دوازدەی جۆزەردانی ١٣٦٢. سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ ڕاگەیەندراوێک بەرەوڕوو بوونەوە کە لەلایەن فەرمانداریی شارەوە لە شەقامەکاندا بڵاو کرابووەوە. لیستێک لە ناوی پەنجاو و نۆ کەس. ناوی پەنجا و نۆ لاو و تازەلاوی کە لەسێدارە درابوون. هەمان ئەو کەسانەی کە چەند مانگ پێشتر لە سەر شەقامەکان ڕفێندرابوون. هەمان ئەو لاوانەی کە بنەماڵەکانیان نەیاندەزانی لە کوێن و ئێستاش نازانن لە کوێ بەخاکسپێردراون.
مەسەلەکە لە خاکەلێوە و گوڵانی ١٣٦٢ەوە دەستی پێکردبوو. هێزەکانی ڕژێم لە شەقامەکانی مەهاباددا بە دوای قوربانیدا دەگەڕان، هەڵبەت نە بەهۆی تاوانێکی دیاریکراو و نە لەسەر بنەمای مەلەفێکی یاسایی ڕێکخراو، بەڵکوو ئەو لاوانەی کە لە ماڵ دەهاتنە دەرەوە، لە سەر کۆڵانەکان، لە بازاڕ و لە ڕێگای قوتابخانەدا دەستبەسەر دەکران. زۆربەیان هێشتا تەمەنیان نەگەیشتبووە هەژدە ساڵ. چەند کەسێکیان قوتابیی ئامادەیی بوون، یەکێکیان قوتابیی پۆلی دووی ئامادەیی ئیبنسینای مەهاباد بوو.
تۆمەت؟ وابەستەیی و لایەنگریی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان. تۆمەتێکی کە نە لە دادگا سەلمێندرا و نە هیچ پارێزەرێکیش بۆ ڕەتکردنەوەی ئامادە بوو. دادگاییکردنێکی چەند خولەکی لە “دادگای شۆڕش“ی تەورێز و دواتریش دەرکردنی حوکمی مەرگ.
بۆ تێگەیشتن لەوەی کە لەو ڕۆژەدا ڕووی دا، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ حەفتەکانی پێشووتر. محەممەد بروجێردی، فەرماندەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سپای پاسداران و داڕێژەری گەڵاڵەی شەڕ لەدژی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژاوای وڵات، کوژرابوو. مەرگی ناوبراو گورزێکی قورس بوو بۆ ڕژێم. میرحسێن موسەوی سەرۆک وەزیری ئەوکات، هاشمی ڕەفسەنجانی و موحسین ڕەفیقدووست وەزیری ئەوکاتی سپا، یەک لە دوای یەک هێرشیان کردە سەر حیزبە کوردستانییەکان و داوای توندترین کاردانەوەیان کرد. ڕژێمێکی کە لە مەیدانی شەڕدا گورزی بەرکەوتبوو، بڕیاری دا ڕق و تووڕەیی خۆی بە سەر خەڵکێکی بێدیفاعدا بڕێژێت. پەنجا و نۆ لاوی مەهابادی بوونە قوربانیی ئەم تۆڵەسەندنەوەیە.
لە نێوان ئەو کەسانەی کە ناویان بەم تاوانەوە گرێ دراوە، حەمیدڕەزا جەلاییپوور فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد کە لە ساڵەکانی دواتردا بەرگی ڕیفۆرمخوازیی پۆشی، محەممەد ئیبراهیم سەنجەقی فەرماندەی قەرارگای حەمزە، ناتق نووری وەزیری ناوخۆ، غوڵامڕەزا حەسەنی ئیمام جومعەی ورمێ و سەیاد شیرازی فەرماندەی هێزی زەمینیی ئەرتەش بوون.
دوای لەسێدارەدانیان، بنەماڵەکان تەنانەت لە شوێنی بەخاکسپاردنی ڕۆڵەکانیشیان ئاگادار نەکرانەوە. نە گۆڕێک، نە ناونیشانێک، نە بەردی گۆڕێک. پەنجا و نۆ ژیان کە لە چەند خولەکدا کۆتاییان پێهات و لە بێدەنگیدا چوونە ژێر خاک. ئەم بێدەنگییە سەپێندراوە، خۆی بەشێک بوو لە سزادانەکە، نەک تەنیا سزای ئەوانەی کە لەسێدارە دران، بەڵکوو سزادانی ئەو دایک و باوک و خوشک و برایانەش بوو کە دەبوو تەنانەت مافی ماتەمینی و شینگێڕییان لەسەر گڵکۆی ئازیزانیان لێ زەوت بکرێت.
بەڵام خەڵکی کوردستان بێدەنگ نەبوون. ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٣٦٢، بە بانگەوازی هاوبەشی کۆمەڵە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی، کوردستان بە گشتی مانی گرت و داخرا. مانگرتن لە مەهاباد چەند ڕۆژ درێژەی کێشا. ئەمە یەکەمین مانگرتنی گشتیی و هاوئاهەنگ بوو لە کوردستان، حەرەکەتێکی کە نیشانی دا خەڵک لە هەمبەر تاواندا، تەسلیمی ترس و تۆقاندن نابن.
لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهاباد، نە سەرەتای ئەم زنجیرەیە بوو و نە کۆتایییەکەی. بە درێژایی دەیەی شەستی هەتاوی، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار بەم شێوازە ڕەفتاری کرد، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، دادگاییکردنی فەرمایشی و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ. ئەم ڕەوتە لە هاوینی ١٣٦٧دا گەیشتە لووتکەی خۆی، ئەو کاتەی کە هەزاران بەندکراوی سیاسی لە سەرانسەری وڵات لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لەسێدارە دران. بەڵام ئەم تاوانەی مەهاباد پێگەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە زۆرترین قوربانییەکانی زیاتر بریتی بوون لەو تازەلاوانەی کە لەناو شەقامەکاندا ڕفێندرابوون، بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بەبێ هیچ بەرگرییەک.
ئەمڕۆ، چل و سێ ساڵ دوای ئەو ڕۆژە، هێشتا زۆرێک لە ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە لە تاریکیدا ماوەتەوە. هێشتا شوێنی وردی گۆڕەکان دیار نییە و هێشتا زۆرێک لە بنەماڵەکان هیچ شتێکیان جگە لە لیستی ئەو ناوانەی کە لەو ڕاگەیەندراوەی فەرمانداریدا هاتووە، بە دەستەوە نییە.
بەڵام ئەوان فەرامۆش نەکراون. ئەم پەنجا و نۆ ناوە، لە بیرەوەریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا زیندوون. ڕاگرتنی ئەم یادەوەرییە، نەک تەنیا ئەرکێکی مێژوویی، بەڵکوو سەرەتاییترین شێوازی خۆڕاگرییە لە هەمبەر ئەو کەسانەی کە دەیانویست بە شاردنەوەی گۆڕەکان، تەنانەت ناوی ئەم لاوانەش لە یادەکان بسڕنەوە. ئەو خوێنانەی لە خاکدا ون بوون، لە بیر و مێشکدا دێن و دەچن.
گیانبەختکردووانی جینایەتی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ بریتین لە:
غوڵامڕەزا بارزی، حەسەن جیهانیان، عەلی بانەییان، محەمەد عەلیالی، محەمەدئەمین سەفا، هومایۆن نیلووفەری، مەحموود ڕیازی، محەممەد حوسێنی، عەباس حوسێنپوور، کازم خاتوونی، عەلی مەزنە، عەبدوڵڵا تەحریریان، ڕەحمان ڕەحیمی، عەلی گوڵپەرەست، مستەفا عیسمەتی، خالق بارزانی، یۆسف ئەییازی، کەمال چاوشینی، حەسەن ڕەحمانیان، خالید ڕەحیمی ئازەر، خالید سەفایی، سەید ئیبراهیم ئەحمەدی، محەممەد مەسعوودی، محەممەد ئەبوبەکری، وەفا ئەلیاسی، مەنسوور جەناح، محەممەدئەمین ئەحمەدی، محەممەد سەلیمی، فەریدون شەنگە، عەلی بازیان، خزر ڕەنگین، ئەبوبەکر شوکری، ئینشاللە نادری، هەژار کەریمی، کەمال کەریمی، کەریم کەلهۆڕی، یۆسف حەبیب پەنا، محەممەد فارووق بازیار، ئیبراهیم ئەمینی، ساڵح مامئیبراهیمی، شوکری نادری، مستەفا فەقری، عەلی غەوارە، عەلی سەلاحی، مەلا حەسەن لاجوردی، سولەیمان حەسەنزادە، یۆسف حەسەنزادە، کەریم کاوە، سەید مەحموود سەیدمەحموودی، حامید مەحموودکەندی، حوسێن کەلهۆڕی، عەباس یۆسفی، سیامەک سەقزی، عەلی ئابادە، کامەران زاهیر حیجازی، ساڵح فەرهوودی، مەقسوود مەحموودی، ئەحمەد کەڕووبی و ڕەحمان خزرپوور.
چوار مانگ دوای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی گەنجانی مەھاباد لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢، ڕژێمی ئێران کە بە لەسێدارەدانی ئەو گەنجانە نەیتوانی بگاتە ئامانجە دزێوەکانی خۆی، جارێکی دیکە دەستی دایە جینایەت و ٣٣ گەنجی دیکەی ڕفاند و سەرلەنوێ لە تەورێز گەللەبارانی کردن.
ئەحمەدباباسووری
جەعفەرپوورسەڵتانی
عەبدولڕەحیمماملی «نەجات»
محەممەدسەبزەچی
ناسرھیندۆش
مەحموودئیبتیدا
قادربایزیدی
ڕەسووڵڕەشیدی
سلێمانئاھەنگەری
سلێمانپیرۆتزادە
سلێمانمەولانی
خەسرەوسازواری
قەدیرکاکامامی
کەریمپەغەمبەرنژاد
محەممەدجەننەتی
حەسەنجەننەتی
عەلیبامداد
یوونسپیرزادە
عەلیئازەرگووتا
کەریمئەحمەدی
ڕەحمانبانگین
سەیدعەلائەدینحوسێنی
سوڵتانبەنایی
یۆسفعابد
جەعفەرحەسەنزادە
جەعفەرعیسمەتی
یۆسفمحەممەدی
خۆشنەوقازیزادە
موحسینعالیە
فایەقکەریمی
جەعفەرپاکزاد
ئەحمەدئەمینی
جەعفەرمامڕەمەزانی
هەڵبەت بەھۆی نەبوونی زانیاریی پێویست لەسەر ڕەوتی دادگاییکردن، دۆسیە و ڕێکەوتی لەسێدارەدانیان، تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەم ناوانەی خوارەوە لەگەڵ ئەو ۵۹ کەسەدا بە کۆمەڵ لەسێدارەدراون یان بە جیاواز.
عەلیتەکەمچی
یوونسپیردەخت
سەیدئیبراھیمسەیدئەحمەدی
نەسرینکاڵ
عوسمانباتوورک
عەلیسەلامی
مەعسوومەسەرھەنگی
ئەبوبەکرپەرتەویان
خالیدمیسماری
حەبیبخاتەمی
عەلیگوارا
مەسعوودمیرمەحموودی
محەممەدمەسعوودزائیرحیجازی
سەیدئەنوەرشوکری
عەبدوڵڵائاھەنگەری
لە ساڵی ١٣٦٢دا، زیاتر لە ۲۵۰ کەس لە کوردستان ڕفێندران و لە ماوەی چوار مانگدا لە تەورێز لەسێدارە دران.
لە ساڵیادی ئەم کردەوە جینایەتکارانەدا، ڕێز دەگرین لە یادی قوربانیانی ئەم ڕووداوە و سەبر و خۆڕاگریی بنەماڵە سەربەرزەکانیان.
