
به پێی ڕاپۆرتهكان، “پەروین ئەدوایی و فەریدە وەیسی” کە لە زیندانی ژنانی شاری سنە ڕاگیراون، ماوەی ٦ڕۆژە له ناڕهزایهیی به ناڕوونی چارەنووسیان و هەروەها پێنەدانی مافی ئازادی بەمەرج، مانیان لە خواردن گرتووە.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، بڕیار بوو “فەریدە وەیسی” و هاوژینەکەی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێن، بەڵام بە هۆی کارشکێنی بەرپرسانی دەزگای دادوەری هێشتا ئازاد نەبوون و هەر بۆیەش فەریدە وهیسی ماوەی شهش ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە. جێگهی وهبیرهێنانهوهیه، هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لە شاری دێهگۆلان ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانباری ئهمساڵ هێرشان کردە سەر ناوەندی فێرکاریی “زانست” و فهریده وهیسی و هاوژینەکەیان دەستبەسەر کرد. ههر لهم پێوهندهدا، پەروین ئەدوایی چالاکی مەدەنی خەڵکی گوندی سەلێنی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژی ئهمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بەندکران بە دانانی بارمەتی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. “پەروین ئەدوایی” ماوەیک پێش لەلایەن دادگای ڕژیم لهمشاره بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یهكێك له حیزبه نهیارهكانی دژ به ڕژیم” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ڕێبەندان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروردەی شاری سنە کراوە.
