2018-09-12| ۱۳۹۷-۰۶-۲۱
ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢١ی مانگی خه‌رمانان، لاپه‌ڕه‌یه‌كی دیكه هاته سه‌ر مێژووی خه‌باتی په‌ڕ له هه‌وراز و نشێو، پڕ له فیداكاری و ڕه‌نج، پڕ له ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستكه‌وتی به‌نرخی خه‌ڵكی كوردستان. له‌م ڕۆژه‌ڕدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له هاوئاهنگییه‌كی شكۆدار و كه‌م وێنه‌دا به‌ده‌م بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه و حیزبه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی چالاك له كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مانگرتنێكی گشتییه‌وه هاتن.
به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی شه‌ممه ١٧ی مانگی خه‌رمانان، كۆماری ئیسلامیی ئێران له درێژه‌ی جه‌نایاتی بێ ئه‌ژماری خۆیدا سێ لاوی زیندانی سیاسیی، ڕامین، لوقمان و زانیاری له‌سێداره دا و هه‌مان ڕۆژ ناوه‌نده‌كانی هه‌ر دوو حیزبی دیمۆكراتی له قووڵایی خاكی كوردستانی عێراق كرده ئامانج و دایه به‌ر هێرشی مووشه‌كی. له ئاكامی ئه‌م هێرشه‌دا ژماره‌یه‌ك له كادره‌كانی ڕێبه‌ری و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و دوو حیزبه خه‌ڵاتانی خوێن كران. ئه‌م دوو كرده‌وه‌یه كه به ئانقه‌ست و هاوكات به‌ڕێوه‌چوو، په‌یامێكی ڕوونی له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان تێدا بوو. په‌یامه‌كه به كورتی ئه‌وه بوو: پێتان وانه‌بێت ئێمه ئه‌وه‌نده لاواز بووین كه ئێوه بتوانین له‌سه‌ر شه‌قام و مه‌یدان و پاركی شاره‌كان، مارشی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رن و سروودی شوڕشگێڕانه بڵێنه‌وه.
چوار ڕۆژ دواتر ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢١ی مانگی خه‌رمانان، وه‌ڵامی خه‌ڵكی كوردستانیش به كۆماری ئیسلامیی هه‌ر به‌و ڕاده‌یه ڕاشكاوانه و ڕوون بوو. ئێوه‌ش نابێ پێتان وابێت كه ئێمه‌تان وه‌ها ترساندووه كه گویا هه‌ر به‌ڵایه‌ك ویستان ده‌توانن به‌سه‌رمان بێنن به بێ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ی بده‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به خه‌ڵكی ئێران و به هه‌موو جیهانیان نیشان دا كه كۆماری ئیسلامیی له كوردستان چه‌نده له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا بێگانه‌یه، ڕژیمێكی داگیركه‌ره كه ته‌نیا به زه‌بری سه‌ره نێزه به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌دا حكوومه‌ت ده‌كات. كۆماری ئیسلامیی له قووڵایی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ناخی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا له ئارادایه ئاگاداره، به چاوی خۆی ده‌بینه‌ێت كه چلۆن وشیارانه، هه‌نگاو به هه‌نگاو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات كه‌سه‌رئه‌نجام ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی نه‌توانێ حكوومه‌تی به‌سه‌ردا بكات. به‌ڵام هه‌ڵه‌ی كۆماری ئیسلامیی له‌وه‌دایه كه پێوایه به‌م جۆره كرده‌وانه‌ی كه ڕۆژی ١٧ی مانگی خه‌رمانان به‌ڕێوه‌ی برد، ده‌توانێت پێش به حه‌ره‌كه‌تی خه‌ڵكی كوردستان به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا بگرێت. لێره له كوردستان ئه‌وه ته‌نیا كولوكۆ وتۆڕه‌یی پنگه‌خواردوو نییه كه له ناكاو بته‌قێته‌وه و نه‌زانێ كه به‌ره‌و كوێ ده‌روات، لێره وشیاری، ته‌جرووبه و ڕێكخستن و ڕێبه‌رییه كه ده‌ور ده‌نوێنێت. خه‌ڵكی كوردستان، هێزی خۆیان و هێزی دوژمن ده‌ناسن و ده‌زانن كه تواناییه‌كانی خۆیان له كوێ و چلۆن به‌كار بێنن. ده‌زانن كه چلۆن هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك و هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك و هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك بكه‌نه به پرده‌بازێك بۆ ده‌ستكه‌وتێكی زۆرتر و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌تر.
حه‌ره‌كه‌تی ئه‌مڕۆی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك ئه‌زمونێكی جه‌ماوه‌ری و كاریگه‌ر كه له كوردستان پێشینه‌یه‌كی دوور و درێژی هه‌یه، له هه‌مان كاتدا بۆ خه‌باتی سه‌راسه‌ری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و مافخواز له‌هه‌موو ئێران وه‌كوو نموونه‌یه‌ك خاوه‌نی ده‌رسێكی به‌نرخه: مانگرتنی سه‌راسه‌ری، جه‌ماوه‌ری و یه‌ك له‌دوای یه‌ك، ده‌توانێ هێزی سه‌ركوتی دوژمن زه‌مینگیر بكات و سه‌رئه‌نجام له‌ڕه‌وتی گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوونی خۆیدا به چوکی دا بێنێت. ئه‌مڕۆ له كوردستان دیتمان كه چلۆن هێزه‌كانی ڕژیم داماوه‌نه نه‌یان ده‌توانی هیچ كرده‌وه‌یه‌ك بۆ پێش‌گرتن له مانگرتن له خۆیان نیشان بده‌ن و چلۆن به‌رامبه‌ر به‌م بێده‌نگییه عه‌زیم و ماناداره سه‌رسام ببوون.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه موژده‌ی ئه‌و هاوپشتییه ملیۆنییه و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وه‌ره‌یه به دایكانی جگه‌ر سووتاوێك كه كۆماری ئیسلامیی ترسه‌نۆكانه ئازیزانیانی له‌سێداره دا، ده‌دات. بی گۆمان ئه‌م موژده‌یه مایه‌ی سه‌بووری ده‌بێ بۆیان.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه ده‌ستی هه‌موو تێكۆشه‌رانێك كه به هه‌وڵی ماندووی نه‌ناسانه‌ی خۆیان له ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌یان مسوگه‌ر كرد، به‌گه‌رمی ده‌گووشێت و ماندوو نه‌بونیان لێ ده‌كات.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه به‌هیوای سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر سپاسی بێ پایانی خۆی پێشكه‌ش به هه‌موو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ده‌كات كه به‌ده‌م بانگه‌وازی مانگرتنی گشتییه‌وه هاتن.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه
“ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران”
٢١ی خه‌رمانانی ١٣٩٧