌ك بۆ ڕزگار كردنی گیانی باقیی ئازیزانی به‌ندكراویان هه‌بێت، له‌م مه‌سیره‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت. ئه‌م مانگرتنه‌ وڵامێكی ددان شكێن بوو كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامییان داوه‌. ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ به‌رین و لێبڕاوانه‌ و به‌جێیه‌، به‌ ڕژیمی نیشان دا كه‌ ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌كه‌م دانێ، تووشی چ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ لێكدانه‌وه‌كانی دا.

ئه‌م ئه‌زموونه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ ده‌ریخست كه‌ مانگرتنی سیاسیی گشتی شكڵێك له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ كه‌ تێیدا درووشم و سیاسه‌ته‌كان له‌ ڕێگه‌ی هه‌وڵێكی گشتی و جه‌ماوه‌رییه‌وه‌، ده‌بنه‌ هێزێكی مادی، ڕێگایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ ڕژیم بخاته‌ شه‌ڕێكی شه‌كه‌تكه‌ر و درێژماوه‌ و توانای سه‌ركوته‌كه‌ی زه‌ویگیر كات و پێداویستیه‌كانی هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوه‌كانی دواتر ئاماده‌ بكات. خه‌ڵكی كوردستان به‌ به‌كارهێنانی تاكتیكی مانگرتنی گشتی، ئیمكانی جم و جۆڵیان له‌ هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی دوژمن زه‌وت كرد و ڕێگای پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ و ناكارامه‌ كردنی سه‌ركوتگه‌ریی ئه‌م هێزانه‌یان، به‌ خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێرانیش نیشان دا.

خه‌ڵكی كوردستان له‌ گه‌لێك قوناغدا، توانا و هێزی یه‌كگرتووی خۆیان دژ به‌م ڕژیمه‌ نیشان داوه‌. له‌ وتنی “نا“یه‌كی به‌ته‌وژم به‌ ڕێفراندۆمی پێكهێنانی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌هاری ١٣٥٨ تا كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی مه‌ریوان  و ڕێپێوانی خه‌ڵكی باقی شاره‌كان بۆ‌ پشتیوانی له‌وان و مانگرتنه‌ شكۆداره‌ سیاسه‌ گشتیه‌كان هه‌ر له‌م ساڵه‌دا، له‌ زومره‌ی ئه‌و دژه‌كرده‌وه‌ و پۆتانسیه‌لانه‌ بوون كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر زۆره‌ملی و ملهۆڕیی ڕژیمدا له‌ خۆیان نیشانیان داوه‌.

ئه‌م مانگرتنانه‌ نیشانیان دا كه‌ پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ پشت سنووره‌كان به‌ مانای كۆتایی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نییه‌. نیشانیان دا سه‌ره‌ڕای ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌، ڕیشه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ قووڵایی كۆمه‌ڵگادا به‌هێزتر بووه‌. نیشانی دا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ خاوه‌نی هێز‌ و وشیاری و ڕێكخراو و ڕێبه‌ریی خۆیه‌تی. نیشانی دا كه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری و برسیه‌تی و ده‌ست كورتی، حازرن به‌ دڵ ئاواڵه‌ییه‌وه‌ له‌ پێناو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامیدا، له‌ بژێو و ژیانی خۆیان هه‌زینه‌ بكه‌ن. نیشانی دا كه‌ كۆمه‌ڵی كوردستان، كۆمه‌ڵێكی سیاسیه‌ و توانای به‌ حیزبی بوونی له‌سه‌رێیه‌. نیشانی دا كه‌ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی جه‌ماوه‌ری، ده‌كرێ وه‌ك سه‌مبۆل و ئه‌زموونێكی خه‌باتكارانه‌ی سه‌ركه‌وتوو، له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێرانیش به‌كار بێت كه‌ تێیدا هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی گشتیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا، داماو و بێ توانا ده‌بن و كارێكیان بۆ ناكرێ.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زموونانه‌ ڕێنوێنی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بن له‌ ڕووداو و گۆڕانكاریه‌كانی داهاتوودا، بۆ كۆمه‌ڵه‌ش مه‌یدانی تاقیكردنه‌وه‌ و به‌رده‌زمه‌ن،‌ تا خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی خۆی وه‌ك ڕه‌وتێكی ڕادیكاڵ و سۆسیالیست كه‌ خاوه‌نی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، بناسێت و كه‌م و كوڕیه‌كان و خاڵه‌ لاوازه‌كانی خۆی له‌م بواره‌دا بڕه‌وێنێ و به‌رده‌وام له‌ دڵی ڕووداوه‌كان دابێت و ئاراسته‌ی گونجاویان پێبدات. بێ گومان ڕۆژان و ڕووداوگه‌لێكی گرینگمان له‌به‌ره‌ و كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسایه‌تیی خۆی له‌ پێناو تێپه‌ڕاندنی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌ دربازگه‌ و خاڵه‌ وه‌رچه‌خانه‌ مێژووییه‌كان، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوونی ئازادی، ده‌ناسێت و به‌ پشت به‌ستن هه‌ر به‌م پێگه‌یه‌، ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌ به‌جێ دێنێت. سیاسه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ وه‌ها تاقیكردنه‌وه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دایه‌ كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ.

له‌ ١٠مین ساڵڕۆژی شكۆدار و مێژوویی مانگرتنی گشتیی ٢٣ی گوڵان دا، ڕێز له‌ یادی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوڕێیانی ده‌گرێن كه‌ بوێرانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دوژمندا موقامه‌تیان كرد و گیانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م پایه‌داریه‌ دانا و سڵاو و دروودیش ده‌نێرین بۆ خه‌ڵكی پێزانی كوردستان كه‌ وه‌ها شكۆدار، ڕێزیان له‌ یادی ئازیزانی گیان به‌خت كردوویان گرت.