کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌ستێنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی شكڵ گرتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران و هۆكاره‌كانی شكست هێنانی به‌شی دووهه‌م

398 474x350 1

398 474x350 1

به‌شی سه‌ره‌كیی ئیسلاحاتی شا ڕێفۆرمی ئەرزی بوو به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا محافزەکارانە و بە واتایەکی دیكه‌ ناکارامه‌ بوو. بۆ نمونە ئەگەرچی خاوه‌ندارێتیی زه‌وی درا بە بەشێک لە جووتیاران، بەڵام دانی قیستی ١١ ساڵە بۆ ئه‌و توێژه‌ هه‌ژاره‌ له‌ جووتیاران کە نزیکەی ٣٠ لەسەدی جەمعەیەتی دێهاته‌كانیان پێکدێنا، کەمەر شکێن بوو، بە شێوەیەک کە توانایی دانەوەیان نەبوو. بەم جۆرە زۆرێک لەوان ناچار بوون زەویەکانیان بە نرخێکی هەرزان بە “دەرەبەگەکانی پێشوو” یان جووتیارانی دەوڵەمەند بفرۆشن و خۆیان بە ناچار بەدوای کار و دەستەبەر کردنی بژیوی ژیاندا هەڵوەدای شاران بن.

ڕەشاییەکانی ئاواییش کە نزیک بە ٤٠ لەسەدی هێزی ئینسانی دێهاتەکانیان پێکدێنا، قەت لە چوارچێوەی ئیجرای بەرنامەکانی ئیسلاحاتی ئەرزیدا، زەویان وەرنەگرت، بەم شێوەیە سەرخوردە و ناڕازی لە ئەنجامی ئیسلاحاتی دەوڵەت، ناچار لە قەراخ شارەکاندا نیشتەجێ بوون و لە حاڵێکدا کە لە لانیکەمی خزمەتگوازاریی شاری بێبەش بوون، گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانیان بنیاد نا. بەم جۆرە بەردەوام بە خێڵی په‌راوێزنشینانی شارە گەورەکان کە لەوپەڕی هەژاری و بێبەشیدا دەژیان و ڕژیمی شایان بە سەبەبکاری باروودۆخی فەلاکەتباری خۆیان دەزانی، زیاد دەبوو.

هەر لەم دەورەیەدا و بەدوای پرۆسەی خستنە دەستوری کاری مۆدێلی نوێکردنەوە و ئیسلاحاتی بۆرژوایی لە لایەن ڕژیمی شاوە، زانکۆکانیش لە حاڵێکدا گەشەیان کرد کە لە لایەکەوە ئاموزشی ئاکادێمیک و تێكنیكی تێیاندا لەئاستێکی نزمدا و خاوەنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی دواكه‌وتوو‌ بوو كه‌ توانای وڵامدانه‌وه‌ی به‌ ئاوات و ئاسۆ تازە کراوه‌كانی به‌رده‌م خێڵی لاوان و تازه‌ پێگه‌یشتووان نه‌بوو و لە لایەکی دیکەوە بەهۆی حزوری پۆلیسی ڕژیم لە شوێنە ئاموزشی و زانکۆییەکاندا هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەک بە توندی سەرکوت دەکرا. له‌ژێر كاریگه‌ری وه‌ها كه‌ش و هه‌وایه‌كدا، خوێندکاران هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین ساته‌كانی چوونه‌ ناو زانكۆوه‌، ناڕازی و بێزار بوون. بەم جۆرە سەرکوتی توند، زەوت کردنی ئازادی ڕادەربڕین، سانسۆڕی به‌رین و قەدەغە بوونی هەموو جۆر چالاكیه‌كی سیاسی لە ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی زانكۆكان، روناکبیرانی ناڕازیی بەرەو هەڵوێست و کاردانەوەی توند لە بەرانبەر ڕژیمدا پاڵپێوه‌ده‌نا.

ئەگەرچی ژنان ئازادیەکی کۆمەڵایەتی کەمیان به‌ده‌ست هێنابوو، بەڵام کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئیسڵاحات لەسەر ژنان گەلێک محافزەکارانە و کەمڕەنگ دیاربوو، ڕژیمی شا لەم بوارەدا بوێری تەواوی بۆ به‌رین كردنه‌وه‌ی ئاستی ئیسلاحاتی قووڵ بۆ ناو حەوزەی نفوزی مەزهەب و یاساكانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ ئیسلام، نەبوو. بەم شێوەیە شا نەیتوانی لەنێو جەماوەری ژنانی ئێرانیشدا لە ڕێگای ئیجرای ئیسلاحاتی مەدەنیەوە، پێگەیەکی قایم بۆخۆی دەستەبەر بکات.

لەم دەورانەدا داهاتی نەوت ٤ بەرابەر ببوو. ئەم داهاتە خێرایی زۆری دا بە شێوازی گەشەی په‌یوه‌ندیه‌كانی سەرمایەداری لە ئێران بەڵام لەگەڵیدا مەیدانی دا بە پەرەسەندنی بوروکراسیەکی بێ دەر و پەیکەر کە بە کردارەکانی، رۆژانە پەرەی بە ناڕەزایەتیە گشتیەکان ئەدا. هەروەها پێ بە پێی زیاد بوونی داهاتە زۆرە نەوتیەکان، چاوەڕوانیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکیش زیاتر دەبوو و بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت بەردەوام قوڵتر دەبۆوە.

داهاتە نەوتیەکان ئیمکانی دایە دەوڵەت کە کۆنترۆڵی بەشە سه‌ره‌كیه‌كانی ئابووریی وڵات بە دەستەوە بگرێت و خۆی ببێتە گەورە ترین خاوەنکار، لەم دەورەیەدا گەندەڵی ماڵیش لە دەزگای بوروکراسی دەوڵەتیدا نیهادینە کرا. گەندەڵی دەرباری شا پەرەی سەند، سەرمایەدارانی سەربە زنجیرەی هەزار فامیل کە پێكهاتبوون له‌ دەورو بەریەکانی شا و دەرباریان، هەموو دەرفەتەکانی پێوەندیدار بە ڕقابەتی ئازادیان بۆ دەستەبەر کردنی قەراردادە بازرگانی و پەیمانکاری و ئابووریەکانیان لە چنگ باقی ڕەقیبەکانی هاو چینیان دەرهێنا. بەم جۆرە توێژێکی سەرمایەداری ناڕازیش سەری هەڵدا. لە ئاکامی ئیسلاحاتدا، هەروەها چینێکی دەوڵەمەندی مامناوەند، ئیمتیازگه‌لێكی بەدەست هێنا و چینێکی مامناوەندی بەرین کە لە حەسرەتی ئەو جۆرە ئیمتیزانه‌دا دەسوتا و ناکامی خۆی سەرچاوەگرتوو لە هەڵاواردنی ڕژیمدا دەبینی، سەری هەڵدا.

ئیسلاحاتیئەرزیلەساڵەکانیسەرەتادانەبووبەهۆیزیادبوونیبەرهەمەکشتوکاڵیەکان،لەئاکامداپێداویستیرۆژانەیژیانیخەڵکبەردەوامگرانترده‌بوو و قەیرانێکی ئابووری چەند لایەنە بە شێوەی گرانی، داوێنگیری خەڵکی ئێران ببوو. هه‌روه‌ك بینیمان،‌ ئیسلاحاتی شا نه ته‌نیا به‌ ناكۆكی و نایه‌كسانیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كۆتایی نه‌هێنا، به‌ڵكوو له‌ ئاستێكی به‌ریندا له‌ بواره‌كانی دیكه‌ش، په‌ره‌ی پێدان. كۆمه‌ڵی ئێران هه‌ر له‌ ده‌یه‌ی ٤٠ی هه‌تاوی دا ئاماده‌ی شۆڕشێك بوو كه‌ ده‌یتوانی پاشماوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌كانی وه‌ك ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری بگۆڕێت. ئه‌گه‌رچی ئیسلاحاتی شا ئه‌و شۆڕشه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌ستووری كاری كۆمه‌ڵی ئێران خسته‌ ده‌ر، به‌ڵام به‌ستێنه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی باروودۆخێكی شۆڕشگێڕانه‌ی دیكه‌ی له‌ ناخی خۆیدا په‌روه‌رده‌ كرد.

درێژه‌ی هه‌یه‌…