کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كڕۆنا له‌ ئێران هه‌روا په‌ره‌ده‌ستێنێ

d 768x778 1

d 768x778 1

له‌ حاڵێكدا كه‌ ویرووسی كڕۆنا له‌ ئێران به‌ پێی ئاماره‌ بڵاوكراوه‌كان، به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند له‌ كاتژمێرێكدا، ٣٠ كه‌س تووشی ده‌بن و دوو كه‌سیش ده‌كاته‌ قوربانی، و له‌ حاڵێكدا كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، بڵاوبوونه‌وه‌ی “ویرووسی كڕۆنا“ی جیهانی یان “پاندمی” پێناسه‌ كرد، سه‌رانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌روا به‌ چاوێكی ئه‌منیه‌تیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و ته‌وه‌ره‌ و له‌ ڕاگه‌یاندنی ئاماری ورد سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانیان به‌تایبه‌ت له‌ قۆم، تاران، ئیسفه‌هان و ڕه‌شت، به‌هۆی به‌رزبوونی ئاماره‌كان، خۆده‌بوێرن.  ده‌وڵه‌تی ڕووحانیش، ده‌ستی له‌سه‌ر ده‌ست داناوه‌ و بێجگه‌له‌ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان له‌ خه‌ڵك و درۆنانه‌وه‌، هه‌وڵێكی جیدی و كاریگه‌ری بۆ پێشگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ده‌ست نایه‌. عه‌لی خامنه‌ییش كه‌ له‌ پێشدا بڵاوبوونه‌وه‌ی كڕۆنای پێ هیچ نه‌بوو و نوسخه‌ی دوعای شه‌فا و سه‌حیفه‌ی سه‌جادیه‌ی بۆ چاك بوونه‌وه‌ی مسوڵمانان هه‌ڵده‌پێچا، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٢ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ حسێن باقری، سه‌رۆكی ستادی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی، به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ڕاوێژی فه‌رمانده‌ی سپای پاسداران، چۆنیه‌تیی هێرشی بیۆلۆژیكی دوژمنی كه‌شف كرد كه‌ گۆیا بووه‌ته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه‌ له‌ ئێران.   خامنه‌یی وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی، له‌ جیات گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستی مه‌عقووڵ نیسبه‌ت به‌و ئافه‌ته‌ جیهانیه‌ و به‌كار هێنانی توانا و ئیمكاناتی ماڵی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵی، فه‌رمانی به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی داوه‌ كه‌ ” ده‌توانن مانۆڕی دیفاعی بیۆلۆژیك به‌ڕێوه‌به‌رن و به‌مجۆره‌ به‌ ئیقتدار و توانای میللی زیاد بكه‌ن“.

حه‌سه‌ن ڕووحانی وه‌ك به‌ناو “سه‌رۆكی ستادی میللیی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كڕۆنا” له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و ستاده‌دا، هێنانه‌ خواری سه‌عاتی كار و یان داخستنی ناوه‌نده‌كانی، به‌ ترس نانه‌وه‌ و پیلانگێڕیی دوژمن پێناسه‌ كرد. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌م ویرووسه‌ له‌ ٣٠ ئۆستانی ئێران، گیانی سه‌دان كه‌سی ئه‌ستاند و به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌سی كرد به‌ قوربانی، بۆ پاساو كردنی بێ به‌رنامه‌یی ده‌وڵه‌ت و شپرزه‌یی ئابووریی ڕژیم، نوسخه‌یه‌كی تری پێچاوه‌. ئه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا، خۆی له‌ وه‌گه‌ڕخستنی هه‌وڵێكی جیدی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كاره‌ساته‌ دزیه‌وه‌ و خه‌ڵكی ئێرانی بۆ دیتنه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌ حه‌واڵه‌ی “نوسخه‌ی واحیدی دونیا” بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كڕۆنا كرد. ڕووحانی هه‌موو جۆره‌ قه‌ره‌نتینه‌ و داخرانی مه‌دره‌سه‌ و ئیداره‌كانی به‌ ناپێوێست له‌قه‌ڵه‌م دا و گیان له‌ده‌ست دانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی ئێرانی به‌هۆی ئه‌م ویرووسه‌، ته‌نیا به‌ گه‌وره‌ كردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ و ده‌نگۆی بێ ناوه‌رۆك ناولێبرد.

حاكمانی كۆماری ئیسلامی به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ چل ساڵه‌ به‌ فریو و درۆ و دیكتاتۆری و سه‌ركوت و دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئێران، درێژه‌یان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان داوه‌، بۆشایی قووڵی نێوان خۆیان و خه‌ڵك به‌ باشی ده‌بینین. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ساڵیانێكی زۆر گه‌نده‌ڵی و دزییه‌ گه‌وره‌كانیان له‌ سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی ئێران بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌ ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێ. ڕووحانی خۆی باش ده‌زانێ كه‌ كۆماری ئیسلامی وه‌ها پێگه‌یه‌كی نییه‌ كه‌ بتوانێ له‌ “نوسخه‌ی واحیدی دونیا” بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ویرووسه‌ كه‌ڵك وه‌رگرێ. كۆماری ئیسلامی به‌خاتری ئابووریی شپرزه‌ و بێ متمانه‌یی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران به‌م ڕژیمه‌ و له‌به‌ر ئه‌وله‌ویه‌ته‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانی له‌ بوودجه‌به‌ندیدا، ناتوانێ وه‌ك هێندێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌ هه‌وڵی جیدی بخاته‌ گه‌ڕ. بۆ ڕژیمی ئیسلامی ئه‌وله‌ویه‌تی بوودجه‌به‌ندی، دابین كردنی پێداویستیی ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تی و نیزامیه‌كانه‌ نه‌ك دابین كردنی ژیانی خه‌ڵك. خامنه‌ی بۆ سپای قۆدس حازره‌ ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ بوودجه‌ ته‌رخان كات به‌ڵام بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كڕۆنا، ته‌نیا وته‌ی بێ ناوه‌رۆك ته‌حویلی خه‌ڵك ده‌دا. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی چین، شاری ووهانی به‌ ٩ ملیۆن كه‌س جه‌معیه‌ته‌وه‌ قه‌ره‌نتینه‌ كرد و له‌ ئێستادا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ یه‌ك ڕۆژدا ته‌نیا ١٥ كه‌س تووش بوو له‌و وڵاته‌دا تۆمار كراوه‌، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی بایه‌خ دانی ده‌وڵه‌ت و ته‌رخان كردنی بوودجه‌ و ئیمكاناتی پێویسته‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، ڕۆژنامه‌ی واشنگتۆن پۆست، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر نووسیی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی قوربانیان، له‌ قۆم كاناڵی ٩٠ میتریان بۆ ناشتنی قوربانیانی كڕۆنا هه‌ڵكه‌نده‌وو.

پاش ٢٠ ڕۆژ، درۆ و حاشاكردن و نهێنی كاریی ڕژیم به‌خاتری بازاڕگه‌رمیی ڕێوڕه‌سمی ٢٢ی ڕێبه‌ندان و نومایشی هه‌ڵبژادن، ئێستا ئه‌م ویرووسه‌ له‌ پانتایه‌كی به‌ریندا ئێرانی گرتووه‌ته‌وه‌. كۆماری ئیسلامی له‌جیات ڕاگه‌یاندنی‌ ئاماری واقعی قوربانیان و تووش بووان، ده‌ستی داوه‌ته‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هه‌واڵنێران و كادری ده‌رمانیی و كه‌سانێك كه‌ ڕاستیه‌كان به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن. ناوه‌ندی هه‌واڵنێریی كۆماری ئیسلامی “ئیرنا” ڕایگه‌یاند كه‌ كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی بێهداشت، به‌رپرسانی مه‌حه‌لییان له‌ ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ی قوربانیان مه‌نع كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی ئۆستانه‌كان، به‌رپرسانی مه‌حه‌لی له‌ژێر گوشاری بیروڕای گشتی، ئاماری زۆر دڵته‌زێن له‌ ژماره‌ی تووش بووان و قوربانیانی ئه‌م ویرووسه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌، به‌ڕاستی جێی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر بڵێین كۆماری ئیسلامی هۆكاری سه‌ره‌كیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كڕۆنایه‌ له‌ ئێران.

به‌ له‌به‌رچاوگرتنی باروودۆخی ناله‌باری ئابووری ئێران و به‌تایبه‌ت له‌ باروودۆخێكدا كه‌ به‌رهه‌مهێنان و چالاكیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كڕۆنا ڕكوودی په‌یدا كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامیدا هه‌ژاری و بێكاریی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری هه‌ژاری كۆمه‌ڵ زیاتری په‌ره‌ سه‌ندووه، له‌ وه‌ها وه‌زعێكدا و  له‌ نه‌بوونی هیچ جۆره‌ بیمه‌ و حه‌قده‌ستی بێكاری، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش سه‌ره‌ڕای ئاگاداربوون له‌ مه‌ترسیی تووش بوون به‌ كڕۆنا ناچارن ڕوو له‌ مه‌یدان و بازاڕ و شه‌قامه‌كان بكه‌ن و بۆ دابین كردنی بژێویان، شه‌و و ڕۆژی هه‌وڵ بده‌ن و كار بكه‌ن. له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌رپرسی ژیان و دابین كردنی بژێوی توێژه‌ كه‌م داهات و زیانهه‌ڵگره‌كانه‌، به‌رپرسایه‌تیی مه‌رگ و تووش بوونی هه‌ركام له‌وانیش به‌ ویرووسی كڕۆنا، به‌ ته‌واوی وه‌ئه‌ستۆی كۆماری ئیسلامییه‌.

له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، كرێكارانی به‌شه‌كانی به‌رهه‌مهێنان پێویسته‌ به‌ خواستی بردنه‌سه‌ر‌ه‌وه‌ی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان وخواستی دابین كردنی كه‌ره‌سته‌ی ته‌ندرووستی و پێشگرتن له‌ تووش بوون به‌م نه‌خۆشیه‌، ئیعترازاته‌كه‌یان په‌ره‌پێبده‌ن و له‌ ڕێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری، ڕژیم و خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ ناچار بكه‌ن تا كۆتایی قه‌یرانی كڕۆنا، وێڕای پێدانی حه‌قده‌ستی ته‌واو، كارخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی كار دابخه‌ن.