کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زەوی لە چنگی قازانجپەرستیی سەرمایەداران و بێتوانایی دەسەڵاتداراندا

IMG 4906

گۆی زەوی، وەک تاکە پەناگەی ناسراوی ئێمە لە پانتاییی بێپایانی گەردووندا، ئەمڕۆ تووشی قەیرانێکی بێوێنە و قووڵ بووەتەوە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، توانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەکان، وشکەساڵییە کارەساتبارەکان، پیسبوونی بەربڵاوی ئاو و خاک و لەناوچوونی فرەچەشنیژینگەیی، هەموویان نیشانەی نەخۆشینێکی درێژخایەنن کە ژیانیان لەسەر ئەم هەسارەیە خستووەتە مەترسییەوە. لە ئاوا دۆخێکدا، پێنجی ژوئەن بەرامبەر بە ١٥ی جۆزەردان، ڕۆژی جیهانیی ژینگە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گرنگیی خۆی نیشان دەدات. ئەم ڕۆژە یادکردنەوەیەکی ساڵانەیە بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردی مرۆڤ بەرامبەر بە ماڵەی هاوبەشمان و بانگەوازێکی جیهانییە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە.
لە ساڵی ١٩٧٢دا، کاتێک کاریگەرییە تێکدەرەکانی پیشەسازیبوون لەسەر سیمای سروشت هەرچی زیاتر خۆی نیشاندا، نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە کۆنفرانسێکی مێژووییدا لەژێر ناوی “مرۆڤ و ژینگە” لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆبوونەوە. دەرەنجامی ئەم کۆنفرانسە، بریتی بوو لە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، کە پێنجی ژوئەنی وەک “ڕۆژی جیهانیی ژینگە” دیاری کرد. ئامانجی سەرەکی لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی وشیاریی گشتی سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی سروشت، هاندانی کۆمەڵگەکان بۆ بەشداریی چالاک،ل و هاندانی حکومەتەکان بۆ گرتنەبەری سیاستگەلێکی بەردەوام و هاوتەریب لەگەڵ تەندروستیی هەسارەکە. بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی تەندروست، مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە، مافێکی کە ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج دەیە، هێشتا لەلایەن زلهێزە ئابووری و سیاسییەکانەوە پێشێل دەکرێت.
ڕۆژی جیهانیی ژینگە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی وەبەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە سروشت تەنیا سەرچاوەی دابینکردنی هەوا، ئاو و خۆراکی ئێمە نییە، بەڵکوو سیستەمێکی ئاڵۆز و لێکگرێدراوە کە بەردەوامبوونی، زامنی مانەوەی خۆمانە. ئەم ڕۆژە، هاواری ناڕەزایەتییە دژی تێکدانی بێبەزەییانەی دارستانەکان، پیسبوونی ئۆقیانووسەکان، و ژەهراویکردنی ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژین، ناڕەزایەتییەکی کە بە تێپەڕبوونی کات و توندبوونی قەیرانەکان، بەرزتر و ڕوونتر بووەتەوە.

دەرک کردن بە سەرچاوەکانی ئەو قەیرانە ژینگەییەی ئێستا، بەبێ شیکردنەوەی پێوەندییە بەرهەمهێنەرە باوەکانی جیهان، مەحاڵە. سیستەمی سەرمایەداری، بەپێی لۆژیکی زاتیی خۆی واتە “بەرزکردنەوەی قازانج لە کورتترین کاتدا”، سروشت نە وەک بەستێنێکی گرینگ بۆ مانەوە، بەڵکوو وەک سەرچاوەیەکی بێپایان و خۆڕایی بۆ دەرهێنان و بەدەستهێنانی قازانج دەبینێت. ئەم تێڕوانینە ئامرازییە، دەرەنجامی وێرانکەری بەدوای خۆیدا هێناوە:
کۆمپانیا زەبەلاحەکان بۆ بەردەوامبوونی ڕەوڕەوەی قازانجی خۆیان، پێویستیی درۆینە دەخوڵقێنن و بە ڕیکلامی بەربڵاو، بەکاربەران هان دەدەن بۆ کڕینی زیاتر لە پێویستی ئەو کاڵایانەی کە زۆربەی کات تەمەنێکی بەکارهێنانی کورتیان هەیە. ئەو کۆگا زبڵ و خاشاکانەی، بەتایبەت پلاستیک، کە ئۆقیانووسەکان و وشکانییان پیس کردووە، هێمای دیاری ئەم ڕەوتە ناتەندروستەن.
دارستانەکانی ئامازۆن، کە بە “سییەکانی زەوی” بەناوبانگن، لەژێر تیغی مشاری کۆمپانیاکانی داربڕین و ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست بەمەبەستی دروستکردنی زەوی کشتوکاڵیی پیشەسازیی، ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبنەوە. دەرهێنانی زیاتر لە پێویستی ماددە کانزاییەکان، پیسبوونی ئاوەکان بەهۆی پاشماوە پیشەسازییەکان و بڵاوبوونەوەی قەبارەیەکی گەورە لە گازە گوڵخانەییەکان لەلایەن کارگەکانەوە، سەرجەمیان لە پێناو قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندایە.
ئەگەرچی ڕێککەوتننامەکانی وەک “ڕێککەوتننامەی پاریس” بۆ کەمکردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان لەلایەن حکومەتەکانەوە واژۆ دەکرێت، بەڵام لە بەکردەوە، ململانێی زاتیی سیستەمی سەرمایەداری و لۆبیی بەهێزی پیشەسازیی سووتەمەنییە بەردینەکان واتە (فۆسیلی)، ئەم بەڵێنانەیان کردووەتە پارچە کاغەزێکی بێبایەخ و ڕێگرن لە هەر جۆرە هەنگاوێکی جیدی و هەماهەنگی جیهانی.
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن و لە هەر ١٠ کەس، ٩ کەس لە هەوای پیسدا هەناسە دەدەن. ئەم ئامارە ترسناکە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی تەماح و چاوچنۆکیی بێپایانی سیستەمێکە کە تەندروستیی مرۆڤ و سروشت دەکاتە قوربانیی کەڵەکەکردنی سەرمایە.

کارەساتی ژینگە لە ئێران ڕەهەندی جۆراوجۆر و بە گەلێک قووڵتری هەیە. لێرەدا، جیا لە لۆژیکی قازانجپەرستی، بێتوانایی، گەندەڵیی سیستماتیک و تێڕوانینی ئەمنییەتی دەسەڵات، دەستیان داوەتە دەستی یەک بۆ ئەوەی ئێران بخەنە سەرووی ڕیزبەندییە جیهانییەکانی تێکدانی ژینگە.
جێبەجێکردنی گەڵاڵەکانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە بەبێ لێکۆڵینەوەی زانستی، دروستکردنی زیاتر لە پێویست و نازانستیانەی بەنداو لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانی وەک سپای پاسداران و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکان، زیانێکی گەورە و لە قەرەبوونەهاتووی بە جەستەی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات گەیاندووە. دەریاچەی ورمێ کە ڕۆژێک بە گەوهەری شینی ئێران دەناسرا، ئەمڕۆ بووەتە هێمای مەرگی لەسەرخۆی زۆنگاوەکانی وڵات. ڕۆچوونی زەویی دەشتەکان بەهۆی دەرهێنانی بێبەزەییانەی ئاوە ژێرزەوییەکان، ئێرانی لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی ئاو بەرەوڕوو کردووەتەوە.
ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەکانی زاگرۆس و باکووری وڵات، کە زۆربەی کات لەگەڵ بێدەربەستی و کەمتەرخەمی ناوەندە بەرپرسەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە، پۆششی ڕووەکییان بەرەو لەناوچوون بردووە. ئێران گەیشتووەتە پلەی یەکەم لە بواری سووان و تێکچوونی خاک لە جیهاندا و ساڵانە ملیاردها تۆن لە خاکی بەپیتی خۆی لەدەست دەدات کە دەرەنجامەکەی بریتییە لە بە بیابانبوونی بەربڵاو، بە شێوەیەکی کە دەوترێت لە هەر خولەکێکدا، ٣٠ مەتری چوارگۆشەی دیکە لە خاکی ئێران دەبێتە بیابان.
بەگوێرەی دانپێدانی خودی بەرپرسانی ڕژێم، پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی قۆرغکراو و بێ کوالێتی، سەرچاوەی بەشێکی گەورە لە پیسکەرە کوشندەکانە لە شارە گەورەکان، کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو خانەکانی لەشی هاووڵاتیانەوە. زیانی ئابووریی سەرچاوەگرتوو لە بێباخی بە ژینگە، ساڵانە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە لە گیرفانی خەڵک دەدرێت.
تراژیدیای گەورەتر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە، دەست دەکات بە سەرکوتی ئەو کەسانەی کە هەوڵی پاراستنی ئەم ئاو و خاکە دەدەن. دەیان چالاکی ژینگەپارێز بە تۆمەتی بێبنەمای وەک “سیخوڕی” و “هەوڵدان لەدژی ئاسایشی نیشتمانی” دەستگیر، ئەشکەنجە و تەنانەت کوژراون. مەرگی دڵتەزێنی کاوس سەیدئیمامی لە زینداندا و گیانلەدەستدانی شەریف باجوەر و هاوڕێکانی لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی مەریوان، نیشاندەری تێڕوانینی ئەمنییەتی ڕژێمە بۆ دڵسۆزانی سروشت. لە ئاوا دۆخێکدا، دیاریکردنی “هەفتەی پاراستنی ژینگە” لەلایەن ئەم ڕژێمەوە، تەنزێکی تاڵ و ڕیاکارانەیە.

لە بەرامبەر ئەم تێکدانە بەربڵاوە حکومی و سیستماتیکەدا، ڕەنگە ڕۆڵی تاکەکەسی بچووک بێتە بەرچاو، بەڵام نابێت هێزی هەوڵ و تێکۆشانە بە کۆمەڵەکان بە کەم سەیر بکرێت. پاراستنی ژینگە تەنیا ئەرکی حکومەتەکان یان ڕێکخراوەکان نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی گشتییە. هەر یەک لە ئێمە دەتوانین بە گۆڕانکاریی هۆشمندانە لە شێوازی ژیانی خۆماندا، ببینە بەشێک لە چەسەرەسەر:
کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیکی یەکجاربەکارهاتوو، دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاو و کارەبا، و خۆبواردن لە کڕینی کاڵای ناپێویست، یەکەم و گرنگترین هەنگاوە.
بەکارهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی، دووچەرخە و جیاکردنەوەی زبڵ خاشاک لە سەرچاوەکانەوە، کاریگەریی بەرچاوی هەیە لە کەمکردنەوەی شوێنپێی ئیکۆلۆژیی ئێمە.
نەمامچاندن، بەشداری لە بەرنامەکانی پاککردنەوەی سروشت و لە هەمووی گرنگتر، پەروەردەکردنی منداڵان و نەوەکانی داهاتوو لەسەر گرنگیدان بە سروشت، کولتوورێکی بەردەوام بۆ پاراستنی زەوی دەخوڵقێنێت.
هاوکات لەگەڵ هەوڵە تاکەکەسییەکاندا، ئەرکی ئێمە وەک هاووڵاتی، بریتییە لە خستنەژێر پرسیاری سیاسەتە دژە ژینگەیییەکان و پشتگیریکردن لەو چالاکوان و ڕێکخراوە مەدەنیانەی کە بوێرانە لەپێناو پاراستنی ئەم میراتە هاوبەشەدا خەبات دەکەن.