ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ١٠ی دێسامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٩ی مانگی سه‌رماوه‌ز، ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤه. ٧١ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له وه‌ها ڕۆژێكدا ” جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ” وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی جیهانی گرینگ، له لایه‌ن “ئه‌نجومه‌نی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان” په‌سند كرا.
ڕسته‌ی “مافی مرۆڤ” پێشتریش بۆ خه‌ڵكی جیهان ناسرابوو، به‌ڵام بیری ئه‌وه‌یكه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بگونجێندرێ و له لایه‌ن ناوه‌ندێكی جیهانیه‌وه په‌سه‌ند بكرێ، پاش شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م هاته ئاراوه. ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه به ٤٨ ده‌نگی ڕازی و ٨ ده‌نگی سپی له لایه‌ن زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌و كاتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان په‌سند كرا. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی وڵاته‌كان ناوه‌رۆكی ڕاگه‌یه‌ندراوی مافی مرۆڤیان به ڕه‌سمیه‌ت ناسیوه و ته‌نانه‌ت له یاسا بنهڕهتیهكانیشدا گونجاندوویانه، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌و مافه‌ش له زۆربه‌ی وڵاته‌كان پێشێل ده‌كرێ. له‌م پێوه‌نده‌دا، كۆماری ئیسلامی بۆ پێشێل كردنی مافی مرۆڤ له ئاست جیهاندا ڕێكۆردی لێداوه. به پێی ئه‌و به‌ڵگه و بڕیارنامانه‌ی كه هه‌موو ساڵێك له بوار پێشێل كردنی مافی مرۆڤ له لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه، كۆماری ئیسلامی له زومره‌ی پێشێلكه‌رانی سیستماتیك و سه‌ره‌كیی ئه‌م مافه به ئه‌ژمار دێت. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ئێران خۆی یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه كه جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤی واژۆ كردووه. له ڕاستی دا، پانتا و به‌رینایی جه‌نایاتێك كه له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا كۆماری ئیسلامی دژبه خه‌ڵكی ئێران ئه‌نجامی داوه زۆر زیاتر له‌وه‌یه كه له شورای مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باسی لێده‌كرێ. له زیندانه‌كانی ڕژیمی ئیسلامیی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران، گه‌لێك ئینسانی ئازاده و شه‌ریف له‌به‌ر بیروباوه‌ڕیان له سیاچاڵهكاندا به‌ند كراون و له كه‌مترین مافی ئینسانی بێ به‌رین و به‌رده‌وام له ژێر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ دان. ئه‌شكه‌نجه له‌ناو زیندانه‌كان و شهللاق لێدان و ئێعدام له‌به‌رچاوی خه‌ڵك بووه‌ته ئه‌مرێكی عادی و ڕۆژانه‌ی ئه‌م ڕژیمه و ته‌نانه‌ت له‌ژێرناوی “حه‌دی شه‌رعی و ته‌عزیر” به ڕه‌سمی له ناو یاسای سزادانی كۆماری ئیسلامی دا گونجێندراون. هه‌ر ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، داكۆكیكارانی مافی ژن و چالاكانی ژینگه‌پارێز له‌ناو زیندانه‌كانی كۆماری ئسلامی دا به‌دیل گیراون و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونیدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. كۆماری ئیسلامی به‌رزترین پله‌ی ئێعدامی ئینسانه‌كانی پێدراوه و ڕژیمێكه كه ته‌نانه‌ت منداڵانی كه‌متر له ١٨ ساڵیش له‌دار ده‌دا. له‌م وڵاته‌دا سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی و ئایینی به یاسا ڕه‌سمیه‌تی پێدراوه. وه‌ك نوێترین نموونه، ته‌نیا له ماوه‌ی یه‌ك حه‌فته‌دا له جه‌ریانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، سه‌دان كه‌س كوژران و به‌هه‌زاران كه‌س بریندار بوون و پتر له ٧ هه‌زار كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كران و كه‌وتنه ژێر مه‌ترسی ئه‌شكه‌نجه و ئێعدامه‌وه. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه هاتبوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌و شێوه‌یه وه‌حشیانه له لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه هێرشیان كرایه سه‌ر، ته‌نیا داواكاری دابین كردنی مافه سه‌ره‌تایی و ئینسانیه‌كانیان بوون.
ئه‌گه‌رچی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ وڵامده‌ره‌وه‌ی قه‌یرانی قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ناوهرۆكهشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌ی كرێكاران و ئازادیخوازانی جیهانه. هه‌ر هه‌نگاوێكی پاشه‌كشه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له به‌رامبه‌ر مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی گونجێندراو له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا، به خه‌بات و فیداكاری به‌رده‌وام هاتووه‌ته دی و بورژوازی جیهانی سه‌ره‌نجام ناچار بووه به هاوئاهه‌نگ كردنی ئه‌و خواستانه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی، له مێژوودا به‌ناوی خۆی تۆماری بكات.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ناخاته ژێر پرسیاره‌وه و ڕێز له چه‌وسانه‌وه‌ی ئینسان به‌ده‌ستی ئینسان ده‌گرێ، به‌ڵام ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌م ئاسته‌شدا هێشتا له پێشكه‌وتووترین وڵاته‌كانی سه‌رمایه‌داری به ته‌واوی به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتووه و پێویستی به خه‌باتێكی به‌رده‌وامه. هێستاش له زۆربه‌ی وڵاته‌كان، به ئاشكرا سه‌ره‌تایی ترین مافی ئینسانه‌كان كه مافی ژیانه، پێشێل ده‌كرێت. پێشێلكردنی مافی ئینسانه‌كان له چوارچێوه‌ی قاتی و برسێتی و نه‌خۆشیی په‌ره‌ستێن و بازرگانی سێكس و قاچاخی ماده‌ی هۆشبه‌ر، ته‌نانه‌ت له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤیش‌دا ئاماژه‌یه‌كی پێنه‌كراوه.
هه‌ر تاكێك پێویسته بۆ دابین كردنی سڵامه‌تی و ئاسایشی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له خۆراك، پۆشاك، ماڵ و چاوه‌دێری پزیشكی و خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هره‌مه‌ند بێت. پێوسته هه‌موو كه‌سێك له كاتی بێكاری، نه‌خۆشی، كه‌م ئه‌ندامبوون، جودایی و پێری به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له هه‌موو خزمه‌تگوزاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌هره‌مه‌ند بێت.
هێچ ده‌سه‌ڵاتێك یان كه‌سێك بۆی نییه ئینسانه‌كان به‌خاتری ڕه‌نگ، نه‌ته‌وه، ڕه‌گه‌ز، ته‌مه‌ن، بیروباوه‌ڕ، مه‌یل و بژارده‌كانی له مافه سه‌ره‌تاییه‌كان بێبه‌ری بكات. ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێكخراو و به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئینسانه‌كانه و نابێ به هیچ بیانوویه‌ك سنووردار بكرێت. نابێ هیچ كه‌سێك ئه‌شكه‌نجه بدرێت یان بكه‌وێته ژێر سزا و هه‌ڵسووكه‌وتی زاڵمانه و دژه ئینسانی. كه‌سانی تۆمه‌تبار، نابێ به تاوانبار بناسرێن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه له موحاكمهیهكی عه‌له‌نیدا كه به ته‌واو مانا توانیبێتیان له‌خۆیان دیفاع بكه‌ن، تاوانبار كرابن.
پێوه‌ری پاراستن و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پێویسته به پێی یه‌كسانی ئیسانه‌كان و به‌هره‌مه‌ند بوونیان له سه‌مه‌ری ئینسانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به‌رئاورد بكرێ. كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری به پێی جه‌وهه‌ر و ماهیهتهكهی، كه له‌سه‌ر جیاوازی چینایه‌تی دامه‌زراوه، ناتوانێ داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤ بێت. مافی مرۆڤ ته‌نیا كاتێك به ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه جیاوازی چینایه‌تی له‌ناو چووبێت و ئینسانه‌كان ئه‌و ئیمكانه‌یان بۆ خوڵقابێت كه له ئاسایشی ته‌واودا، به یه‌كسانی بژین. دیاره ئه‌وه‌ش له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به‌ده‌ستی ئینسان دامه‌زراوه و ئامانجی به‌رهه‌مهێنان نه‌ك دابین كردنی پێداویستی ئینسانه‌كان، به‌ڵكوو قازانجی زیاتره، وه‌دی نایه. ته‌نیا كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستیه. بۆ دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك كه تێیدا مافی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، پێویسته به‌رده‌وام خه‌بات درێژه‌ی بێت. به‌ڵام تا ئه‌وكات كه كۆمه‌ڵی ئینسان به ته‌واوی له سه‌رمایه‌داری ڕزگاری ده‌بێت، له‌به‌رچاوگرتنی مافی سه‌ره‌تایی ئینسان كه به‌شێكی له “جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ” دایه، پێویسته به ڕه‌سمیه‌ت بناسرێت و به‌كرده‌وه ده‌ربێت. نابێ ڕێگه بدرێت هیچ ده‌وڵه‌ت و ناوه‌ندێك پێشلكردنی مافی سه‌ره‌تایی و جیهانی ئینسانه‌كان، له‌ژێر هیچ ناوێك پاساو بكات.