پتر له چوار ده‌یه‌یه كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی یاساكانی سه‌رچاوه‌گرتوو له ئایینی ئیسلام، پێگه‌یه‌كی كۆیله ئاسای به‌سه‌ر ژنانی ئێران‌دا سه‌پاندووه. یاساكانی كۆماری ئیسلامی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و سووكایه‌تی به ژنانی به شێوه‌ی سیسته‌ماتیك به‌كرده‌وه ده‌رهێناوه. به پێی ئه‌م یاسایانه ژنان به ڕه‌سمی به نیوه‌ی پیاوان به‌حیساب دێن و له سه‌ره‌تاییترین مافه ئینسانیه‌كان بێبه‌رین. ڕژیم به زه‌بری حیجابی ئیجباری و شه‌للاق و زیندان، مافی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی پۆششی له ژنان زه‌وت كردووه. ئه‌م ڕژیمه به پێشێلكردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژنان له‌وانه مافی سه‌فه‌ر كردن، مافی جیابوونه‌وه، مافی سه‌ر‌په‌رستیی منداڵان، مافی هه‌ڵسووكه‌وتی ئازادانه له‌گه‌ڵ پیاوان، سووكایه‌تی به مانا و جه‌وهه‌ری ئینسانیی نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌كا. ڕژیم له ڕێگه‌ی به یاسا ده‌رهێنانی چه‌ند هاوسه‌ری و سیغه و “بایه‌خی كۆمه‌ڵایه‌تی” دان به گه‌نده‌ڵیی ئه‌خلاقیی پیاوانێك كه هۆگری ئه‌و یاسایانه‌ن، ژنانی به‌ره‌و كۆیله‌تیی جنسی بردووه.
به‌مجوره ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، له لایه‌كه‌وه مه‌یلی كۆنه‌په‌رستانه‌ی پیاوسالاریی به یارمه‌تیی یاسا ئایینیه‌كان كردووه‌ته‌وه یه‌كێك له پایه‌كانی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌و كرده‌وه‌یه‌ی خزمه‌ت به نیزامی سه‌رمایه‌داری ده‌كات كه خۆی سه‌رچاوه و هۆكاری مانه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنانه. له ئێران ئایین ته‌نیا ئه‌فیوونی جه‌ماوه‌ر نییه، به‌ڵكوو ئامرازی سه‌ركوت و كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان و ئامرازی ده‌خاڵه‌ت له خسووسیترین بواره‌كانی ژیانی ئینسانه‌كانه.
نیزامی سه‌رمایه‌داری و پیاوسالاری تێكه‌ڵاو له‌گه‌ڵ ئایین، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی و پێگه‌ی دووهه‌م بوونی ژنانی له ناو بازاری كاردا به‌جۆرێك جێخستووه كه خه‌باتی ژنان بۆ به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی له پیاوان، زۆر ئاڵۆز و دژوار كردووه. بیروبۆچوون و كلتووری زاڵی كۆمه‌ڵ كه كلتووری چینی ده‌سه‌ڵاتداره به ئیدێئۆلۆژیی ئیسلامیه‌وه، له پێناو به‌رهه‌مهێنانی دووباره‌ی هێزی كاری ئه‌رزان بۆ سه‌رمایه‌دار، ته‌نیا پیاو به نان ده‌رهێنه‌ری ماڵ ده‌زانێت كه ئه‌وه‌ش خۆی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی زاڵ بوونی نیزامی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیه له بازاری كاردا. نیزامی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، ژنانی وه‌ك كۆیله‌ی بێ مزدی سه‌رمایه، به بێ به‌هره‌مه‌ند كردن له بیمه‌ی بێكاری و باقی خزمه‌تگوزاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، له گۆشه‌ی ماڵه‌كانی په‌ستاوتووه. نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری، به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ڕێگای خه‌باتی ژنان له پێناو وه‌دهێنانی یه‌كسانیی مافه‌كانیان له‌گه‌ڵ پیاوان. ئه‌گه‌رچی ژنانی ئێران سه‌رسه‌ختانه هه‌وڵیان داوه تا له ڕێگه‌ی خوێندنی باڵا و كاری زیاتره‌وه، سه‌ربه‌خۆیی ماڵی به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی ڕووبه‌رڕوو بوونه‌ته‌وه.
له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و به‌ربه‌سته پێكهاته‌یانه‌دا، سه‌همی ژنان له بازاری كاری ئێران‌دا هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته ٢٠ له‌سه‌د. به‌و حاڵه‌شه‌وه زیاتر، كاری نیوه وه‌خت و كاتی و ڕۆژمزد به حه‌قده‌ستی كه‌مه‌وه، به نه‌سیبی ژنان ده‌بێت. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی خێرای جه‌معیه‌تی ژنانی خوێنده‌وار به مه‌دره‌كی باڵاوه له ناو ژنانی ئاماده به‌كاردا، گۆڕانكاره‌یه‌كی زۆری له‌و پێكهاته سوننه‌تیه‌دا نه‌خۆڵقاندووه. نابه‌رابه‌ریی ڕه‌گه‌زی له دابه‌ش كردنی شوغڵه‌كاندا، ده‌بێته هۆی نابه‌رابه‌ری له پێدانی حه‌قده‌سته‌كان. له‌و بازاره كاره‌دا كه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی دامه‌زراوه، ژنان له زومره‌ی ئه‌وه‌ڵین كه‌سانێكن كه ده‌درێنه به‌ر تیخی ئازار و سووكایه‌تی و ده‌ركردن. له‌سه‌ر به‌ستێنی ئه‌و باروودۆخه و توندبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری و له حاڵێكدا كه پتر له ٦٠ له‌سه‌دی خه‌ڵك له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هه‌ژاری له ئێران زیاتر له جاران له‌سه‌ر شانی ژنان قورسایی ده‌كات و له‌و نێوه‌شدا ژنان پتر له توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا، ده‌كه‌ونه به‌رده‌م زیانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه. به‌ربه‌ریه‌ت و وه‌حشیگه‌ریه‌ك كه ڕژیمی ئیسلامی ده‌رحه‌ق ژنان ئه‌نجامی داوه، به‌جۆرێك سووكایه‌تیی به پێناسه‌ی ئیسانی ئه‌وان كردووه، كه ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕینی ژنان دژبه باروودۆخی زاڵی كردووه‌ته یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له پێناو وه‌ڕێخستنی شۆڕش بۆ ڕزگار بوون له كۆماری ئیسلامی.
ئه‌مساڵ بزووتنه‌وه‌ی ژنان له باروودۆخێكدا به‌ره‌وپیری ٨ی مارس ده‌ڕوات كه ته‌نیا سێ مانگ له ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر تێپه‌ڕ بووه. ژنانی بێبه‌شی شاره‌كان و په‌راوێزخراوان یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ئاخێزه بوون، ئه‌و ژنانه شان به شانی پیاوان له ڕێزه‌كانی پێشه‌وه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه به‌شداریان كرد و له نه‌به‌ردی سه‌ر شه‌قامه‌كاندا دژبه په‌لاماری وه‌حشیانه‌ی هێزی سه‌ركوتگه‌ری ڕژیم بوێرانه به‌شدار بوون. ئه‌مڕۆكه ژنانی ئێران له ڕیزی خه‌باتی كرێكاران، له ڕیزی خه‌باتی سه‌رتاسه‌ریی موعه‌لیمان و خانه‌نشینان و خوێندكاران، له ڕێزی خه‌بات بۆ پاراستنی ژینگه و له بواره جواراوجۆره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و له بوار خۆڕاگری له ناو زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كانی ڕژیم، له هه‌موو جێگایه‌ك، له ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا حزووریان هه‌یه و نموونه‌ی بوێریی شۆڕگێڕانه و سه‌رسه‌ختین له په‌یگیر كردنی خواسته ڕه‌واكانیان. به‌شداریی به‌رچاوی ژنان له مه‌یدانه‌كانی نه‌به‌رددا، ده‌ور و نه‌خشی ئه‌وانی له ڕووداو و گۆڕانكاریه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی داهاتوو، كردووه‌ته ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر.
ئه‌گه‌رچی به‌شداری ژنان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه و بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، دڵ گه‌رمی و متمانه‌به‌خۆیی زیاتری داوه به هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه كه بزووتنه‌وه‌ی ژنان له نه‌بوونی ستراتێژیه‌كی ڕووندا ناتوانێ پێشڕه‌ویی خۆی زه‌مانه‌ت كات. بزووتنه‌وه‌ی ژنان ئه‌گه‌ر نه‌یهه‌وێ هێزه مه‌زنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی ببێته هێزی پاشكه‌وتی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی لایه‌نگری ڕۆژاوا له ئێران بۆ تێپه‌ڕینی ئارام له كۆماری ئیسلامی و ده‌ست به ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له سه‌رووی خه‌ڵكه‌وه، پێویسته ستراتێژی دژه سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستی بگرێته به‌ر. ئه‌گه‌ر به‌شه جۆراوجۆره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران له‌سه‌ر پاراستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌داری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باشتری خسووسی سازی و زیاتر بوونی چه‌وسانه‌وه و مه‌ودای نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، كاڵایی بوونی هه‌رچی زیاتری خزمه‌تگوزاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێداگری ده‌كه‌ن، بزووتنه‌وه‌ی ژنان پێویسته پشت به‌و ستراتێژ و ئاسۆیه ببه‌ستێ كه دژبه په‌یوه‌ندیه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌داریه و له‌سه‌ر به‌رابه‌ریی واقعی ژن و پیاو له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری و له‌سه‌ر پێویستیی بارهێنان و ته‌ندرووستیی بێبه‌رامبه‌ر و باغچه‌ی ساوایانی به‌خۆڕایی ، و دابین كردنی بیمه‌ی بێكاری بۆ هه‌موو كه‌سانی ئاماده به‌كار، پێویستیی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، شوێنی نیشته‌جێ بوون و دابین كردنی ڕه‌فاهی گشتی، دابه‌شكاریی دووباره‌ی كاری ناو ماڵ پێداگری ده‌كات. با به هاوپشتی و هه‌وڵی زیاتر بۆ به‌رین كردنه‌وه‌ی ئاسۆی سۆسیالیستی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی ژنان، له ٨ مارس ڕۆژی جیهانیی ژن پێشوازی بكه‌ین.