2018-08-26| ۱۳۹۷-۰۶-۰۴
سه‌عاتی ١٠ی به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه ٣ی مانگی خه‌رمانان، ئاگرێكی به‌رین له جه‌نگه‌ڵه‌كانی نێوان ئاواییه‌كانی “پێله” و “سه‌ڵه‌سی” له ناوچه‌ی مه‌ریوان كه‌وته‌وه. نیشانه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن كه ئاگره‌كه له ئاكامی تۆپ هاویشتنی سپای پاسداران له پادگانی مه‌ریوانه‌وه ڕوویداوه. ژماره‌یه‌ك له هه‌ڵسووڕاوانی ژینگه‌پارێز كه له ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیادا ڕێكخراون، هاوڕێ له‌گه‌ڵ لاوان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه بۆ كونتڕۆڵی ئاگره‌كه خێرا ده‌ست به كار ده‌به‌ن. له جه‌ریانی هه‌وڵی ئه‌وان بۆ به‌رگرتن له په‌ره‌سه‌ندنی ئاگره‌كه ژماره‌یه‌كیان ده‌كه‌ونه گه‌مارۆی ئاگره‌وه و داوای یارمه‌تی ده‌كه‌ن. به‌رپرسانی سپا و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تی له مه‌ریوان له ناردنی ههلیكۆپتر بۆ نجاتی ئه‌وان خۆ ده‌بوێرن. له ئاكامدا چوار كه‌س له تێكۆشه‌رانی ژینگه پارێز به ناوه‌كانی “شه‌ریف باجوه‌ر، ئۆمید كۆنه‌پۆشی، ڕه‌حمه‌ت حه‌كیمی نیا و محه‌ممه‌د په‌ژوهی، گیانی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. له جه‌ریانی ئه‌م ڕوداوه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌و لاوانه‌ش كه بۆ كونتڕۆڵی ئاگره‌كه هه‌وڵیان ده‌دا بریندار بوون.
به شوێن ئه‌م ڕووداوه دڵته‌زێنه‌دا، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان له دژی سه‌به‌بكارانی هه‌ڵگیرسانی ئاگره‌كه و له دژی ئه‌وانه‌ی كه بۆ ڕزگار كردنی گیانی ئه‌و ئازیزانه كۆتاییان كردبوو، ده‌ستیان دایه خۆپیشاندانێكی به‌رین. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی شار كۆبوونه‌وه و دواجاریش له شه‌قامه‌كانی شاری مه‌ریوان ده‌ستیان كرد به ڕێپێوان و له دژی كۆماری ئیسلامی دروشمیان دا.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه به گه‌رمی پشتیوانی له ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕینی به‌ر حه‌قی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری شاری مه‌ریوان ده‌كات و به بۆنه‌ی گیان به‌ختكردنی ئه‌و چوار ئازیزه سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه و كه‌س و كار و خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان و هه‌موو كوردستان ده‌كات. ئێمه سپای پاسداران و به‌رپرسانی ڕژیم له مه‌ریوان به هۆكاری ئه‌م ڕووداوه و كه‌مته‌رخه‌می له نه‌جاتی گیانی ئه‌و ئازیزانه ده‌زانین و به تووندی مه‌حكوومی ده‌كه‌ین. ئێمه دڵنیاین كه خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری هه‌موو كوردستان پشتیوانی له داخوازی خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان بۆ مه‌حاكمه و سزادانی سه‌به‌بكارانی ئه‌م ڕووداوه ده‌كه‌ن.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه
ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٣ی خه‌رمانانی ١٣٩٧