ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك له عێراق به‌هێز و پڕ ته‌وژم هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه له ڕۆژی ٩ی مانگی ڕه‌زبه‌ره‌وه به به‌شداری چه‌ند هه‌زار كه‌س، دژبه گه‌نده‌ڵی، بێكاری و نزم بوونی ئاستی خزمه‌تگوزاریی گشتی له گۆڕه‌پانی ئازادی به‌غداوه ده‌ستی پێكرد، له ماوه‌ی كه‌متر له ٢٤ كاتژمێردا، بوو به حه‌ره‌كه‌تێكی چه‌ند ملیۆنی له شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق. حه‌فته‌یه‌ك دواتر ده‌وڵه‌تی عێراق، فریوكارانه، به‌ڵێنیی ڕێفۆرم له یاسای بنه‌ڕه‌تی و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت و خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی پیشه‌یی بۆ لاوان دا. هاوكات به‌وپه‌ری توندوتیژیه‌وه ده‌ستی دایه سه‌ركوتی خۆپیشانده‌رانێك كه به ده‌ستی به‌تاڵ له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت و جه‌نایه‌تكارانی حه‌شدی شه‌عبی سینگیان كردبووه قه‌ڵغان.
له‌وه به‌دوا تێكهه‌ڵچوونه‌كان توندتر بوونه‌وه و درووشمه‌كانی خه‌ڵكی لاپه‌ڕیو داخوازیه‌كانی ڕۆژانی سه‌ره‌تایی ئاخێزه‌كه‌ی تێپه‌ڕاند. ڕۆژی ٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر مانگرتنی گشتی ڕاگه‌یه‌ندرا و وڵامێكی لێبڕاوانه‌ی پێدراوه. له‌م ڕۆژه‌دا بۆ یه‌كه‌مین جار داخوازی له ده‌وڵه‌ت جێگه‌ی خۆی دا به درووشمی ڕووخاندنی گشت دار و ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له عێراق. خۆپیشانده‌ران خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه سه‌رجه‌م حێزبه سیاسیه‌كانی شه‌ریكی ده‌سه‌ڵات و له‌سه‌ركارلاچوونی ده‌وڵه‌ت و هه‌موو گرووپ و هێز و ناوه‌نده‌كانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بوون و بینا كردنه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ به ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌رچاوه‌گرتوو له ئیراده‌ی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو بوون و چه‌ند جار كۆنسوولخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌یان ئاگر تێبه‌ردا. ئه‌م گۆڕانكاریه له ئامانج و له درووشمدا، هاوكات تێكه‌ڵ بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی دژبه كۆماری ئیسلامی. له‌م پێوه‌نده‌دا خۆپیشانده‌ران خوازیاری كۆتایی هاتنی ده‌ست تێوه‌ردانی كۆماری ئیسلامی له وڵاتی عێراق بوون. له‌م قوناخه‌دا، عادڵ عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده بوو كه له‌سه‌ركار لابچێت. به‌ڵام دوای چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی سپای قۆدس و له‌ژێر گوشاری كۆماری ئیسلامی دا له پۆسته‌كه‌ی خۆیدا مایه‌وه. ئه‌و داوای له خه‌ڵك كرد كه ده‌رفه‌تێكی ٤٥ ڕۆژه‌ی پێبده‌ن تا خواسته‌كانیان دابین بكات. به‌ڵام وڵامی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو ڕوون و ئاشكرا بوو. خه‌ڵك هه‌موو جۆره ڕێفۆرمێكیان له ژێر سێبه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا به مه‌حاڵ ده‌زانی. ئه‌وان به باشی ده‌یانزانی كه مۆڵه‌تی ٤٥ ڕۆژه ته‌نیا تاكتیكێكی فریوكارانه‌یه بۆ دامركاندنی گڕ و تینی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك.
٧ی مانگی سه‌رماوه‌ز یه‌كێك بوو له خوێناوی‌ترین ڕۆژه‌كانی ئاخێزی دوو مانگه‌ی عێراق. له‌م ڕۆژه‌دا هێزه ده‌وڵه‌تیه‌كان له شاری ناسریه به‌وپه‌ڕی بێڕه‌حمیه‌وه ٤٥ كه‌س له خۆپیشانده‌رانی بێدفاعیان كوشت و ده‌یان كه‌سی دیكه‌شیان بریندار كرد. به‌ڵام ئه‌م جه‌نایه‌ته نه ته‌نیا نه‌یتوانی ترس بخاته ناو ڕیزه‌كانی خه‌ڵكه‌وه به‌ڵكوو به‌هۆیه‌وه خۆپیشاندانه‌كان له به‌غدا و ناسریه و شاره‌كانی دیكه له ڕۆژانی دواتریدا به شێوه‌یه‌كی به‌رینتر درێژه‌ی بوو و عادڵ عه‌بدولمه‌هدی له ژێر گوشاری خه‌ڵكدا له‌سه‌ر كار لاچوو. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدا بوو كه له جه‌ریانی ئاخێزی دوو مانگی ڕابردووی عێراقدا، كۆماری ئیسلامی به یارمه‌تی حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیدا تا عادل عه‌لدولمه‌هدی له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی بهێڵێته‌وه. ئه‌گه‌رچی ناڕازیان به بیستنی هه‌واڵی له‌سه‌ر كار لاچوونی عه‌بدولمه‌هدی جێژنیان گرت و خۆشیان ده‌ربڕی، به‌ڵام هاوكات ڕاشیانگه‌یاند كه ئه‌م ئیستعفایه كۆتایی كار نییه و تا كاتێك كه گشت چینی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای عێراق بنبڕ نه‌كه‌ن، هه‌روا درێژه به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌ده‌ن. له ئێستادا به له‌سه‌ر كارلاچوونی سه‌رۆك وه‌زیران، قه‌یرانی سیاسی له عێراق ڕۆیشتووه‌ته قۆناخێكی نوێوه. هه‌یئه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌وتووه‌ته بنبه‌سه‌ته‌وه. ئه‌و دار و ده‌سته‌یه‌ی كه له ماوه‌ی دوو مانگدا ٤٢٠ ئینسانی ئازاده و بێ دفاعیان خه‌ڵتانی خوێن كرد، له ئێستادا كه‌وتوونه دۆخێكه‌وه كه نه ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ته‌وه و نه ڕێگای به‌ره‌وپێش چوون. هه‌موان به باشی ده‌زانن كه ئیتر عێراق ناگه‌ڕێته‌وه بۆ باروودۆخی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر و ئاڵوگۆڕ له‌م وڵاته‌دا حه‌تمیه. ئه‌وه‌یكه ناوه‌رۆكی ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتووی عێراق چ ده‌بن، هێشتا به وردی پێش بینی ناكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه دیاره وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی سه‌ره‌تایی، كۆماری ئیسلامی له عێراق داهاتوویه‌كی نییه. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی عێراق له هه‌مان كاتدا كه پێشكه‌وتووخواز و عادڵانه و جه‌ماوه‌ریه، كه‌م و كوڕیه‌كانشیی كه‌م نین. خه‌ڵكی پارێزگا سوننی نشینه‌كانی ئه‌م وڵاته سه‌ره‌ڕای نه‌فره‌تێك كه له دار و ده‌سته‌ی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌م وڵاته هه‌یانه، له‌و حه‌ره‌كه‌ته جه‌ماوه‌ریه‌دا به‌شداریان نه‌كردووه. خه‌ڵكی كوردستان وێڕای ستایش كردنی خۆڕاگریی و بوێریی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باكووری عێراق، به‌كرده‌وه له خوڵقاندنی ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتوو له عێراق ده‌ور و نه‌خشێكیان نییه. ئاخێزی خه‌ڵك له هه‌مان كاتدا كه له ماوه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌دا به ئه‌زموون چه‌ند نموونه‌یه‌كی له ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری به‌خۆوه بینی به‌ڵام هێستاش له ستادی ڕێبه‌ری ناسراوی خۆی بێبه‌ریه.
ڕۆڵی فێڵبازانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا كه هه‌تا ئێستا له به‌رامبه‌ر ئاخێزی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌دا بێده‌نگیان گرتووه‌ته به‌ر، وه‌ك مه‌ترسیه‌ك هه‌ڕه‌شه له داهاتووی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی عێراق ده‌كات. ئه‌مریكا چه‌ندین پێگه‌ی نیزامی گه‌وره‌ی له عێراق هه‌یه. گه‌وره‌ترین باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له جیهاندا له به‌غدایه. به له‌به‌رچاوگرتنی حزووری به‌رده‌وام و هه‌زینه‌یه‌كی زۆر كه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له عێراق كردوویه‌تی، به ئاسانی یه‌خه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته به‌رنادا. چاره‌سه‌ر كردنی خاڵی لاوازی ئه‌م بزووتنه‌وه مافخوازانه‌یه و وشیار بوون و به‌ره‌نگار بوونه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات، جگه له خواست و ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه، پێویستی به ڕێبه‌ریه‌كی ڕادیكاڵ و یه‌كگرتوو و وردبینه تا بتوانێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی عێراق به ئامانجی خۆی بگه‌یه‌نێ. ئه‌وه‌یكه كه ئایا ئه‌م ڕێبه‌ریه له جه‌رگه‌ی ئه‌م ئاخێزه‌دا ده‌خوڵقێت یان نا هێشتا ڕوون نییه، ئه‌وه‌یكه دیاره ئه‌و ڕاستیه‌یه كه خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته به‌وه‌ی كه تاكوو ئێستا كردوویانه، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یان بۆ ڕزگاری له فه‌لاكه‌تێك كه چوار ده‌یه‌یه تێدا گرفتارن، هه‌ڵێناوه‌ته‌وه.