کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ویرووسی كۆرۆنا بیانوویه‌ك بۆ وه‌دواخستنی دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان

چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانییانی كۆرۆنا له‌ جیهان3

چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانییانی كۆرۆنا له‌ جیهان3

له‌ حاڵێكدا كه‌ نزیك به‌ دوو حه‌فته‌ له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ تێپه‌ڕ بووه‌ و له‌ باروودۆخێكدا كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا بۆ كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان سه‌باره‌ت به‌ كار و پیشه‌یان نیگه‌رانی جیدی درووست كردووه‌، “شۆرای عالی كار“ی ڕژیم به‌ بیانووی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه‌، هێشتا ته‌وه‌ری دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی ئه‌مساڵی یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، هه‌میشه‌ پێش ده‌ستپێكی ساڵی تازه‌ دانیشتنه‌كانی “شۆرای عالی كار” كه‌ پێكهاتبوون له‌ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت، خاوه‌نكاران و ناوه‌نده‌ كرێكاریه‌ ده‌ست سازه‌كانی كۆماری ئیسلامی، ئاستی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان و باقی مه‌زایاكان له‌وانه‌ حه‌قی ئه‌ولاد، حه‌قی سه‌نه‌وات و بۆنی خاروباریان  له‌ ساڵی تازه‌دا دیاری ده‌كرد.

نیگه‌رانیی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان له‌ دواخستن و بیانووهێنانه‌وه‌ی خاوه‌نكاران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیان سه‌باره‌ت به‌ دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ساڵی ١٣٩٩، به‌ پێناسه‌یه‌ك كه‌ له‌ ماهیه‌تی ڕژیمی ئیسلامی هه‌یانه‌، گونجاو و به‌جێیه‌. هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری ئه‌م ته‌رفه‌نده‌ی ڕژیم و خاوه‌نكاره‌كان به‌ ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ی  ده‌ركردنی به‌رینی كرێكاران ده‌زانن، به‌تایبه‌ت كرێكارانێك كه‌ قه‌راردادی كاتییان هه‌یه‌، تا بتوانن به‌ بیانووی بڵاوبوونه‌وی ویرووسی كۆرۆناوه‌ زووتر ده‌ریان بكه‌ن و یان ناچاریان كه‌ن به‌ حه‌قده‌ستێكی كه‌متره‌وه‌ كاریان پێ بكه‌ن. له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاران ته‌نانه‌ت له‌ نه‌بوونی به‌ناو نوێنه‌رانی كرێكاران له‌ “شۆرای عالی كار“دا له‌ جیات خێرایی به‌خشین به‌ پرۆسه‌ی دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی ئه‌مساڵ، باسی “فریز” كردن یان دواخستنی سێ مانگه‌ی ئه‌و ته‌وه‌ره‌ و دیاری كردنی ئاستی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان، بۆ دوای عادی بوونه‌وه‌ی باروودۆخی ئێستا، هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. ئه‌و ته‌رفه‌نده‌ی نوێنه‌رانی خاوه‌نكاره‌كان كه‌ ڕێككه‌وتنی پاڵه‌كیی نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی كاری ڕژیمیشی له‌گه‌ڵه‌، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك به‌ مانای پێدانی حه‌قده‌سته‌ به‌ پێی حه‌قده‌ستی ساڵی ڕابردوو، لانیكه‌م له‌ چوار مانگی ئه‌وه‌ڵی ئه‌مساڵدا. هه‌روه‌ها مه‌رجی گوماناویی “عادی بوونه‌وه‌ی باروودۆخ‌” بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كانی ساڵی ٩٩ به‌مانای حه‌واڵه‌ كردنی ئه‌م كاره‌یه‌ بۆ داهاتوویه‌كی نادیار. له‌و ماوه‌یه‌دا، ده‌ستی خاوه‌نكار بۆ توند كردنه‌وه‌ی گوشاری زیاتر و بۆ سه‌پاندنی حه‌قده‌ستی زۆر كه‌متر به‌سه‌ر كرێكاردا، به‌ بیانووی باروودۆخی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه‌، ئاواڵه‌تر ده‌بێت.

له‌و نێوه‌دا هه‌ڵوێستی به‌ناو نوێنه‌رانی كرێكاران له‌ “شۆرای عالی كار“ی ڕژیم و شۆرای ئیسلامیی كاردا، واته‌ دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان به‌ پێی ته‌وه‌رۆمی ڕه‌سمی، له‌گه‌ڵ خواست و موتالبه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كرێكاران زۆر لێك دووره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ هه‌م ئاماره‌كانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم، واقعی نین و هه‌م چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم ناتوانێ پێوه‌ری هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی بنه‌ماڵه‌ كرێكاریه‌كان بێت.  نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌ شۆرای عالیی كاردا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ١٥ له‌سه‌دیی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ساڵی ٩٨،  ئه‌وه‌ وه‌ك لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ساڵی ٩٩ به‌سه‌ر كرێكاراندا بسه‌پێنن و به‌مجۆره‌ ژیان و بژێوی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش، پتر له‌ ساڵی ڕابردوو به‌ قازانجی سه‌رمایه‌دارانی ده‌وڵه‌تی و خسووسی بده‌نه‌ به‌ر هێرش. هه‌روه‌ها‌، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ته‌وه‌رۆمی زیاتر له‌ ٤٣ له‌سه‌د و دابه‌زینی ئه‌رزشی ریاڵ و هاتنه‌خواره‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری توانای كڕینی خه‌ڵك و گرانیی بێ وێنه‌ی شوێنی نیشته‌جێ بوون و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی قیمه‌تی پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كان، بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ١٥ و ته‌نانه‌ت ٥٠ له‌سه‌دیی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی ساڵی ڕابردووش كه‌ خۆی پێنج به‌رابه‌ر له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ بوو، كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی ناو كۆمه‌ڵگا له‌ هه‌ژاری و برسیه‌تی ڕزگار ناكات. هه‌ربۆیه‌ ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكاریه‌كان له‌ چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ خوازیاری چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی كرێكاران بۆ ٩ ملیۆن تمه‌ن بوون.

كه‌وابوو له‌ باروودۆخی قه‌یرانی ئابووری و باقی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ ڕژیم له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووه‌، مه‌ترسیی سه‌ره‌كیی بۆ ژیان و بژێوی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كرێكاران، ده‌ركردن و بێكار كردنیانه‌. ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاره‌كان به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌ دیاری كردنی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ئه‌مساڵ بكه‌نه‌وه‌، به‌ بیانووی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناوه‌، له‌ حاڵی داڕشتنی به‌رنامه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌یان. هه‌وڵی ڕژیم له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا واته‌ ڕاگه‌یاندنی پشتیوانی ماڵی به‌ قه‌ولی خۆی له‌ “سێ ملیۆن كه‌س له‌ هه‌ژارترین توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ(له‌وانه‌ بێكاران، كرێكارانی فه‌سڵی و ڕۆژمزد و ناڕه‌سمی) له‌ سێ نه‌وبه‌تدا، به‌شێك له‌و به‌رنامه‌یه‌ بووه‌. پشتیوانی نه‌خدیی ڕژیم له‌ سێ نه‌وبه‌تدا و هه‌موو جارێ ٢٠٠ تا ٦٠٠ هه‌زار تمه‌ن له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵگرتنی یه‌ك ملیارد دولار له‌ “سندووقی ته‌وسعه‌ی میللی“ه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر خامنه‌یی ڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر بێت، ناتوانێ گرفتی بێكاری و هه‌ژاریی پتر له‌ ٧٠ له‌سه‌دی خه‌ڵكی كرێكار و هه‌ژاری ناو كۆمه‌ڵ چاره‌سه‌ر كات. به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌یكه‌ له‌ باروودۆخی ئێستادا به‌ ملیۆنان كه‌س به‌هۆی ئاسته‌نگیه‌كانی كۆرۆناوه‌ بێكار بوون و یان خه‌ریكن به‌خاتری كۆرۆنا ده‌رده‌كرێن.

هه‌ڵبه‌ت نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین كه‌ كۆماری ئیسلامی بتوانێ وڵامده‌ره‌وه‌ی خواست و داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بێت. ڕژیمێك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ باروودۆخی ئاساییشدا نه‌یتوانیوه‌ خواست و موتالبه‌ی كرێكاران و توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی دیكه‌ بێنێته‌ دی، له‌ وه‌ها باروودۆخێك دا كه‌ ٢٥٠ هه‌زار ملیارد تمه‌ن به‌ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی قه‌رزداره‌ و بوودجه‌ی ئه‌مساڵی به‌ پێی داهاتی ٤٥ هه‌زار ملیارد تمه‌نیی فرۆشی نه‌وت لێكداوه‌ته‌وه‌ و له‌ باشترین حاڵه‌تدا ١٠ ملیارد دۆلار داهاتی ده‌بێت، هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌ك بێهووده‌یه‌. ئه‌م ڕژیمه‌ به‌ ته‌واو مانا شكستی هێناوه‌ و ده‌یهه‌وێ به‌ فریو و درۆ و سه‌ركوت درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات بدات. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، كرێكاران شایه‌دی ئه‌وه‌ بوون كه‌ وڵامی ڕژیم ته‌نانه‌ت به‌ داخوازیی پیشه‌یی و خواستی په‌رداختی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كانیان، زیندان و شه‌للاق و ئه‌شكه‌نجه‌ بووه‌. له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا، كرێكار نه‌ته‌نیا هیچ مافێكی نییه‌ به‌ڵكوو ئه‌منیه‌ت و باروودۆخی كاره‌كه‌شی به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاره‌. ئه‌وه‌ش به‌ مانای سه‌پاندنی ژیانێكی فه‌لاكه‌تباره‌ به‌سه‌ر كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تێكشی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه دا‌.

كه‌وابوو نابێ چاوه‌ڕوانی دانیشتن و كه‌ره‌م و به‌خشینی خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت و پیلانگێڕیه‌كانیان بین. به‌ وه‌گه‌ڕ خستنی هێز و توانای به‌كۆمه‌ڵ و ڕێكخراوی كرێكاران، كۆڵبه‌ران، ژنانی سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه‌، خانه‌نشینان، موعه‌لیمان، خوێندكاران، واته‌ ئه‌رته‌شی ملیۆنیی سته‌ملێكراوان و به‌ وه‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی گشتی، ده‌توانین ڕژیمی پشتوانی سه‌رمایه‌داران، ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ین.