پارلەمانی تورکییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ژانویە بەرابەر لەگەڵ ١٢ی بەفرانبار گەڵاڵەیەکی لە لایەن ئەردۆغانەوە بۆ ناردنی هێزی نیزامی بۆ لیبی پەسند کرد. بە پێی ئەو گەڵاڵەیە، ڕێگە بە ئەردۆغان دراوە کە “هەرکات، بە هەر ئەندازەیەک و بۆ هەر ماوەیەک” کە بە پێویستی دەزانێ هێزی نیزامی بنێری بۆ وڵاتی لیبی. لە ڕۆژانی پێشتردا هێندێک لە کاربەدەستانی دەوڵەتی لەوانە جێگری سەرۆک کۆمار بەو کارتە کایەیان دەکرت تا شایەد ڕاگەیاندنی ئەوەیکە ئەو گەڵاڵەیە لە قۆناخی جێبەجێ کردن دایە، بێتە هۆی ئەوەیکە هەڕەشەکانی ژێنێڕاڵ حەفتەر بۆ گرتنەوەی ترابلۆس تەواو بێت و هێزەکانی کە لە ٩ مانگ لەمەوبەرەوە پێتەختی لیبی و ناوەندی حکوومەتی “سێراج”یان گەمارۆ داوە، پاشەکشە بکەن و سەرەنجام ئەو ڕاگەیاندنە بێتە هۆشدارێک بۆ هەموو بەرەکانی شەڕ و ئاڵۆزی لە لیبی. وەزیری دەرەوەی تورکییە، لە حەفتەیەک لەمەوبەرەوە هۆشداری دابوو کە نابێ ڕێگە بدرێ لیبی ببێتە “سووریەی دووهەم” و پێویستە “هەموو هەوڵێک بدرێ بۆ پێشگرتن لە پارچە پارچە بوونی ئەو وڵاتە”. بەڵام وڵامی ژێنێڕاڵ حەفتەر بە تورکییە ئەوە بوو: لیبی دەبێتە گۆڕی سەربازەکانتان.
گەڵاڵەکە بە دەنگی حیزبی ئاک پارتی ئەردۆغان و بە پشتیوانی حیزبی ناسیۆناڵ فاشیستی “حەرەکەتی نەتەوەیی تورکییە” واتە “ئێم ئێچ پی”، پەسند کرا و دەستبەجێ لە لایەن ئەردۆغانەوە واژۆ کرا. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری خوازی پارلەمانی تورکییە ئەو گەڵاڵەیەی بە “دەست تێوەردانێکی مەترسیدار” ناولێبرد. یەکیەتی عەرەب بە بێ ئەوەیکە ناوێک لە تورکییە بێنێ، بە بڕیارنامەیەک کە لە لایەن میسرەوە ئامادە کرابوو و خوازیاری دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری لیبی دابوو، دەنگی دا. بەڵام کاردانەوە بەم گەڵاڵەیە لە ئۆرووپا جیاواز بوو. لە ئاڵمان لە حاڵێکدا کە دەوڵەت بێدەنگی گرتووەتە بەر و نایهەوێ موعاملە قیزەونەکەی لەگەڵ ئەردۆغان سەبارەت بە پەناخوازان بکەوێتە مەترسیەوە، بەڵام وتەبێژانی سیاسەتی دەرەوەی سەوزەکان و دیمۆکراتە ئازادەکان ڕایانگەیاندووە کە نەبوونی سیاسەتێکی واحید لە ئۆرووپا سەبارەت بە وڵاتی لیبی کە بەشی زۆری ئەو ناهەماهەنگیە فەڕانسە و ئیتالیان، بۆتە هۆی ئەوەیکە ئەمنیەت و بەرژەوەندیەکانمان بکەونە مەترسیەوە. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون کە هەرچی زووتر وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئۆرووپا دانیشتنێک بەم بۆنەوە ئەنجام بدەن تا بتوانن “ڕێگاچارەیەکی هاوبەشی ستراتێژیک سەبارەت بە لیبی” بدۆزنەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا خوازیاری پێکهێنانی ناوچەی پەرواز مەمنووع بوو لە لیبی. بەڵام ئەو فرامۆشی کردووە کە ڕێک بە گەڵاڵەی پێکهێنانی ناوچەی پەرواز مەمنووع، هێزەکانی ناتۆ ناردرانە لیبی و دوای ٨ ساڵ هەمووان دواهاتی ئەو کارەیان بینی.
دەوڵەتی تورکییە لە ٢٣ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ٦ی مانگی خەزەڵوەر دوو ڕێکەوتن نامەی لەگەڵ دەوڵتی “سێراج”، کە لە لایەن ئەنجومەنە جیهانیەکانەوە وەک دەوڵەتی یاسایی بە ڕەسمیەت ناسراوە بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتی لە شاری ترابلۆس تێپەڕ نابێ، واژۆ کرد. ئەگەر ناوەرۆکی یەکێک لە ڕێکەوتن نامەکان هاوکاری نیزامی بوو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ناوەرۆکی دووەمی دەربڕینی مەیلی ئەردۆغان بوو بۆ ئەوەیکە لە دەریای مەدیتەرانەدا ببێتە ئەکتەری سەرەکی و هاوکات سەرچاوە گەورە نەوتیەکانیش لە لیبی داگیر کات. ئەگەرچی لە ڕێکەوتن نامە نیزامیەکەدا تەنیا باس لە هاوکاری سەبارەت بە ناردنی چەک و چۆڵ و ڕاهێنان و ڕاوێژی نیزامی کراوە، بەڵام گەڵاڵەی پەسندکراو لە پارلەمانی تورکییەدا زۆر لەو ڕێکەوتن نامەیە ڕۆیشتووەتە سەرتر. ئەگەر ئەردۆغان هێزی نیزامی بۆ وڵاتی لیبی بنێری ئەوکات یەکەمین دەوڵەتێک دەبێ کە بە شێوەی ڕەسمی بە ئەرتەشەکەیەوە خۆی لە شەڕی لیبی هاویشتووە و بەمجۆرە شەڕ و ئاڵوزی لە لیبی دەباتە قۆناخێکی نوێوە.
لە ڕاستیدا، لیبی لە سەردەمی ڕووخانی دیکتاتۆریی قەزافیەوە هیچکات ڕووی ئارامشی بەخۆیەوە نەدیوە و بووەتە مەیدانی جم و جوڵ و پشتی جەبهەی هێزە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نیابەتی هێزە ئیمپریالیست و ناوچەییەکان. ئەگەر ڕووسیە، فەڕانسە، عەرەبستان، ئیماڕات و میستر لە پشتی ژێنێڕاڵ حەفتەر ڕاوەستاون، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئۆرووپایی، قەتەر و تورکییەش لە بەناو دەوڵەتی یاسایی “سێراج” پشتیوانی دەکەن. ئەوەیکە سەرەنجی دەوڵەتانی ئۆرووپایی بەرەو لیبی ڕاکێشاوە، جگە لە داگیر کردنی نەوت و گازی لیبی، دیتنەوەی ڕێگایەکە بۆ کۆتایی هێنان بە حەرەکەتی پەناخوازانی ئەفریقایی بەرەو ئۆرووپا. نیگەرانیی دەوڵەتانی ئۆرووپایی ئەوە نییە کە چ بەسەر پەناخوازانی ئەفریقا دێت لە مەسیری خۆگەیاندنیان بە لیبی و هیچ بەلاشیانەوە گرینگ نییە کە دواتر لەو زیندانانە کە ناویان ناوە ئۆردووگای پەناخوازان چیان بەسەر دێ و یان لە دەریای مەدیترانە دا چۆن نوقم دەبن. ئەو دەوڵەتانە بۆ پاراستنی قەڵای ئۆرووپا و ڕێگری لە هاتنی پەناخوازان دەست دەخە ناو دەستی هەموو جەنایەتکارانێکی وەک ئەردۆغان و دەوڵەتی سێراج و خەلیفە حەفتەر. بۆ ئەوان کە ڕۆژ تا بەیانی بە بەرزە دەماخیەوە لە “ئەرزشە ئۆرووپاییەکان” دەدوێن، گرینگ نییە کە ڕاهێنانی هێزی گاردی ساحلی لە لیبی بۆ ڕاو کردنی پەناخوازان، ئەو ئینسانانە بەرەو زیندانەکانی لیبی دەبات یان بەرەو بازاری کۆیلەتی و دەستدرێژی سێکسی.
ئەردۆغان وەک دۆڕاوێکی ئیمپراتووریەتی عوسمانی دەمێکە هاوار دەکا کە لە هەموان زیاتر بەرحەقە بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. بەڵام نابێ لەبیرمان چێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١١دا، کاتێک کە حکوومەتی “مۆبارەک” ڕووخا و “ئەخەوانول مۆسلمین” بە دەسەڵات گەیشت، ئەردۆغان دەستبەجێ خۆی گەیاندە میسر تا یەکەمین دەوڵەت بێ کە لەگەڵ “مۆرسی” قەراردادی هەمەلایەنە ببەستێ. بەڵام دیتمان کە ئەو دەوڵەتەش زۆری ناخایاند و کودتای ژێنێڕاڵ “سیسی” کۆتایی بە ئاواتەکانی ئەردۆغان هێنا. هێرشی ئەردۆغان بۆ سووریە و کوشتنی داکۆکیکارانی پڕ جۆش و خرۆشی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا پێویستە هەر بەو لۆژیکەوە چاوی لیبکرێ. لە ئێستادا لە دڵی باروودۆخی شێواو و گۆڕاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لیبی دەتوانێ پاروویەکی چەور بێت بۆ ئامانجە دژە مرۆییەکانی ئەردۆغان. لە ئێستادان هێزی نیزامی تورکییە چ بەشێوەی سەربەخۆ و چ لە چوارچێوەی پەیمانی ناتۆدا لە ١١ وڵاتی جیهان لەوانە ئەفغانستان، سوومالی، قەتەر، عێراق، سووریە، لۆبنان، ئازەربایجان، کۆمای قیبرسی باکوور، ئاڵبانی،کۆسوو و بووسنی و هەرزگوین حزووریان هەیە.
پێداگری ئەردۆغان بۆ خزووری نیزامی لە لیبی، ئاڵۆزیەکانی ئەم وڵاتە زیاتر دەکات و ئەم جارەیان لە پانتایەکی بەرینتردا خەڵک خەڵتانی خوێن دەکرێن. بەڵام بەڕاستی پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کام هێز لە دڵی ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و کوشت و کوشتارەی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەتوانێ مۆری کۆتایی لێدات.