کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شكستی نومایشی هه‌ڵبژاردنی ڕژیم بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێشڕه‌وی

15765551 303 1 575x324 1

15765551 303 1 575x324 1

په‌رده‌ له‌سه‌ر نومایشی هه‌ڵبژاردنی ڕژیم كاتێك لادرا كه‌ وێنه‌ی حه‌وزه‌ به‌تاڵه‌كانی ده‌نگدان، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ته‌نیه‌وه‌. ئه‌و شانۆگه‌رانه‌ی كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین حه‌فته‌ هه‌موو فڕ و فێڵێكیان خسته‌ كار تا خه‌ڵك به‌ره‌و سندووقه‌كانی ده‌نگدان ڕاكێشن، خۆیان بوون به‌ دۆڕاوانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و نومایشه‌ سه‌رشۆڕانه‌یه‌. خامنه‌یی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی به‌ “جه‌هادی گشتی” پێناسه‌ ده‌كرد و به‌شداری كردن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شیدا به‌ “ته‌كلیفی شه‌رعی” ناولێده‌برد. به‌ڵام دیتمان كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵك، نه‌ به‌شداری “جه‌هادی گشتی” بوون و نه‌ چكۆله‌ترین بایه‌خیشیان بۆ ته‌كلیفه‌ شه‌رعیه‌كه‌ی‌ دانا. ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی، له‌وه‌یكه‌ شۆرای نیگه‌هبان ئه‌وانی له‌ ژێر تیخه‌وه‌ ڕه‌ت كردبوو، بۆڵه‌یان ده‌هات، به‌ڵام ئه‌وانیش ئه‌ركی خۆیان و موریده‌كانیان، به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردن ڕاگه‌یاند. كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم به‌و په‌ڕی بێ شه‌رمیه‌وه‌ و له‌ حاڵێكدا كه‌ حه‌وزه‌كانی ده‌نگدان به‌هۆی بایكۆتی به‌رینه‌وه‌، ببوونه‌ شوێنی نومایشی ناڕه‌وایی ڕژیم، له‌ سێ نۆبه‌تدا، سه‌عاتی ده‌نگدانه‌كانیان زیاتر كرد و پاشان ده‌ستیان دایه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ساخته‌ی حه‌وزه‌كان و سه‌ره‌نجام ده‌بوایه‌ چه‌ندین سه‌عات تێپه‌ڕ بوایه‌ تا له‌ شۆكی ئه‌و زه‌ربه‌یه‌ بێنه‌ ده‌ر و خۆیان بۆ نومایشی جه‌عل و ساخته‌كاریه‌كانیان ئاماده‌ بكه‌ن.

كاتێك ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕێژه‌ی به‌شداری كردن له‌ شاری تاران له‌ ١٥ له‌سه‌د نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر، كاتێك فه‌رمانداری ئیسفه‌هان له‌ كاتژمێر ٦ی دوای نیوه‌ڕۆوه‌ باس له‌ به‌شداریی ته‌نیا ٢٠ له‌سه‌د له‌ خه‌ڵك ده‌كات، كاتێك ئۆستانداری تاران له‌ وڵام به‌ پرسیاری هه‌واڵنێران وتی: “پێمان وتراوه‌ نه‌یڵێین، وه‌زیر خۆی ڕایده‌گه‌یه‌نێ“، كاتێك كه‌ به‌رپرسانی ڕژیم خۆیان ڕێژه‌ی به‌شداری كردنی خه‌ڵك له‌ شیراز كه‌متر له‌ ٢٥ له‌سه‌د ڕاده‌گه‌یه‌نن، كاتێك كه‌ ئیدێئۆلۆگه‌كانی ڕێفۆرمخواز كه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌دا توێژه‌ مامناوه‌نده‌كانیان به‌ره‌و ده‌نگدان هان ده‌دا و ئه‌وانیان له‌ “سووریه‌ بوونی” باروودۆخه‌كه‌ ده‌ترساند، به‌ ئاشكرا باس له‌ به‌شداری نه‌كردنی ٧٠ تا ٨٠ له‌سه‌دی خه‌ڵك له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌ویش له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ درۆكردن بووه‌ته‌ سه‌ره‌كیترین سیاسه‌تی بانده‌كانی ڕژیم، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌مووی ئه‌وانه خامنه‌یی‌ به‌وپه‌ری بێ چاوه‌ڕووییه‌وه‌ دێته‌ پشت میكرۆفۆن و باس له‌ “دره‌وشانه‌وه‌ی میلله‌تی ئێران له‌ ئه‌زموونی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردن” ده‌كات. ئه‌و بێ شه‌رمانه‌، هه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی له‌ فریوكاری گرته‌وه‌ به‌ر كه‌ ئاخێزی مانگی به‌فرانبار و خه‌زه‌ڵوه‌ریان به‌ بێگانه‌ نیسبه‌ت ‌دا و سێ ڕۆژی ته‌واو سه‌باره‌ت به‌ به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئۆكراین درۆ و ده‌له‌سه‌یان بافی.

له‌ ئێستادا بانده‌كانی ڕژیم، هه‌ركامیان ئه‌وی دیكه‌ به‌ هۆكاری ئه‌و شكسته‌ سه‌رشۆڕانه‌یه‌ ده‌زانێ. ئۆسوولگه‌راكان به‌شداری نه‌كردنی خه‌ڵك  ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كرده‌وه‌ی ئیسلاح ته‌ڵه‌به‌كان و “پیلانی كرۆنا” و “نه‌خشه‌ی زلهێزه‌كان” و “میدیاكانی دوژمن” و ” كرده‌وه‌ی لاوازی  مه‌جلیس“. له‌ به‌رامبه‌ردا ئیسلاح ته‌ڵه‌به‌كانیش به‌شداری نه‌كردنی خه‌ڵك به‌ ئاكامی كرده‌وه‌ی شۆڕای نیگه‌هبان و ڕه‌دی سه‌لاحیه‌تی به‌رینی  كاندیده‌كانی سه‌ربه‌ ئیسلاح ته‌ڵه‌به‌كان ده‌زانن. یه‌كێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌‌ نوێنه‌رانی “جه‌هادی و ئینقلابی” ڕێگایان بۆ ناو مه‌جلیس كراوه‌ته‌وه‌، خۆی سوور هه‌ڵگێڕاوه‌ و ئه‌ویتریشیان له‌ پاوانخوازی سكاڵای هه‌یه‌ و له‌ مه‌ترسیه‌ك كه‌ هه‌موو نیزامی داگرتووه‌، ده‌دوێ. له‌ ڕاستیدا، هه‌ر دووی ئه‌و باندانه‌ خۆیان له‌ كه‌ڕی و كوێری و فه‌رامۆشی داوه‌. كاتێك خه‌ڵك له‌ مانگی به‌فرانباری ٩٦دا هاواریان كرد “ئیسلاح ته‌ڵه‌ب، ئۆسوولگه‌را، ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را“، كاتێك هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ جه‌ره‌یانی پێشڕه‌ویی خۆیان له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا ده‌نگیان هه‌ڵبڕی كه‌ “كۆماری ئیسلامیمان ناوێ“، ئاشكرا بوو كه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدانی ڕژیم تێپه‌ڕبوون. خه‌ڵك چیتر فریوی كایه‌ی بانده‌كانی ڕژیم ناخۆن و له‌ نومایشی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان خراپ و خراپتردا، به‌شداری ناكه‌ن.

ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌وڵ ده‌دا كه‌ ڕێزه‌ شكست خواردووه‌كانی خۆی نۆژه‌ن كاته‌وه، ئه‌گه‌ر دوژمن بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو، ڕێگایه‌كی بێجگه‌له‌ نوێ كردنه‌وه‌ی ئارایش و پته‌وكردنی هێزه‌كانی خۆی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سپا و به‌یتی ڕێبه‌ری ته‌گبیری مه‌جلیسیه‌كی یه‌كده‌ستیان كردووه‌ و لانیكه‌م هه‌تا ئێستا ١٩ كه‌س له‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ردارانی سپایان ڕه‌وانه‌ی مه‌جلیس كردووه‌ و قالیباف، یه‌كێك له‌ گه‌نده‌ڵترین و وه‌حشیترین فه‌رمانده‌كانی سپا له‌سه‌ر كورسیی سه‌رۆكایه‌تیی مه‌جلیس داده‌نێن، كه‌وابوو هه‌مووی ئه‌وانه‌ نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ سپا خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ناه‌ڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك، ئاماده‌ ده‌كات.

به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ناڕازی، به‌ كرێكاران، ژنان، خوێندكاران، ماڵ به‌تاڵان چووان، خانه‌نشینان، په‌راوێزخراوانی قه‌راخ شاره‌كان، به‌ چالاكانی ژینگه‌ پارێز، به‌ بێكاران، به‌ كۆڵبه‌ران و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ریكن مێژووی گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌خوڵقێنن، پێویسته‌ ئه‌و شكسته‌ی ڕژیم بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێشڕه‌وی له‌ داهاتوودا. هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌مان پێویسته‌ به‌ وشیاری ته‌واوه‌وه‌ و به‌ ئاماده‌كاریی پێویسته‌وه‌ هه‌ڵگیرین تا سه‌ركه‌وتووانه‌ قۆناخی نوێ تێپه‌ڕێنین. وڵامی پرسیاره‌كانی ده‌وره‌ی پێشوو ناتوانن وڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌و قۆناخه‌ش‌ بن. ئێمه‌ ناڕه‌زایه‌تی و ئاخێزه‌كانی مانگی به‌فرانبار و خه‌زه‌ڵوه‌رمان وه‌پشت سه‌ر ناوه‌، بزووتنه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌و‌ ماوه‌یه‌دا ئه‌زموونی زۆر به‌نرخیان به‌ده‌ست هێناوه‌، كه‌وابوو له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌و ئامرازانه‌یه‌ كه‌ ڕیزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ڕادیكاڵی ئێمه‌ یه‌كگرتووتر ده‌كات و له‌و نێوه‌شدا گرینگترین ئامراز دیاری كردنی ئاسۆی شۆڕشگێڕانه‌ و پێكهێنانی ڕێكخراوی شوێنی كار و ژیان و پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ند دانیانه‌. ئه‌و ڕێكخراوانه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ به‌ره‌و باروودۆخێك به‌رن كه‌ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی كرێكاری و مانگرتنی گشتی ڕێكخه‌ین. پێویسته‌ به‌ره‌و باروودۆخێكمان به‌رن كه له‌ كارخانه‌كان، له‌ شاره‌ گه‌وره‌ و چكۆله‌كان، له‌ شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌ره‌نگاری دوژمن بینه‌وه‌. ئه‌وه‌یكه‌ مه‌ودای بزووتنه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌ ئاسۆی ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی نزیك ده‌بێته‌وه‌، هێشتا به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ شۆڕش دێته‌ ئاراوه‌ و هێشتاش به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ست به‌تاڵ كراوانی كۆمه‌ڵگا لووتكه‌كانی شۆڕش فه‌تح ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر پێداویستیه‌كانی ڕێبه‌ری و سه‌ركه‌وتنی چینی كرێكاری شۆڕشگێڕ ئاماده‌ نه‌كه‌ین، به‌ ئاسانی هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ به‌رچاوه‌كانی خه‌بات و هه‌موو فیداكاریه‌كان له‌ لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ زه‌وت ده‌كرێت. كۆمه‌ڵگا، ده‌رفه‌تێكی مێژوویی له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی، له‌ به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و له‌ به‌رامبه‌ر كۆمۆنیسته‌كاندا داناوه‌. به‌ وته‌ی ناڕازیه‌كی عێراقی، ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ماره‌كه‌ له‌ عێراقه‌، سه‌ری ماره‌كه‌ له‌ ئێرانه‌.  ئێره‌ سه‌رچاوه‌ی ئیسلامی سیاسی بوو، هه‌ر ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ی كردبه‌ گۆڕه‌پانی سه‌رهه‌ڵدانی وه‌حشیترین هێزه‌ ئایینیه‌كان. له‌ یه‌ك كه‌لامدا، پێویسته‌ درفه‌ته‌كان له‌ ده‌ستمان ده‌رنه‌چن.