کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌ ستایشی ئه‌وانه‌ی وا له‌ گیانیان مایه‌ داده‌نێن تا گیانێك ڕزگار بكه‌ن

w1240 p16x9 000 1p628o

w1240 p16x9 000 1p628o

له‌م ڕۆژانه‌دا، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ جیهان، هه‌واڵی دڵته‌زێن له‌ ڕێژه‌ی مه‌رگی په‌رستاران، پزیشكان و كادری ده‌رمانی نه‌خۆشخانه‌كان له‌ هه‌موو وڵاتانی گیرۆده‌ی ئه‌م ویرووسه‌، ده‌بیستین. كاتێك ده‌وڵه‌ته‌كان، خه‌ڵك بۆ مانه‌وه‌یان له‌ ناو ماڵ به‌ مه‌به‌ستی پساندنی زنجیری گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكیتر، هان ده‌ده‌ن، ئه‌وكاته‌ كه‌ ئه‌رك و كاری په‌رستاران و پزیشكان ده‌ست پێده‌كات. ئه‌وان نه‌ته‌نیا نابێ له‌ ماڵێدا‌ بمێننه‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رینی ئه‌م نه‌خۆشیه‌، ده‌بێ ماڵه‌كانیان جێ بهێڵن و به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌كان ڕێكه‌ون. ئه‌وان نه‌ ته‌نیا كاری ڕووتین، به‌ڵكوو پێویسته‌ ئیزافه‌كاریش بكه‌ن. كۆمه‌ڵگا داوای كاری شه‌و و ڕۆژیان لێده‌كات. كۆمه‌ڵ، له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی نه‌به‌رد مانه‌وه و یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ نه‌خۆشه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڵای كۆرۆنا، له‌وان ده‌وێ.

بۆ نموونه‌ یه‌كێك له‌و‌ نه‌خۆشخانانه‌ی وا له ڕۆژانی بڵاوبوونه‌وه‌ خێرای كۆرۆنا له‌ تاران، نه‌خۆشه‌ كۆرۆناییه‌كانی تێدا به‌سته‌ری كرابوو، نه‌خۆشخانه‌ی “مه‌سیح دانشوه‌ری” بوو. له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئامارێكی زۆر له‌ تووش بوون و گیان له‌ده‌ست دانی په‌رستاران و كادری پزیشكیی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌. وه‌ك ده‌وترێ،  ته‌نیا له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌، ٢٦ پزیشك و په‌رستار گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌وه‌ری ئه‌منیه‌تی گیانی و مه‌ترسی گیرۆده‌بوون به‌ ویرووسی كۆرۆنا، كه‌م و زۆر له‌ هه‌موو جیهان، ژانی هاوبه‌شی ئه‌م به‌شه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ ، له‌و نێوه‌دا په‌رستاران و پزیشكان و كادری ده‌رمانیی نه‌خۆشخانه‌كانی ئێران، ئه‌م ئه‌ركه له‌ باروودۆخێكی یه‌كجار دژوارتردا به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن. له‌ ئێران پزیشكان و كادری ده‌رمانیی نه‌خۆشخانه‌كان له‌ كه‌مبوونی ئاستی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، سكاڵایان هه‌یه‌. به‌ڵام بۆ په‌رستاران مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌دا ته‌واو نابێت. خه‌می نانیش له‌ په‌نا هه‌موو مه‌ترسی و بێ مافیه‌كانی دیكه‌وه‌‌، خه‌وی په‌رستاری ماندووی، ئاڵۆز كردووه‌.

ڕۆژنامه‌ی شه‌رق كه‌ له‌ تاران بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت: ” له‌م ڕۆژانه‌دا كه‌ بوێری و زه‌حمه‌تی پێرسۆنێلی كادری ده‌رمان، كه‌ به‌ كه‌مترین ئیمكاناته‌وه‌ خه‌ریكی ده‌رمانی تووش بووانی كۆرۆنان‌، كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر زاری هه‌مووان و وه‌ك به‌رپرسان ده‌ڵێن ئه‌وان گیانیان له‌سه‌ر ده‌ستیان داناوه‌، ڕه‌نگبێ باوه‌ڕی دژوار بێت ئه‌گه‌ر بڵێین، په‌رستارانی شیركه‌تیی ئه‌هواز و چه‌ند ئۆستانێكی دیكه‌ هێستا له‌ مانگی ڕه‌شه‌ممه‌وه‌ حقووقیان پێنه‌دراوه‌ و به‌ ده‌ستی به‌تاڵه‌وه‌ نه‌ورۆزی خه‌مباری ٩٩یان تێپه‌ڕاندووه‌”. پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، سه‌عید نه‌مه‌كی، وه‌زیری ته‌ندرووستیی ئێران، له‌ مانگی به‌فرانباردا له‌ دانیشتنی شۆرای باڵای نیزامی په‌رستاری دا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هێندێك له‌ په‌رستاره‌كان، حقووقی ١٨ مانگیان پێنه‌دراوه‌.

پێشتریش له‌ مانگی سه‌رماوه‌زی ساڵی ڕابردوودا، هه‌واڵنێریی ئیرنا، باسی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رستاره‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی “ئه‌لزه‌هرا“ی ئیسفه‌هان كردبوو كه‌ له‌ ئاست حقووقه‌ دواخراوه‌كانیان ده‌ستیان دابووه‌ ناڕه‌زایه‌تی. یه‌كێك له‌ په‌رستارانی ناڕازی به‌ ئیرنای وتبوو كه‌ هێندێك له‌ كادری ده‌رمانی، ٩ مانگه‌ حقووقیان پێنه‌دراوه‌. له‌م دوایانه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌ی په‌رستار وتوویه‌تی: “له‌ ئێستادا په‌رستاره‌كان له‌ناو هه‌موو پێرسۆنێله‌كانی ده‌وڵه‌تدا، له‌ هه‌مووان حقووقیان كه‌متره‌‌. ته‌نانه‌ت له‌ موعه‌لیمه‌كانیش كه‌متر حقووق وه‌رده‌گرن“. هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، دامه‌زراندنی ڕه‌سمی، یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین خواسته‌كانی په‌رستاران بووه‌.

به‌ڵام كێشه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ ژان و ئازاری په‌رستاره‌كانی چه‌ند به‌رابه‌ر كردووه‌، كه‌مبوونی ژماره‌ی په‌رستاره‌كانه‌ له‌ ناو نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ده‌رمانیه‌كاندا. كه‌مبوونی په‌رستار نه‌ ته‌نیا گیانی نه‌خۆشه‌كان ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، به‌ڵكوو له‌ هه‌مان حاڵیشدا كاری په‌رستاری چه‌ند به‌رابه‌ر دژوارتر ده‌كات. په‌رستاری ماندوو و شه‌كه‌ت، به‌رده‌وام له‌وه‌یكه‌ نه‌توانێ خزمه‌تی پێویست به‌ نه‌خۆشه‌كان بگه‌یێنێ، له‌ نیگه‌رانی و ئێسترێس دا به‌سه‌ر ده‌بات. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌ی په‌رستاری ئێران له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ به‌ لانیكه‌می ستاندارده‌كانی جیهان بگه‌ین، پێویسته‌ ٢٩٠ هه‌زار په‌رستار دامه‌زرێن و بێنه‌ ناو چه‌رخه‌ی نیزامی په‌رستاریه‌وه‌”. به‌ باوه‌ڕی ئه‌و، ژماره‌ی په‌رستارانی ئێران نزیك به‌ ١٠ هه‌زار كه‌سه‌ و ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ به‌ لانیكه‌می ستاندارده‌كانی جیهان بگه‌ین، پێویسته‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ بگه‌یێنینه‌ ٣٠٠ هه‌زار كه‌س.

به‌ وته‌ی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، ژنان ٧٠ له‌سه‌دی هێزی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان پێكهێناوه‌. له‌ ئێران ژماره‌ی په‌ره‌ستارانی ژن نزیك به‌ ٩٠ له‌سه‌ده‌، هه‌ربۆیه‌ بێ مافیی په‌رستاران، بێجگه‌له‌ بێ مافیی پیشه‌یی، نیشانه‌ی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیشه‌.

كه‌س ناتوانێ حاشا له‌و ڕاستیه‌ بكات كه‌ پیشه‌ی په‌رستاری، پیشه‌یه‌كی دژوار و هه‌ستیار و به‌رپرسیداره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌می نان و دابین كردنی بژێویشی پێ زیاد بێت، یه‌كجار دژوارتریش ده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پیشه‌كانی دیكه‌ به‌ هه‌موو دژواریه‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سباب و ئامێر و ئامرازه‌كان سه‌روكاریان هه‌یه،‌ به‌ڵام په‌رستاری، ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گیانی ئینسانه‌كان و ژیان و مه‌رگی ئه‌وان، ڕاسته‌وخۆ له‌ په‌یوه‌ندی دایه‌‌. له‌گه‌ڵ هیچ پێوه‌رێك یه‌ك ناگرێته‌وه‌ كه‌ په‌رستاره‌كان هه‌م له‌ سڵامه‌تی و گیان و ئاسایشی شه‌و  و ڕۆژیان مایه‌ دانێن و هه‌م گیرۆده‌ی خه‌می نان و نیگه‌رانی ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌ و داهاتووی ڕۆڵه‌كانیان بن.  به‌ هه‌ر ڕاده‌یه‌ك ستانداردی ژیان و بژێو و باروودۆخی كاری په‌رستاره‌كان له‌ خواره‌وه‌ بێت، به‌و ڕاده‌یه‌ش ئه‌گه‌ری چاك بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كانیش دێته‌ خواره‌وه‌.  سه‌عاتی كاری زۆر، دژواریی كار و به‌رپرسایه‌تی و هه‌ستیار بوونی ئه‌و پیشه‌یه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ و حقووق و مه‌زایای كه‌م و داهاتووی نادیاریان له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، نه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر باروودۆخی ژیانی په‌رستاران كاریگه‌ریی زۆر خراپ داده‌نێت، به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مووه‌ بێ به‌شیه‌، له‌سه‌ر سه‌ڵامه‌تی كۆمه‌ڵگا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خۆی نیشان ده‌دات و له‌ پڕۆسه‌ی چاك بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كاندا پشێوی درووست ده‌كات.

ئه‌گه‌ر پیشه‌ی په‌رستاری خۆی له‌ زومره‌ی پیشه‌ سه‌خت و دژرواره‌كانه‌، نابێ به‌ شیفتی كاری درێژماوه‌ و بایه‌خ نه‌دان به‌ پشووی حه‌فتانه‌ و نه‌دانی حقووقی پێویست، ئه‌و پیشه‌یه‌‌ سه‌خت و دژوارتر كرێت. سه‌پاندنی سه‌عاتی كاری درێژماوه‌ و نه‌پاراستنی مافی په‌رستاره‌كان بۆ كاری شه‌وانه‌ و ڕۆژانی ته‌عتیلی و نه‌دانی حقووق و مه‌زایاكانیان، یه‌كجار دژه‌ مرۆیی و له‌تاقه‌ت به‌ده‌ره‌.