کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ئه‌مساڵ، په‌لامارێكی دیكه‌ی ڕژیم بۆسه‌ر ژیانی كرێكاران

25

25

دوایین كاته‌كانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٠ی خاكه‌لێوه‌، “شۆرای عالیی كار“ی كۆماری ئیسلامی به بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢١ له‌سه‌دی حه‌قده‌ستی ساڵی ڕابردوو، لانیكه‌می حه‌قده‌ستی كرێكارانی بۆ ئه‌مساڵ، یه‌ك ملیۆن و ٨٣٥ هه‌زار و ٥٠٠ تمه‌ن ڕاگه‌یاند.  ئه‌م په‌سندكراوه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیرانی سه‌نعه‌ت و مه‌عده‌ن و ته‌جاره‌ت و كار و ئابووری و  سه‌رۆكی سازمانی میللیی ستانداردیش، ڕه‌زایه‌تی پێدراوه‌. شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری به‌ناو ته‌عاون، كار و ره‌فاهی ئیجتماعی و سه‌رۆكی شۆرای عالیی كاری ڕژیمی ئیسلامی، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢١ له‌سه‌دی حه‌قده‌ستی كرێكارانی به‌ ڕه‌وتێكی گونجاو و پیرۆز بۆ چالاكیی به‌رهه‌مهێنان، پێناسه‌ كرد. به‌مجۆره‌ گشت حه‌قده‌ستی كرێكاران وێڕای باقی مه‌زایاكان له‌وانه‌ بۆنی خاروبار و حه‌قی مه‌سكه‌ن و هتد بۆ كرێكارێكی بێ هاوسه‌ر، نزیك به‌ دوو ملیۆن و نیو و بۆ كرێكارێكی خێزاندار سێ ملیۆن تمه‌ن ده‌بێت. ڕاگه‌یاندنی ئه‌و “دیاری“یه‌ی خاوه‌نكاران و ڕژیمی سه‌رمایه‌ به‌ كرێكاران ئه‌وه‌نده‌ بێشه‌رمانه‌ بوو كه‌ ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی كرێكاریی ده‌ست نیشانده‌ی ڕژیم له‌ ناوه‌ندی‌ ده‌ست سازی شۆرای عالیی كاریش، حازر نه‌بوون ئه‌و په‌سندكراوه‌ دژه‌ كرێكاریه‌ی ڕژیم واژۆ كه‌ن و دانیشتنه‌كه‌یان به‌جێ هێشت. بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ٣١٨ هه‌زار تمه‌ن به‌ لانیكه‌می حه‌قده‌ستی مانگانه‌ی كرێكاران له‌ باروودۆخێكدایه‌ كه‌ قه‌یرانی ئابووری قووڵ و گرانی و ته‌وه‌رۆم و دابه‌زینی ئه‌رزشی پووڵ، توانای كڕینی كرێكارانی یه‌كجار لاواز كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ قه‌یرانی ویرووسی كۆرۆنا، ته‌نانه‌ت به‌ قسه‌ی ناوه‌نده‌كانی خودی ڕژیم، هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی نیو ملیۆن تمه‌ن بردووه‌ته‌ سه‌رتر.

دیاری كردنی وه‌ها ئاستێك بۆ لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ساڵی ٩٩، له‌گه‌ڵ به‌رئاوردی ناوه‌ند‌ی ئاماری ڕژیم، كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌زینه‌ی ژیانی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاری له‌ مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ٩٧ه‌وه‌ تا ڕه‌شه‌ممه‌ی ٩٨، ٦٤ له‌سه‌د ڕاگه‌یاندبوو، مه‌ودایه‌كی زۆری هه‌یه‌. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ به‌رئاوردی “كۆمیته‌ی مزدی شۆرای عالیی كار“ی ڕژیم كه‌ هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی مانگانه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاریی ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار تمه‌ن ڕاگه‌یاندبوو، یه‌كجار دووره‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ماده‌ی ٤١ی یاسا پڕوپووچه‌كانی كۆماری ئیسلامیش، كه‌ پێوه‌ری دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی، “هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی و نرخی ته‌وه‌رۆم” ڕاگه‌یاندووه‌، دژایه‌تیی هه‌یه‌. زیاد كردنی ٢١ له‌سه‌دی به‌ لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی پاره‌كه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كه‌متره‌ له‌ دابه‌زینی توانای كڕینی كرێكاران له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا. زیادكردنی وه‌ها بڕه‌ پاره‌یه‌كی بێ ئه‌رزش به‌ حه‌قده‌ستی پێنج به‌رابه‌ر ژێر هێڵی هه‌ژاریی ساڵی ڕابردوو له‌ لایه‌ن وه‌ها ناوه‌ندێكی دژه‌ كرێكاریه‌وه‌ نه‌ ته‌نیا چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی خێرای هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی قه‌ره‌بوو ناكاته‌وه‌ به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی ته‌وه‌رۆمی ٤٣ له‌سه‌دیی ئێستای ئابووریی داڕماوی ئه‌م ڕژیمه‌ دژه‌ كاریگه‌ریه‌ش یه‌ك ناگرێته‌وه‌. له‌ ده‌سه‌ڵاتی هاوسار پساوی ئیسلامی سه‌رمایه‌دا، سه‌همی حه‌قده‌ستێك كه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نكار و ڕژیمه‌وه‌ ده‌درێته‌ كرێكارانێك كه‌ خولقێنه‌ر و خاوه‌نی سه‌ره‌كیی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ن، ته‌نیا نزیك به‌ ٥ له‌سه‌دی گشت هه‌زینه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌. كه‌وابوو، لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ئه‌مساڵیش به‌ مانای پێنج به‌رابه‌ر له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ژیانه‌‌ و ته‌نانه‌ت وڵامده‌ره‌وه‌ی بژێوی مه‌مره‌ و مه‌ژیی پتر له‌ ٤٠ ملیۆن بنه‌ماڵه‌ی كرێكاریش نییه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ساڵی ڕابردوو و پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا، هه‌ڵسووڕاوان و ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكاریه‌كان، وه‌رگرتنی حه‌قده‌ستی خوارتر له‌ ٨ ملیۆن تمه‌نیان به‌ ژیانی ژێر هێڵی هه‌ژاری پێناسه‌ كردبوو. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢١ی خاكه‌لێوه‌ سه‌ندیكای كرێكارانی نه‌یه‌شه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ له‌ به‌یانیه‌یه‌كدا وێڕای مه‌حكووم كردنی په‌سه‌ندكراوی شۆرای عالیی كار، پشتیوانانی نیزامی سه‌رمایه‌داریی له‌ژێرناوی نوێنه‌رانی كرێكاریی ئه‌م شۆرایه‌، به‌ به‌شێك له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌م نیزامه‌ و به‌ گوێ ڕایه‌ڵ و داكۆكیكاری چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران پێناسه‌ كرد و ڕاشیانگه‌یاند كه‌ به‌ په‌سند كردنی حه‌قده‌سته‌كانی هه‌تا ئێستا، ته‌نیا هه‌ژاری  و فه‌لاكه‌تیان به‌سه‌ر كرێكاراندا سه‌پاندووه‌. سه‌ندیكای كرێكارانی هه‌فته‌ ته‌په‌ له‌و به‌یانیه‌یه‌دا جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌: ” ئێمه‌ كرێكاران به‌ په‌سندكراوی ئه‌م شۆرایه‌ سه‌باره‌ت به‌ لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی ساڵی ٩٩ ناڕازین و ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌ سووكایه‌تیی ئاشكرای پشتیوانانی سه‌رمایه‌داری به‌ چاره‌نووسی ملیۆنان كرێكار ده‌زانین و هاوكات خوازیاری لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ٩ ملیۆن تمه‌نین بۆ ساڵی ١٣٩٩.

ئیسماعیل به‌خشی، كه‌سایه‌تیی ناسراو و یه‌كێك له‌ ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، به‌م په‌سندكراوه‌ و كرده‌وه‌ی شۆرای عالیی كار ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕی. ئیسماعیل ڕه‌خنه‌ی له‌ بۆچوونی ئه‌و هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكاریانه‌ گرت كه‌ پێشتر ئه‌ویان به‌خاتری وتووێژ نه‌كردن له‌گه‌ڵ  به‌رپرسان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كرێكاران، دابووه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌. ئه‌و بۆ ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌، سه‌ره‌نجی ئه‌وانی به‌ره‌و دانیشتنی دوو مانگه‌ی شۆرای عالیی كاری ڕژیم ڕاكێشا كه‌ سه‌ره‌نجام بوو به‌وه‌یكه‌ خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت به‌ ئامانجی خۆیان بگه‌ن. شۆرای عالیی كار، بۆ داخوازیه‌كی ئاسایی كرێكاری واته‌ دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان، به‌ناو نوێنه‌رانی  كرێكاریی ئه‌م شۆرایه‌ی‌، به‌ هیچ دانا. ئیسماعیل به‌خشی له‌ درێژه‌دا، ڕێكاری سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی وه‌بیر كرێكاران هێناوه‌ و پرسیی: “كه‌وابوو ئایا ڕێگایه‌ك بۆ كرێكاران بێجگه‌له‌ ڕێكخراو بوون و مانگرتن ده‌مێنێته‌وه‌؟“

له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی دژه‌ كرێكاریی ئیسلامیدا، ڕژیم نه‌ ته‌نیا سه‌باره‌ت به‌ دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان ئه‌م به‌ڵایه‌ به‌سه‌ر كرێكاران دێنێت، به‌ڵكوو بۆ باقیی خواسته‌كانی كرێكارانیش، وڵامێكی بێجگه‌له‌ سه‌ركوت و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان و ده‌ركردن و مه‌حكوومیه‌ت و بێبه‌ری كردن نه‌بووه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریش بۆ وه‌دی هاتنی خواسته‌كانی، له‌ هیچ فیداكاری و خه‌باتێك ده‌ریغی نه‌كردووه‌ و ته‌سلیمی ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ نه‌بووه‌. له‌ حاڵێكدا كه‌ دزی و گه‌نده‌ڵی و ڕانت خۆری سه‌رتاپێی ده‌سه‌ڵاتی داگرتووه‌ و هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دژه‌ مرۆییه‌، به‌ ملیاردها دۆلاریان له‌ سه‌روه‌ت و سامانی كرێكاران وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌رانی سه‌ره‌كیی سه‌رمایه‌، به‌تاڵان بردووه‌، مافی كرێكارانه‌ كه‌ له‌ ژیانێكی شیاوی ئینسان به‌هره‌مه‌ند بن. به‌ڵام هه‌روه‌ك ئیسماعیل به‌خشی ڕایگه‌یاندووه‌، كرێكاران بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌یان ڕێگایه‌كیان نییه‌ بێجگه‌له‌ درێژه‌ی خه‌بات و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی ڕێكخراو  به‌ ڕێبه‌ریی خودی چینی كرێكار، بۆ وه‌دی هاتنی درووشمی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی شۆرایی و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ به‌ هه‌موو شكڵ و قه‌واره‌یه‌كیه‌وه‌. بێ گومان ئه‌وه‌ش ئه‌رك و ڕه‌ساله‌تی ڕێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌ مه‌زنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌.