قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێران لەم ساڵانەی ئاخردا قووڵ بوونەتەوە. بێکاری، گران بوونی پێداویستیەکان، ھەڵاوسانی ئابووری، بەرتیل خۆری و گەندەڵی دامودەزگا دەوڵەتیەكان لە لایەک و دیکتاتۆری سیاسی لە لایەکی ترەوە، تایبەتمەندی و ناسنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران، ٤٠ ساڵە سیاسەتی ئیستبدادی دژ بە کوردەکان و گەلەکانی تری ئێران پەیڕەو دەکا کوردستانی ئێران تەواو کراوەتە پادگانێکی نیزامی. رژیم ساڵانە پارەیەكی زۆر و زەبەلاح خەرجی سیخوری و كۆكردنەوەی زانیاری لە سەر ھاووڵاتیان و هێزە نیزامیەکانی کوردستان دەکات تا هەر جۆرە جموجۆڵ و چالاکیەک، تەنانەت لە دێهاتەکانی کوردستانیش، بخەنە ژێر چاوەدێری خۆیان.
بە هۆی بێکاری بەرفراون، دەیان هەزار شارۆمەندی کورد بۆ دابین كردنی بژیوی رۆژانەی خویان و بنەماڵەكانیان، ناچار بوون شانیان بخەنە ژێر باری كارێكی دژوار و پڕ مەترسی وەكوو كۆڵبەری. زۆربەی ئەو كەسانە خوێندەواریان لە ئاستی باڵادایە بەڵام بە ھۆی نەبوونی ھەلی كار، لە جیاتی ئەوەی كە كۆمەڵگا بەھرە لە زانستیان وەەربگریت و ببنە ھەوێنی گەشە و ئاوەدانی وڵاتەكەیان، شتوومەکی قورس بە کۆڵدا دەدەن، تا بە كوێرەڕێگە ئەستەمەكانی کوێستان دا، بیانگەیەننە بازاڕەکانی ناوچە کوردیەکان لە ئێران.
هێزە نیزامیەکانی ئێران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ئەو کۆڵبەرانە و بەر فیشەکیان دەدەن. تەنیا لە ماوەی ١٠ مانگدا سنووروانان ٧٥ کۆلبەریان کوشتوە و ١٤٠ کۆڵبەری دی بە قورسی بریندار کراون، بە بێ ئەوەی کە بنەماڵەکانیان هیچ جۆرە خەسارەتێكیان پێ بدرێ و بۆیان قەرەبوو بكرێتەوە. رژیمی ئیسلامی ئێران، تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەكانی سیاسی، كولتووری، مەدەنی و كۆمەڵایەتی؛ وەكوو چالاكانی کرێکاری، هەڵسووراوانی ژینگەپارێز، تێكۆشەرانی مافی ژنان و هەموو ئەو کەسانەی كە بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ بەدیھێنانی كۆمەڵگایەكی پێشكەتووی ئەمڕۆیی لە حەول دان؛ بەردەوام دەخاتە ژێر چاوەدێری و تووشی زیندان و ئازار و ئەشكەنجە و تەنانەت سێدارەیان دەكات.
کۆنگرەی هاوپشتی لەگەڵ کوردستان، هاوپشتی خۆی لە گەڵ بزوتنەوەی کوردستان بۆ پشتیوانی کردن لە خەباتیان بۆ – ئازادی بیروڕا
– ئازادی سیاسی
– ئازادی رێکخستن
کۆنگرە رژیمی ئیسلامی ئێران مەحکووم دەکا بە خاتری:
– تەقە کردن لە کۆڵبەران
– دەسگیری و ئەشکەنجەی چالاكانی بوارە جۆربەجۆرەکانی بزووتنەوە سیاسی، مەدەنی؛ ژینگەپاریزان و بەشەكانی تری چالاكیە مەدەنی و كۆمەڵایەتیەكان.
ئێمە داوای ئازادی هەموو بەندکراوە سیاسیەکانمان دەکەین.
گەل مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات