کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێبەش بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە مەسکەنی گونجاو، چارەنووسێکی حەتمی و چارهەڵنەگر نییە.

دانی کرێ ماڵ بەردەوام یەکێک لە دڵەراوکێه‌ سەرکیەکانی بنەماڵە کەم داهاتەکانە و ئەوەیکە لەمساڵدا ڕێژەی کرێ ماڵ دیسانیش زیاد بکات، ڕاستیەکە کە نیشانەکانی لە ئێستاوە دەرکەوتوە. ئیلنا هەواڵنێری کاری کۆماری ئیسلامی لە زمان کارناسێکی مەسکەنەوە دەنووسێ:

” یەکێک لە هۆکارەکانی کاریگەری دانان لەسەر بازاڕی کرێ ماڵ بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی ئەرزشی پوڵی میللیە. خاوەن ماڵەکان چاوەڕێی ئەوەن بە زیاد بوونی نرخی دۆلار، ئیجارە ماڵیش بەرز بێتەوە.”

لەم رۆژانەی دواییدا بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامیش ڕاپۆرتێکی ئاماریی لەم بارەیەوە بڵاو کردەوە کە نیشانی ئەدات نیگەرانیەکانی خەڵکی کەم داهات لەم بوارەدا واقعییە. لەم ڕاپۆرتەدا کە لە سایتێکی نزیک بە کۆماری ئیسلامیدا بڵاو بۆتەوە هاتووە، “بارودۆخی داهات و ڕێژەی بوجەی بنەماڵە دەرخەری ئەوەیە کە سەهمی ئیجارە مەسکەن زیاترین کەسری بوجەی خستۆتە سەرشانی بنەماڵەکان و لەم دە ساڵەی دواییدا زۆرترین بەرز بوونەوەی هەبووە. لە دوو دەیەی ڕابردودا سەهمی مەسکەن لە سەرجەم بووجەی بنەماڵە شاریەکاندا بە شێوەی مامناوەند ١٠ لەسەد زیاتر كردووه‌، سەهمی کرێ نشینی بە تایبەت لە شارە گەورەکانیشدا لەگەڵ گەشەیەکی بەرچاودا بەرەو پێش دەچێت. لە سەرژمێری نفوس و مەسکەنی ساڵی ٨٥ دا ژمارەی بنەماڵە کرێ نشینەکان ٣ ملیۆن و ٦٨٦ هەزار بووە. ئەوە لە حاڵێکدا کە بە تێپەڕ بوونی یەک دەیە ژمارەی بنەماڵە کرێ نشینەکان لە وڵاتدا گەیشتۆتە ٦ ملیۆن و ٥٦٥ هەزار و نیشانەی ئەوەیە کە گەشەیەکی ٨٠ لەسەدی بە خۆیەوە بینیوە. مەسکەن زۆر ترین دەوری لە تەوەڕومدا هەیە و زۆرترین سەهمی گرانی لە سەبەدی بنەماڵەی ئێرانیدا بۆخۆی داگیر کردوە.

ئەگەر بێبەش بوون لە هەبوونی مەسکەنی گونجاو و ئیمن وەک پێوانە بگرین، بێجگە لەو بنەماڵانەی خاوەنی سەروەت و سامان و کاربەدەستانی سەرەوەی دەوڵەتی مابەقی بنەماڵە ئێرانیەکان بە شێوەیەک بەرەو رووی گرفتی مەسکەن بوونەتەوە. ئەمانە سەرجەم دانیشتوانی گەڕەکە پەراوێزەکانی شارەکان، دانیشتوانی ئەو ماڵانەی بافتێکی کۆن و پەڕتوکاویان هەیە و سەدان هەزار ژن و شوی لاو دەگرێتەوە کە هەموو ساڵێک بە خوازیارانی مەسکەنەوە زیاد دەبن.

گرفتی مەسکەن لە حکومەتی سەرمایەداری پەهلەویەوە وەک میراتێک گوازراوەتەوە بۆ حکومه‌تی سەرمایەداری ئیسلامی. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئیدیعای کردوە کە گرفتی مەسکەن لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەکات. بەڵام ئەوان بە کردەوە تەنیا مەسکەنیان بۆ سەرسپوردەکانی حکومەت، خاوەنانی سەروەت و کاربەدەستانی ڕژیم، دابین کردوە. تا ئەوە جێگایەی کە بۆ خەڵکی مامناوەند و چینی تا ڕادەیەک خاوەن داهات دەگەڕێتەوە کە توانیویانە وامی مەسکەن بۆ خۆیان دابین بکەن تەرحە دەوڵەتیەکان بەرەو رووی شکست بوونەتەوە. یەکێک لەم تەرحانە ” تەرحی مەسکەنی مێهر”ە، کە پەتەی لە باری کەیفیەتەوە، لە جەریانی بومەلەرزەکەی ئوستانی کرماشاندا کەوتە سەر ئاو. ئەم تەرحە نە تەنیا گرفتی مەسکەنی ئەو جۆرەی کە ئیدیعا دەکرێت چارەسەر نەکرد، بەڵکو بوو بە هۆی ئەوەی کە بورس بازی و ڕانت خۆری بوارەکانی گران بوونی زیاتری مەسکەن فەراهەم بکات.

لە نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا وەک هەر نیزامێکی سەرمایەداری تر مەسکەن کالایە و سەرمایە گوزاری لە بواری مەسکەنیشدا پەیڕەوی لە یاسای بەرهەم هاتنی سود دەکات. هیچ سەرمایەدارێک بە پێی ماهیەتێک کە هەیەتی بەرهەم هێنانی مەسکەن بە ئامانجی وڵامدانەوە بە نیازەکانی کۆمەڵگە و نیازی بێ ماڵ و حاڵەکان بەرهەم نا‌هێنێ. کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی سەرکوتگەر و خزمەتگوازری سەرمایە دارییە. ئەم حکومەتە لە ڕێگای دەوڵەت و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانیەوە سەرجەم سەرچاوەی سەروەتی کۆمەڵگای بە گرەوگان گرتوە. ئەم ڕژیمە لە هەمانحاڵدا لە ڕێنماییەکانی سندوقی نیونەتەوەیی پوڵ، واتە یاسا و ڕێسای بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری خسووسی، بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری پەیڕەوی دەکات. وەها حکومەتێک، بەو گەندەڵییە ماڵییە نیهادینە بووەی تێیدایە کە هەر رۆژە و گۆشەیەکی ئاشکرا دەبێت، دیارە ناتوانێ، گرفتی مەسکەن چارەسەر بکات.

لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەپاڵ ئیستبدادی مەزهەبیدا، ئینسانەکان بە بێ ڕەحمانەترین شێوە دەچەوسێندرێنەوە و دزی، تاڵان، گەندەڵی ماڵی و ئیداری سنورێکی نییە؛ دەبێ بە ملیۆن کەس لە ئینسانەکان بێ سەرپەنا و بێ ماڵ و حاڵ بن. لە وڵاتێکدا کە ئوقیانوسێک لە سەروەت و نێعمەتی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتوە و هەموو سەروەت و سامانەکەشی لەژێر دەستی تاقمێک زالو سفەت، تاڵانچی و قاتڵ دایە و سەروەتی هەر ئاخوند و هەر وەکیل و وەزیر و فەرماندەیەکی نیزامی سەر لە ئاسمان دەسوێ، دەبێ بە ملیۆن کەس لە ئیسانەکانی تر بێ سەرپەنا و بێ ماڵوحاڵ بن. تا کاتێک کە ئەم ڕژیمە لەسەر کارە و هەموو سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە لەژێر چنگی تاقمێک تاڵانچی و قاتڵدا دەستی بەرسەردا گیراوە و دەروست کرانی ئەو بینایانەی کە بە خێرایی لەزەویوە هەڵدەتۆقن، تەنیا لەبەر کەڵەکە بوونی سود و قازانج و سەودا گەری بن، سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژەکەشیان گەلێک زیاتر لە وڵام دانەوە بە نیازەکانی هەموو خەڵک بێت، زۆربەی خەڵکی ئێران هەروا لە هەبوونی سەرپەنایەک بۆ خۆیان بێبەش دەبن و زیاتر لە نیوەی سەرجەم داهاتیان سەرفی ئیجارەی ماڵیکی نه‌گونجاو دەکەن. بێبەش بوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە مەسکەنی گونجاو، چارەنووسێکی حەتمی نییە. ژیانی ژێر سەقفێک و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ئیمنی و ڕیفاهی و فەرهەنگی مافی سەلمێندراوی هەموو ئینسانێکە و ئەرکی دەوڵەتەکانە وڵامی گونجاوی پێبدەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-