کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ یادی هاوڕێیانی گیان به‌خت كردووی گوردانی شوان

d 1 768x905 1

d 1 768x905 1

ساڵانێكه‌ دوایین ڕۆژه‌كانی زستان و كاتی هاتنی وه‌رزی به‌هار و ساڵی نوێ، بۆ ئێمه‌ و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ڕه‌نج دیتوو و سته‌ملێكراو، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و تراژێدیه‌كی ئینسانی و خه‌م و ماته‌مینێكی زۆره‌. ٣٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوكات له‌گه‌ڵ دوایین مانگه‌كانی شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراق، ناوچه‌ی ده‌شتی شاره‌زوور له‌ كوردستانی عێراق بوو به‌ مه‌یدانی شه‌ڕێكی خوێناوی، كه‌ تێیدا هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی بێدفاعی دانیشتووی ئه‌م ناوچه‌یه‌، به‌ ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاو، به‌هۆی بۆمبارانی شیمیایی ئه‌رته‌شی جه‌نایه‌تكاری ڕژیمی عێراق، گیانیان به‌خت كرد.

له‌و نێوه‌شدا كۆمه‌ڵه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ٨ ساڵ شه‌ڕی وێڕانكه‌ری ئێران وعێراقدا، دژ به‌م شه‌ڕه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ هه‌ڵوێستی گرتبوو و به‌رده‌وام هه‌وڵی ده‌دا خۆی له‌ مه‌یدانه‌كانی به‌دوور ڕابگرێ، ئه‌مجاره‌یان و هاوچاره‌نووس له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ناوچه‌كه‌، كه‌وته‌ داوی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ و خه‌سارێكی گه‌وره‌ و گرانی به‌ركه‌وت.

له‌و ساڵانه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ چه‌ندین خاڵی له‌ كوێستانه‌كانی سنووری نێوان ئێران و عێراقی كردبووه‌ شوێنی پشوودان و هێز گرتنه‌وه.‌ ئاوایی بیاره‌ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان بوو كه‌ گوردانی شوان تێیدا جێگیر بوو. ڕۆژی ٢٥ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ١٣٦٦، هاوڕێیانی ئێمه‌، ئاگاداری جموجۆڵی تازه‌ی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌و ناوچه‌یه‌ بوونه‌وه‌. ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێكی قورس یه‌كجار له‌سه‌رێ بوو. له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ی نیزامیی كۆمه‌ڵه‌ و كۆمیته‌ی ناوچه‌ی سنه‌، وێڕای په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی گوردانی شوان، فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ و چۆڵ كردنی بیاره‌ به‌و هاوڕێیانه‌ درا. هاوڕێ شۆكرۆڵڵا خه‌یرئابادی، فه‌رمانده‌یی گوردانی شوانی وه‌ئه‌ستۆ بوو. یه‌كێك له‌و ڕێگایانه‌ له‌ مه‌سیری به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بوو و به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ناوچه‌كان شاخاوی بوون و له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ داگیر كرابوون، تێپه‌ڕین له‌و ڕێگایه‌وه‌ مه‌ترسیدار بوو و ته‌نیا به‌ هاوكاریی هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی عێراق له‌وانه‌ بوو جێبه‌جێ بوایه‌. ڕێگایه‌كی دیكه‌ش به‌‌ مه‌سیرێكی ده‌شتاویدا ده‌ڕۆیشت كه‌ ئه‌گه‌رچی وێده‌چوو ئه‌منتر بێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ تیرڕه‌سی دوژمن و له‌ سووچی هێرشه‌كه‌ی ئه‌واندا بوو. هاوڕێیانمان بۆ پاشه‌كشه‌ سه‌ره‌نجام بڕیاریان دا كه‌ به‌‌ ناوچه‌ ته‌خت و ده‌شتاویه‌كاندا پاشه‌كشه‌ بكه‌ن.

پاش ئاماده‌بوون و ئارایشی نیزامی پێویست، به‌ره‌و ئاواییه‌ك به‌ناوی “عه‌نه‌ب” به‌ڕێ ده‌كه‌ون. له‌ نزیكی ئه‌و شوێنه‌، ده‌بینن كه‌ هێزه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ هاوكاری هێزه‌كانی ” به‌ره‌ی كوردستان“ی عێراق به‌شێكی به‌رین له‌ ناوچه‌كه‌یان داگیر كردووه‌ و ئه‌و پرده‌ سه‌ره‌كیه‌ش كه‌ ده‌بوایه‌ به‌سه‌ری دا تێپه‌ڕیبایه‌ن، له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ خاپوور كراوه‌. به‌ ڕووخانی ئه‌و پرده‌ ئیتر ڕێگایه‌ك نه‌مابۆوه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ده‌ریاچه‌ی سیروان تێپه‌ڕیبایه‌ن.

هاوڕێیانی گوردانی شوان ناچار بوون بڕۆنه‌ ناو ئاوایی “عه‌نه‌ب“ه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی نهێنی له‌ چه‌ندین جێگا جێگر بوون، تا ئه‌وه‌یكه‌ له‌گه‌ڵ تاریك بوونی هه‌وا له‌ ده‌رفه‌تێكی گونجاودا درێژه‌ به‌ مه‌سیری پاشه‌كشه‌كه‌یان بده‌ن. ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌تا ئێوارێ له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌. به‌ڵام مانه‌وه‌یان له‌وێ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بۆمبارانی شیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی گازی ژه‌هراوی له‌ گشت ناوچه‌كه‌‌، ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیان به‌ سه‌ختی و ژماره‌یه‌كیشیان تا ڕاده‌یه‌ك مه‌سمووم ببوون. له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوچه‌ی سنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی گوردانی شوان په‌یوه‌ندی ده‌گیرێت و پێیان ده‌وترێ كه‌ به‌ره‌و ده‌ریاچه‌ی سیروان حه‌ره‌كه‌ت بكه‌ن تا له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌له‌مانه‌ی كه‌ پێشتر ئاماده‌ كرابوون، ئه‌وان له‌ ده‌ریاچه‌كه‌ تێپه‌ڕێنن.

هاوڕێیان گوردانی شوان تا تاریك بوونی هه‌وا ڕاوه‌ستان. له‌گه‌ڵ تاریك بوونی هه‌وا هاوڕێیانمان به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی ده‌ریاچه‌ی سیروان وه‌ڕێ كه‌وتن. له‌ باروودۆخی ئاسایی دا بۆ تێپه‌ڕین له‌و مه‌سیره‌ ته‌نیا دوو سه‌عات پێویسته‌‌، به‌ڵام له‌و باروودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌دا، ئه‌و مه‌سیره‌یان به‌ ٨ سه‌عات تێپه‌ڕاند و سه‌ره‌نجام به‌داخه‌وه‌ نه‌شیانتوانی خۆ بگه‌یه‌ننه‌ شوێنی دیاری كراوی هاوڕێیانی كۆمیته‌ی ناوچه‌.

له‌و نێوه‌دا و له‌و به‌ری دیكه‌ی ده‌ریاچه‌كه‌وه‌، گوردانێكی دیكه‌ له‌ پێشمه‌ره‌كه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ تیپی ١١ی سنه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ عێراق به‌په‌له‌ و بێ قه‌رار بۆ یارمه‌تی و ده‌رباز كردنی گیانی هاوسه‌نگه‌رانی خۆیان، ئاماده‌ی هه‌رجۆره‌ چالاكی و فیداكاریه‌ك بوون. ئه‌و ئازیزانه‌ حدوودی ٢٠ ده‌قیقه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ریاچه‌كه‌ مه‌ودایان بوو به‌ڵام به‌هۆی ئاشنا نه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و ناچه‌یه‌ و تاریكی هه‌وا، شوێنه‌ دیاری كراوه‌كه‌یان نه‌بینیه‌وه‌. به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی و یارمه‌تی دانی زیاتری هاوڕێیان، به‌له‌مێك به‌ ٥ سه‌رنشینه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و به‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ ده‌نێردرێ. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌له‌مه‌ بگاته‌ كه‌نار ئاوه‌كان، ده‌كرێته‌ ئامانجی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی. به‌له‌مه‌كه‌ تێكده‌شكێت و ٤ كه‌س له‌ هاوێیان گیانیان به‌خت ده‌كه‌ن و یه‌كیشیان له‌ لایه‌ن هێزه‌كای ڕژیمه‌وه‌ به‌دیل ده‌گیرێ.

كاتێك ئه‌و هاوڕێیانی یارمه‌تیده‌ر ئاگادار ده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌له‌مه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ سڵامه‌ت خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، بۆ جارێكی دیكه‌ ڕێنوێنی به‌ هاوڕێیانی گوردانی شوان ده‌درێ كه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ خاڵێكی دیكه له‌ كه‌نار ئاوه‌كه‌. ١٠ به‌له‌م بۆ گواستنه‌وه‌ و تێپه‌ڕاندنی هاوڕێیان له‌ ده‌ریاچه‌كه‌ ئاماده‌ كرابوو، هاوكات هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئاڕایشی پێویستیان بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێگا و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی هێرشی هێزه‌كانی ڕژیم به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی گیانی هاوڕێیان و ئه‌نجام دانی عه‌مه‌لیاتی گواستنه‌وه‌، به‌خۆگرتبوو.

له‌و نێوه‌دا هاوڕێ شوكڕۆڵڵا خه‌یرئابادی فه‌رمانده‌ی گوردانی شوان، هاوڕێیانی نیشته‌جێ له‌و به‌ره‌وه‌ی ده‌ریاچه‌كه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند واحیدێك له‌ هاوڕێیانی گوردان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی تووشی تێكهه‌ڵچوون هاتوون. پاش تێپه‌ڕینی نیو سه‌عات دوایین په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ نێوان فه‌رمانده‌یی هاوڕێیانی دوو به‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ ده‌گیرێت و پاشان بۆ هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوڕێیان گوردانی شوان ده‌پچڕێ.

ورده‌ ورده‌ و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات مه‌علووم بوو كه‌ هاوڕێیان گوردانی شوان له‌و باروودۆخه‌ یه‌كجار سه‌خت و دژواره‌دا به‌تایبه‌ت له‌به‌ر مه‌سمووم بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیان به‌هۆی بۆمبارانی شیمیاییه‌وه‌، نه‌یانتوانیبوو خۆ بگه‌یه‌ننه‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی سیروان و شوێنی دیاری كراو و هه‌ربۆیه‌ له‌ناو قامیشه‌ڵانه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ده‌مێننه‌وه‌. له‌و كاته‌دا هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی كه‌ به‌له‌مه‌كانی یارمه‌تیدان ده‌بینن، به‌وه‌ ده‌گه‌ن كه‌ ڕه‌نگبێ واحیدێك له‌ هاوڕێیان له‌و ناوچه‌یه‌دا گیریان كردبێ. به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ هێزه‌كانی دوژمن له‌ ده‌ورووبه‌ری شوێنی جیگیربوونیان كۆده‌بنه‌وه‌ و پاشان له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی گوردانی شوان تووشی تێكهه‌ڵچوون دێن و ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌خوڵقێت. به‌مجۆره‌ خوێنی هاوڕێیانی گوردانی شوان له‌گه‌ڵ خوێنی هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی هه‌ڵه‌بجه‌ تێكه‌ڵ بوو و لاپه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ مێژووی پڕ له‌ جه‌نایه‌ت و خوێنڕێژیی حاكمانی سه‌رمایه‌ زیاد كرد.

١٢ كه‌س له‌ هاوڕێیانی گوردانی شوان له‌ لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ به‌دیل گیران. ١١ كه‌سیان پاش چه‌ند مانگ ئه‌شكه‌نجه‌ی فراون و موقاومه‌ت و خۆڕاگری له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ران و دیفاع له‌ ئامانجه‌ كۆمۆنیستیه‌كانیان، سه‌ره‌نجام له‌ جه‌ره‌یانی كوشتار و قه‌تڵوعامی سه‌رتاسه‌ریی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا له‌ زیندانی سنه‌ ئێعدام كران.

له‌و كاره‌ساته‌دا، سه‌رجه‌م ٦٩ كه‌س له‌ ئازیزترین هاوسه‌نگه‌رانمان گیانیان به‌خت كرد. ئه‌و هاوڕێیانه‌ له‌ زومره‌ی لایه‌قترین ئه‌ندامان و كاده‌ركانی پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بوون كه‌ له‌ جه‌ره‌یانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و یان ساڵه‌كانی پێشتر هاتبوونه‌ ناو گۆڕه‌پانی خه‌باته‌وه‌ و به‌ دڵێكی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی‌ بۆ ئامانجی ڕزگاری كرێكاران و بێبه‌شان و دامه‌زراندنی دونیایه‌كی بێ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ و بێ عه‌داڵه‌تی و وێڕای به‌رزكردنه‌وه‌ی درووشمی ” پژی سۆسیالیسم“‌ گیانی ئازیزیان به‌خت كرد.

ناوی گوردانی شوان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و چالاكیه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا‌ هه‌تا به‌مڕۆ، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی بوێری و خه‌باتكاری بووه‌ و ده‌شبێ. ڕێباز و ڕه‌وشت و هه‌ڵسووكه‌وتی سه‌میمانه‌ و شۆڕشگێڕانه و گیانبازی و خه‌باتی لێبڕاوانه‌ی ئه‌م گوردانه‌ ڕه‌زمه‌نده‌یه‌ی كۆمه‌ڵه‌، له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و خه‌باتی كرێكارانی شۆڕشگێڕ و كۆمۆنیست دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی سه‌رمایه‌، له‌ ئێران جێكه‌وتووه‌. له‌ ٣٢مین ساڵیادی گیان به‌خت كردنی ئه‌م هاوڕێیانه‌، یاد و بیره‌وه‌ریی هه‌ر هه‌موویان وێڕای دووباره‌ كردنه‌وه‌ی په‌یمانی پێبه‌ند بوون به‌ ئامانجه‌كانیان  و یادی هه‌موو گیانبه‌خت كردووانی ڕێگای سۆسیالیسم به‌رز ڕاده‌گرین. له‌و ڕۆژه‌دا، بۆ جارێكی دیكه‌ سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ بنه‌ماڵه‌ و كه‌س وكاری ئه‌م هاوڕێیانه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا به‌ تاقه‌ت هێنانیان له‌ به‌رامبه‌ر ژانی له‌ده‌ست دانی ڕۆڵه‌كانیان، بوونه‌ته‌ مایه‌ی دڵگه‌رمی و هۆمێد‌واریی زیاتری ئێمه‌ بۆ خه‌بات و درێژه‌دانی ڕێگای ئازیزانیان.