
بهپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری پاوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمشارە و لهكاتی شەرەمەزارکردنی هێرشی تورکییه بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای قهزایی ڕژیمهوه حوکمی زیندان و شهلاقیان بە سەردا سەپاوە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری پاوە سەر بە ئۆستانی کرماشان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەمشارە بە ناوەکانی “هونەر حسێنی” ناسراو به (کەبیر) و “دڵشاد فەرەجی” هەر کام بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپسێردراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ و لێدانی ٧٤ زهربه شهلاق مەحکووم کردووە. شایانی باسه، لە کاتی هێرشی تورکییه بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، خهڵكی کوردستان له زۆربهی شارهكان به ئهنجامدانی خۆپیشاندان ئەو هێرشەیان شەرەمەزار کرد و لە ئەنجامیدا، لانیکەم ٩٠ هاووڵاتی دەستبەسەر و به سەدان کەسیش بە مەبەستی لێپرسینەوە له لایهن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمهوه بانگ کراون.
