سه شنبه – ۱۳ آذر – ۱۳۹۷ , 04 – 12 – 2018
بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا بەرهوپیری ڕۆژی خوێندکارەوە دەچێت کە قەیرانی سەرمایەداری ئێران لەژێر دهسهڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا کاریگەریەکی کارەساتباری دوو هێندەی لەسەر کار و ژیانی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران داناوە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا دیاردەی بێکاری بەتایبەت لەنێو لاواندا ئاستێکی هوشداری دەری بە خۆیەوە گرتووە. ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە حقوق و حەقدەستەکانیان چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری دایە، بە جارێک توانایی کڕینیان٨٠ لەسەد دابەزیوە و ئاستی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری گەیشتووهتە سنوری تەحەمول نەکران. بە ملیۆن ژن و پیاو لەبەر ههژاری لهڕادهبهدهر و برسییەتی ئازار دەکێشن. هەموو ڕۆژێک ژمارەیەکی زیاتر لە منداڵان لە ژێر گوشاری هەژاریدا لە چەرخەی خوێندن دەردەچن و بە ئۆردوی ملیۆنی منداڵانی کار و خیابانیەوە پەیوەست دەبن. ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابوورییە و قەیرانی ژینگەیی و پەرەسەندنی خەسارە کۆماڵایەتییەکانی سەرچاوە گرتوو لەوانەوە، کۆمەڵگای ئێرانی خستووهتە بەردەم کارەساتێکی کۆمەڵایەتی. ئەم بارودۆخە ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر وەزعیەتی ژیان و خوێندنی ئەو بەشە لە خوێندکاران کە لە چین و توێژەکانی هەژاری کۆمەڵگان داناوە. بە تایبەت بەردەوام بوونی خوسوسی سازییەکان لە حەوزەی ئاموزش، هەڵاواردن و نایەکسانی لە بواری بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ئاموزشی زیاتر کردووە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەسەر ناوەرۆکی ئەم قەیران و داماوییە ئابووریە لەگەڵ قەیرانێکی ئیدئۆلۆژیکی قوڵیشدا بەرەوڕوو بووهتەوە. واتە یەکێک لە ستونەکانی دهسهڵاتی ئەم ڕژیمە کە لە ڕێگای ئەوەوە کۆمەڵگا لە باری ئەخلاقی و فکریەوە کۆنتڕۆڵ دەکرد، لە ئاکامی ئاڵوگۆڕ لە بوارەکانی فەرهەنگی و هونەری و پەرەسەندنی خۆراگری و خەباتی ژنان، لاوان و خەڵکی توڕە و ناڕازی لە سوڵتەی یاسا مەزهەبیەکان تێک ڕماوە. چوونی بەرینی ژنان بەرەو خوێندنی باڵا بۆ بازاڕی کاری ناڕەسمی و حوزوری بەرینیان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی جەماوەریدا، پیاوسالاری و ئاپاڕتایدی ڕەگەزی، یەکێکی تر لە پایەکانی حاکمیەتی مەزهەبی سست کردووە. لە لایەکی دیكەوە ئاخێزی سەرتاسەری هەژارانی شاری لە مانگی بەفرانباری ڕابردوودا و ڕەوتی ڕوو لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و ئەو بزووتنەوە جەماوەریانەی کە دەرخەری ئاڵوگۆڕی گەورە لە وشیاری و لە مناسباتی کرێکاران و خەڵکی ئێران لەگەڵ حکومەت بووە، ڕژیمی ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی تر خستووهتە ژێر گوشارەوە. تەنیا بۆ نمونە مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ڕیگای ئاسن، مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران، مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان، کۆبوونەوە جەماوەرییەکان و مانگرتنی گشتی لە کوردستان لە چەند مانگی دواییدا و چوار حەفتە مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکگرتوانە و یەکپارچەی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و گرووپی سەنعەتی فولادی ئەهواز بۆ دەست ڕاگەیشتن بە داخوازییەکانیان نیشانی ئەدات کە بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری لە ئێران خاوەنی چ پوتانسیەل و زەرفییەتێکی گەورەیە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا. ئەم بارودۆخە عەینیە کۆمەڵگای ئێران سەربەخۆ لە ئیرادەی ئەحزاب و هێزە سیاسییەکان لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەکاتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەژێر گوشاری خەباتی کرێکاری و جەماوەری و قەیرانی ئیدلۆژیک و گوشارە نێو نەتەوەییەکاندا لەگەڵ قەیرانی حکومەتیشدا بەرەوڕوو بووهتەوە و ئەم بارودۆخە مەسەلەی جێگرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کردووهتە بابەتێکی گرنگی ڕۆژی ئێران. لەم بارودۆخەدا بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران جوڵەیەکی تازەیان بۆ ئاڵترناتیو سازی تێکەوتووە. هەرکام لە بەشەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران بەپێی ستراتێژیەکی سیاسی کە هەیانە بۆ دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە سەرو کرێکاران و جەماوەری وەگیان هاتووی خەڵکی ئێرانەوە و بۆ بێ ئاکام هێشتنەوەی شۆڕشی داهاتوی ئێران هەوڵ ئەدەن.
لەم بارودۆخەدا، فەزای زاڵ بەسەر زانکۆکان و ڕیز بەندی سیاسی مەوجود لە نێو بزوتنەوەی خوێندکاریدا وەک هەستیار ترین بەشی روناکبیرانی کۆمەڵگا بە شێوەی مێژوویی هەوڵی داوە تا بە وشیارانە ترین و لێبڕاوانە ترین شێوە بەرژەوەندییەکانی هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگا خستوتهروو. بەرپا کردنی کۆبوونەوەی خوێندکاری لەم ڕۆژانەی دواییدا لە زانکۆکانی تاران، بابۆل، ئەهواز و مازندەران و چەند زانکۆی دیكه بۆ دیفاع لە خواست و داخوازی کرێکارانی ههفت تەپە و فولادی ئەهواز و موعهلیمان دەرخەری ئەم ڕاستییەیە. دانی درووشمەکانی” منداڵی کرێکارانین پشتیوانیانین”، ” کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت”، ” خوێنداکار، کرێکار، موعەلیم، یهكبگرن یهكبگرن”، ” دانشجو وشیارە پشتیوانی کرێکارە”، نە هەڕەشە نە زیندان ئیتر کاریگەر نییە”، ” زانکۆی پوڵ گەردان لاوازکەری زەحمەتکێشان”، “ههفت تەپە، هیپکۆ، فولاد، کرێکار، دانشجو، یهكبگرن یهكبگرن” بە ڕوونی ئاڕاستەی چێنایەتی گرایشی سۆسیالیستی لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا نیشان دەدات. لەم بارودۆخەدا هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی خوێندکاری نەتەنیا پێویستە کە جەماوەرێکی هەرچیی زیاتر لە خوێندکاران لە دەوری دیفاع لە بەرژەوەندییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەسیج بکەن، بەڵکو دەبێ لە بواری چالاکی نەزەری و ڕۆشنگەرانەشدا هەوڵ بدەن ماهیەتی ڕاستەقینەی ستڕاتێژی سیاسی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران بۆ کرێکاران و جەماوەری ئازار چێشتوی خەڵکی ئێران ڕوون بکەنەوە و دەور و نەخشی پێشڕەوانەی خۆیان بۆ یارمەتی گەیاندن بە بەهێز کردنی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی بگێڕن.
ئێستا لە حاڵێکدا کە نزیکەی مانگێک لە مانگرتنی یەکگرتوانەی کرێکارانی ههفت تەپە و فولادی ئەهواز تێپەڕدەبێ و زیاتر لە دوو حەفتەیە ئەو دروشمانەی دەرخەری عەزم و ئیرادەی کرێکارانی ئەم دوو موجتەمەعەیە بۆ پەیگیری کردنی داخوازییەکانیان لە فەزای شارەکانی شوش و ئەهوازدا دەنگ ئەدەنەوە و خەباتی کرێکاران لەدەوری داخوازییەکانیان لە سەرتاسەری ئێراندا ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی گرتووهتە بەر، لە بارودۆخێکدا کە بزوتنەوەی مافخوازانەی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا سیاسەتی دژی ژن و ساختاری قانونە مەزهەبیەکانی ڕژیمی ئیسلامیی توشی کێشە کردووە، لە حاڵێکدا کە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان گەلێک سەحنەی شکۆداری لە زەرفیەتەکانی و پێوەندی لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا نیشان داوە، لەم بارودۆخەدا بەسیج و هێنانە مەیدانی بزوتنەوەی خوێندکاریش لە ئاستێکی جەماوەریدا بووهتە پێویستیەکی سیاسی.
پیرۆزبێت ١٦ی ئازەر ڕۆژی دانشجو
بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری
كومیتهی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕان
١١ی سەرماوەزی ١٣٩٧
٢ی دیسامبری ٢٠١٨