کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویسته‌ بۆ ده‌وره‌ی پاش كڕۆنا ئاماده‌ بین

t 768x997 1

t 768x997 1

له‌گه‌ڵ شكستی وتووێژی وڵاتانی سه‌ره‌كیی هه‌نارده‌ی نه‌وت، واته‌ وڵاتانی ڕێكخراوی ئۆپێك، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڕووسیه‌ له‌سه‌ر هێنانه‌ خواره‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، بۆ پێشگرتن له‌ دابه‌زینی به‌هاكه‌ی، قیمه‌تی هه‌ر بۆشكه‌یه‌ك نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ نزیك به‌ ٣٠ دۆڵار واته‌ خوارترین ئاستی خۆی له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌ مانگه‌كانی پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كڕۆنا له‌ جیهان، قیمه‌تی هه‌ر بۆشكه‌یه‌ك نه‌وت نزیك به‌ ٩٠ دۆڵار بوو. دابه‌زینی ئه‌رزشی سه‌هامی ناوه‌نده‌ ئابووریه‌كان، زه‌نگی مه‌ترسیه‌كی تازه‌ی بۆ سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كانیان هێناوه‌ته‌ ده‌نگ. ڕێكخراوی هاوكاری و گه‌شه‌ی ئابووری له‌ نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، ڕایگه‌یاند كه‌ ئابووری جیهان له‌ ساڵی ٢٠٢٠دا خاوبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ بوار ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ئابووری به‌خۆوه‌ ده‌بینێ. ئه‌م ناوه‌نده‌ ماڵی و ئابووریه‌ی سه‌رمایه‌داریی جیهانی، وێڕای هۆشدار سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كڕۆنا له‌سه‌ر ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان له‌م ساڵدا، پێداچوونه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌ئاورده‌كانی پێتشریدا كرد و له‌ هه‌مان حاڵدا ڕاشیگه‌یاند كه‌ پانتا و به‌رینایی دابه‌زینی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان ناڕوونه‌. به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌، له‌ حه‌فته‌كانی داهاتوودا، جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌ ئاستی دونیادا ده‌چێته‌ قۆناخێكی نوێی ڕكووده‌وه‌.  ئه‌م ناوه‌نده‌ ماڵیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌، پێش بینیی كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ویرووسی كڕۆنا له‌ ئافریقا و ئه‌مریكای لاتین و هێند بڵاوبێته‌وه‌، ئه‌وكات باروودۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت و دواهاته‌كانی دابه‌زینی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان، له‌ مرۆڤه‌وه‌ بگره‌ تا بوونه‌وه‌ر و ژینگه‌، ده‌توانێ زۆر گرانتر ته‌واو بێت. ڕێكخراوی هاوكاری و گه‌شه‌ی ئابووری، دواهاته‌كانی نه‌خۆشیی كڕۆنای به‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی ئابووری جیهان پاش قه‌یرانی ماڵی ساڵی ٢٠0٨، پێناسه‌ كردووه‌. ته‌نانه‌ت ده‌وترێ كه‌ ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان ده‌توانێ هه‌تا نیوه‌ كه‌م بێته‌وه‌.

به‌ڵام له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌و باروودۆخه‌ قه‌یراناویه‌ی كه‌ ئابووریی سه‌رمایه‌داریی له‌ ئاست جیهاندا گرتووه‌ته‌وه‌، ئابووریی ئێران ڕۆژانه‌ به‌رده‌وام زه‌ربه‌ی توند و تازه‌ی لێده‌درێ. هاتنه‌ خواره‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران له‌ ٢ تا ٣ ملیۆن بۆشكه‌ له‌ ڕۆژدا بۆ ٢٥٠ هه‌زار بۆشكه‌، درێژه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌كانی ئه‌مریكا، داخرانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی بێكاری، دابه‌زینی ئاستی هه‌نارده‌ی غه‌یره‌ نه‌وتی، كه‌ ته‌نیا خاڵی پشتیوانی ڕژیم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌ خوارێی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان بوو، ڕكوودی بازاری ناوخۆیی، دابه‌زینی توانای كڕینی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌، هاتنه‌ خوارێی ئه‌رزشی پووڵی ئێران، له‌ زۆمره‌ی ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ن، كه‌ ئه‌مڕۆ داوێنی ئابووریی شپرزه‌ی كۆماری ئیسلامیان گرتووه‌. به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی ویرووسیی كڕۆنا، هۆكاری ئه‌م قه‌یران و پشێویه‌ ئابوورییه‌ی ئێران نییه‌، به‌ڵكوو كڕۆنا بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌یی و بێكه‌فایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوونتر نیشان دا.

ئه‌مڕۆ، كه‌ جه‌ماوه‌ری  خه‌ڵك، خاڵی لاوازی دوژمن به‌ ڕوونیه‌كی زیاتره‌وه‌ ده‌بینن، نابێ ڕێگه‌ بدرێ كۆماری ئیسلامی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و په‌تاییه‌ جیهانیه‌ و خۆمه‌زلووم كردنی له‌ ژێر سێبه‌ری قه‌یرانی كڕۆنادا، خۆی له‌ زه‌بری ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دژبه‌ گشت ئه‌م سیستمه‌ ده‌رباز كات. كۆماری ئیسلامی له‌ بوار به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وڵاته‌دا، به‌رده‌وام ڕژیمێكی بێ كه‌فایه‌ت بووه‌. به‌ڵام كڕۆنا داماویی كۆماری ئیسلامی و پارادۆكسه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌م ڕژیمه‌ و هه‌موو خه‌سڵه‌تێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ی، یه‌ك جێ و به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجار ڕوون به‌ جیهان نیشان دا. كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دا له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌م باروودۆخه‌دا، ده‌ست درێژیی ئاشكرای خۆی بۆسه‌ر ژیان و بژێوی كرێكاران و به‌شه‌ كه‌م داهاته‌كانی كۆمه‌ڵ به‌سه‌ره‌نجام بگه‌یه‌نێت و قه‌یرانه‌ ئابووریه‌كه‌ی به‌ قیمه‌تی زیاتر چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران و تاڵان كردنی نانی سه‌ر سفره‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵك ، تێپه‌ڕێنێ. نابێ ڕێگه‌ بدرێ قه‌یرانی كڕۆنا خواستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ بێنێته‌ خوارێ كه‌ پاراستنی گیانیان له‌ به‌رامبه‌ر ئێپیدێمیه‌كی وه‌ك كڕۆنا، ببێته‌ ئامانجی ژیان له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا. كڕۆنا په‌تاییه‌كی جیهانییه‌ به‌ڵام بێ وێنه‌ نییه‌. مرۆڤایه‌تی به‌ڵای جیهانیی زۆر له‌وه‌ سه‌ختتریشی له‌ ڕێگه‌ی زانست و ئه‌زموون و هاوپشتیه‌وه‌ تێپه‌ڕاندووه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ لووتكه‌ی تواناییه‌كانی خۆی دایه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دیاردانه‌.

زانستی ئه‌مڕۆ و هێزی داهێنه‌ری مڕۆڤی ئه‌م سه‌ره‌ده‌مه‌، سه‌ره‌نجام بۆ قه‌یرانی كڕۆناش هاوشێوه‌ی قه‌یرانی سارس و ئیبۆلا، ڕێگاچاره‌یه‌ك ده‌بینێته‌وه‌ و به‌سه‌ر ئه‌م دوژمنه‌ سرووشتیه‌شدا زاڵ ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ئاست جیهاندا دیسان درێژه‌ی ده‌بێت، قه‌یرانی پێكهاته‌یی سه‌رمایه‌داریی جیهانی و قه‌یران و پشێوییی سه‌مایه‌داریی ئێرانه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ نموونه‌كانی. ئه‌و دیارده‌یه‌ گیان سه‌خت تر و درێژخایه‌نتره‌ و ڕیشه‌ كێش كردنه‌كه‌شی ئاماده‌كاریی تایبه‌ت‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان، ڕێكخستن، وشیاری و وره‌ و خه‌بكاریی زیاتری پێویسته‌. ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌م سیستمه‌ و ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تی پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌دژی، ئه‌ركێكه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كۆمۆنیسته‌كان و چینی كرێكار و مرۆڤایه‌تیی پێشكه‌وتووخواز و عه‌داڵه‌ت ته‌ڵه‌ب دایه‌. پێویسته‌ بۆ ده‌وره‌ی پاش كڕۆنا ئاماده‌ بین.