کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەڕاسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار؛ لە ئێران و جیهان؛ هەنگاوێکی هیوابەخش بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی

رۆژی سێ شەممە یەکی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ ی مانگی گوڵان مەڕاسمی رۆژی جیهانی کرێکار لە سەرتاسری دنیا بەوپەڕی شکۆمەندیەوە بەڕێوەچوو. بە ملیۆن کرێکار و خەباتکارانی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب لە خیابانەکانی هەر پێنج قاڕەی دنیا ڕژانە سەرسەقامەکان و لە ماڕشێکی گەورەی جیهیانیدا رۆژی نێونەتەوەیی کرێکارانیان بە دانی کۆمەڵێک دروشم لە بوارەکانی ماف و ئازادییە پێشێل کراوەکانیاندا؛ ڕێز لێگرت. هەواڵەکانی پێوەندیدار بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنە شکۆدارەکانی رۆژی جیهانی کرێکار لە وڵاتانی جۆاراوجۆری دنیادا نیشانی ئەدات کە چینی کرێکار و بەشریەتی ئازادی خواز تەسلیمی وەحشی گەری و چارەنووسێک کە چینی سەرمایەدار و دەوڵەتانی پشتیوانیان بۆیان دیاری کردون نەبوون.

حوزوری بەرینی کرێکاران لە مەڕاسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مەی ئەمساڵدا لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنە ملیۆنیەکانی چینی کرێکار لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی پێشکەوتوی پیشەسازی دنیادا لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتی دەوڵەتانی حاکم لەدژی چینی کرێکار بەڕێوەچوو. ئەو دروشم و داخوازیانەی هاتونەتە گۆڕێ لە مەڕاسمەکانی یەکی مەی ئەمساڵدا وێڕای بەرینایی و جۆاروجۆریەکەی، هاواری بە ملیۆن ئینسانی ناڕازییە کە کەوتۆتەبەر هێرشی وەحشیانەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان.

مەڕاسمی یەکی مەی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێرانیش ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوون کە توند بوونەوەی قەیران و شپرزەیی ئابووری کۆماری ئیسلامی؛ ژیانی چینی کرێکاری خستۆتە مەوقعیەتێکی گەلێک سەخت و دژوارەوە. داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان یەک لەدوای یەک، ڕکودی بەرهەمهێنان لەو ناوەندانەدا کە هێشتا بەسەر پێوە ماون، دەرکران و بێکار سازییە بەرینەکان، داسەپاندنی قەراردادی زاڵمانە بەسەر کرێکاراندا، حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵێ هەژاریدا و تەنانەت نەدرانی لە کاتی خۆیدای ئەو حەقدەستانەش؛ تەوەڕوم و گرانی، بێتوانایی و بون بەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دروست کردنی کەمترین باش بوونێک لە ژیانی توێژی هەژاری کۆمەڵگادا، بێبەش بوونی کرێکاران لە سەرەتایی ترین مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیان، بەرەو روو بوونەوەی کرێکاران و توێژی بێبەشی ئێران لە گەڵ ڕژیمی حاکمی تونتر کردۆتەوە. چاوگێڕان بەسەر چەند نمونەیەک لەو ڕاپۆرتانەی تا دوانیوەرۆی دوێنێ بڵاو بوونەتەوە، هەرلەم ئاستەشدا لە لایەکەوە نیشانەی قوڵ بوونەوەی ئەزمون و گەشەی وشیاری چێنایەتی کرێکاران و لە لایەکی دیکەوە نیشانەی ڕێژەی قین لەدڵی و دوژمنایەتی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەدارییە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەم کۆمەڵگایە.101

لە تاران چەندین کۆبوونەوەی کرێکاری بە بۆنەی رۆژی جیهانی کرێکار بەڕێوەچوو. لەم شارەدا کۆمەڵێک لە شۆفیرانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسرانی لە پایانەی مەیدانی ئازادی، رۆژی جیهانی کرێکارانیان ڕێزلێگرت. هاوکات کۆبوونەوەیەکی بەرین لە بەردەم بینای مەجلیسی ڕژیم لە لایەن کرێکاران، هەڵسوڕاوانی کرێکاری، خوێندکاران و خانەنشینان بە بۆنەی ئەوە رۆژەوە بەڕێوەچوو. لەم کۆبونەوەیەدا دروشمەکانی نان، مەسکەن، ئازادی مافی سەلمێندراوی ئێمەیە، حقوقە نجومیەکان فەلاکەتی گشتی- کرێکاران، موعەلیمان، خوێندکاران یەکێتی یەکێتی و هیتریان وتەوە. هێزی ئینتیزامی و ئەمنیەتی ڕژیم ڕیزی خۆپیشاندەرانیان گەماورۆدا و چەند کەسیان لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری دەستبەسەر کرد. حسێن ئازەرگشسب، موحسین سەقەفی، پەیمان ئەحمەدی، مەستەفا ئاقایی، ئەفشین حیرتیان و تەهمینە خوسرەوی لە زومڕەی گیراوەکانن. لەوە پێشتریش هەر بەم بۆنەیەوە مەڕاسمێک لە یۆسف ئاباد بە بەشداری کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری، خوێنداکاران، ئەندامانی سەندیکای شیرکەتی واحید و کانونی نووسەرانی ئێڕان بەڕێوەچوو بوو.

لەم رۆژەدا شاری سنەش شاهیدی حەرەکەتێکی ڕەزمەندەی کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری بوو بۆ بەڕێوەچوونی مەڕاسمی رۆژی جیهانی کرێکار. لە گه‌ڕه‌كی نایسەر کرێکاران بە هەڵگرتنی پلاکارد و دانی دروشمی وەک ” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، ” نان، مەسکەن، ئازادی”، لەدژی هەژاری و نەداری کرێکاران و گوشار خستنە سەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری ناڕەزایەتیان دەبڕی و مەڕاسمی یەکی مەی رۆژی کرێکاریان ڕێزلێگرت. هەر لەم رۆژەدا مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە سنە لە رۆژی جیهانی کرێکاردا دەستیان دایە گرتنی دوو کەس لە هەڵسوراوانی کرێکاری. هێزە لیباس شخسیەکانی ڕژیم بە چوونە ماڵی شەخسی ” یەدواللە سەمەدی”، هەڵسوڕاوی کرێکاری و دەبیری سەندیکای کرێکارانی نانەوای سنە ئەویان گرت و بەرەو شوێنێکی نادیاریان برد. تا ئێستا زانیاری و هەواڵێک سەبارەت بەو لەبەر دەستدا نییە. هاوکات لەگەڵ گیرانی یه‌دوڵڵا سەمدی، ” ئەمیر شەهابی”، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی نانەوا ش لە لایەن هێزە لیباس شخسیەکانی ڕژیمەوە لە خیابان دەست بەسەر و بەرەو شوێنێ نادیار گوزراوەتەوە.

لە شاری سەقز ‌هێزە لیباس شەخسیەکان هێرشیان کردە سەر ڕیزی ئەو کرێکارانەی کە بۆ ڕێزگرتن لە رۆژی جیهانی کرێکاران لە مەیدانی کرێکارانی بیناسازی کۆببوونەوە و دوای کاتژمێرێک تێکهەڵچوون لەگەڵ کرێکاران، مەحمود ساڵحی هەڵسوڕاوی ناسراوی کرێکاری دەستی بریندادار کرا. لەم تێکهەڵچوونەدا چەند کەسیش گیران. لەنێو گیراوەکاندا عوسمان ئیسماعیلی کرێکاری نەقاشی تێدایە و تاكوو ئێستا لە چارەنووسی ئەو و باقی گیراوەکان زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

لە مەریوان کرێکاران بە بەڕێوەبردنی ڕێپێوان لە شارەکی سەنعەتی ئەو شارە؛ سوخەنڕانی و بڵاو کردنەوەی شیرینی لەنێو جەمعی کرێکاراندا، ڕێزیان لە یەکی مەی گرت. لە شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپەش کە کرێکارەکانی لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێکی پێشڕەو بوون لە کرێکارانی ئێران؛ کرێکاران بە بۆنەی ئەو رۆژەوە جێژنێکیان لە نێو حەوشەی شیرکەتەکەدا بەڕێوەبرد و لەسەر پێویستی هاوپشتی چینایەتی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێراندا جەختیان کردەوە.

هەر ئەم چەند نمونەیە کە بێ گومان تەنیا بەشێک لە حەرەکەتی چینی کرێکارە بە بۆنەی ئەم رۆژە جیاهانیەوە؛ نیشانی ئەدات کە چینی کرێکار لە شوێنێکی خەفە‌قان لێدراوی وەک ئێران لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا و سەرەڕای سەرکوت؛ نە تەنیا لە هێز و توانان نەکەوتوە؛ بەڵکو بە هەنگاوی پتەو بەرەو پێشەوە ڕێگا دەبڕێت و لەگەڵ خۆی سەرجەم کۆمەڵگای ئێران بەرەو پێشەوە دەبات بۆ ڕزگار بوونی یەکجاری.