كۆبه‌ندی ده‌رس و ده‌ستكه‌وته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ كه به قیمه‌تی فیداكاری و گیان بازی به‌ده‌ست هاتوون و ده‌ست نیشان كردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه له‌م نه‌به‌رده چاره‌نووس سازه‌دا ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی پێشڕه‌وان و خه‌باتكارانی كۆمۆنیست بۆ به‌ره‌ی شۆڕش، ئه‌مرێكی حه‌یاتیه. له‌م پێوه‌نده‌دا پلۆنۆم تیشكی خسته سه‌ر خاڵه‌كانی خواره‌وه:
- ئه‌گه‌رچی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ هاوشێوه‌ی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦، له ڕێكخراوی پته‌و و ستادی ڕێبه‌ری بێبه‌ری بوو، به‌ڵام بێ گومان ڕێبه‌ران و ڕێكخه‌رانی مه‌حه‌لی خۆی هه‌بوو. له خۆڕا نه‌بوو كه دوژمن به پێی شوناسایی پێشتر له ڕێگه‌ی ئه‌و ئامرازه كۆنتڕۆڵ و چاوهدێریانهی كه له ده‌ستی دایه، هه‌زاران كه‌سی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد تا به‌ڵكوو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بێ سه‌ر و بێ ڕێبه‌ر بكات. ئه‌وه‌یكه وه‌ها ژماره‌یه‌كی به‌رین له ڕێبه‌ران، په‌یوه‌ندی ڕێكخراویان له‌گه‌ڵ حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان نییه، هیچ له‌و ڕاستییه كه‌م ناكاته‌وه كه كۆمه‌ڵگا له جه‌رگه‌ی خه‌باتی ئێستادا وه‌ها پێشڕهوانێكی خوڵقاندووه. له ڕاستیدا مانگرتنی كرێكاری، ناڕه‌زایه‌تی موعه‌لیمان، خانه‌نشینان، شۆفیر كامیۆنه‌كان، ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی دانیشتووی گه‌ڕه‌كه‌كانی خاریج له مه‌حدووده و په‌راوێزنشین، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ندین ساڵه‌دا، ئاو خه‌ست كردنه‌وه نه‌بووه. بێ گومان ئه‌وه خه‌باته كه ماتریالی ئینسانی شكڵ دان به ڕێبه‌رانی ڕادیكاڵ و پێشڕه‌وی ئه‌مرۆ و سبه‌ینێ دابین ده‌كات.
- ئه‌گه‌ر به درووشمی ستراتێژیكی “ئیسلاح ته‌ڵه‌ب، ئۆسوولگه‌را، ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را“، له به‌فرانباری ٩٦، (واته درووشمێك كه ئه‌وكات له ناو بزووتنه‌وه‌ی ڕادیكاڵی خوێندكاریهوه سه‌ری هه‌ڵدا)، دابڕان له گوتاری ڕێفۆرم خوازانی حكوومه‌تی ده‌ستی پێكرد، كرده‌وه‌ی ڕژیم له جه‌ریانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، ئه‌م دابڕانهڕی له له ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا مسۆگه‌ر كرد.
- خۆشباوه‌ڕی به “تێپه‌ڕینی هێمنانه” كه به تایبه‌ت له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا له‌ناو به‌شێك له ئۆپۆزیسیۆنی لبڕاڵ و بۆرژوایی كۆماری ئیسلامی، بانگه‌شه بۆ ڕێفراندۆمی قانوونی ئه‌ساسی، وازهێنانی به دڵخوازی خامنه‌یی و هتد، به ئامانجی گۆڕانكاری له سه‌ره‌وه و دووری گرتن له شۆڕش و ببووه باو، به بێ ڕهحمیهك كه ڕژیم له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی دا نواندی، به قیمه‌تی زیانی گیانی قورس، به‌ره‌و وشیارێكی گشتی له‌ئاست كۆمه‌ڵگادا گۆڕدرا.
- هه‌ڵسووكه‌وتی ڕژیم له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی دا كۆمه‌ڵگای سیاسی تر كرد. كۆماری ئیسلامی هاوشێوه‌ی هه‌موو ڕژیمه دیكتاتۆره بۆرژواییهكانی دیكه له سێبه‌ری خۆشی ده‌ترسێ. هه‌ر بۆیه ڕژیم هه‌موو جۆر ناڕهزایهتیهكی مه‌ده‌نی و پیشه‌یی به مه‌ترسی بۆ مانه‌وه‌ی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. ساڵانێكه مانگرتنی كرێكاری، ناڕه‌زایه‌تی ژنان و ژینگه پارێزان، له‌گه‌ڵ توندوتیژی و سه‌ركوت به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه و خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێ. سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون كه له ئه‌گه‌ری نیشان دانی هه‌ر جۆره نهرمشێك له به‌رامبه‌ر خواستی ناڕازیان، چاوه‌ڕوانیان ده‌چێته سه‌ر و له درێژه‌ی خۆیدا سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان.
- ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر ڕیزی ئاڵۆزی دوژمنی، ئاڵۆزتر كرد. خامنه‌یی به فه‌رمانه‌كانی خۆی، ئۆرگانه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ئیعتبار خست. مه‌جلیسی ئیسلامی هیچ حیسابێكی بۆ نه‌كرا. سه‌رۆك كۆمار دانی به‌وه دانا كه به‌یانی ڕۆژی دواتری له گران بوونی بێنزین ئاگادار بووه. لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كانی ناوه‌وه‌ی وڵات پڕن له‌و بابه‌تانه‌ی كه ئه‌م یان ئه‌و به‌رپرسی حكوومه‌تی، لای خه‌ڵك پاكانه بۆخۆیان ده‌كه‌ن. له ڕاستیدا، نیگه‌رانی له دواڕۆژی ڕژیم، به‌شێك له كاربه‌دستانی حكوومه‌تیشی ناچار كردووه كه به فكری دیتنه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ك بۆ داهاتووی خۆیان بن.
- سه‌ركوتی خوێناوی نه‌یتوانی كۆمه‌ڵ بترسێنێ، له سبه‌ینێی ئارام بوونه‌وه‌ی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا، مانگرتنی كرێكاری، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جۆراوجۆر سه‌رله‌نوێ سه‌ریان هه‌ڵداوه. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری به مه‌یلی ڕادیكاڵ و شۆڕشگێڕانه‌وه، وێڕای ناڕه‌زایه‌تی به سه‌ركوت و كوشتار، دیسان هاته‌وه مه‌یدان. بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌خت كردوان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵی ئێران و جیهان بانگه‌وازی دادخوازیان ڕایگه‌یاند.
- په‌یوه‌ندی نێوان ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌ڵك گه‌یشتووته خاڵێكی بێ گه‌ڕانه‌وه. كاتێك كه خامنه‌یی به ئاشكرا ئه‌و خه‌ڵكه مافخوازه‌ی كه به چه‌ندین ملیۆن كه‌س له ١٥٠ شاری ئێران هاتبوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان، “ئاژاوه‌گێڕ” ناو لێنا و فه‌رمانی كوشتنی له‌دژیان ده‌ركرد، هه‌موو پرده‌كانی پشتی سه‌ری ڕژیم و هۆگرهكانی ڕووخاند. توندوتیژی و كوشتن له ناو ڕژیمی كۆماری ئیسلامی دا هه‌میشه بووه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان پانتایی سه‌رتاسه‌ریه‌كه‌ی، ئه‌ویش دژبه جه‌ماوه‌رێك كه به ده‌ستی به‌تاڵ له به‌رامبه‌ر گۆللهدا سینگیان كردبووه قه‌ڵغان، ئاستێكی نوێ له سه‌پاندنی توندوتیژی ڕێكخراو بوو. ئه‌م گۆڕانكاریه، هه‌نگاو هه‌ڵێنانه‌وه‌ی ئاخێزهكانی داهاتووی به‌ره‌و ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی حه‌تمی كردووه.
- ئاخێزهكانی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، هێزی له قووڵایی كۆمه‌ڵگاوه وهحهرهكهت خست. بێكاران، ژنانی گه‌ڕه‌ك و ناوچه هه‌ژاره‌كان، لاوانێك كه ئاسۆی ژیانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا نادیاره، پهراوێزنشینانێك كه له هه‌ژاری تۆخدا ده‌ژین، موعه‌لیمان و پهرستارانێك كه حقووقهكهیان ناتوانێ هه‌زینه‌ی ژیانێكی مه‌مره و مهژیش دابین بكات، هه‌موو ئه‌مانه له ڕاستیدا، هێزی هه‌رمان و پایه‌داری ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی و شۆڕشی كرێكاری دواڕۆژی ئێران پێكدێنن.
- سه‌ره‌نجام یه‌كێكی دیكه له ده‌ستكه‌وته هیوابهخشهكانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، به‌شداری چالاكانه‌ی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و بێبه‌شی كوردستان، شان به شانی خه‌ڵكی هاوچاره‌نووسی خۆیان له ئێران بوو. پلانگێڕی چه‌ند مانگی ڕابردووی دوژمن بۆ جیا كردنه‌وه‌ی ڕیزی خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان له خه‌باتی خه‌ڵك له ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران له ڕێگه‌ی دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌ی ڕێكخراو، پووچه‌ڵ كرایه‌وه و كوردستانی شۆڕشگێڕ، پێگه‌ی پێشڕه‌وانه و خه‌باتكارانه‌ی خۆی له خه‌بات دژبه ڕژیمی ئیسلامی هه‌روا پاراست. توندوتیژی هاوسارپساو و كوشتاری خه‌ڵك له شاره‌كانی كرماشان، مه‌ریوان و جوانڕۆ، سنه و بۆكان و شوێنه‌كانی دیكه، میلیتاریزه كردنی هه‌موو شاره‌كانی كوردستان، نیشانه‌ی ڕاده‌ی نیگه‌رانی ڕژیم له هاوڕێ بوونی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ ئاخێزی سه‌رتاسه‌ری زه‌حمه‌تكێشان و بێبه‌شانی ئێران بوو. ئه‌و كابووسهی كه له ڕژیم وه‌ڕاست گه‌ڕا.
پلۆنۆم له به‌شی مه‌ربووت به هه‌ڵسووڕاوانی ناوه‌وه‌ی كوردستان، چه‌ند خاڵێكی وه‌بیر خه‌باتكارانی كۆمه‌ڵه هێناوه:
- هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه پێویسته جیاوازی ئه‌ركه‌كانی خۆیان له سێ قۆناخی جۆراوجۆر واته له باروودۆخی ئاسایی و قۆناخی چالاكی ڕووتین، قۆناخی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه و باروودۆخی شۆڕشگێڕانه‌دا بناسن و به پێی قۆناخه‌كان چالاكی بكه‌ن. كاری ڕووتینی ئێمه له بوار وشیار كردنه‌وه و ڕێكخستن له چوارچێوه‌ی ستراتێژیی كۆمه‌ڵه‌دا، له هیچ باروودۆخێكدا نابێ ڕاوه‌ستێ. پێویسته هاوڕێیانی ئێمه له‌و بواره‌دا، شۆڕشگێڕانه كار بكه‌ن، ته‌نانه‌ت كاتێك كه هیچ شۆڕشێكیش له كار دا نییه. ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانان و له چاوه‌ڕوانی ئاخێزه خۆڕستهكان و بۆنه‌كان دا دانیشتن، شێوه‌كاری هه‌ڵسووڕاوانی كۆمه‌ڵه نییه. شۆڕشگێڕانه چالاكی كردن له‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌مانای خۆ خستنه ناو دڵی خه‌ڵكه‌وه‌یه، به‌مانای قایمتر كردن و به‌هێز كردنی پایه‌كانی حیزبه، به‌مانای كه‌ڵك وه‌رگرتن له ده‌رفه‌تی چالاكی عه‌له‌نی و به مانای خافڵگیر نه‌بوونه له باروودۆخی چاوه‌ڕوانكراو دا.
- له قۆناخی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆڕست دا، ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ ده‌ور و نه‌خش نواندنی وشیارانه و نه‌خشه‌مه‌ندی هه‌ڵسووڕاوانی كۆمۆنیست ده‌خوڵقێ. پێویسته ئه‌م ده‌رفه‌تانه له ده‌ست ده‌رنه‌چن. زۆرێك له كه‌سانی شۆڕشگێڕ له‌م باروودۆخه‌دا یه‌كتر ده‌بینه‌وه، بناغه‌ی قایمترین هاوڕێیه‌تی كه هه‌وێن و سه‌رمایه‌ی حهرهكهتهكانی دواترن له وه‌ها قۆناخێكدا داده‌ڕێژرێ. ده‌ور و نه‌خش نواندن و چالاك بوون به مانای به‌شداری ئامانجدار و به به‌رنامه و یه‌كگرتوویی به‌خشه، وێڕای ئاماده‌كردنی درووشمی گونجاو بۆ هه‌ر قۆناخێك. به‌شداری وشیارانه به مانای دابه‌ش كردنی كاری داهاتووبینانه و به مانای زۆرترین هه‌وڵ بۆ نهێنی كاری و پاراستنی هێز، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌شداری چالاكانه و به‌كارهێنانی شێواز و داهێنانی خۆجێییه. پێكهێنانی ناوه‌ندی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری له گه‌ڕه‌كه‌كان، بۆ ڕێكخستنی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو. له جه‌رگه‌ی وه‌ها خهباتێكدایه كه ڕێبه‌رانی واقعی په‌روه‌رده ده‌بن، له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه بایه‌خیان پێده‌درێ و ده‌بنه جێی متمانه‌یان. پێویسته هه‌ڵسووڕاوانی ناوه‌وه له جه‌وهه‌ری باروودۆخی ئاخێزی جه‌ماوه‌ری بگه‌ن، وهردهكارییه باوه‌كان وه‌لا نێن، پێویسته بزووتنه‌وه و چۆنیه‌تی هیدایه‌ت و به سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی بخرێته ده‌ستووری كاره‌وه. چاوه‌ڕوانی ئێمه له هاوڕێیانمان ئه‌وه‌یه كه له باروودۆخی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌دا، ئه‌م توانایانه له خۆیان نیشان دان.
- سه‌ره‌نجام قۆناخی شۆڕشگێڕانه، به واتای باروودۆخێكه كه كاتی هێرش بردنه‌سه‌ر بناغه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیم و یه‌كسه‌ره كردنی نیهایی كاری كۆماری ئیسلامی مه‌یسه‌ر ده‌بێت. له وه‌ها باروودۆخێكدا به ئاراسته‌ی ستراتێژی كۆمه‌ڵه له كوردستان، په‌یڕه‌و كردنی وردی ڕێنوێنیه‌كانی ناوه‌ندی ڕێبه‌ری حیزبی حه‌یاتیه.
- تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئینتێرنێت، ئامرازێكی كارایان بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌ركی شۆڕشگێڕانه‌مان له‌م سه‌رده‌مه‌دا خۆڵقاندووه. پێوسته شێوازی درووست و ئیمه‌نی كه‌ڵك وه‌رگرتن لێیان فێر بین. له هه‌مان كاتیش دا نابێ له‌بیرچێته‌وه كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ناتوانن جێگای ڕێكخراوی شوێنی كار و ژیان بگرنه‌وه. شۆڕشی كرێكاری و سۆسیالیستی دواڕۆژ، ته‌نیا له ڕێگه‌ی ستادی ڕێبهریهكی كۆمۆنیستی كه به خانه‌كانی ته‌شكیلاتی شوێنی كار و ژیانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان پشتی به‌ستبێ، ئه‌نجام ده‌درێت.
پلۆنۆمی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه له كۆتایی دا، دوای دابه‌ش كردنی كاری ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ١٨ی كۆمه‌ڵه‌ی دیاری كرد و كۆمیسیۆنێكی بۆ ئاماده‌كاری كۆنگره هه‌ڵبژارد و به چه‌ند بڕیارێكی ته‌شكیلاتی، كۆتایی به‌كاری خۆی هێنا.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه(ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)
نیوه‌ی دووهه‌می مانگی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٨ی هه‌تاوی
دێسامبری ٢٠١٩