پاش ئەوەیکە ئەمریکا لە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی مانگی بەفرانبار بەرابەر لەگەڵ ٢٩ی دێسامبر لە ژێرناوی “تۆڵەی هێرش بۆسەر پێگەی ئەمریکا لە شاری کەرکووک”، سێ پێگەی کەتائیبی حیزبوڵڵای و حەشدی شەعبی لە عێراق و دوو پێگەی دیکەی لە سووریە کردە ئامانج، ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چووەتە قۆناخێکی نوێوە. دوو ڕۆژ دوای ئەم هێرشە جەمعیەتێکی دوو هەزار کەسی لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای عێراق کە هێزی میلیشیا و فەرماندەکانی ئەم گرووپانەش لەگەڵیان بوون بە تێپەڕین لە خاڵەکانی پشکنینی نەواری ئەمنیەتی، خۆیان گەیاندە ناوچەی سەوزی بەغدا و هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا. ئەو جەمعیەتە ڕێکخراوە بە بەرز کردنەوەی ئاڵای حەشدی شەعبی، درووشمی “مەرگ بۆ ئەمریکا”یان وتەوە و ئاڵای ئەمریکایان ئاگر تێبەردا و زیانیان گەیاندە دەرگا و دیواری ئەو باڵوێزخانەیە.
بەهۆی ئەم هێرشە بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دۆناڵد ترامپ، لە ئەگەری هەرجۆرە زیانێک بەو ناوەندە ئەمریکاییە، کۆماری ئیسلامی بە بەرپرس زانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش، “هێزە شیعەکانی سەربە ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی هۆکار و هاندەر و ڕێکخەری ئەم هێرشە پێناسە کرد. هەروەها سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم ئاڵوگۆڕە لە هەمان حاڵدا کە مافی ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنی تۆڵە کردنەوەیان بۆ حەشدی شەعبی بە ڕەوا زانی، تۆمەتەکانی بەرپرسانی ئەمریکایان ڕەت کردەوە.
کێشە و ناکۆکی لەمجۆرە لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی دیاردەیەکی تازە نییە. ئەوەیکە تازەیە، هاوسەنگیەکی نوێیە کە لە دڵی ئەم کێشمەکێش و ناکۆکیانەدا خوڵقاوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کێشمەکێشی لەگەڵ ئەمریکا، بۆ کۆتایی هێنان بە گەمارۆ ئابووریەکان و زەمانەت کردنی مانەوەی نیزامی سیاسیەکەی کە دوو میحوەری سەرەکی ستراتێژیەکەی پێکدێنێت، کەوتووەتە باروودۆخێکی زۆر دژوارتر لەجاران. ئەگەر لە لایەکەوە دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجی ستراتێژیکی خۆی، گەمارۆی وێرانکەری ئابووری و هەڕەشەی نیزامی و پڕچەک کردنی ڕقیبەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و پشتیوانی نیسبیی زلهێزە سەرمایەدارەکانی دیکەی بۆ پەراوێز خستنی کۆماری ئیسلامی گرتووەتە بەر، لە لایەکی دیکەوە هاوسەنگیی هێز لە هەموو بوارەکانەوە بە زەرەری کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە.
کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە ڕابردوودا، دەخاڵەتگەریەکانی لە ناوەندی قەیرانی ناوچەکە و ڕێکخستنی گرووپە میلیشیاکانی ژێر ڕکێفی خۆی لە وڵاتانی لۆبنان، سووریە و عێراق وەک پایەی ستراتێژی هێرشی پێشگرانە کەڵکی لێوەردەگرت و لە کێبەرکێ لەگەڵ هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان و لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی ئێران وەک نیشانەی ئۆتۆریتە و دەسەڵاتدارێتی ناوی لێدەبرد، لە ئێستادا لەم وڵاتانەش زەنگی مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی هاتووەتە دەنگ. جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو لە عێراق و لۆبنان سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دەخاڵەتگەری وێرانکەری کۆماری ئیسلامیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ملیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە کە بە ناچار پەیڕەوی ستێراتێژی ڕووسیەن لەم وڵاتە، لە بەرامبەر هێرشە مووشەکیەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا فەلەج بوون.
لە لایەکی دیکەوە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر و پێگەی حاشاهەڵنەگری ئەو ئاخێزە لە بەهێز کردنی خەبات لە پێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕوتی ڕوو لە گەشەی خەباتی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان، نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵ بەرەبەرە بەرەو قۆناخێکی شۆڕشگێڕانە هەنگاو هەڵدێنێتەوە. کۆماری ئیسلامی هێستاش لە کابووسی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر خۆی دەرباز نەکردووە و بێگومان، کۆماری ئیسلامی، کۆماری ئیسلامیی پێش ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر نییە.
ڕژیمی ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەڕەشە بە چوونەدەرەوەی لە ڕێکەوتنی بەرجام و گەورە نواندنی تواناکانی خۆی لە بوار بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی، توانای درووست کردنی بۆمبی ئەتۆمی نییە و ناتوانێ لەوەش وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی دوژمن بەرەو مێزی وتووێژ کەڵک وەرگرێ.
سەرەڕای ئەوانە، دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمیدی ڕووحانی لە سەر لێواری داڕمانی ماڵی و ئابووریە و لە بەرامبەر قەیرانە هەمە لایەنەکاندا هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ نەماوەتەوە. بۆ کۆماری ئیسلامی لە هاوسەنگی ئێستای هێزدا، پاراستنی شێوازی نە شەڕ، نە وتووێژ و نە تەسلیم دژوارتر بووەتەوە و ڕێگایەکی جگە لە وتووێژ و تەسلیم بوون لە بەرامبەر ئەمریکادا بۆ نەماوەتەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لەو دەست تێوەردان و دەخاڵەتگەریانە، دیتنەوەی ڕێگایەکە بۆ “تسلیم بوونی ئابڕوومەندانە”.
ئامانجێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخستنی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کە ئەوەش خۆی پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ ستراتێژی ڕژیم لە بەرامبەر ئەمریکادا هەیە، بە لاڕێدا بردن و بەرەو شکست بردنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵکە لە عێراق. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لە ڕێگەی حیزب و گرووپە شیعەکانی نزیک بە خۆی، عێراق بکاتە گۆڕەپانی شەڕ وکێشمەکێشی نیابەتیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا، تا لەو ڕێگەوە بتوانێ خەباتی خەڵک دژبە دەسەڵاتی گەندەڵی سەرمایەی ئایینی لە عێراق بەلاڕێدا بەرێ. بەڵام بێ گومان کۆماری ئیسلامی لەو بوارەشدا سەری وەبەرد دەکەوێ و شکست دێنێ. لە ئێستادا پتر لە سێ مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی عێراق تێپەڕ بووە و خواستی ڕووخاندنی ڕژیمی ئایینی عێراق و لەسەرکار لاچوونی حیزب و هێزەکانی شەریکی دەوڵەت بووەتە خواست و موتالبەی سەرەکیی خۆپیشاندەران. جەماوەری خەڵکی عێراق گۆڕەپانی تەحریریان کردووەتە سەنگەری شۆڕش و لە ڕاستیدا دەسەڵاتێکی نوێیان بەسەر ڕژیمی دەسەڵاتداردا سەپاندووە. خەڵکی عێراق خوازیاری هاتنە سەرکاری دەوڵەتێکی سەرچاوەگرتوو لە ڕاپەڕین و شۆڕشن. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە عێراق هەر لە سەرەتاوە ماهیەتێکی دژە کۆماری ئیسلامیی هەبووە و جەماوەری ڕاپەڕیو خوازیاری کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی وێرانکەری کۆماری ئیسلامی لە عێراقن.
کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و عێراق کە بە هاوپشتی لەگەڵ یەکتر، خەبات بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەی ئایینیان لەو دوو وڵاتە خستووەتە دەستووری کاریانەوە، ماهیەتی شەڕ و کێشمەکێشی ڕژیمی ئیسلامی و باقی حیزب و هێزە ئیسلامیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، به سیاسهتیكی کۆنەپەرستانە و بێ ڕەبت لەگەڵ خەباتی شۆڕگێڕانەی خۆیان دهزانن و ڕووخاندنی ڕژیمی دەسەڵاتدار لەو دوو وڵاتە بە هەنگاوێکی کاریگەر لە پێناو کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتگەریی هێزی کۆنەپەرستی سەرمایەداری ناوچەیی و جیهانی دەزانن.