
ڕۆژی چوارشهممه ٢٥ی بهفرانبار، كۆمهڵێك له زیندانیانی سیاسی پێشوو بۆ جارێكی دیكه له بهرامبهر پەرلەمانی کوردستان له شاری ههولێر كۆبوونەوە و ڕایانگهیاند كه ئیمتیازاتەکانیان لە پرۆژە یاسای چاکسازییدا دەستکاری نەکرێن، دهنا بەپێچەوانەوەی، سکاڵاى یاسایی لە دادگاى فیدڕاڵى تۆمار دەکەن.
زیندانییە سیاسییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بهوه كردووه كه، پێویستە ئیمتیازاتەکانیان بەدەربکرێت لەو بڕگەیەی یاسای چاکسازیی کە دەبێتە هۆی بڕینی ئیمتیازاتەکانیان. داواشیان کردووه، حکومەت پابەند بکرێت بەوەی موچەکانیان هاوتای بەغدا بکرێت. دەشڵێن، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، دەستکراوە دەبن لە تۆمارکردنى داوای یاسایی لە دادگاى فیدڕاڵى بۆ زامنکردنى مافەکانیان. ئهم كۆبوونهوهیه لەکاتێکدایە كه، پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژە یاساى چاکسازی له خانهنشینی موچه و دهرماڵه و بهخشین و ئیمتیازاتهكانی تر کۆتایی پێهێنا و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگى لەسەر بدات.
