به پێی ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان، له‌درێژه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییان له شاره‌كانی كوردستان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە، دەستبەسەر و گوازتراونه‌ته‌وه بۆ شوێنێکی نادیار.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، “هادی مەحموودی، ئەیووب عوسمانی و سه‌تار وەیسی” خەڵکی شاری جوانڕۆ لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئەو شارەدا، لە لایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزراونەتەوە. شایانی باسه، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵه‌كانیان هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. پێویسته بوترێت كه به‌دوای دەستپێکی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شاری جوانڕۆ، دەیان هاووڵاتیی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەستبەسەر کراون. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هێزە ئه‌منییه‌کان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هاووڵاتییانی ناڕازیی دەستبەسەرکرا، خۆیان دەبوێرن. له لایه‌كی دیكه‌وه ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چەند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر لاوێکی خەڵکی بانە بە ناوی “هیوا شەعبانی”، لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار كراوه و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.