کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگه‌یاندنی ده‌بیرخانه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێعدامی جه‌نایه‌تكارانه‌ی به‌ندكراوی سیاسی، مسته‌فا سه‌لیمی

photo 2020 04 11 17 07 57

photo 2020 04 11 17 07 57

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو له‌ زیندانی ناوه‌ندیی شاری سه‌قزه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٣ی خاكه‌لێوه‌، مسته‌فا سه‌لیمی، به‌ندكراوی سیاسیی مه‌حكووم به‌ ئێعدام، له‌ زیندانی ناوه‌ندی شاری سه‌قز ئێعدام كرا‌. ڕۆژی ٨ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٩٩، به‌ندكراوانی زیندانی شاری سه‌قز، هاوكات له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی زۆربه‌ی زیندانه‌كانی ئێران، به‌هۆی نیگه‌رانی له‌ تووش بوون به‌ ویرووسی كۆرۆنا ده‌ستیان دایه‌ ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕین و ژماره‌یه‌ك له‌ زیندانیانی عادی و سیاسی توانیان له‌ زیندانی شاری سه‌قز هه‌ڵێن. مسته‌فا سه‌لیمی كه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان زیندانی كرابوو، یه‌كێك له‌و به‌ندكراوانه‌بوو كه‌ توانیبووی خۆی ده‌رباز كات. ناوبراو به‌ هیوای په‌نابه‌ر بوون، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سنووره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام هه‌ر له‌وێ له‌ لایه‌ن مه‌ئمووره‌كانی سه‌رسنووره‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و ته‌حویلی مه‌ئمووره‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌و به‌ری سنووه‌ره‌وه‌ ده‌درێت. ٢٤ كاتژمێر پاش ده‌ستبه‌سه‌ركرانی دووباره‌ی، كۆماری ئیسلامی بۆ تۆقاندن و ترس وه‌به‌رنانی باقیی به‌ندكراوان، جه‌نایه‌تكارانه،‌ مسته‌فا ئێعدام ده‌كات.

هه‌وڵ بۆ هه‌ڵاتن له‌ زیندان، به‌تایبه‌ت له‌ باروودۆخێكدا كه‌ مه‌ترسیی تووش بوون به‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا و مه‌رگ، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گیانی به‌ندكراوان ده‌كات، مافی سرووشتیی هه‌ر به‌ندكراوێكه‌. سه‌باره‌ت به‌ به‌ندكراوانی سیاسی، ئه‌ساسی زیندانی كردنیان، ناڕه‌وا و دژه‌ مرۆیی و جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌، چ بگا به‌وه‌یكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێن و له‌به‌رده‌م تووش بوون به‌ نه‌خۆشی و له‌ باروودۆخی دژواری زینداندا، ڕابگیرێن.

كۆمه‌ڵه‌، ئێعدامی به‌ندكراوی سیاسی، مسته‌فا سه‌لیمی به‌ توندی مه‌حكووم ده‌كات و ئه‌رخه‌یانین كه‌ له‌ دواڕۆژی ڕاپه‌ڕینی حه‌تمیی جه‌ماوه‌ری وه‌گیان هاتووی ئێران، سه‌رانی ڕژیم، وڵامی جه‌نایه‌تی بێ ئه‌ژماری ٤٠ ساڵی ڕابردووی خۆیان، له‌ خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، مسته‌فا سه‌لیمی بۆ ڕزگار كردنی گیانی خۆی په‌نای برده‌ ناوچه‌ی ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. هه‌وڵی ته‌حویل دانه‌وه‌ی ناوبراو به‌ كۆماری ئیسلامی له‌ حاڵێكدا كه‌ ڕوون بوو كه‌ مه‌ترسی مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات، له‌ هه‌ر ئاستێك و له‌ لایه‌ن هه‌ر ناوه‌ندێكه‌ بووبێت، مه‌حكوومه‌. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر بیروڕای گشتیی كوردستاندا، كه‌ به‌رده‌وام له‌ ڕۆژگاری سه‌خت و له‌ دژواریه‌كاندا، پشت و په‌نای یه‌كتر بوون، پێویسته‌ وڵامده‌ره‌وه‌ بێت.

 

ده‌بیرخانه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ _ ڕێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران