حه‌فته‌ی ڕابردوو مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی پووڵی ئێرانی له ڕیاڵه‌وه بۆ تمه‌ن له ڕێگه‌ی سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر یان هێنانه خواره‌وه‌ی ١٠ هه‌زار یه‌كه، پاش چه‌ندین ساڵ، به زۆرینه ده‌نگه‌وه په‌سند كرد. ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه له لایه‌ن شۆرای نیگههبانیشهوه په‌سند بكرێ، پووڵی ئێران ده‌بێته تمه‌ن. به‌ڵام تمه‌نی تازه به‌رابه‌ره له‌گه‌ڵ ١٠ هه‌زار ڕیاڵ یان هه‌زار تمه‌نی ئه‌مڕۆیی. ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه پێویسته له ماوه‌ی سێ ساڵدا به‌ته‌واوی به‌كرده‌وه ده‌ربێت به‌ڵام “نێعمه‌تی” سه‌رۆكی گشتیی بانكی ناوه‌ندیی ڕژیم ڕایگه‌یاندووه كه ئه‌م ڕه‌وته پێنج ساڵ ده‌خایه‌نێ. سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر له پووڵی ئێران، كاریگه‌ریه‌ك له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای كڕینی ئه‌م پووڵه دانانێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه توانای كڕینی پووڵ له ناوخۆی ئێران به ڕاده‌ی گه‌شه‌ی نه‌خدینه و به‌گشتی، به گه‌شه‌ی ئابووریه‌وه گرێی خواردووه. به پێی ئاماری ناوه‌نده ماڵییه‌كان، له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا ڕێژه‌ی نه‌خدینه له ئێران ٩ هه‌زار و ٢٠٠ به‌رابه‌ر بووه و ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاڵای خزمه‌تگوزاری ته‌نیا پێنج به‌رابه‌ر ڕۆیشتووه‌ته سه‌رێ. سه‌باره‌ت به حهقدهستهكانیش، سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر له یه‌كه‌ی پووڵی ئێران كاریگه‌ریه‌ك له‌سه‌ر توانای كڕینی حه‌قده‌ست وه‌رگران دانانێت و ته‌نانه‌ت ده‌بێته هۆی هێنانه خواره‌وه‌ی توانای كڕینیشیان. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر لانیكهمی حه‌قده‌ستی كرێكارێك كه له ئێستادا یه‌ك ملیۆن و ٨٠٠ هه‌زار تمه‌نه، له شێوازی نوێ‌دا ده‌بێته هه‌زار و ٨٠٠ تمه‌ن. توانای كڕینی تمه‌نی نوێش به نرخی دۆلاڕ و باقیی دراوه‌كانی دیكه‌وه گرێ دراوه كه زیاتر دیاریكه‌ری نرخی كاڵاكانن. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی قه‌باره‌ی به‌رچاوی پووڵی دراو، په‌یوه‌ندیه ماڵییه‌كانی بازار ساده‌تر ده‌كاته‌وه و له‌سه‌ر كاتی بژاردن و گواستنه‌وه و هه‌زینه‌كانی پشكنینی ماڵی، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر هه‌بێت، كاریگه‌ریی خۆی داده‌نێ.
ئه‌م گۆڕانه و چونه‌سه‌ره‌وه‌ی له ڕاده به‌ده‌ری قه‌باره‌ی پووڵێك كه له هاتووچۆ دایه، له ڕوانگه‌ی كارناسانی ئابوورییه‌وه به‌رهه‌می قووڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یران و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی تهوهرۆمی هاوسارپساو و نیشانه‌ی باروودۆخی ناله‌باری نیزامی ماڵیی كۆماری ئیسلامییه. له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، له ئێستادا كه ڕژیم كۆمه‌ڵگای له‌گه‌ڵ ڕكوود به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه، سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر، به پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی، ده‌بێته هۆی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی زیاتری ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم. به‌ڵام حه‌سه‌ن ڕووحانی ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٧ی گوڵان له پێگه‌ی سه‌رۆك كۆماری ڕژیمی ئیسلامیه‌وه بۆ داپۆشینی هۆكاره‌كانی ئه‌م هه‌وڵه داماوانهیهی ڕژیم، به پێكه‌نینێكی تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ سووكایه‌تیه‌وه چه‌ندین هۆكاری گاڵته‌جاڕیانه‌ی باس كرد و وتی: ” سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر له پووڵی ئێران هیچ شتێك نییه بێجگه‌له ئه‌وه‌یكه بۆ نموونه له جیات ئه‌وه‌یكه مه‌سه‌له‌ن بڵێین ١ یۆرۆ ده‌بێته ١٧٠ هه‌زار ڕیاڵ، ده‌ڵێین ده‌بێته ١٧ تمه‌ن. ئه‌وه هه‌م وتنی ئاسانه و هه‌م جوانتره و لێكدانهوهكهشی ڕاحه‌تتره و موبارهكتریشه”. ئه‌م سه‌رۆك كۆماره ساخته‌چیه باش ده‌زانێ كه به‌م هه‌ڵیت و پڵیتانهی ناتوانێ هۆكاری داڕمانی گه‌ڵاڵه ئابوورییه‌كانی ڕژیمه‌كه‌ی شیبكاته‌وه و هه‌ربۆیه به‌مجۆره خۆی لێده‌دزێته‌وه.
له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی دا، به‌رده‌وام ڕێژه‌ی ته‌وه‌ڕۆم دوو ڕه‌قه‌می بووه. ئیدیعای ڕووحانی واته هاتنه‌خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم بۆ یه‌ك ڕه‌قه‌می، له ده‌وره‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی دا، ته‌نیا درۆیه‌كی دیكه‌یه‌تی و هیچیتر. بێ گومان له ده‌سه‌ڵاته هاوشێوهكانیشدا، له‌گه‌ڵ قووڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری كه یه‌كێك له نیشانه‌كانی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی ته‌وه‌ڕۆم و گه‌شه‌ی نهخدینهیه له كۆمه‌ڵگادا، پڕۆسه‌ی هاتنه خواره‌وه‌ی ئه‌رزشی پووڵ به‌رده‌وام درێژه‌ی بووه. ئه‌گه‌ر ته‌وه‌رۆم هه‌روا دوو ڕه‌قه‌می و له سه‌رووی ٤٠ له‌سه‌ده‌وه بێت، هیچ به‌دوور نییه كه تا كۆتایی به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی هه‌ر ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ی سڕینه‌وه‌ی چوار سیفره، تمه‌نی تازه‌ش پێویستی به سڕینه‌وه‌ی سیفری دیكه بێت. هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌رزشی یه‌ك تمه‌ن له ده‌یه‌ی په‌نجای هه‌تاویه‌وه هه‌تا ئێستا پتر له سێ هه‌زار به‌رابه‌ر هاتووه‌ته خوارێ، ده‌ركه‌وته‌ی نرخی كاڵاكانیش نزیك به سێ هه‌زار به‌رابه‌ر چوونه‌ته سه‌رێ. به پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریی ئاڵمان، توندبوونه‌وه‌ی ته‌وه‌رۆم و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی گوشاره ئابووریه‌كانی سه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌هۆی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا و هاتنه‌خواره‌وه‌ی داهاتی دراوی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م هه‌وڵه‌ی ڕژیمی ئیسلامیه بۆ سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر له پووڵی كۆماری ئیسلامی و به‌داخه‌وه پێش بینیش كراوه كه له‌م ده‌وره‌یه‌دا گوشاری ئابووری له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران زیاتر ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه ڕووحانی و باقیی به‌رپرسانی ڕژیمی ئیسلامی كه هیچ ڕێگاچاره‌یه‌كیان بۆ ئه‌م قه‌یرانه نییه، له ڕوانگه‌یه‌كی ناسیۆنالیستیه‌وه، باس له سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر له پووڵی “نه‌ته‌وه‌یی” ده‌كه‌ن. گۆیا دابه‌زینی ئه‌رزشی پووڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یان له وه‌ها پانتاییهكدا، مایه‌ی ئابڕووچوون و سووكایه‌تیه بۆ كۆماری ئیسلامی و هه‌ربۆیه ده‌بێ سیفره‌كانی بسڕنه‌وه. سه‌رۆكی گشتیی بانكی ناوه‌ندیی ڕژیم له‌مباره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند كه : ” ئه‌م بانكه بیر له پاراستنی ئابڕووی پووڵی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ده‌كاته‌وه”. ئاشكرایه، پووڵێك كه له ئێستادا ئه‌رزشی ١٥٧ هه‌زار به‌رابه‌ر له دۆڵار كه‌متره و به‌رده‌وام گۆڕانی به‌سه‌ر دادێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك دیفاعی لێناكرێت و له لایه‌ن خه‌ڵكی ئێرانه‌وه جێگای متمانه نییه.
به‌ڵام له ڕاستیدا، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م فه‌لاكه‌ته ئابووریه و دابه‌زینی ڕۆژانه‌ی پووڵ چ له ئێران و چ له باقیی وڵاته‌كانی هاوشێوه، له‌وانه توركییه، میسر، پاكستان و هیتر، له ده‌ره‌جه‌ی ئه‌وه‌ڵدا، به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی سیاسه‌تی ئابووریی نێئۆلیبڕالیی ناوه‌نده ماڵییه جیهانیه‌كانی سه‌رمایه‌داریه كه له ئێران له ده‌ورانی سه‌رۆكایه‌تیی هاشمی ڕه‌فسه‌نجانیه‌وه بناغه‌كه‌ی داڕێژراوه. هه‌ڵبه‌ت پێكهاته‌ی سیاسی و ئابووریی هه‌ر یه‌ك له‌م ده‌وڵه‌تانه و فاكته‌كانی دیكه له‌وانه گه‌نده‌ڵیی ماڵی له‌ناو ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی پڕۆژه‌ی زێده‌خوازانه‌ی نیزامی و ئه‌منیه‌تی، گه‌مارو و چه‌ندین ته‌وه‌ری دیكه، له زۆمره‌ی باقیی هۆكاره كاریگه‌ره‌كانی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌رزشی پووڵن له وڵاتێكدا. كه‌وابوو نه ته‌نیا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی چوار سیفر، به‌ڵكوو وه‌ها هه‌وڵ و رێفۆرم گه‌لێك ناتوانێ ئابووریی قه‌یران لێدراو و ڕوو له داڕمانی كۆماری ئیسلامی ڕزگار كات.
باروودۆخی ئابووریی ئێران نه‌ك به‌و به‌ناو ڕێفۆرمانه به‌ڵكوو پێویستی به ژێر و ژوور كردنی گشت سیستمی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریی كۆمه‌ڵگایه، واته ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی و دامه‌زراندنی ئابووریی سۆسیالیستی و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی شۆرایی.