بڕیاری کردنەوەی ئینتەرنێت، نیشاندانی پێکهاتەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە لە کۆماری ئیسلامیدا
بڕیاری دیوانی عەداڵەتی ئیداری بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی پەسەندکراوی حکومەت سەبارەت بە کردنەوەی ئینترنێت، کە ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ و تەنیا یەک ڕۆژ دوای پەسەندکردنی بڕیارێک بە ئامانجی کردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی دەرچوو، پەردەیەکی تری لەسەر واقیعییەتی پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا لادا.
دیوانی عەداڵەتی ئیداری کە دامەزراوەیەکی سەر بە دەسەڵاتی دادوەرییە، بە دەرکردنی فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ڕایگەیاند کە تا کاتی یەکلاییبوونەوەی بڕیاری کۆتایی، هیچ کارێک لەم بوارەدا بە بڕیار و پەسەندکراوەکانی حکومەت ناکرێت.
کاردانەوەی جێگری پەیوەندییەکانی نووسینگەی پزیشکیانیش لەم ڕوانگەیەوە جێی سەرنج بوو. ئەو نووسی کە سەرۆک کۆمار “بەرپرسی جێبەجێکردنی دەستوور و بەرزترین بەرپرسی فەرمیی وڵاتە لە دوای ڕێبەری” و لاوازکردنی ئەم پێگەیەی بە وەستانەوە لە دژی جەماوەر، ڕێبەری و یاسای بنەڕەتیی زانی. بەڵام ئەم بەرگرییە بە ڕواڵەت توندە، پتر لەوەی کە نیشانەی هێزی حکومەت بێت، گوزارشت لە لاوازیی پێکهاتەیی ئەو دەکات. کاتێک بەرزترین بەرپرسی جێبەجێکردنی وڵات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێک لەسەر ئینتەرنێت دەبێت پێگەی یاسایی خۆی وەبیر بهێنێتەوە، ئەمە واتای ئەوەیە کە خۆیشی دەزانێت ئەم پێگەیە بە کردەوە تا چەندە ڕواڵەتی و فۆڕماڵییە.
لە کۆماری ئیسلامیدا، سەرۆکایەتی کۆمار هیچکات دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بڕیاردەر نەبووە. سەرۆک کۆمار لە باشترین حاڵەتدا جێبەجێکاری بەشێک لەو سیاسەتانەیە کە لە ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا دیاری دەکرێن، ئەو ناوەندانەی کە نە بەرهەمی سندووقەکانی دەنگدانن و نە لەبەردەم خەڵکیشدا وەڵامدەرەوەن. سپای پاسداران، شورای نیگابان، دەسەڵاتی دادوەری، دامەزراوە ئەمنییەکان، بەیتی ڕێبەری و تۆڕی بەربڵاوی دامەزراوە هاوتەریبەکان، سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەت دیاری دەکەن. هەربۆیە سەرۆک کۆمار، هەر ناو و مەیلێکی هەبێت، لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و وهلیی فەقیهدا کار دەکات. لە ئاوا پێکهاتەیەکدا، حکومەت زیاتر لەوەی کە ناوەندی بڕیاردان بێت، بەپێی ئەو دەربڕینە باو و دروستە، دابینکەری پێداویستییەکانی پێکهاتەی سەرەکیی دەسەڵاتە.
ئەم سیستمە بە شێوازێک داڕێژراوە کە هەر بڕیارێکی جێبەجێکردن، ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا ناتەبا بێت، دەکرێت لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە پێشی پێ بگیرێت. یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیش نەک هەر ڕێگر نییە لەم دۆخە، بەڵکوو خۆی زەمینەی یاسایی بۆ ڕەخساندووە. لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن تەنیا یەکێکە لە بەشەکانی پێکهاتەی دام و دەزگای وەلایەت، بەشێکی کە هەر کاتێک لەو ئاراستەیەی کە بۆی دیاری کراوە لابدات، بە دەخالەتی دامەزراوە باڵاکان کۆنترۆڵ دەکرێت.
بەڵام لە نێوان ئەم ململانێ ناوخۆییانەدا، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دەکەوێتە پەراوێزەوە، ژیانی ملیۆنان مرۆڤە کە چەندین مانگە لە بێ ئینتەرنێتی، پچڕان، فلتەرینگ و گۆشەگیریدا دەژین. لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ، واتە لە ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ەوە، نزیکەی نەوەد ملیۆن کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بڕینی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتییەوە. ئەمە تەنیا سنووردارکردنێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو هێرشێکی بەربڵاوە بۆ سەر ژیانی ڕۆژانە، بژێویی، ئاسایشی دەروونی، مافی زانیاری و ئازادیی ڕادەربڕینی خەڵک.
نێت بلاکس، ڕێکخراوی سەربەخۆی چاودێریی ئازادیی ئینتەرنێت، ئەم دۆخەی بە بێوێنە وەسف کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پچڕانی بەرفراوانی ئینتەرنێت نەک هەر دەستڕاگەیشتن بە تۆڕی جیهانیی پەکخستووە، بەڵکوو بە شێوەی ڕاستەوخۆ زیانی بە بژێوی و مافە مرۆییەکانی ملیۆنان کەس گەیاندووە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئینتەرنێت چیتر ئامرازێکی لاوەکی یان کاڵایەکی لۆکس نییە، ئینتەرنێت بەشێکە لە ژێرخانی گرنگی ژیانی کۆمەڵایەتی. خەڵک لە ڕێگەیەوە کار دەکەن، فێر دەبن، بەدواداچوون بۆ چارەسەری پزیشکیی خۆیان دەکەن، لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێکانیاندا لە پێوەندیدا دەمێننەوە، هەواڵ و زانیارییەکان دەخوێننەوە، لە دۆخی قەیرانەکان ئاگادار دەبنەوە و بڕیار لە ئاسایشی خۆیان دەدەن. بڕینی ئینتەرنێت لە ڕاستیدا بڕینی بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا.
ڕەهەندە ئابوورییەکانی ئەم کارەساتە هێندە بەرفراوانن کە تەنانەت میدیا فەرمییەکانی حکومەتیش نەیانتوانیوە بیشارنەوە. ئیرنا ، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، ناچار بووە دان بەوەدا بنێت کە توانای خۆڕاگریی کەسب و کارە ئۆنلاینەکان بە تێکڕا تەنیا ٢٠ ڕۆژە و دوای ئەوە شەپۆلێک لە مایەپوچبوون دەست پێدەکات کە چیتر ناگەڕێتەوە. ئەم دانپێدانانە زۆر گرنگە، واتە حکومەتێکی کە خۆی ئینتەرنێتی بڕیوە یان سنووردار کردووە، دەزانێت کە بەم سیاسەتە هەزاران کەسب و کاری بچووک و مامناوەندی خستووەتە لێواری لەناوچوونەوە.
لە پاڵ بڕین و پچڕانی بەرفراواندا، گەڵاڵەگەلێکی وەک “ئینتەرنێتی چینایەتی” یان “ئینتەرنێتی پرۆ” نیشاندەری ڕوانگەی جیاکاریانەی دەسەڵاتە بەرامبەر بە مافی پەیوەندی. لەم جۆرە گەڵاڵانەدا، دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە ئینتەرنێت نەک مافێکی گشتی، بەڵکوو دەبێتە ئیمتیازێک بۆ تاقم و گرووپە تایبەتەکان. ئەوانەی پارەیان هەیە، ڕانتخۆرن، سەر بە دامەزراوەیەکن یان خاوەن جێگە و پێگەیەکی تایبەتن، دەتوانن لە ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی باشتر بەهرەمەند بن، بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگا یان بەتەواوی لەو ئیمکانە بێبەش دەبن یان دەبێت بۆ پەیوەندییەکی لاواز، نائەمن و پڕ تێچوو، پەنا ببەنە بەر بازاڕی ڕەشی فلتەرشکێنەکان، پرۆکسییە گرانبەهاکان و ئامرازە پڕمەترسییەکانی وەک ستارلینک. ئەمە هەمان هەڵاواردنی دیجیتاڵییە، هەڵاواردنێکی کە وەک هەمیشە زۆرترین گوشارەکەی دەکەوێتە سەر هەژاران، کرێکاران، خوێندکاران، کەسب و کارە بچووکەکان، ژنان و ناوچە بێبەشکراوەکان.
بڕیاری دیوانی عەداڵەتی ئیداری بۆ ڕاگرتنی پەسەندکراوی کردنەوەی ئینتەرنێت نیشانی دەدات کە بڕینی ئینتەرنێت بۆ کۆماری ئیسلامی، بەشێکە لە ستراتیژیی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی. ئەگەر بڕینی ئینتەرنێت بۆ سەردەمی شەڕ تەنیا ڕێکارێکی فریاگوزاری بوو، بۆچی دەبێت دەزگای دادوەری لە دژی دەستپێکی کردنەوەی بوەستێتەوە؟ وەڵامەکە ڕوونە: ئینتەرنێتی ئازاد دەرفەتی وشیاری، پەیوەندی، خۆڕێکخستن و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات. حکومەتێکی کە لە خەڵک دەترسێت، پێش هەر شتێک کەناڵەکانی پەیوەندیی ئەوان دەکاتە ئامانج.
ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ حکومەت لە پرسی ئینتەرنێتدا، پێش هەر شتێک نیشانی دا کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەسەڵات قووڵن، بەڵام ئەم ناکۆکیانە لە کۆتاییدا لەسەر پشک و شێوازی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگایە، نەک لەسەر مافی خەڵک. دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوی خەڵک نییە، سەرۆکەکەی لەلایەن ڕێبەرەوە دادەنرێت و پێکهاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیزام پێناسە کراوە. کاتێک دامەزراوەیەکی ئاوا بڕیاری حکومەت ڕادەگرێت، لە ڕاستیدا ئیرادەی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات بەسەر ئیرادەی ڕواڵەتیی حکومەتدا سەردەکەوێت.
ئاکامی ئەم ڕووداوە بۆ خەڵکی ئێران شتێکی نوێ نییه، ئەوان زۆر جار بینیویانە کە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن، پەسەندکراوەکانی حکومەت، دروشمی چاکسازیخوازانە یان بانگەشە یاساییەکان، لە بەرامبەر ئیرادەی دامەزراوە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا بێکاریگەر دەبن. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئینتەرنێت دەکرێتەوە یاخود نا، بەڵکوو ئەوەیە کە لە پێکهاتەی ئێستادا، هیچ مافێک گەرەنتی نەکراوە. ئەمڕۆ ئینتەرنێتە، بەیانی پەروەردەیە، دووبەیانی بژێوی، ئازادیی ڕادەربڕین یان ئاسایشی ژیانە.
بێ ئینتەرنێتی، بێهەواڵی و گۆشەگیریی دیجیتاڵی، ئامرازی جێگیرکردنی هەر ئەم پێکهاتەیەن. لەمڕووەوە خەبات بۆ ئینتەرنێتی ئازاد، بەشێکە لە خەبات بۆ ئازادی، مافی زانین، مافی پەیوەندی، مافی خۆڕێکخستن و مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.
