کاتژمێر یەکی نیوە شەوی هەینی ١٣ی مانگی بەفرانبار، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قۆدسی ڕژیم لەگەڵ ١١ کەسی دیکە، لە هێرشێکی پەهبادی دا بە هاویشتنی سێ ڕاکێت لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، لە نزیک خاڵی پشکنینی فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا. ئەو کە لە نیوەشەودا لە لۆبنانەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی سووریە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لەوانە بەرپرسانی نیزامی حیزبوڵڵای لۆبنان بە بێ دەنگی خۆیان گەیاندبووە بەغدا، لە لایەن ئەبوو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی پێشوازیان لێکرابوو. بەهۆی ئەم هێرشەوە هەموو سەرنشینانی ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو کەسانە، لەوانە قاسم سولەیمانی و زاواکەی، ئەبوو مەهدی موهەندیس، محەممەد ڕەزا جابری بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەکانی حەشدی شەعبی، زاوای عیماد مەغنیە، حەیدەر عەلی بەرپرسی لۆژستیکی حەشدی شەعبی و ٥ کەسی دیکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و کەسانی نیزامی کوژران. زۆربەی لێکۆڵەران، کوشتنی قاسمی سۆلەیمانی دەگەڕێننەوە بۆ بوونی بۆشایی ئەمنیەتی لەناو خودی نیزامی ئیسلامی و هێزەکانی نزیک بەوان لە عێراق کە حزووری ئەویان ئاشکرا کردووە.
قاسم سولەیمانی یەکێک لە فەرماندەکانی جەنایەتکاری سپای پاسداران بوو کە خوێنی هەزاران ئینسانی لە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە ڕشتبوو. یەکەمین ڕۆڵی نیزامی ئەو لە کوشتاری خەڵکی کوردستاندا بوو لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کە شانازیشی پێوەدەکرد. سولەیمانی لە جەریانی کوشتاری خوێندکاران لە ساڵی ٧٨، لە زومرەی ئەو فەرماندانەی سپا بوو کە ڕەخنەی لە خاتەمی دەگرت کە ژمارەیەکی کەمی لە خوێندکاران کوشتووە. ئەو لە ڕوانگەی خەڵکی ستەملێکراوی عێراقەوە کە سێ مانگە دژبە دزی و گەندەڵی ڕژیمی دەسەڵاتدار و حیزبەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە خەباتێکی لێبڕاوانە و هاتوونەتە سەر شەقامەکان، دوژمن بە حیساب دێت و لە خۆپیشاندانەکانیاندا بەردەوام لەدژی ئەو درووشمیان وتووەتەوە و وێنەیان ئاگر تێبەرداوە. قاسم سولەیمانی لە سووریە و لۆبنان و یەمەن و ئەفغانستان و شوێنەکانی دیکە بە ڕێکخستن و پڕچەک کردن و دابین کردنی هەزینەی گرووپە چەکدارە ئیسلامیەکان لە گیرفانی خەڵکی ئێرانەوە و بەکارهێنانیان لە پێناو ئامانجی زێدەخوازانە لە ڕێگەی تیرۆر و تەقینەوە و شەڕنانەوە، ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەوپێش بردنی پیلانەکانی ڕژیمدا هەبوو. سولەیمانیی جەنایەتکار، بە دەست تێوەردان لە کاروباری سیاسی و سەپاندنی مۆرەکانی نزیک بە ڕژیم بەسەر پێکهاتەی دەسەڵات لەم وڵاتانە، دژبە مافی دەسەڵاتدارێتی خەڵک، خەریکی بەهێز کردنی ڕەوتە دژە مرۆیی و کۆنەپرستەکان بوو و هەوڵی دەدا تا ستراتێژی مانەوەی ڕژیم لە ڕێگەی ڕەخنەی ناوچەیی و پێکهێنانی هیلالی شیعی، سەقام گیر کات. ئەو بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتانە، ئیمکاناتی ئیداری و ناوەندی ئایینی و بوودجەی ماڵی و نیزامی فراوان و بێ حیساب و کیتابی لەبەر دەست دا بوو.
بە کوژرانی سولەیمانی شورای باڵای ئەمنیەتی میللی کۆماری ئیسلامی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، دانیشتنێکی بەپەلەی بەڕێوەبرد و خامنەییش تێیدا بەشداری کرد. بەشداربوونی خامنەیی لە دانیشتنەکانی ئەم شوورایەدا هەتا ئێستا سابقەی نەبووە. بەڵام حزووری ئەو لەو دانیشتنەدا نیشانەی هەستیاربوون و نیگەرانی زۆری کۆماری ئیسلامیە لە باروودۆخێک کە تێیکەوتووە. لەبەرئەوەیکە کۆماری ئیسلامی لە بوار ئابوورییەوە لەسەر لێواری داڕمانە و لە بوار نیزامی و زانیاریشەوە توانای ڕژیم، سەرەڕای هات و هاوار و ئیدعای بێ پایەی هێندێک لە کاربەدەستانی، قەت لەگەڵ تواناکانی ئەمریکا بەرئاورد ناکرێ. لە بوار نێونەتەوەییشەوە، ڕژیم پەراوێز خراوە و تەنانەت زلهێزەکانی وەک ڕووسیە و چینیش کە حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ڕژیم مانۆڕی دەریاییان بەڕێوەبرد، لە کاردانەوە بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، تەنیا دەستیان کرد بە ئامۆژکاری و نەسیحەت کردنی کۆماری ئیسلامی. بەڵام گرینگتر لەو فاکتانە، ڕژیم لە ناو جەماوەری خەڵکی عێراق و باقی وڵاتانی ناوچەکە وەک هۆکار و پەرەپێدەری دزی و گەندەڵی و نائەمنی ڕسوا بووە و کەوتووەتە بەر شەپۆلی ڕق و نەفرەتی جەماوەرەوە. کۆماری ئیسلامی لە ناو خەڵکی ئێرانیشدا کارنامەیەکی ٤٠ ساڵەی لە هەژاری و بێکاری و گەندەڵی و کوشتار و ئەشکەنجە تۆمار کردووە و پێگەیەکی زۆر لاوازی هەیە. لە وەها وەزعێکدا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا تا باروودۆخێک بخوڵقێنێ کە بە بێ ئابڕووچوونی خۆی، ڕەوتی پاشەکشە و تەسلیم بوون لەبەرامبەر ئەمریکادا، کە دەمێکە گرتوویەتە بەر، درێژە پێبدا.
دوایین دەخاڵەتی جەنایەتکارانەی قاسم سولەیمانی، دەخاڵەت لە کاروباری عێراق و لۆبناندا بوو بۆ خامۆش کردنی ناڕەزایەتی خەڵک دژبە هەژاری و بێکاری و دزی و گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە. هەتا ئێستا پتر لە ٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی عێراق لە لایەن هێزە چەکدارە شیعەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست داوە و هەزارن کەسی دیکەش بریندار بوون. گوشار خستنە سەر تاقمی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتانە بۆ سەپاندنی مۆرەیەکی سەر بە هێزە شیعەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و لۆبنان، بەشێک لەو ئامانجانە بوون کە لەگەڵ ناڕەزایەتی و موقاومەتی جەماوەری خەڵکی ئەو وڵاتانە بەرەوڕوو بووەتەوە.
لە ئێستادا و لە جەرگەی ئەو خەباتەدا، هاوسەنگیی هێز لە ئێران و ناوچەکە بە قازانجی خەباتی جەماوەری خەڵک و بە زەرەری کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە. بە نەمانی قاسم سولەیمانی چرایەکی هۆمێدی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی کوێر بۆوە و ڕژیم زەربەهەڵگرتر و لاوازتر دەبێت. بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵ دەدات تا بە پاراستنی کەش و هەوای جەنگی و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانێ جەماوەری خەڵکی ئێران و عێراق لە خواست و موتالباتیان هەڵگەڕێنێتەوە و سەرەنجی بیروڕای گشتی لە درێژەی خەبات بۆ وەدی هاتنی ئامانجەکانیان، بەلاڕێدا بەرێ. بەڵام بێگومان ڕژیم، ئەو ئاواتەشی بەخۆیەوە لە گۆڕ دەنێ. جەماوەری خەڵکی ڕاپەڕیو لەم وڵاتانە ماهیەتی گەندەڵ و جەنایەتکاری ئەم ڕژیمە دژە ئینسانەیان زیاتر لە جاران بۆ وەدەرکەوتوو و نیسبەت بە ناوەرۆک و ئامانج و سیاسەتە دژە ئینسانیەکانی ئەمریکا و باقی زلهێزە سەرمایەدارەکانیش تووشی خۆش باوەڕی نەهاتوون. کێشمەکێشی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی ستەملێکراوەوە نییە و ئەمری ئەوان نییە کە دژبە یەکیان پشتی ئەوی دیکە بگرن. بێ گومان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانیش هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە لە ڕێگای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیەوە دێتە دی، درێژە بە خەباتیان دەدەن.